په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٢

 دیسانەوە قسەیەکیتر لەمەڕ دیاریکردنی - رۆژی پێشمەرگە -.

هیوا رەش        


سازدانی کۆنفرانسی دیاریکردنی ڕۆژی پێشمەرگە ھەنگاوێکی بایەخدارە و جێی دەسخۆشییە بەڵام خۆزگە خەڵکی ناپێشمەرگە و دژە پێشمەرگەی تێدا نەدەخزا , چونکە (پێشمەرگە) ھێمای بەرخودانی نەتەوەیەکی بندەستە لە بەرامبەر ستەمی نەتەوایەتی دڕندەترین دوژمنی سەردەست کە خۆی لە لە جینۆسایددا بەرجەستە دەکا , بۆیە پێویستە لە ھەمبەر پرۆژەیەکی وەھا ھەستەوەردا جگە لەوەی دەبێ سەرجەم پێشمەرگە دێرینەکانی ھەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە چەپ و ڕاست , عەلمانی و ئیسلامییەوە کە بەشداریی تێکۆشانی چەکداری شاخیان کردووە سەنگ و دەنگیان ھەبێ , ھەروەھا دەبێ گشتگیریش بێ و سنورە وەھمیەکانی نێوان پارچە داگیرکراوەکانی کوردستان ببەزێنێ کە لە بنەمادا ناوی - پێشمەرگە - لە باشورەوە سەری ھەڵنەداوە و زادەی شۆڕشی ڕۆژھەڵات و یەکەمین کۆماری کوردستانە , تا لەو ڕۆژەدا ھەموو لایەک بە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و غەمخۆرییەوە ھاوکاری سەرخستنی پرۆژەکە بین و بتوانین بە ڕویەکی جوانەوە بەرھەمێکی بەپێز بکەینە گوڵی باخی پڕقوربانیدانی ڕۆژانی ساڵانی بەڕەنگاربونەوە.

ئێمە ئەگەر ئاواتی لە مێژینەی خۆمان لەبەرچاو بگرین بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی گەورە دەبێ ڕەچاوی ڕای ھەمەلایەنە بکرێ و ببێتە جێبایەخمان , ھەروەکو لە نوسینی پێشووی دوای بەستنی کۆنفرانسەکەی سەرۆکھەرێمدا ئاماژەم پێداوە کەە سەربوردەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە چۆن و کەی و لە کوێ سەری ھەڵداوە ؟ با ئاوھاش بۆ ڕێز گرتن لە قوربانییانی کۆماری کوردستان و پێشەوا و سەرکردەکانی , ئەو ڕۆژە بکرێتە یەکەم ڕۆژی ڕۆژژمێری پێشمەرگە.

لە کاتێکدا زیاد لە دەیانھەزار خانەنشینخۆری بە پێشمەرگەکراو لە پارە و بودجەی ئەم وڵاتە موچەیان بۆ بڕاوەتەوە , زۆرێک کادیرە مێرمنداڵەکانی ڕاگەیاندن و پیاوەکانی حیزب و ئەرباب و ئەحبابی بەرپرسەکانی تێدایە , ١٠ % ی خانەنشینکراوەکان پێشمەرگەی ڕەسەنی ساڵانی بەرخودانەکان نین و تەنانەت پلە سەربازییەکانی ھەندێ دەمڕوتی بندەسوپێکەوتووی حیزب موچە و پاداشتی گەلێک زیاتر و باشتری لە پێشمەرگەیەکی دێرین و دانەبڕاو بۆ بڕاوەتەوە کە تەنانەت ڕۆژانی سەختی تێکۆشانی چەکداریشیان نەبینیوە و بیر نایەتەوە , ئەم بە پێشمەرگە زاخاوکراوانە شایەنی ئەوە نین گلەییان لێبکرێ بۆچی لە دیاریکردنی - ڕۆژی پێشمەرگە - دا دەنگ و ڕەنگ و سەنگیان نیە ؟ ! بگرە ھەندێ خانەنشینخۆری پێشمەرگەی وا ھەن لە سەردەمی لاوێتییاندا ڕاوە پێشمەرگەشیان کردووە ئیتر لە کوێ لە ڕوویان بێ خۆ بە خاوەندی ئەو ڕۆژە بکەن ؟ ! لێ ئەوەی زیاتر نیگەرانی کردووم بە ناو - کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان - ە تا ئێستا شتێک و ھەڵوێستێکیانم نە بیستووە و نە بەرچاویش کەوتووە ! جا نازانم بۆ ؟ دەکرا و دەبوایە ئەوان لە گشت لایەن و کەسێک بڵندتر دەنگی ناڕەزایەتییان لە ھەمبەر دیاریکردنی ١١ یانزەی ئەیلول بۆ ڕۆژی پێشمەرگە بەرز بکردایەتەوە , چونکە ئەو ڕۆژە بە پێی ھەندێک لە ئاماژە مێژووییەکان زیاتر سۆنگەیەک بوو بۆ ڕوخاندنی کۆماری عێراقی سەرکردەی شۆڕشگێڕ - عەبدولکەریم قاسم - ی ستەملێکراو و سیمبولی شەھیدی خیانەتی دەستی عروبەچی و ئەنفالچی و تاڵانچی و کودەتاچی و شۆڤینیزمان کە لە شوباتی ١٩٦٣ دوای شەڵاڵکردنی قاسم لە خوێنەکەیدا دەستیان بۆ کورد و کوردستان واڵا بوو و بە دروشمی - احنە البد و وین العدو - وەربوونە کوردستان و کوردیان سەردەبڕی و ماڵەکەشیان تاڵان دەکرد و ئەنفالیان لەو مێژووە وە بە ڕوونی بەرجەستە کرد , بەڵێ بە پاساوی کوردایەتی و تێکدانی نێوان کورد و حکومەت کە لە مێژوودا گەورەترین مەردایەتی تۆمار کرا لە ناساندنی عێراق بە دەوڵەتی ھاوبەشی کورد و عەرەب لەسەر دەستی عەبدولکەریم قاسمی ڕۆڵەی زەحمەتکێش و ئینساندۆست , کە یاسای چاککردنی کشتوکاڵ ( قانون اسلاح الزراعی ) یشی دانا و زەوی لە ژێر ڕکێفی ئاغا و دەرەبەگەکان دەرھێنا و گەڕاندیەوە بۆ ئەو جوتیارانەی کە خۆیان دەیانکێڵاو دەچاند و خزمەتیان دەکرد کە گەورەترین دەسکەوتی پڕھێمای عەبدولکەریم قاسمی جوامێرە , زەوی لە ستەمکاران سەندەوە و دایەوە بە خاوەندە ستەملێکراوەکانی , ئەمەش یاخیبونی دەرەبەگەکانی کوردستان و بەگژداچونەوەی حکومەتەکەی قاسمی بەدواداھات و بێگومان ئەو ڕۆژەش بە ناچاریی ناوی لێنرا شۆڕش , لە ١١ یانزەی ئەیلولدا سەرەداوی ھەڵەنگوتی قاسم بوو لەسەر دەستی ئاغا و دەرەبەگە کوردەکان , ئەو دەمە - مەلا مستەفا بارزانی - ی کۆچکردوو و سەرکردایەتی سیاسی نەیانھێشت جڵەوەکە بکەوێتە دەستی ئاغا و دەرەبەگە یاخیبووەکان و بە ناچاریی شۆڕشیان لە دژی قاسم بەرپا کرد کە خۆشیان باشیان دەزانی پشتکردن لە عەبدولکەریم قاسم ڕێخۆشکەریی بۆ بەعسی و قەومچییەکان فەراھەم دەکا و چارەنوسێکی باش ناداتە دەستەوە.

ئەگەر خوێندنەوەی وردتر بکرێ پێویستە ھەوڵی دیاریکردنی ڕۆژێکی شایستە بە ڕۆژی پێشمەرگە بدرێ , بەندە کە لە نوسینەکەی پێشومدا بە باشم زانیوە ئەو ڕۆژەی بۆ یەکەم جار وشەی پێشمەرگە کەوتۆتە سەر زاری ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان و نێو فەرھەنگی ئەدەبیاتی شۆڕشەوە بە ڕۆژی پێشمەرگە بڕیاری لێبدرێ , ڕەنگە منیش باشم نەپێکابێ , لێ دەکرێ بە بەشدارییەکی کاراتری تەواوی پێشمەرگە دێرینەکان و قەڵەمە دڵسۆزەکان ڕۆژێک دیاری بکرێ جێڕەزامەندیی ھەمووان بێ بە باکور و ڕۆژھەڵات و باشور و ڕۆژئاواشەوە , مخابن تا ئێستا تەنھا دوو نوسینم لەو بارەیەوە بەرچاو کەوتووە یەکێکیان لە لایەن کاک - شێرکۆ عادل - ەوە کە لە ماڵپەڕە ئەلیکتۆرنییە کوردییەکاندا بڵاو کراوەتەوە , بەرواری ١٨ \ ٢ ی بە باش زانیوە بۆ ڕۆژی پێشمەرگە کە بەندە وێڕای ئەوپەڕی ڕێزم بۆ غەمخۆری و دڵسۆزییەکەی بەڵام ئەو بۆنەیەی بەڕێزیان ئاماژەیان پێداوە ڕۆژێکی تایبەتمەند و گۆشەگیرە نەک گشتگیر , ھەروەھا خاتوو - شاناز ئیبراھیم ئەحمەد - یش لە نوسینێکی جوان - کوردستانی نوێ - دا , ١١ یانزەی ئەیلولی ڕەتکردۆتەوە و یەکەمین ڕۆژی ھەڵدانی ئاڵای کوردستانی دەسنیشان کردووە و بە پەسەندتری زانیوە بۆ ڕَۆژی پێشمەرگە , لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆی بەڵام پێم وایە ئەو ڕۆژەی بەڕێزیان دیارییان کردووە زۆر شایستەتر و جوانتر و پڕماناترە بۆ ڕۆژی ئاڵا - یوم العلم - ی کوردستان.

لە کۆتاییدا بە ھیوام ڕۆژێکی وا پیرۆز بە ھەڕەمەکی و میزاج بە ڕێ نەکرێ و بە شیلگیرییەوە تاوتوێ بکرێ تا بە سانایی گوزەر نەکا و تێنەپەڕێ و لە ئاکامدا شکست نەھێنێ , پێویستیشە - کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان - یش لە ھەموو لایەک غەمی زیاتری لێبخوا.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک