١\١١\٢٠١٣
دیسان لەمەڕ
حیزبایەتی.

جەلال دەباغ
حیزب چیە؟ پێناسەی حیزب جۆر بەجۆرە، بەپێی سروشتی هەر حیزبێک دەگۆڕدری.
حیزبەکە سەربە چینی کرێکارە یان بە بۆرژوا. ئالێرەوە جیاوازیی ئاشکرا
لە نێوانیاندا دەردەکەوێ. حیزبێکی چەپ و کرێکاری جیاوازە لە حیزبێکی
بورژوازی، میانڕەو یان راستڕەو.
بەهەرحاڵ راستترین پێناسەی حیزب ئەمەیە: حیزب لە دەرەوەی چینەکان و
چینایەتی هەر نییە، ئەگەرچی بە رواڵەت پێچەوانەی ئەوەش خۆی پیشان بدات،
یان لافی ئەوە لێبدات کە نوێنەری هەموو چینەکانە.
حیزب دەربڕینی سیاسی چینێکە، بیروباوەڕو بەرژەوەندیی هاوبەشی چینێک و
چەند توێژێکی کۆمەڵایەتیی کەسانێک پێکەوە کۆدەکاتەوە کە باوەڕیان بەو
رێبازو بیروباوەرو تێئۆرییە دیاریکراوە هەیەو ئیلتیزامیان پێوەدەکەن.
حیزب ئامڕازێکی خەباتە بەدەست چین و توێژە رەنجدەرەکانەوە بۆ تێکۆشان
لە پێناو هێنانەدیی ئامانجەکانی تاکەکانی کۆمەڵ لە خۆشگوزەرانی و
کامەرانی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
بۆ هەر حیزبێک بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆ هەیە. یەکەمیان ئامانجە نزیک و
دوورەکانی حیزبەکەی وەک پڕۆگرامێک تێدا دیاری کراوەو، دووەمیان ئەو
رێوشوێن و شێوازی کارکردنەی بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە دەگیرێنەبەر کە
لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دیموکراسی داڕێژراون.
ئامانجی سەرەکیی هەر حیزبێک گەیشتنە دەسەڵاتی سیاسیە.
دوای هەرەسهێنان و ژێرکەوتنی تاقیکردنەوەی سۆسیالیزم لە یەکێتیی سۆڤیەت
و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا لیبرالیزمی نوێ لە زۆر وڵاتداو لەوانەش
وڵاتی ئێمە هاتەسەر شانۆ بۆ سەپاندنی پاشەکشەیەکی گشتی و نەهێشتنی
کەرتی گشتی لە ئابوریداو بەرە بەرە لە تەندروستی و پەروەردەشداو
پشتگیریی کەرتی تایبەتی، لە کاتێکدا نەقابەکانی کرێکاران و
نەقابەکانێتر لەرووی حیزبە سەرمایەدارەکان و هاوکارانیاندا راوەستابوون
و بەرگرییان لە مافەکانی ئەو چین و توێژانە دەکرد. بەڵام لەسایەی
نیولیبرالیزمدا ئەو نەقابانەش کەرتکران و ئەو رۆڵەیان لەدەست دا کە
بەرگری لە کرێکارانی چەوساوەو مافخوراوبکرێت.
زیندویەتی تێئۆریی زانستانەی چینی کرێکار لەوەدایە بەپێی بەخۆداهاتن و
پەرەسەندنی کۆمەڵگا بیرو رێبازی خۆی نوێ دەکاتەوە، لە هەلومەرجێکدا کە
بەرەی سەرمایەداری کێشەکانی توندتر دەبن و زۆرانبازی لە نێوان
هێزەکانیدا پەرەدەستێنێ (قەیرانی ئابوری وڵاتانی سەرمایەداەی و کۆمەڵە
دەوڵەتی ئێورۆ، کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەمریکا وەک نمونە).
ئەم بارودۆخانە هیوایەکیان کردۆتەوە بەبەر کۆمەڵداو بەتایبەتی لاوان کە
چاوببڕنە راستکردنەوەی هەڵەو بارودۆخەکە بەبوونی حیزبێکی پێشڕەو بۆ
سەرکردایەتی کردنی خەباتی زەحمەتکێشان و بەتایبەتی لاوان کە چاویان
بڕیوەتە سەرکەوتنەکانی هێزە چەپەکان لە هەندێ وڵاتداو وردبوونەوە لە
ئەزموونەکانیان.
هەڵسوڕانی هەر حیزبێک و ئەندام و کادیرەکانی دەبێ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆو
پڕوگرامی حیزبەکەبێت.
تەنیا حیزبە ئەنارشیستەکانن کە بیروباوەڕی سەرکردایەتی کردن و هەموو
چەشنە رێکخستنێک دەدەنە دواوە.
حیزبی چینە چەوساوەکان یەک سەرکردایەتی دەبێت و هیچ جۆرە دەستەبەش و
شتیوای تێدانابێت. هەموو بڕیارەکانی ناو سەرکردایەتی یان دەستە
حیزبیەکان بە زۆربەی دەنگ بڕیار دەدرێن.
هەر ئەندام و دەستەیەک بۆیان هەیە بە بۆچوون و هەڵوێست و بڕیارەکانی
حیزب قایل نەبن، بەڵام دەبێ ئەوە نەبێتە کۆسپ لەڕێگەی جێبەجێکردندا.
هەروا دەبێ لە ناوخۆی ئۆرگان و دەستە حیزبیەکاندا لێکۆڵینەوەیان لەسەر
بکرێت. هەر لە شانەو دەستە حیزبیەکانەوە تا دەگاتە کۆنفرانس و کۆنگرە
کە بەرزترین دەسەڵاتی هەر حیزبێکە. ئەمانەو زۆر رێوشوێنیتر کە لە
پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکاندا بۆ پەیڕەوکردن جێگیرکراون.
لەبارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێستای عراقدا گەلێک دیاردەی
ترسناک هەن و ئاڵۆزتربوون، قەیرانێکی توندی سیاسی و ئابوری و
کۆمەڵایەتی و تایەفە گەری سەری هەڵداوە، بۆ نمونە دوای چەند ساڵێکیتر
لەسەدا چلی بودژەی دەوڵەت دەچێ بۆ خانەنشینیی مووچە بەرزەکان، جەماوەری
کرێکاران و هەژاران و کەمدەرامەتان باری گوزەران و ژیانیان گرانتر دەبی،
تەنانەت ئەوانەی بە "بۆرژوای نیشتیمانی" ناویاندەبرێ باری ژیان و
دەستکەوتیان خراپتر دەبێ، بازرگانانی گەورەو دوکاندارە مامناوەندو
گچکەکان دەکەونە بەر رەحمەتی سۆپەرمارکێتە زەبەلاحەکان، هەندێ لە
کۆمپانیاکان بێبەشدەکەن لە کۆنتراکت، سەرمایەدارانی مامناوەندیی وڵات
لەترسی گەندەڵی ناتوانن سەرمایەکانیان بخەنە کارەوە، ژیرخانی ئابوری
کاولکراوی دەستی ئەمریکای سەردەمی بریمەرو دواترچەند ساڵ و چۆن رژێمێکی
گەرەکە هەستێتەوە؟!
تەنگوچەڵەمەو ناکۆکی "ناوەند" و هەرێم بەتینتردەبن، دوو لیوا سەرباز
بەسەرۆکایەتی ئەفسەرێکی سوپا هەڵوەشاوەکەی سەدام بەرەو کەرکوک و
ناوچەکانی دەوروپشتی دەجوڵێنن و بەچەشنێکی پێچەوانەی دەستورو یاساکان
رایانگەیاند کە گوێ نادەنە ڕای پارێزگاری کەرکوک و ئەنجومەنی
هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکوک و پۆلیس و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی
کەرکوک. بەپێی سیاسەتی تایەفەگەری سەرۆک خێڵە عەرەب و تورکمانەکانیان
کۆکردەوە، بەبێ نوێنەرانی کورد، بەمەبەستی هاندان و تەیارکردنیان دژی
کوردو هەرێمی کوردستان.
لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بابەتی حیزبایەتی و زۆر بابەتی
هاوپەیوەند، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی
پەرلەمان لە راگەیاندنەکان و لە زۆر شوێنی تردا کەوتونە بەر باس و
لێکۆڵینەوە.
لەزۆر حیزبدا ئەم دیاردانە هەست پێدەکرێن کە پێموایە هەڵەن و بەشێکن لە
هۆکارەکانی ئەو بارودۆخەی تووشیان بوون، دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە
نەبردنەوە لە هەڵبژاردندا یان کەم کورسی هێنان کارەساتێک نیە حیزبێک
بەرەو هەڵوەشاندنەوەو نەمان بەرێت، ئەو حیزبە گەورە یان گچکەبێت. بەڵکو
پاڵپێوەنەرێکە بۆ لێکۆڵینەوەو باسکردنی هۆکارەکان و هەنگاو نان بۆ
چارەسەرکردنیان لە ئایندەدا.
- حیزبێک بەشێکی زۆر لە ئەندام و کادیرەکانی گوێنادەنە بڕیارەکانی
سەرکردایەتی حیزبەکەیان و بگرە بەدناویشی دەکەن.
- حیزبێک چەندان کادیری، یان ئەندامی بەئارەزووی خۆیان لە
راگەیاندنەکانەوە، بە پێچەوانەی رای سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی دیکەی
حیزبەوە، بۆچوون و رای خۆیان دەردەبڕن و ئەم و ئەو لە سەرکردایەتیەکەی
تاوانباردەکەن و بەدناویان دەکەن. لە باسەکانیاندا شتێک بۆ وتەبێژی
فەرمیی حیزبەکە ناهێڵنەوە.
- حیزبێک دوو جێگری سکرتێرو یەکێکی کارگێڕی هەن کە هەمووشیان ئەندامی
مەکتەبی سیاسی حیزبەکەن، هەریەک بە جۆرێک وتاردەدەن، کە هەندێکیان
جیاوازی و دەستەبەشیی پێوەدیارە، هەر یەکەمیان دەمی کردەوە ئەوانیتر
بەدوایدا، نابێ بێدەنگبن..
- حیزبێک کەسێکی سەرکردایەتیی پلەیەک شتیوا دەڵی لە قوتوی هیچ
عەتارێکدا نیە! ئەوەندەی کە راگەیەندراوە" دەربارەی نەیارێکیان دەڵێت:
ئێمە ئەوانین و ئەوان ئێمەن.
- حیزبێک هەر بۆ ئەوەی بڵێن"داهێنەرە"و پەیڕەوی رێوشوێنە زانستیە
لێنینیەکان لە ژیانی ناوخۆیی حیزبەکەیدا ناکات، لە جیاتی کۆمیتە
تایبەتمەندیە پسپۆڕەکان، "ژوورەکان"ی گوایە داهێناوە، لەکاتێکدا لە
زووەوە لە ئەمریکا بەکاردێن، بۆ نمونە بە توالێت " دەڵێن (ژووری
پشوودان- رێست رووم)، (ژووری هەواڵەکان- نیوز رووم)، (ژووری ئابووری) و
تاد...
- حیزبێک کەناڵەکانی تەرخان کردوە بۆ بەدناوکردنی سەرکردەو کادیرەکانی
حیزبەکانیتر. ئەوان بڵێن قیر رەشە ئەمان دەڵێن سپیەوئەوان بڵێن سپیە
ئەمان دەڵێن رەشە!
- حیزبیک قسەی سەرزمان و بن زمانی لەدژی حیزب و حیزبایەتیەو، ئەگەر لە
دەریادا ماسیەک بمرێ دەڵێ خەتای حیزبەکانە.
- حیزبێک لەگەڵ گەندەڵکارانی ناو حیزبەکەی خۆیدا هیچ ناکات، باسی
گەندەڵکاری لەناو حیزبێکیتردا دەکات.
- حیزبێک وەک هەندێکیتریش وادادەنێ ئازادی و دیموکراتی و روونی (شەفافیەت)
ئەوەیە هەرچیت دەوێ بیڵێیت، هەرچیت ئارەزووە بیکەیت، کەسیش نابێ
دەستخاتەڕێت.
- حیزبێک عیلمانیەو، وەک ئیسلامیەکان باسی بەهەشت و دۆزەخ و
دنیائاخربوون دەکات!
- حیزبێک رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ حیزبێکیتردا هەیە، بەڵام پێکەوە بە
لیستی هاوبەش و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەیان ناچنە کۆڕی هەڵبژاردنەوە،
تا بزانن هەر یەکەیان لە پەرلەماندا چەند کورسی دەبێ. ئەمە ئەزمونگەری
نەبێ چییە.!!
- حیزبێک وێڕای رێکەوتنی ستراتیژی مۆرکردن لەگەڵ حیزبێکیتردا، لە هەموو
سەردانێکی سەرکردەکانی و لە مۆرکردنی کۆنتراکتەکانی لە بواری نەوت و
شتەکانیتردا لەگەڵ دنیای هەرێمەکەو دنیادا، لە گشت دەستەی
نوێنەرایەتیەکاندا هیچ ئەندامێکی هاوستراتیژیەکەی بەشدارناکات.
- حیزبی پچوک لەسەر خوانی حیزبی گەورە ناندەخۆن، بەڵام حیزبی گەورە
لەهەموو شتێکدا فەرامۆشیان دەکەن، کەچی ئەوان هەموو رەوت و
سیاسەتەکانیان بۆ پەسند دەکەن و، ورتەیان لێوەنایەت.
- حیزبی پچوکن، لەکاتێکدا دەبێ پشت بە جەماوەر بەهێزو گەورەبن، بەڵام
لایەک لەو جەماوەرە ناکەنەوە، نە بەپشتگیری و بەشداری
خۆپیشاندانەکانیان، نەبە بەرگری لەمافی زەوتکراوو داخوازیەکانیان تاد...
- حیزبێکی پچوک نوێنەرە تاقانەکەی لە پەرلەماندا ورتەی لێوەنایەت، بۆ
جارێکیش دەنگ بەرزناکاتەوە بۆ بەرگری لەمافی کرێکاران و تەنانەت ئەو
دەنگدەرانەی هەڵیانبژاردووە، یان بۆ دەرخستنی ناتەواوی یاسایەکانی کۆن
و نوێ..
- حیزبێکی پچوک یەکێک لەسەرکردەکانی دەنگ بۆ پاڵێوراوی حیزبێکیتر دەدات..
بە پشتگوێخستنی مەرجی حیزبایەتی و "بەهێزی راکێشانی" خزمایەتی.!!
بەهەرحاڵ ئەم قۆناغە بە راگوزاری دەزانم و لەوباوەڕەدام گەلی کوردستان
و حیزب و هێزە نیشتیمانپەروەرەکانی لەم قۆناغەش تێپەڕدەبن و ئەم
کوردستانەش رێگای حیزبایەتی راستەقینەو دیموکراسی و گەشانەوەی
سەرکەوتووانە و هەموو پلەکانی دەبڕێت، بەرەو کۆمەڵگایەکی نوێ لەسایەی
بڕیاردانی مافی چارەنووسدا.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|