٤\٢\٢٠١٧ دیسان مەرگی تاڵی کۆڵبەران! دیسان قوربانیانی دەستی سیستەمی سەرمایە!
بە داخەوە کۆمەڵێ کۆڵبەری ھەژار و دەست کورت و زەحمەتکێش لەم وەرزی سەرمایەدا لە سنوورە بێ بەزەیی و دروستکراوەکانی (سەردەشت)ی رۆژھەڵاتی کوردستان بە ھۆی ھەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەست دا.. ئەم مرۆڤە زەحمەتکێشانە بۆ سەیران و خۆشیی و گەشت و وێنەگرتن و جوانیی سروشت لە کاتی بەفرباریندا ڕوویان نەکردبووە ئەو چیا و دۆڵە بەڵکو بە دووی بژێوی و گەڕان بە دووی ناندا روویان کردبووە ئەوێ.. ئەوان بە چلەی سەرما بە گڕەی گەرما لە جوانیی بەھار و ماتەمی پایزدا هەردەم و ھەمیشە لەوێ بوون و ماندوو و شەکەتی رەنج بوون تا سفرەی ماڵەکانیان خاڵی نەبێ.. تا ماڵ و منداڵەکانیان بێ بەرگ نەبن، ئەوان لێرە ئازار و دەردەسەرییان دەچێشت تا گوڵی بزە لەسەر لێوی منداڵەکانیان بگەشێتەوە.. تا ژیانی وردیلەکانیان حەساوە بێ.. ئەوان لێرە وەک ئاگر دەسوتان.. وەک بەفر دەتوانەوە تا ژیان ببەخشنە خۆشەویستانیان.
ئەو کۆڵبەرانەش مرۆڤن و شایەنی ژیانێکی مرۆییانە و خۆشگوزەرانن کە شیاوی مرۆڤ بێ، بۆ گەیشتنی مرۆڤەکان بە ژیانێکی مرۆییانە و خۆشگوزەران پێویستە خەبات بکەین دژی ستەمی سیستەمی سەرمایەداریی.. پێویستە یەکگرتوو و رێکخراو بین، بژی ژیان.. بژی مرۆڤ.. بژی کۆمەڵگای یەکسان، بمرێ سیستەمی سەرمایەداریی کە سەرچاوەی ھەموو گرفت و مەینەت و دەرد و ئازارەکانە.
|