٢٧\٢\٢٠١٨
درۆی
ھەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی پلە باڵاکان.

عەلی مەحمود محەمەد
لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، ھەڵمەتێکمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی
پەرلەمانتاران و وەزیران و تەواوی پلە باڵاکان و کەمکردنەوەی
ئیمتیازاتەکانیان دەستپێکرد لە باشوری کوردستان تا ھەنووکە بەردەوامە،
زۆرجاریش لەبەرامبەر وەرگرتنی ئۆتۆمۆبیل و زیادکردنی موچەی ئەنجومەنی
دادوەری و دەیان کاری دیکە ناچار بە پاشەکشەیانمان کردووە، ھەڵمەتەکە
نەک لە کوردستان بگرە ئەوسا لە عێراق و نیشتمانی عەرەبی و رۆژھەڵاتی
ناوەڕاستیش یەکەم بیرۆکەو ھەوڵدان بوو لەو بوارەد، دواتر ھەڵمەتەکە
عێراق و ھەندێک وڵاتی عەرەبی وەک مەغربیشی گرتەوە ، لەناوخۆی کوردستان
لە ئاستی رایگشتی پشتیوانی گەورەی لێکراو بووە بابەتی رۆژ.
لە زووەکەوە دیموکراسی پەرلەمانی بۆتە جێگای گومان بەوەی داکۆکی لە
مافی خەڵک بکەن، ھەمیشە سستەمی دیموکراسی پەرلەمانتاری بە تایبەت
پەرلەمانتار مافی خۆیان و ئەو کەس و لایەنانەی بەخشش بە حیزب و خۆیان
دەدەن لە بارودۆخە جیاجیاکان لەبەر چاو دەگرن، زۆرجاریش شەڕەکانیان
شەڕی بەرژەوەند و کۆمپانیا جیاجیاکانە نەک چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان،
خۆ لە کوردستان ئیمەیلی پەرلەمانتار بۆ کۆمپانیای زەبلاح گرتر، ئیمەیلی
لەوە ساناتر دوارۆژی ھیلاری کلنتۆنی سوتاند .
لە ماوەی ئەم ٩ ساڵەدا لەسەر شاشەکان زۆر قسەی زلمان بیست، چەندین جار
پرۆژە یاسا پێشکەش کرا لە لایەن پەرلەمانتارانەوە، پەیماننامە لە پێش
ھەڵبژاردنەکان پڕ کرایەوە و سوێندیان بە ئەنفال و شەھیدان خوارد
ئیمتیازات رەت بکەنەوە، تەنانەت کەسی وا ھەیە دووجار پرۆژەی یاسای
پێِشکەشکردووە بۆ ئەم دۆسیەیە ، وەلێ دواجار خانەنشین بوو تێی قوچان ،
لەوساوە باسیشی نەکردۆتەوە موچەی خۆشی مانگانە موفت وەردەگرێت وەک
ئەوەی نەبای بینیبێت نە باران ، ھەشبووە لە خاوەنانی پرۆژە دوای
دووساڵی مانەوە لە پەرلەمان خۆیان خانەنشین کردووە، خەڵکی بەسزمانیش تا
ئێستاش باوەڕ بە درۆکانی سەرشاشەکان و نووسینەکانیان دەکەن، ئەمە
کارەساتە بۆ داھاتوو ھەمان سیناریۆو فلیم بەڕێوەیە.
دووساڵ ھەشت مانگ لەوپێش کاتێک خۆپیشاندان کرا بۆ بەردەم پەرلەمان بۆ
ھەمان مەبەست، کاردانەوەی راگەیاندنەکان ھەمووانی ھەژاند ، وەزیری
دارایی بڕیاری دا پرۆژەکەی ئێمە بە دەستکارییەوە قەبوڵبکات و بیخاتە
بواری جێبەجێکردنەوە، بەداخەوە زۆری نەبرد بۆخۆی نێردرایەوە بۆ ماڵەوەو
کودەتای بەسەردا کر، ،پێش ناردنەوەی بە شاندێک سەردانمان کرد،
رایگەیاند ٩ پەرلەمانتار ھاتوونە بۆ لام وتویانە ئەوە چییە کەیت ، ئێمە
٤ ملیۆن دینار بەشمان ناکات، وتی زۆریان لەوانە بوون شەوانە قسەی زلە
کەن، شەوان باسێکەو بە رۆژیش باسێکی دیکە، تا ئێستا خاوەنانی پرۆژە
یاساکانی بواری ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکان وایان کردووە،
ئیتر نازانین کردار شەرتە یان پرۆژە یاسای سەرکاغەزو و واژۆی بەسزمان
کە ھەمووان پێی دەوێرن.
لە بانگەشەی پێشووی ھەڵبژاردندا ھەردوو دۆسیەی جینۆساید و
ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیران زۆرترین بانگەشەی بۆ
کرا لە لایەن کاندیدەکانەوە، نە جاشەکان دادگایی کران، ئێستا ھەمووان
دەڵێن ٢٥ ساڵ بەسە بۆ سڕینەوەی تاوانەکانیان، ئەوەی دیکەش تەنھا بە
دروشمی مایەوە، وەلێ یەکەم کاری پەرلەمانی نوێ لە بری کەمکردنەوەی
ئیمتیازاتەکانی خۆیان، بابەتی بودجەی حیزبەکان بوو، واتا دابەشکردنی
کەعەکەکە بوو، ئەو بودجەیەی بۆ حیزبەکان خۆیانیان دان، زۆر زیاتر لە
بودجەی حیزبەکانی ھەر ٥ وڵاتە گەورە ئابوریەکەی جیھان، کە لە ٣١ی ئابی
٢٠١٤ ەوە لە لایەن سەرۆکی ئەوسای ھەرێمی کوردستانەوە یاساکە پەسەند کر،
بە یاسای کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیشەوە، بەمەش شیرنی خۆیان لە
٣١ی ئابی ٢٠١٤ وەرگرت ، مانگانە (( ١٤ ملیار و ٢٣٠ ملیۆن دینار، ساڵانە
١٧٠ ملیار و ٧٦٠ ملیۆن دینار)) بودجە بۆ حیزبەکان دیاریکر، کە ٧٣،٤٤%ی
بۆ پارتی و یەکێتی و گۆڕان بوو بە تەنھا.
پەرلەمانتاران کە دێتە سەر ئیمتیازاتەکانیان قسەکانی سەر شاشەکانی
خۆیان لە یادە کەن، لە بیریان چووە چەند پرۆژە یاسایان واژۆ کردووەو
چییان وتووە، زۆر باسی ھاووڵاتی بوونە کەن کەچی ٩٠% زیاتریشیان
پاسەوانەکانیان زاواو خەزور و کوڕو برای خۆیانن، چاو لە دەسەڵاتە کەن ،
تاکە دەوڵەت لە جیھان سەرۆک و جێگیرەکەشی بە میرات پێکەوە دەسەڵاتیان
بۆ ماوەتەوە لە جیھان کوردستانە ، شتی وا لە ھیچ عەنتیکەخانەیەک نییەو
دەست ناکەوێت باشترە بدرێتە پەرتوکی گینز، باسی خانووە قوڕەکانە کەن
کەچی شەڕە لەسەر شوقەکانی زەکەری، دوای تەواو بوونی پەرلەمانتاریشیان
چۆڵی ناکەن بۆ ئەوانەی لە دوای خۆیانەوە دێن.
پەرلەمانتاران ئێستا لە لایەن حکومەتەوە ناچار کراون یاسای ئیمتیازات
ھەمووار بکەنەوە و بەدەستی خۆیان خانەنشینییەکەیان بۆ ٢ ملیۆن واتا بە
ئەندازەی ٤ شەھید و ئەنفال کە گیانی خۆیان بەخشیوە بە نیشتمان
کەمبکەنەوە، ئێستا لە قولەی قافدا گیراون دەنا نایکەن و بەترس و لەرزو
نادڵییەوە دەستی بۆ ھەڵدەبڕن، بە ئاشکراش ناوێرن ناڕەزایەتی خۆیان
دەربخەن لەسەر ئەم بابەتە ھەستیارە کە بڕیاری حکومەتە بۆ رزگارکردنی
کەشتیە شکاوەکەی دەسەڵات لە غەرق بوون و بەشێکیشە لە پرۆسەی بانگەشەی
ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی.
ھیوا دارم پەرلەمان نەک موچەی خانەنشینی خۆیان پلە باڵاکانی تر بە
سەرۆکی ھەرێمەوە کەم بکەنەوە لەوەی بۆیان دیاریکراوە، بگرە موچەی
خۆشیان لە ٨،٥ ملیۆنەوە بەشێوەی فەرمی بۆ ٢ ملیۆن دینار کەمبکەنەوە،
ئەگەر دەیانەوێت خزمەت بکەن، ئەوا خزمەتکردن پاداشتی نییە، ھیوادارم
ئەمەش نەبێتە ھۆکاری ئەوەی ھەموو بۆ بەغدا را بکەن بۆ ئەوەی بگەن بە
موچەو حیمایەی مەتروکەی پەرلەمانتاری بەغدا کە ئیمتیازاتەکەی ٤٠٠%ی
کوردستانە، بە موچەی تەواوەوە، بە روبعە موچەی ئێستا ١٦ جاری
کوردستانە، لە خولەکانی پێشوودا بە دگمەن دەبینرا پەرلەمانتارێکی
خانەنشینی کوردستان بۆ بەغدا کاندید بێت، وەلێ ئێستا شەڕە لەسەری،
شیوەنەکە بۆ حوسێن نییە بۆ ھەریسەکەیە .
ئێستا کە چاو لەسەر پەرلەمانە بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایە لەبە دوو
ھۆکارە، یەک گوایە لە رێگای پارتەکانیانەوە نوێنەری گەلن و پێویستە
ژیانی پاشایانەی جیا لە گەل قەبوڵ نەکەن، ئەوەندەشیان وتووە ناتوانن
پێچەوانەی ھەڵوێست بنوێنن ، لە لایەکی دیکەوە لە روی قانونیەوە یاساکان
بە فلتەری دەنگدانی ئەواندا دەڕوات، دەنا حکومەت لە قۆناغی
نەشتەرگەریدایە بێ ئەوانیش بۆ پاراستنی کورسیەکەیان ئامادەن کلک و گوێی
دەوروبەری خۆیان بکەن و ماسییە بچوکەکانی خۆیان بکوژن باری خۆیان پێش
ھەڵبژاردنەکان سوک بکەن بۆ پاراستنی کورسیەکانیان، ئەم ھەلەش ئەو ھەموو
پرۆژە یاسایەی سەر کاغەز دروستی کرد لە رابردوو کە نەچونە بواری
جێبەجێکردنەوە، دەنا ئێستا خودی نادادپەروەری خولقێنەرەکان نابوونە
بانگەشەکەری .
لە کۆتادا بیانەوێت و نەیانەوێت ئەمە بەرھەمی ٩ ساڵی ناڕەزایەتی
بەردەوامی ھەڵمەتی دادپەروەرییە، دەسەڵات و پەرلەمان ناچاردەکات واز لە
بەشێکی بچووکی ئیمتیازاتەکانیان بھێنن، پێویستە بکرێتە ھەنگاوی یەکەم
لە ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئیمتیازاتی دەسەڵاتداران و گەڕاندنەوەیان بۆ
ئەو قۆناغەی بە پێڵاوی لاستیکەوە گەڕانەوە باشوری کوردستان.
alimahmud2001@yahoo.com
|