په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٥

دیسان هەڕەشە و سووکایەتیەکانی

ماڵپەری ئیسلام پەیکی کۆمەڵی ئیسلامیی و ئیسلامە سیاسیییەکان.

د. سالار باسیرە    

بۆ / رای گشتی، میدیاکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان.


ئیسلام پەیک: "ئەوە دینی پیرۆزی ئیسلامییە رێگە ئەدات سەدان کەسی وەک ئێوە لە ولاتەکەیدا بژی و بە ئازادی بسوڕێتەوە و قبوڵی بکات".


بەر لەماوەیەک لەسەر ماڵپەری ئیسلام پەیکی کۆمەڵی ئیسلامیی (Islampaik Hawall)، دۆست و هاوبیرەکەی مەلا کرێکارم نووسی لەسەر بابەتێکی لەسەر من لەژێر ناونیشانی " سەگێکی تری بەر دەرگای عەلمانیەت دەستیکرد بە وەڕین".. ئەوەش تەنیا ماڵپەرو میدیای ئیسلامیی نییە کە بەم زمانە ئەدوێن بەرامبەر ڕەخنەگرەکانیان ، ئەمجارە ئیسلام پەیک نامەیەکی ئاڕاستە کردووم ، کە لێرەدا وەک دوا وەلام بۆیان ، نامەکەیان بەش بە بەش شیدەکەمەوەو وەلامەکەشم کەمتر بۆ ئەمانە چونکە مێشکێک هیچ وەرنەگرێت کاتی بۆ خەرج نەکرێت باشە ، بەَلکو زۆرتر بۆ ڕای گشتیەو بۆ خستنە ڕووی بیرکردنەوەو ئاستی ئیسلامە سیاسییەکانە بە گشتی.


هەتا ئێستە لەسەر نووسینێکم سەبارەت بە ئیسلامی سیاسیی ١٢ نامەی "زانا ئاینی" و بەرپرسە ئیسلامییەکانم بۆ نێردراوە بە ئەندام پەڕلەمانە ئیسلامیستەکانیشەوە ، جگە لە دروستکردنی گوشار و وشەی نەشیاو بەو لاوە ناوەڕۆکێکی بابەتی و شیکاری بە واتام تێدا نەبینیوە ، ئەمانەش هەروەک نووسینەکانیان.


لە نامەکەی ئیسلام پەیک: "ئێوه‌ سووکایه‌تیتان به‌ میلله‌تی کورد کردووه‌ که‌ به‌شی هه‌ره ‌زۆری ئاینیان ئیسلامه و بوونه‌ته‌ مایه‌ی بیرندارکردنی هه‌ست و شعوری میلله‌تێک".
وەلامی من: ئاینی ئیسلام لە بنەڕەتدا ئاینی عەرەبە نەک کورد و بە حوکمی شمشێرو فتوحاتی ئیسلامیی عەرەب بە زۆر کوردیان کردۆتە ئیسلام ، لەبەر ئەم هۆیە ناکرێت من سووکایەتیم بە میللەتی کورد کردبێت چونکە ئەوە ئاینی کورد نییە. عەرەب بە ڕێگای ئیسلامەوە بۆتە خاوەنی دەوڵەت و سوودی لە ئاینەکەی بینیوەو عروبەچێتی پێوە کردوە ، کەچی ئیسلامییە کوردەکان نایانەوێت لەم ڕاستیە مێژوییە تێبگەن ... سووکایەتی ئەوەیە کە ئێوەی ئیسلامییەکان دەیکەن بە کورد ، بەوەی دژی هەموو شتێکی ڕەسەنی کوردەوارین ، دژی جل و بەرگی جوانی ئافرەتانی کوردن ، دژی سرودی نیشتیمانی و ئالای کوردستانن ، دژی بۆنە نەتەوەییەکانی کوردن ، هەموو ئەمانە بێرێزی و سووکایەتی کردنە بە پیرۆزیەکان و هێمای نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد.


شارەزای بواری ئیسلامی سیاسیی ، کاک بەختیار شەمەیی لە لاپەڕەی فەیس بووکیدا دەنووسێت: "با وای دابنێین ، پەیامبەری موسوڵمانان، محەمەدی عەرەب ، عەرەب نەبووایەو لە کوردستان لە دایک بووایەو کورد بووایە ، قورئانیش بە عەرەبی نەبووایەو هەر هەمان قورئان بە هەمان ناوەڕۆکەوە بە زمانی کوردی بووایە ، ئایا هیچ عەرەب و تورک و فارسێک ئەو کاتە بە بانگهێشتنی محەمەدی کوردی ئیسلامیان بە ئاینی خۆیان پەسەند دەکرد و دەبوون بە موسوڵمان؟ من دەلێم بێگومان نەدەبوون ، ئەی کەواتە بۆچی ئێوەی کورد دوای ئاین و کەلتوری عەرەب کەوتوون و خزمەتی دەکەن؟ ئێوە پێش ئەوەی موسوڵمان بن دەبێت کورد بن و ناسنامەی نەتەوەیی ئەولەویەتی هەیەو مەرجی مانەوەمانە وەک نەتەوە.


سەبارەت بەو ڕستەیەی ماڵپەری ناوبراو دەنووسێت: "به‌شی هه‌ره‌زۆری کورد ئاینیان ئیسلامه‌ و ئیوە بوونه‌ته‌ مایه‌ی بیرندارکردنی هه‌ست و شعوری میلله‌تێک..".


وەلام: لەسەر تەسکەرەو دەفتەر نفوس هەمومان بێخواستی خۆمان وەک موسوڵمان تۆمار کراوین ، بەلام تەنیا بەشێکی کورد پیادەی ئاینەکەی دەکات و ئەوەش لە گشت ناوچەکانی تری ئیسلامدا هەمان شتە ، هەروەها بە کام ئاماری زانستیی دەستنیشان کراوە کە چەندن ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە موسوڵمان دەزانن ، چەندیان بێدینن؟ کەواتە ئێوە مافی ئەوەتان نییە بە ناوی زۆرینەی ئەم گەلەی ئێمەوە قسە بکەن ، بەَلکو تەنیا دەتوانن بە ناوی خۆتانەوە قسە بکەن و هیچیتر ، جگە لەوە ئاین دەبێت تەنیا لە نێوان ئەو کەسەو ئەو خودایە بێت کە کەسەکە خۆی دەستنیشانی کردوە ، ئیتر ئێوە بە چ مافێک خۆتان کردوە بە نوێنەری خەلک و خوداش لەسەر زەوی؟


لایەنە ئیسلامییەکان بەپێی ئاماری دوا هەلبژاردنەکانی ٢٠١٣ بە هەمویان تەنیا ١٧٪ی دەنگەکانیان هێناوە لە هەرێم ، کەواتە تەنیا نوێنەرایەتی ئەو رێژە کەمە دەکەن و هیچیتر ، ئەوە دەبەخشێت کە زۆرینەی خەڵکیی لە هەرێم ئیسلامییەکانی وەک دەسەلاتێکی سیاسیی لاپەسەند نییە. ئیتر کامەیە ئەو زۆرینەیەی ئێوە باسی لێوە دەکەن و گوایە جەماوەری ئێوەن؟


ئاین وەک واقعێکی کۆمەلایەتی و مێژویی وەردەگرم.


من هەرگیز سووکایەتی بە هیچ ئاینێک ناکەم و وەک واقعێکی کۆمەلایەتی و مێژویی وەردەگرم ، بەلام من هیچ پێویستیەکم بە ئاین نییەو پرەنسیپە ئەخلاقیەکانیش لە ئێوە باشتر پیادە دەکەم ، تێڕوانینی فەلسەفی بۆ ئەخلاق هەمووی وەک یەک نییە ، من وەک کەسێکی سێکولار (عەلمانی) بڕوام بە دیموکراسی و فرەیی و ئاشتی هەیەو دژ بە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێکم ئیتر دیکتاتۆریەتی حیزبی ، ڕاست ، چەپ یان ئاینی بێت و داوای جیاکردنەوەی ئاین دەکەم لە دەوڵەت و شەریعە نەبێتە بنەمای دەوڵەت و دەستور و ژیانی کۆمەلایەتی چونکە ناعەدالەتیەکی زۆری تێدا دەبینم و ناکرێ ببێتە نوێنەری تەواوی کەمەَلگایەک بەو هەموو جیاوازیە فکریەیەوە، بەَلکو دەستورێکی تەندروستمان پێویستە کە جێگای هەمووانی تێدا ببێتەوە ، تێڕوانینی عەلمانیەتی تەندروست دەبێت بەم شێوەیە بێت و عەلمانیەت بێ دیموکراسی لای من ناتەواوە ، گەرنا پێچەوانکەی هیچ جیاوازی نابێت لەگەل توندڕەوی ئیسلامدا چونکە ئەو کاتە هەردوو دەبنە ڕێگر لەبەردەم دیموکراسیەتدا. ئەو کاتە عەلمانیەتیش دەبێتە ئاین.


بەلام ئێوەی ئیسلامییەکان بێ هیچ ڕونکردنەوەیەکی زانستی و بابەتی بەردەوام بە وشەی ناشایستە پەلاماری عەلمانییەکان ئەدەن و ئەوانەش کە وەک ئێوە بیرناکەنەوە. هیچ ئاینێک بە ئیسلامیشەوە هەرگیز نەیتوانیوە بەقەد عەلمانیەت سود بە کۆمەَلگاو مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەوە موسلمانەکانن لە ناو سیستەمی عەلمانیدا مافەکانیان پارێزراوە ئەوەی کە لەناو سیستەمی ئیسلامی سیاسییدا هەرگیز پێی نەدراوە.

لە بەشێکی تری نامەکەتاندا دەنووسن: "نه‌ک تۆ هه‌رکه‌سێک هه‌وڵی سووکایه‌تی کردن به‌ خواو "پیغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئاینی پیرۆزی ئیسلام و قورئانی پیرۆز بکات ئه‌وا نه‌ک وه‌ک ئاژه‌ڵێک وه‌ک سه‌گ وایه‌ ، به‌ڵکو به‌ پیسایی ئه‌و سه‌گه‌ش ناشێت"..

وەلام: ئێوە تەواوی ئەم وتەیەتان لە قورئانەوە وەرگرتوە کە دەڵێت:

 

(وَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرًا مِنَ الْجِنِّ وَالْإِنْسِ لَهُمْ قُلُوبٌ لَا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لَا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لَا يَسْمَعُونَ بِهَا أُولَئِكَ كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ أُولَئِكَ هُمُ الْغَافِلُونَ)الاعراف ١٧٩، (أَمْ تَحْسَبُ أَنَّ أَكْثَرَهُمْ يَسْمَعُونَ أَوْ يَعْقِلُونَ إِنْ هُمْ إِلَّا كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ سَبِيلًا) الفرقان٤٤.


کەواتە ئێوە خەَلکیی لەسەر ئەم ئایەتە پەروەردە دەکەن کە غەیرە موسوڵمانەکان وەک ئاژەڵ هەژمار بکرێن ، بۆچوونێکی ئەوەندە دواکەوتوانەو نامرۆڤانەی پێش ١٤٠٠ ساڵ لە سەدەی ٢١دا کاری پێبکرێت. ئایا بەوە دەوترێت ئاینی ئاشتی و رێزگرتن لە ئاینەکانی ترو بیروڕا جیاوازەکان؟

ئێوەی ئیسلامە سیاسییەکان بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە زاراوانە لە ڕاستیدا تەنیا سووکایەتی و بێڕێزی بە خۆتان و حیزبەکانتان و ئاینەکەشتان دەکەن و هەمووی بێنرخ دەکەن، نیشانی ئەدەن لە چ ئاستێکی نزمی بیرکردنەوەدان ، ئەو ڕاستیەش کە ئێوە بە هەزاران میل دوورن لە ئەتەکێتی قسە کردن و کەلتوریی و شارستانییەوە.. ئێوە ئەگەر کەمێک ئاستی ئەدەبیتان هەبێت ئەوا بە نووسین و شیکاریی وەلام ئەدەنەوە ، بەلام وەک دەبینم لە تەواوی نووسینەکانی ئێوەو هاوشێوەکانتان تەنیا زمانی هەڕەشەو تیرۆری سیاسیی و فکریی و زاراوەی سەگ و پشیلەو تانجی و بەراز دەزانن و بەکار دەهێنن ، ئەگەر ئەم ئاژەلانەی ئێوە ئاماژەتان پێداوە ئەوەندە لای ئێوە گلاون بۆچی خوداکەی ئێوە دروستی کردوون؟ سەگ کە ئێوە بەردەوام لە زاراوەکانتاندا بەکاری دەهێنن زۆر لە ئێوە بە سوودترن ، چونکە سەگ کۆنترین هاوڕێی مرۆڤە ، هەروەها یارمەتی شوان ئەدات بۆ پارێزگاریی لە مەڕو مەلات ، ماڵ و خێزان دەپارێزێت لە دەستدرێژی دەرەوە و هاوڕێی کەسە تەنیاکانن ، ئێوە خاوەنی ئەو خەسڵەتانەش نین.


لە بەشێکی تری نامەکەی ئیسلام پەیکدا هاتووە: "هه‌رکه‌سێک سنور ببه‌زێنێت پێویسته‌ به‌ری پێ بگرین ، ئیتر ئه‌گه‌ر داعشیکی دروست کراوی ده‌ستی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورپای عه‌لمانیه‌که‌ی جه‌نابتان بێت یان که‌سانی وه‌ک جه‌نابتان که‌ سووکایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌کات"..

وەلام: لێرەدا تەواوی دەموچاوی ڕاستەقینەی ناپەسەندی خۆتان نیشانداوەو هەربۆیە پێشم باشە ئەم ڕستانەتان نووسیوە ، بەر پێگرتن لای ئێوە بە واتای ئازاردان و ترس و تۆقاندن و وشەی نەشیاو دێت ، هەروەها سنوور بەزاندن لای ئێوە چی دەبەخشێت؟ دەکرێ ئێوە ڕەخنەیەکی بچووکیش بە سنور بەزاندن ببینن و کاردانەوەی نامرۆڤانەتان هەبێت بۆی ئەگەر بە دڵی ئێوەی ئیسلامییەکان نەبێت ، کەواتە ئێوە لەڕاستیدا بەم هەَلویستانەتان مەترسین بۆ سەر فکری ئازادو مافی تاک و مافی مرۆڤ و کۆمەَلگا بە گشتی .. زۆر باش لە یادمە دوای ڕزگار کردنی هەَلەبجە لە ئیسلامییەکان ، یاوەری تیمێکی ئیعلامیی یەکێتی نیشتیمانیم کرد بۆ هەَلەبجە ، لەوێ بە ڤیدیۆ بەندیخانەیەکی یەکگرتووم تۆمارکرد کە لەژێر زەمینێکدا بوو ، هەروەها ئەو نووسینانەی کە بەندکراوەکان لەسەر دیوارەکان هەَلیان کەندبوو ، ئەوەی کە من بینیم و بەرامبەر بە مرۆڤەکانتان کردوە قێزم لە مرۆڤ بوونی خۆشم دەهاتەوە... جارێکیش لەگەل خیزانەکەم بە رێگای باشماغ دەمانویست بچینە ئێران بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئەوروپا چونکە ڕێگای برایم خەلیل بۆ من قەدەغە بوو لەبەر ئەوەی ڕەخنەگری پارتی بووم و نامیلکەیەکیشم لەسەریان نووسیبوو کە بەشێکی بەرچاوی پەیوەندی بە بنەماڵەی بارزانییەوە هەبوو ، بەو هۆیەوە خوشک و برایەکم لە برایم خەلیل لە لایەن پارتیەوە دەستبەرکران و ئەزیەت دران ، چەکدارەکانی یەکگرتوو بەزۆر دەیانویست خێزانەکەم لەچک بپۆشسێت و ئێمەش ڕەدمان کردەوە بەوەی ئێمە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانداین و بڕوامان بە یەک حکومەت هەیەو توند بووین لەسەر هەڵوێستەکەی خۆمان. هەر ئەوەندەی چوینە ئەودیو ئێران لەسەر سنوور دیاربوو چاوەڕوان دەکراین و دەستبەسەر کراین بۆ ڕۆژێک و جانتاکانمان بەشێوەیەکی ناشیرین بشکێندراو پەنجە مۆرمان پێکراو ئەو بابەتی لەچک کردنەش هاتەوە بەرباس ، ئەم وێنەیە بێگومان خۆی بۆخۆی ئەدوێت کە چی ڕویداوە لەو نێوانەدا ، ئایا ئێوەی ئیسلامییەکان بۆ ئەم دوو باسە چی وەلامی خوێنەر ئەدەنەوە؟ ئابەم جۆرە ڕەفتارو بیرکردنەوەیەتان دەتانەوێ بگەنە دەسەلات؟

داعش بێ ڕۆژئاوا دروستبووە.


داعش بێ ڕۆژئاوا دروستبووە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسیی و کۆمەلایەتیەی عێراقدا ، بەلام ڕۆژئاوا پشتگیرییان کردن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان بەلام نەیانزانی داعش دەبێتە ئەو هێزە مەترسیدارە ، ئەوە بە پلەی یەکەم تورکیاو سعودی و قەتەرو دەوڵەتە ئیسلامییەکانی دۆستەکانتانن هاوکاری سەرەکیی داعش و ئێوەشن ، ئیتر بۆچی خۆتان لەبەردەم ئەو ڕاستیەدا گەوج دەکەن.. داعش قوتابخانەیەکی بەهێزی ناو ئیسلامی سیاسییە. لێرەدا کە ئاماژەم بە داعش داوە هاوشێوەی داعش لە سەردەمی سەحابەوە هەتا ئەمڕۆکە هەبووەو نکۆڵی کردن لێی نایسرێتەوە. لێرەدا داعش لەناو ئیسلامدایەو خوێندنەوەیەکی تایبەتە بۆ ئیسلام و لە پەنای ئایەت و حەدیس و وتەکانی زانایانی ئایندا شەرعیەت وەردەگرێت و گەشەی کردوەو درێژە بە بوونی خۆی ئەدات. ئەوە هەتا ئێستە ڕۆژئاوا بووە ئیسلامییە سیاسییەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار هێناوە ، ئێوەش سودتان لە نەخوێندەواری و دواکەوتویی و ناهوشیاریی و ساویلکەیی بەشێکی بەرچاوی کۆمەَلگاکەمان بینیوە بۆ سیاسەتی بە گەوج کردنیان بۆ مەبەستێکی تەسکی حیزبایەتیتان بە ناوی ئاینەوە.

ژیان هەر بە تەنیا بریتی نییە لە ئاین.


لە کاتێکدا ئێوە هەموو فەلسەفەی ژیانتان تەنیا بووە بە ئیسلام کردنی کۆمەَلگا ، ڕۆژئاوا سەرقاَلی پێشکەوتنی زانست و داهێنان و مەعریفەو تەکنەلۆژیان و لە مێژووی خۆشیان فێر بوون ، کەچی ئیسلام هەر هێشتا سەرقاَلی مل پەڕاندن و زەواجی نیکاح و سیغە و فرەژنیی و جەنگ و توندوتیژیی و وێران کردنی یەکترن ، تراژیدیاکە لێرەشدایە ، ئیتر بۆچی ئێوە دژایەتی ڕۆژئاوا دەکەن ، بەلکو هەَلە سەرەکیەکە لەناو خۆماندایە؟ ئەوەی بەسەر ئیسلامدا هاتوە خۆی بەسەر خۆیدا هێناوە ، ئێمە دەبێت خۆمان ڕێگر بین لەو سیاسەتە ڕوتێنەرانەی زلهێزەکان بەرامبەرمان ئەویش بەوەی بە هۆش خۆماندا بێینەوە.. ئەو ڕۆژئاوا مەسیحیەو یابانی بووزیەی ئێوە بە بێڕەوشت ناویان دەبەن هەرچی ئەو زانست و دەرمان و مەعریفەو تەکنەلۆژیایانەی ئێوە بەکاری دەهێنن بەرهەمی ئەوانە ، ئەو یەهودیانەی ئێوە بەردەوام خراپ لەسەریان دەخوێنن بەشێکی بەرچاوی زاناو فەیلەسوفەکان و کەسە ژیرەکان لەمانن. کەواتە دەپرسم ئیسلام لەو ١٤٠٠ ساڵەی مێژووی خۆیدا چ شتێکی نوێی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە؟ هەر بۆ نموونە لە ٢٢ دەوڵەتی عەرەبیی ئیسلامییدا نە دیموکراسەیەت و نە مافی مرۆڤی تێدا هەیەو نە کەمترین خەسڵەتەکانی کۆمەَلگای مەدەنی و هەروەها ئافرەت تێیاندا وەک مرۆڤ مامەڵە ناکرێت ، کەواتە ئەم ئاینە دەبێت خەلەلێکی تێدا هەبێت. لەناو ئیسلامدا تەنانەت مارتین لوتەرێکی مەسیحی دەرنەکەوتوە کە بووە هۆی دروستبوونی رێنسانێک بۆ رێفۆرم کردی ئینجیل و ئاینەکەیان.

لە هەمان نامەدا بۆ من دەنووسن: "ئه‌وه‌ دینی پیرۆزی ئیسلامه‌ ڕێگه‌ ئه‌دات سه‌دان که‌سی وه‌ک ئیوه‌ له‌ وڵاته‌که‌یدا بژی و به‌ ئازادی بسوڕێته‌وه‌ و قبوڵی بکات ، ئه‌وه‌ ئیسلامه‌ له‌ کوردستان که‌ به‌سه‌دان ساله‌ هه‌یه‌ و ڕێزی له‌ هه‌موو ئاین و بیروبۆچوونه‌کانی تر گرتووه‌". " ئیسلام په‌یک ڕێز له‌ هه‌موو که‌سێک و هه‌موو بیروبۆچوونێک ئه‌گریت".

وەلام: دلنیام خۆتان بڕواتان بەم قسەیەی خۆتان نییە ، سوپاس بۆ گەورەیی و هەستی بەزەیی و دڵفراوانی ئێوەو ئەو هەزاران شەهیدانەتان لە ڕێگای کوردایەتیدا کە تەنیا بە رێگای ئێوەوەیە من (ئێمە) بۆمان هەیە بە ئازادی بسوڕێینەوە لە نیشتیمانی خۆمانداو قبوڵمان دەکەن ، کاتێک من و هاوشێوەکانم لە سەنگەری خەباتدا بووین دژ بە ڕژێمی بەعس زۆرێک لە ئێوە ڕاست و چەپی خۆتان نەزانیوە چیەو سەرۆکەکانتان پیاوی ئەم و ئەو دەوڵەت بوون .. من هەموو ژیانم خەباتی سیاسیی و کوردایەتی و نووسین بووە دژ بە بەعس و دژ بە چەوسێنەرانی هەموو کوردستان و هەمیشە خاوەن هەڵوێست بووم بێگویدانە پۆست و پلەو پارەو باجی ئەم کوردایەتی و هەَلوێستەی خۆمم داوەو بەم هۆیەوە دووچاری تراژیدیای خێزانیش بووینەتەوەو دەربەدەری و کوێرەوەریمان بینیوە کەچی ئێوە هەی بێویژدانینە ئێستە دێن و من ، یان هاوشێوەکانم بە سەگ و پیسایی دەشوبهێنن ، من ئەم وشانەتان کارم تێناکات چونکە وادەزانم ئێوەش بەعس ئاسایی ڕەفتار دەکەن و بۆ من نوێ نییە ، ئێوە بە نامەو بە نووسین لەسەر لاپەڕەی میدیاکەتان و هەروەها جودی نیوزیش بە هەمان شێوە ئەوەندە دەنووسن ، داخۆ لە ناخی خۆتاندا چۆن بیربکەنەوە ، داخۆ دەستان بڕوات چیمان لێبیکەن. ئەو هەموو نووسین و کتَێب بەرهەمە ئەدەبیانەم هەیە بە وشەیەکیش ئاماژەی پێنادەن بەلام ڕەحنەیەک لە ئیسلام بگرم وەک گورگ پەلامارمان ئەدەن.

ئەوە کەمترین شتە کە لە گەڕانەوەمدا سکالاتان لەسەر تۆمار دەکەم و ڕوبەڕووی سکالاو پرۆتێستۆش دەبنەوە لای کەسانی ترەوە بۆ ئەو هەموو سووکایەتیەی ئێوە لێرەدا بە شەهیدان و خەباتی سیاسیی ئەوانی تر کردوتانە ، نامەکەی ئێوە لە نووسینی تەنیا کەسێکتان نەبووە بەَلکو بە ڕەزامەندی ستافەکەتان و دەستەکانی پشتەوەتان نووسراوەو ئاوێنەی بیرکردنەوەو بریاری حیزبەکەتان و ئایدۆلۆژیا خەتەرناکەکەتانە. ئێوە کە لەسەر ناوی ئاین ئەژین و لەسەر قوتی ئەم گەلە بەدبەختە بودجە وەردەگرن و مزگەوتەکان و حوجرەو بارەگاکانتان کردۆتە شوێنی تەمبەڵی و کار نەکردن و پارە وەرگرتن.

(داوا لە ڕای گشتی دەکەم سووکایەتیەکانی ئێوە بە خەباتی گەلەکەمان قبوڵ نەکەن.


ئەوەی ئێوە نووسیوتانە سووکایەتی و بێڕێزیە بە خەباتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و سووکایەتیە بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم ولاتە لە مێژووی خۆیداو سووکایەتیە بە تەواویی ئەم گەلە ، ئەوەی منیش و ئێوەش ئێستە هەمانە بەرهەمی خوێنی ئەوانەیە نەک ئێوە ، بۆ ئەم سووکایەتی و بێڕێزیە (داوا لە خەَلکی کوردستان دەکەم بە لێشاو سکالاتان لە دادگا لەسەر تۆمار بکەن و ئێوە دەبێت ئەوە بسەلمێنن کە نووسیوتانەو وەلامی ئەم سووکایەتیانە بدەنەوە).

لە بادینان بارەگایەکی یەکگرتووی ئیسلامیی سوتێندرا کە پارتی پێ تۆمەتبارکرا ، کەنالی سپێدەی یەکگرتو هەموو ئەو قورئانانەی نیشاندا کە سوتێندراوون تێیدا کەچی یەکگرتووی ئیسلامیی بە پارە سوڵحی کرد ، کەواتە کامەیە ئەو پیرۆزیەی ئاین و قورئان لای ئێوە؟ ئێوە دەنووسن بۆم ڕێگا نادەین سووکایەتی بە قورئان و ئاینی ئیسلام بکرێت کەچی قورئانتان بە پارە فرۆشت. لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال چوار هەزار گوندی کوردستان لە لایەن رژێمی بەعسەوە تەختکران ، بەواتا چوار هەزار مزگەوت ڕوخێندران و بە دەیان هەزار قورئانی ناو ماڵەکان سوتێندران و فڕێدران ، بۆچی لەسەر سورەتی ئەنفال نەهاتنە دەنگ؟ کەچی من کە داوای ڕێفۆرم کردنی قورئان دەکەم و گونجاندنی لەگەَل سەردەم ئێوە تووشی حاڵەتی هێستریاو دەمارگیریی ئاینیی دەبنەوە.

ئێوە تەنانەت شەرم ناکەن دەنووسن ئەوە ئیسلامە بە سەدان ساَلە رێزی لە هەموو ئاین و بیروبۆچوونەکانی تر گرتوە ، دیارە ئێوە لە وەهمدا دەژین... بەَلی ئەوە ئێوە بوون بۆ بەرگری لە کۆمەَلکوژی ئێزیدیەکان لە شەنگال دەیان شەهیدتان دا ، ئەوە ئێوەن ڕژانە‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان ، داعش و القاعیده‌و بوکۆ حه‌رامی کۆمه‌ڵکوژ و تاڵیبان به‌ تیرۆریست و کۆمەَل کوژ بناسێنن ، ئیوە بوون به‌رامبه‌ر به‌ جینۆساید کردنی هاولاتیه‌ ئێزیدیه‌کان و رفاندنی ئافرەتاکانیان و فرۆشتنیان و دەستدرێژی کردنە سەریان و ئاوارە کردنی مەسیحیەکان خۆنیشاندانی ده‌یان هه‌زار که‌سیتان کرد ، ئەوە ئێوە بوون لە دژی ئایەتی ئەنفال و ئەنفال کردنی خەلکیی مەدەنی کورد دنیاتان بەسەر یەکدادا ، ئێوه‌ ناکرێ هه‌تا سه‌ر ده‌موچاوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆتان بشارنه‌وه‌و مه‌خابن زوو یان دره‌نگ ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش به‌رده‌وام بێت و ژماره‌ی شه‌هیده‌کانمان په‌ره‌ بسێنێت کاردانه‌وه‌ی سه‌ختیان ده‌بێت به‌رامبه‌رتان ، به‌تایبه‌ت به‌م هه‌لوێسته‌ی ئێسته‌تانه‌وه.

ئیسلامی سیاسیی ئایدۆلۆژیایەکی دژە دیموکراتە.


ئیسلام پێش ئه‌وه‌ی ئایین بێت پارتێکی سیاسیی ناسیۆنال - شۆڤێنیستی عه‌ره‌بیه‌. ئیسلام وه‌کو فه‌رهه‌نگ و وه‌کو جیهانبینیی ئایینی، ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیه و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی له خزمه‌تی عه‌ره‌ب و عروبه‌دایه‌ و تایبه‌ته به‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب.‌ ‌ئیسلامیییه‌ سیاسییه‌کان، به‌ شێوازێک بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و کار ده‌که‌ن که‌ هه‌موو جیهانبینییه‌کی دیکه‌ی جیاواز له‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ دواوه‌ و ته‌کفیری ده‌که‌ن و به‌ گومڕا و خوانه‌ناس و خراپی ده‌ناسێنن! ئه‌مه‌ مێتۆدیانه و کار له‌سه‌ر جیهادی ئیسلامیی و بیری تۆتالیتێری ئایینی و تێرۆری هزر و جه‌سته‌ی نه‌یاره‌کانیان‌ ده‌که‌ن.

ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیی ئایدۆلۆژیایەکی دژە دیموکراتەو تەنیا ددان بە ئاینەکەی خۆیدا دەنێت و هیچیتر ، ئیتر چۆن سروشتی ئێوە ڕێگا بەوە ئەدات رێز لە ئاینەکانی ترو بیروبۆچوونەکانی تر بگرێت؟ ئێوە ئەوەتا بۆ ڕەخنەیەک بە سەگ ناومان دەبەن و هەڕەشەمان لێدەکەن ئەوە لە کاتێکدا دەسەلاتتان بە دەست نییە ئیتر بەکام بەَلگە بۆم دەسەلمێنن ئێوە رێز لە بیروڕاو فکری ئازاد دەگرن؟ ئێوە لە نامەکەتاندا خۆتان خۆتانتان بە درۆ خستۆتەوە. عبدااستار مجید کە بەکالۆریۆسی لە زانستی قورئان هەیە کەچی وەزیری کشتوکاَلە و ئەندامی م.س. حیزبەکەتانە (کۆمەَلی ئیسلامیی) ڕەخنەگرێکی تر لە تۆڕی میدیادا وەک ماڵپەرەکەی ئێوە بە سەگ و تانجی و ئاژەَل ناو دەبات ، دیارە ئێوە لەم زمانە زیاتر هیچیتر نازانن ، لە نێوان هەر دێرێکدا ئایەتێکی قورئانیش دەهێننەوە، بێئەوەی پەنا بەرنە بەر بۆچوون و ئەقڵی خۆتان بۆ لێکدانەوەو شیکردنەوە ، من لە ڕاستیدا بەزەییم بە ئێوەدا دێتەوە ، بەزەییم بە نەزانینتان دێتەوە ، بەلام ئێوەش قوربانیی وانەکانی ئاینن لە قوتابخانەکاندا ، قوربانیی مزگەوت و مەلاو وتار خوێنە دواکەوتوەکانن ، قوربانی پەروەردەو دواکەوتوییە ، هەروەها ئاین بە تایبەت لە ولاتە دواکەوتوەکان بەتینە ، بەلام لەگەل پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیاو و بەتایبەت هوشیاری کۆمەلایەتیدا ئاین کزو تەنک دەبێتەوە وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا تێبینی دەکرێت. سوقرات وتەنی "من ئەزانم کە نازانم بەلام نەزان نازانێ کە نازانێت". ئەوە ئێوەن.

نووسیوتانە بۆم: "وریابه‌ له‌کاتی گه‌رانه‌وه‌ بۆ کوردستان ، نه‌ک ته‌نها نه‌فه‌ریک به‌ڵکو به‌ هه‌زاران هاوڵاتی ئه‌م وڵاته‌ سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئێوه‌ تۆمار ئه‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر نه‌وێریت ده‌ست بۆ شتێک به‌ریت که‌ هی تۆ نه‌بێت و بزانیت بریندار کردنی هه‌ستی خه‌ڵکی چۆنه‌ ؟ ئایا شاری بێ حاکمه‌ جه‌نابتان سووکایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌کانی خه‌لکی بکه‌ن و هیچ که‌سێکیش قسه‌ نه‌کات؟ ئه‌وه‌ ئیوه‌ن به‌ سووکایه‌تیه‌کانتان به‌ خه‌ڵکی توندوتیژیی دروست ئه‌که‌ن ، ئه‌وه‌ ئیوه‌ی به‌ناو عه‌لمانیه‌ که‌ ئه‌تانه‌ویت خه‌لکی دینی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نه‌مێنێت؟ ئه‌وه‌ ئیوه‌ن که‌ بیری توندره‌وی دروست ئه‌که‌ن ......".

وەلام: لێرەدا زۆر بە ڕوونی نیشانی ئەدەن کە چەندە دوژمنی دیموکراسیەت و بیری ئازادن ، نیشانتانداوە کە هەڕەشە دەکەن و ئەوەی وەک ئێوە بیرنەکاتەوە سەگەو تەکفیری دەکەن ، منیش تەنیا کەس نیم ڕوبەرووی هەڕەشەو تیرۆری سیاسیی و فکریی ئێوەی ئیسلامییەکان بووبێتمەوەو هەمویمان بە دۆکومێنت کردوە ... لێرەدا بیری فاشیزمانەی خۆتان بە ڕوونی خستۆتە ڕوو ، کەچی شەرمیش ناکەن دەنووسن ڕێز لە بیروڕای ئازاد دەگرین ، ئێوە تەنیا ڕێز لەوانە دەگرن کە وەک خۆتان بیر دەکەنەوە ، بەَلی قسەکەتان ڕاستە ئەگەر ولات و شاری بێحاکم نەبووینایە ئێوە بەم جۆرە ڕەفتارتان نەدەکرد. ئەو سەردەمە بەسەرچوو کەسانی ئازادبیرو ڕۆشنبیری وەک عبدول خالق مەعروف تیرۆر بکەن و کەس هیچ نەلێت ، ئێستا سەردەم گۆڕاوەو هەموو جیهانی شارستانی دژو دوژمنتانە.

له‌بری ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتاڕو فکرو هه‌ڵویسته‌ توندره‌ویه‌تان و زاراوه‌ ناشیرین و ناشارستانیانەتان باشتره‌ بڕۆن له‌ مزگه‌وته‌کان داره‌ مه‌یته‌کان له‌سه‌ر ئاوده‌سته‌کان دابگرن ، له‌ ژێر بۆنی پاشەڕۆکی موسوڵماناندا دابگرن و لایبه‌رن که‌ موسڵمانانای خۆتانیشی پێ ده‌گوزازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و گۆڕستانه‌ ناشیرین و نا شارستانیانه‌و شوینی رێزدارو شاراستانیانه‌ بۆ ئه‌م دیاردانه‌ دروستبکه‌ن ، ئیوە تەنانەت ڕێز لە هاوبیرەکانی خۆشتان ناگرن. به‌و هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌تان به‌ پاره‌ی حکومه‌ت و دۆسته‌کانی ده‌ره‌وه‌تان و پاره‌ی زه‌کات و ...تاد. بڕۆن نیوه‌ڕوان نانێکی گه‌رم بده‌ن به‌ هه‌ژارو په‌ککه‌وته‌کانی سه‌ر شه‌قامه‌کان ، ئه‌مانه‌و زۆی که‌ش ، ئه‌ی که‌واته‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌که‌تان چیه‌ که‌ به‌ سه‌دان مه‌لاو وتارخوینه‌کانی به‌ خێزانه‌کانیانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو داعش. ده‌رگای ئه‌و چه‌ند هه‌زار مزگه‌وتانه‌ بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئاوارەکان و ئه‌نجامدانی کۆڕ و چالاکی کە‌لتوریی ورۆشنبیریی تییاندا چونکه‌ مزگه‌وتیش موڵکی نه‌ته‌وه‌یه‌ نه‌ک شوێنی ته‌نیا خودا په‌رستی و سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی کردن تێیاندا.

ئێوە بێ ناونیشانن.


بڕوانە تەنانەت لەسەر لاپەڕەی پەیجەکەتان جگە لە ئیمەیل ئەدرەسێک (islampaiknet@yahoo.com) چیتر هیچ ناونیشانێکتان نەنووسیوە ، شوێنتان ، ژمارەی تەلەفونتان ، سەرنووسەر و جێگر و... تاد. هۆکاری ئەم خۆ شاردنەوانەتان چیە ئەگەر نهێنییەکی لە پشت نەبێت؟ ئەوە جۆرێکیشە لە ترسنۆکی، کەواتە ئەگەر من سکالایەک لەسەر ئێوە تۆمار بکەم ، ڕوو بکەمە کێتان؟؟ ئەوەی ئێوە لێرەدا کردوتانە دەبێت نە هەر بە یاسا قەدەغە بکرێت بەڵکو بدۆزرێنەوەو سزاش بدرێن ، من لە ڕێگای دادگاوەو لایەنە پەیوەندیدارکانەوە داوای بەدواداچوون دەکەم لەسەرەتان ، وەک ئەوەش وایە لە ژمارەیەکی قاچاخی تۆمار نەکراوەوە سووکایەتی بە هاولاتیەک بکەن ، بەلام مەخابن ئێوە هەموتان بە کەس و لایەنەکانی پشتیشتانەوە باش ناسراون لە هەولێر و لە سلێمانیش ، ئەوە کەسێکی نزیک و هاوکاری ستافەکەتانە سۆران عومەری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمان ، لە دادگا سکالای لەسەر مەلا بەختیار تۆمار کردوەو داوای ٢٠ ملیۆن دیناری لێدەکات چونکە لە ڕۆژنامەی چاودێر نووسراوە "سۆران عومەر توشی هێستریا بووە" کە دەکرا بە نووسین وەلام بداتەوە ، ئەمە جگە لە سکالای ناوبراو لەسەر گۆڤارێکی ترو داوای ٥٠٠ ملیۆن دیناریان لێدەکات ، هەموو ئەمانە بە ڕای من میتۆدی ترس و تۆقاندن و گوشار دروستکردنی ئیسلامییەکانە لەسەر ئەوانەی ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسیی دەگرن.


کەچی ئەو مافە بە ئێمە ڕەوا نابینن سکالاتان لەسەر تۆمار بکەین کە عەلمانییەکان بە سەگ و ئاژەڵ و پیسایی ناو دەبەن و سەرەڕای ئەم ووشە بێڕەوشتیانەش بەکارتان هێناوە ، هێشتا هەڕەشەش دەکەن و دەتانەوێ دەممان پێدابخەن. لێرەدا ڕەفتارو ئەفکاری ئێوە هاوشێوەیە لەگەل ئەوانەی ستالینیزم و نازی و بەعس و هاوشێوەکانیان ، کەواتە ئەوە ئێوەن توندڕەویی بەرهەم دەهێنن.


دوا سەرنجی ئێوە: "وه‌ره‌وه‌ بۆ کوردستان و هه‌ردوولامان سه‌نگه‌ری دادگا و یاسا له‌یه‌کتری ئه‌گرین بزانه‌ کاممان ئه‌یبه‌ینه‌وه".

دوا وەلامم:‌ ئێوە بۆ ئەم دەمدرێژیەتان پشت ئەستوورن بە بێدەنگیی دەسەلات بەرامبەرتان و بەو یاسایەی لە دەستوری هەرێمدا هەیە کە سووکایەتی بە ئاینی ئیسلام سزای لەسەرەو لێرەدا هەر ڕەخنەیەک بەم ئاڕاستەیەدا بکرێت ئێوە دەکرێت بە سووکایەتی لە قەَلەمی بدەن ، گەرنا تکایە پێمان بلێن بەچیتر پشت ئەستوورن لەم دلنیابوونەوەیەتان؟ بەو یاسایەی کە یوسف محەمەدتان بە رێگای دادوەرێکی یەکگرتووی ئیسلامییەوە لە دەربەندیخان پێداوەتە دادگاو دە ڕۆژ خرایە بەندیخانەوە ، ئەوە سەرەڕای هەڕەشە و دەرکردنی فەتوای کوشتن بۆی .. ئەوەیە رێز گرتنتان لە مافەکانی مرۆڤ و بیروڕای ئازاد؟ ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەی ناوبراو دوو ئایەتی قورئانی زانستانە لێکداوەتەوە بەوەی کە هەڵەن و لەگەڵ سەردەمدا گونجاو نین.

بێدەنگی رەزامەندیە.


ڕۆژانە مەلاو بەناو زانا ئاینییەکانتان لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان و مینبەری مزگەوتەکانەوە بە ناشیرینترین شێوە سووکایەتی بە ئافرەتان و ئەندامانی ئەم کۆمەَلگایە دەکەن کەچی ئێوە بێدەنگن لێی، دەپرسم بۆچی؟ بێگومان بێدەنگیی بەواتای ڕەزامەندی دێت. من داوا دەکەم یاسایەکیش بخرێتە نێو دەستوری هەرێم کە سووکایەتی بە عەلمانیەتیش سزای لەسەر بێت .. یان ئەوەیە یاسایەکی ئەقلانی گشتی هەبێت بۆ رێگریکردن لە هەموو جۆرە سووکایەتیەک و هەروەها هیچ کەس و لایەنێک بۆی نەبێت لەبری خودا قسە بکات و خۆی بکاتە نوێنەری ئەو ، و بە هەوەسی خۆی کەسانێک بۆ بەهەشت و جەهەنەم بنێرێت. ئەوە کاری دەسەلاتە ، هی پەڕلەمان و حیزیە.

بفەرموون ئەگەر شتێک لە هەگبەکەتاندا هەیە ئەوا وەرنە پێش و بە زمانی زانست و لێکۆلینەوەو لۆجیک و بەَلگەوە لەگەل یەکتردا بدوێین ، لە بەرنامەی ڕوبەرودا وتووێژ بکەین ، گەرنا باشترە بێدەنگ بن و کەمێکیش فێری ئەتەکێت و کەلتوری قسە کردن ببن. دڵنیابن لە ئایندەدا رێکخراو و ناوەند لە هەرێم دروست دەبێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگە پەرش و بلاوەکانی سێکولارەکان (عەلمانییەکان) و چالاکی خۆی دەنوێنێت ، وەک دەبینم ئێوە کەستان هەتا ئێستە لە مەفهومی عەلمانیەت تێنەگەیشتوون.

دوا ووشە.


وەک دوا وشە بە ئیسلامییەکانی ئەم ولاتەم دەلێم وەرنە سەر ڕێگای ڕاست ، رێگای سیراتی موستەقیم کە ڕێگای حوکمی عەلمانیەتە ، گرتنەبەری ڕێگای شۆڕشێکی فکری و فەلسەفی و کۆمەلایەتی و عەلمانیەتێکی دیموکراسیانەیە.

___________________________

 

 

dr.salarbasira@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک