١٦\١\٢٠١١
دروود لە
گیڤارا، سڵاو لەو گەلەى بە بێمۆڵەت رژانە
سەر شەقامەکان.

هیوا رەش
دواى زیاتر لە چارەگە سەدەیەک حوکمڕانیى
دەسەڵاتدارانى تونس و بەڵێنى باقوبریق، دوێنێکە و لە ڕۆژانى نیوەى
یەکەمى ساڵى نوێدا بە گیانى پڕ حەماسەت و بەرخودان ، گەلى تونس ساڵى
تازە و داڕمانى حوکمى کۆن و چاوەڕوانى حوکمى تازەیان پیرۆز کرد ، ئەو
دیمەنانەى موچڕکى شادى بە جەستەمدا هێنا زۆر بوون ، کاتێک چەکدارێکى
وەزارەتى ناوخۆ لە باتى ئەوەى دەست بۆ تفەنگەکەى ببات دەستى ئەخستە نێو
دەستى خۆپیشاندەران و ڕوومەتى یەکتریان ماچ ئەکرد ، ئەو کاتەى وێنەى
سیمبولى شۆڕشگێڕیى جیهانیى (گیڤارا) هەمیشە ئامادە بوو لە کات و ساتە
پڕ هەڵچوون و ڕابوونەکانى ستەم بە دەستى پیر و لاوى توڕە لە ناعەدالەتی
ئەشەکایەوە ، خوێنى لاوێک و گرانییەکى ناکاوى بازاڕ موعجیزەى خوڵقاند ،
دەسەڵاتێکى دیکتاتۆر و گەندەڵى ڕاماڵى ، دوێنێکەش بوو لە ئەمارەتێکدا
کە ئێمە بە دواکەوتوو ناوزەدى ئەکەین ، وەزیرى ناوخۆ بە سۆنگەى گیان لە
دەست دانى لاوێکەوە لە ژێر کاریگەریى ئەشکەنجەدا دەست لە کار کێشانەوەى
خۆى ڕاگەیاند .
لاى ئێمە، لە نیشتمانى ئەنفال و کیمیا باران و جینۆسایددا، دواى پێشکەش
کردنى بەهادارترین سەرمایەى خەبات کە گیانى دەیان هەزار لە ڕۆڵەکانى
گەلەکەمان بوو. بە (پیرەمێرد - پیرەژن - کچ - کوڕ - لاو - مناڵ - سڤیل
- چەکدار - هەژار و دەوڵەمەند)ەوە، بە تەواوى چین و توێژەکانى
کۆمەڵگاوە، وا بیست ساڵمان بەسەر دەربازبوونمان لە ستەمى نەتەوایەتیدا
تێپەڕاند ، کەچى تا دێت ، بێکار تر ، بێئاو تر، بێکارەبا تر،
بێخزمەتگوزار تر ئەبین و هاوشانى ئەوانەش ناعەدالەتى، نایەکسانى ،
ناشەفافى ، نادیموکراسى ، نائارامى و ناڕەحەتى زیاتر ڕوومان تێ ئەکات .
بمبوورن لەوەى لە دوێنێ شەوەوە سەرقاڵى ئەم نووسینەم بووم بەڵام
بێکارەبایى مۆڵەتى نەدام بیخەمە بەرچاوى خوێنەرانى ئازیز ، لە دوێنێوە
مناڵەکانم لەبەر تاریکى سەعى ئەکەن و بەو چوار بەرمیلە نەوتەى لە خاکى
نغرۆ لە نەوتدا 500 هەزار دینارى پێدراوە بۆ گەرمبوونەوەى مناڵەکانم 2
سۆبەى هیسکەر بە نەوتى چەورم بۆ گڕ داون ، لە دوێنێوە تاو نا تاوێ
سەرێک ئەکێشمە دەرەوە و دڵم بۆ دراوسێ نەدارەکانم ئەبێت بە بریان و
ئەڵێم خۆزگە بمزانیبایە کامیان بێنەوت و بێچرا و بێسۆبایە تا میسقالێک
لە بارى قورسى سەرشانى ئەم شەوە ئەنگوستە چاوەى بتەکێنم ، غەمى من و
هەموو تاکێکى گەلەکەم بەس هى دوێنێى سەرما و سۆڵەى بیکارەبا نیە ،
بەڵکو غەمى هەزاران شەوى چاوەڕوانییە لە ڕزگار بوون لە گەندەڵى ،
ناعەدالەتى ، دەرکردنى سامانى سەر و ژێر زەوى و ئاسمان لە چنگى حزب و
گێڕانەوەى بۆ خاوەنەکەى ، بەڵام ئەوەتا لە باتى وەدیهێنانى ئاواتى لە
مێژینەمان تازە بە تازە چاوشارکێ لەگەڵ بودجەدا گەرمتر ئەکرێت ، ئازادى
لە قاڵب ئەدرێت ، سامانى زیاتر بە سکاڵا لە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەوان و
نووسەرانى گەلەکەم کۆ ئەکرێتەوە ، مووچەى زیندانیانى سیاسى لووش ئەدرێت
، یەک حکومەتى دوو ئیدارەیى و دوو ئاساییش و دوو پۆلیس و دوو چاودێرى
دارایى و دوو هێزى پێشمەرگە و دوو ڕەنگیى دووڕەگیى برەوى پێ ئەدرێت !!
هەموو ئەمانە بە لایەک ، تۆ بڵێى سەرانى
پارتى و یەکێتى و پەرلەمانتارە هەمیشە دەستبەرزەکانیان تا کەى خۆیان لە
ئاستى داواى ڕۆڵە سەربەرزەکانى گەل لە گێلیى بدەن ، تۆ بڵێى بیر لەوە
نەکەنەوە کە ناتوانن بە پرۆژە یاساى ڕێکخستنى بە مۆڵەتى خۆپیشاندان بەر
بە توڕەیى جەماوەر بگرن ؟ ئەوەتا خۆ ڕاپەڕیوانى تونس مۆڵەتیشیان وەر
نەگرت و ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕوخسارى قێزەونى دیکتاتۆر و
گەندەڵکارانیان ڕەش کرد ، جا کە میللەت توڕە بوو لە کوێ چاوەڕێى مۆڵەت
ئەکات ؟ !
ئەگەر بیست ساڵ لەمەوبەر چارەنووسى ئاییندەى گەلەکەمان نادیار و لە
مەترسیدا بووبێت ئیتر نازانم دواى بیست ساڵ چاوپۆشى تا کەى چاوەڕوانیى
؟ ئەمە پرسیارێکە و پێویستە پارتى و یەکێتى هەڵوەستەى جددى لەسەر بکەن
بۆ ئەوەى بە سۆنگەى ئەوانەوە جارێکى تریش کەلێن بۆ دوژمن دروست
نەبێتەوە دزە بکاتە ناومان و نیشتمانەکەمان ئەنفال بکەنەوە ، قیرووسیاه
لەوەى کەرکوک 3 ئیدارەیە و بەعسییەکانیش هێدى هێدى ئەگەڕێندرێنەوە سەر
شانۆى سیاسى ، دەبا بیر لە لا بردنى ستەمە سیاسى و ئابورى و
کۆمەڵایەتییەکانى سەر گەلەکەمان بکرێتەوە چونکە دەمێکە پێشینان
وتوویانە : هەموو شتێک لە باریکیدا ئەپچڕێت تەنها زۆرداریى لە
ئەستوریدا ، بە دڵنیاییەوە سبەى لە ئەمڕۆ درەنگترە .
ماڵپهڕی هیوا ئهحمهد
|