په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١٥

ديسان لە بارەی کانتۆنەوە.


جەلال دەباغ     

 

لەم دواییەدا ئەم بابەتە بايەخێکی زۆری پێدرا، چ لە کەناڵەکانی تەلەفيزيۆن و وتارو پەخشی راديۆکان و يان لە نوسينی رۆژنامەو گۆڤارەکانداو، بە شێوەيەکی فراوانيش لە تۆڕە کۆمەڵايەتيەکاندا.


بايەخی ئەم بابەتە بەتايبەتی لەوەوەدێت کە لايەنێکی چەکداری باکور بۆ هاريکاری و يارمەتی و بەشداری لە شەڕی دژی تێرۆريستانی داعشدا هاتبوونە هەرێم و بەتايبەتی بۆ بەزاندنی ئەو هێزە تێرۆريستە لە شەنگال کە لەگەڵ پێشمەرگەکانی باشووری کوردستاندا بەشداری بکەن و ئەم هەڵوێستەش شايستەی پێزانينی هەرێم وگەلی کوردستان بوو.


بەڵام بەداخەوە دەستيانوەردا لەکاروباری ناوخۆی هەرێم و، هەر لە يەکەم رۆژی گەيشتنيانەوە هەوڵيان دا لايەنگيریی ژمارەيەک لە برايانی کوردی ئێزدی بۆ حيزبەکەی خۆيان دەستبخەن!


دوای ئەوە لە١٤/١/٢٠١٥دا کۆبوونەوەيەکيان لە چيای شەنگال رێکخست و بەگوتەی خۆيان ٢٠٠ کەس بەخۆيان و ئەو ژمارەکەمەی ئێزديەکانەوە بەشداری بوون و ناويان نا "کۆنگرە"و، بێ ئەوەی گوێبدەنە بەڕێوەبەرايەتی قەزای شەنگال و بوونی ئەنجومەن و قايمقامی شەنگال و حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنێکيان پێکهێناو گوايە " کانتۆن" بۆ شەنگال ، لەسەر شێوازی کانتۆنەکانی کوردستانی خۆرئاوا پێکدەهێنن..! ئەمە لە کاتێکدا کە بەهەزاران لەبراو خوشکان و منداڵانی ئێزدی لەلايەن تاوانکارانی داعشەوە فڕێندراوو بەديلگيراون و، چارەنوسيان ناديارەو دەيان هەزاريان ئاوارەو پەناهەندەبوون و بە سەدانيان دەستبەچەک لەبەرەکانی شەڕدا دەجەنگن و، هێشتا قەزای شەنگال بەتەواوی ئازادنەکراوە، بارودۆخێکی وا نالەبار دەخوڵقێندرێت کە لە راستيدا دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.


ئاشکرايە نوسەری ئەم کورتە وتارە لە چەند وتاری ديکەدا ئەم بابەتەو بابەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانم باسکردوەو ئێستاش کاتی ئەوەيە جەختبکەمەوە کە رووداوەکان سەلمانديان کە هەلومەرجی کۆنگرەکە لەئارادانيەو، ئەوەشم باسکردبوو کە ئەگەرچی نيازی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی مەبەستێکی پيرۆزە، بەڵام دەبێ هێزەکانی هەربەشێکی کوردستان و پاشان هەموو بەشەکانی کوردستان لەناوخۆياندا تەبابن و ئەو هەلومەرجە جياوازانە لەبەرچاو بگرن کە بەهۆی لکاندنی کوردستان بە چواردەوڵەتەوە دروستبووەو، ناشبێ بەهيچ بيانويەک دەستبخرێتە کاروباری ناوخۆی يەکترەوە.


راستە کوردستانی گەورە نيشتيمانی گەلانی کوردی هەرچوار پارچەکەيە، بەڵام رزگارکردنی هەربەشێک لەپێش هەموو هێزێکدا ئەرکی گەلی ئەوبەشەو حزب و هێزەکانێتی و گەل و حزب و هێزەکانی هەربەشێک هاريکاری و يارمەتيدان و پشتگيری بەشەکانی ديکەیان لە ئەستۆيە نەک دەستێوەردان و شتيوا.


بەڵام هەندێ لەم برايانەی باکۆرو خۆرهەڵات لە دەستێوەردانيشيان تێپەڕاند بۆبەدناوکردن و شێواندنی راستيەکان و پلاروەشاندن لەدژی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی ديکەی هەرێم و هەرکەسێک تەماشای راگەياندنەکانيان بکات بەئاشکرا ئەمەی بۆ دەردەکەوێت، کە ئەمەش کارێکی زيانبەخشە بۆ تەواوی بزاڤی رزگاريخوازیی گەلەکەمان.


لەکاتێکدا پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان بە زۆر شێواز يارمەتی گەل وحزب و هێزەکانی خۆرهەڵاتيان داوەو، ژمارەيەکی باش وبەهێزی پێشمەرگەيان بە چەکی مۆدێڕنەوە بۆ هاريکاریی شەڕڤانانی کۆبانێ ناردووە تا ناوچەکە ئازاد بکرێت، ئەمە وێڕای جۆرەها هاریکاری کە رەنگە لێرەدا جێگای گوتن نەبن.


با لێرەدا چەند پرسيارێک لەو برادەرانەو لە هەندێ رۆشنبيری لای خۆمان بکەين، لەوانەی کە هەندێکيان راگەياندنەکانيان پڕکردووە لە "پەسندکردنی کانتۆن!" و گەورەکردن و ئاشکراکردنی کەم وکوڕی و ناتەواويەکانی هەرێم و لاقرتێ و بڵاوکردنەوەی راستی و ناڕاستی لە دژی سەرکردەکانی پێشمەرگەو ئەم هەرێمی کوردستانە کە لە راستيدا "ئاوبردنە بۆ ئاشی تێرۆريستانی داعش".


- پێشمەرگەی هەرێم بەخوێنی خۆيان جەنگاون بۆ ئازادکردنی کۆبانێ، ئايا خۆيان و حزبەکانيان دەستيان لە کاروباری کۆبانێ وەرداوە؟


- ئايا هەوڵيانداوە شێوە بەڕێوەبردنێک بەسەر کۆبانێدا بسەپێنن؟


- ئايا ئەم هەل و مەرجە گرانەی خەڵکی کۆبانێيان کردۆتە مۆڵەت بۆ کۆبونەوە لەگەڵيانداو دەستخستنی لايەنگيرييان بۆ حزبێک و هاندانيان لەدژی خواستەکانيان؟


با سەرنجێکی خێرایی بدەين و بزانين کانتۆن چيیەو بۆچی لەگەڵ بەرژەوەندیی هيچ شارو ناوچەيەکی هەرێمی کوردستاندا ناگونجێ.


کانتۆن دەوڵەتۆلکەيەکی سەربەخۆيە، سنوورو راگەياندن و سوپای خۆی هەيە. دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٧٥٠ و پاشان ١٨٤٨ کە وڵاتی سويسرا بە پێی هەل ومەرجی ئەوکاتەی خۆی دوڵەتێکی فيدراڵيەو ٢٦ کانتۆنی هەيە(ئاڵای دەوڵەتی فيدراڵی سويسرا) کۆی کردونەتەوە. ئەم برادەرانەی باکوری کوردستان ئاڵای کوردستانيشيان بەفەرمی نەناسيوە!!- چۆن دەبێ لاساییەکی ميکانيکی ئەم ئەزمونە مێژوییە بکرێتەوە کە هيچ هاوبەشییەکی لەگەڵ ئەزمونی کوردستاندا نییە.


کوردستان وبەتايبەتی باشوری کوردستان بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەچێ، لەسەر بنەمای بڕياردانی مافی چارەنوس. ئيترکەی راستە، لەبری هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و يەکێتیی نەتەوەیی، چەند شارو قەزای کوردستان بکرێنە "کانتۆن"؟!!. دەبا ئەو برادەرانەی لەسەر ئەو باوەڕەن، چەند کانتۆنێک لە باکوری کوردستان پێکبێنن کە گەورەترين بەشی کوردستانە لەرووی پانتایی خاک و سەرژمێری دانيشتوانەوە.


لە کۆتاییدا دەڵێین: بەرژەوەندیی بزاڤی رزگاريخوازیی گەلی کوردستان وادەخوازێت، هەرێمی کوردستان و ئەزمونەکەی و دەستکەوتەکانی بپارێزرێن و، يەکێتیی ريزەکانی گەل و حزب و هێزە نەتەوەو نيشتيمانپەروەرەکانی، گەورەو پچوکيان، پتەوبکرێت و گوتاری يەکگرتويان بهێنرێتەدی و، سوپای پێشمەرگەی هەرێم يەکبخرێت و، هەروەک چۆن بەڕێز سەرۆکی هەرێم و زۆربەی حيزبەکانی کوردستان جەختيان لەسەرکردەوەو، سەرکەوتنە مەزنەکەی کۆبانێ جێگيربکرێت و داعشی تێرۆريست و تاوانکاری نێودەوڵەتی بە تەواوی ببەزێندرێت و تێکبشکێندرێت تا هيچ دەستدرێژکارێک پرکێشیی پەلاماردانی کوردستان نەکات وسەرکەوتن و سەرفرازیی گەلەکەمان بێتەدی.


ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک