په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٣\٢٠١٠

دروستی زانیاریی لە کاری ررۆژنامه‌نووسیدا.


تیاری راس*


راست و دروستی زانیاری بەشێکی سەرەکییە لە میسداقییەتی هەموو دەزگایەکی هەواڵ کرۆکی هەموو بەها رۆژنامەوانیەکانە.


پەیامنێران، موحەریران و ئامادەکاران پێویستە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ دڵینیابوون لەوەی کە ئەو بابەتانەی کە بڵاویدەکەنەوە زانیاری راست و دروستن، بەوەی کە هەواڵ و راپۆرتەکان زۆر بەووردی بخوێننەوەو لە چەند سەرچاوەیەکەوە راستییەکانی بسەلمێنن و سەرچاوەی موعتەبەر بەکاربهێنن لە بابەتەکانیاندا.


هەر هەڵەیەک لە راپۆرت و هەواڵدا، بێگوێدانە ئەوەی کە چەندە بچوکە، میسداقیەت و بەهای دەزگا هەواڵییەکەو میدیاکە لەکەدارئەکات، و بۆچوونی خەڵک دەربارەی متمانەیان بەو دەزگایە کەمدەکاتەوە.


ئیتیکی رۆژنامەنووسی داوای راست و دروستی و باڵانس و ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی پێویست ئەکات بۆ ئامادەکردنی هەواڵ و راپۆرت و یارمەتی ررۆژنامه‌نووسان ئەدات کە دووربن لە رووبەرووبونەوەی داوای یاسایی. ئەگەر زانیارییەکانی هەواڵێک یان راپۆرتێک بەباسی تۆمار (تەوسیق) کرابن و سەرچاوەی پێویست هەبن کە پشتڕاستیان بکەنەوە، ئەوا ئەستەم ئەبێت رۆژنامەنووسان تۆمەتباربکرێن بە تاوانەکانی وەک ناوزڕاندن و لەکەدارکردن. هەر هەواڵێک کە لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە دڵنیایی لە راست و دروستی زاینارییەکانی نەکرابێتەوە- بەجیا لەلایەن پەیامنێر و موحەریرەوە-ئەوا رەنگە ئەوە رێگەخۆشکەربێت بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی و ناوبانگی دەزگاکەو ررۆژنامه‌نووسەکە پێلەکەداربکرێت.


ررۆژنامه‌نووسی راست و دروست بریتییە لە ئامادەکردن و تەحریرکردنی هەواڵ و راپۆرت بەباشی. پەیامنێرو موحەریرەکان ئەتوانن ئەم پرسیارانەی خوارەوە بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە زانیاری هەواڵ و راپۆرتەکانیان راست و دروستن.


- ئایا سەرچاوەی موعتەبەر (خەڵک و بەڵگەنامە) بۆ زانیارییەکانی هەواڵ و راپۆرتەکەدا بەکارهێنراون؟
- ئایا چەند سەرچاوەیەکی جیاواز زانیارییەکانی بابەتەکە پشتڕاست ئەکەنەوە؟
- ئایا هەواڵەکە یان راپۆرتەکە باڵانسی تێدایە؟ واتە لێدوان لە هەموو ئەولایەنانە وەرگیراوە کە پەیوەندییان بە مەسەلەکەوە هەیە.
- ئایا هەموو زانیارییەکان دراونەتە پاڵ سەرچاوەکان؟
- ئایا هیچ بەشێک لە زانیارییەکان کێشەیان تێدایە؟ ئەگەر پەیامنێرێک یان موحەریرێک هەر هەستێکی هەبێت کە زانیارییەک راست و دروست نەبێت، ئەوا پێویستە دووبارە دڵنیایی لە راستی ئەو زانیارییە بکرێت.


ئەبێت موحەریرەکان هەمیشە کە دەزانن هەواڵێک یان راپۆرتێک زانیارییەکی تێدایە ناتوانن پشتراستی بکەنەوە، بخەنەلاوە هەتا دڵنیادەبن لە راست و دروستی زانیارییەکە، تەنانەت لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر دەزگایەکی راگەیاندنی رکابەر هەمان زانیاری بڵاوبکاتەوە.


ئەنجامدانی هەڵە لە کاری ررۆژنامه‌نووسیدا شتێکی حەتمییە، وە پێویستە هەموو دەزگایەکی هەواڵ سیاسەتێکی ڕوونی هەبێت بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان. ئەکرێت هەڵە لە زانیارییەکانی هەر بابەتێک بەسەر پەیامنێرو موحەریرەکاندا تێپەرببن، ئەگەر بە ووردی چاو بە راستی و دروستی بابەتەکاندا نەخشێنرێتەوە.


بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دروست مایەی قبوڵنییە و پێشێلی ئیتیک و بنەماکانی کاری رۆژنامەنووسی دەکات. ئیشی ئێمەی رۆژنامەنووس بریتییە لە بڵاوکردنەوەی ڕاستی، بەڵام ئەگەر زانیارییەک راست و دروست نەبێت ئەوا ئیشەکەمان هیچ مانایەکی نابێت.
______________________________________________
* پسپۆرە لە بواری ئیتیکی رۆژنامەوانیدا و بەرێوەبەری نووسینی عێراقە لە ئەنستیتۆی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی.