٢٥\٤\٢٠١٩
دیسان شۆڤێنیزمی
کوێری زمانی بەرامبەر بە زمانی ھەورامی!!

موختار کەریمی
ماویەک لەمەو پێش لە ساڵیادی شیمیایبارانی
ھەڵەبجەدا بابەتێکم بە زمانی دایکیم، زمانی ھەورامی لە ژێر
سەردێڕی:"شیمیاییوارانوو ھەڵەبجەی و وەرپەرسی وەڵاتە زلھێزە جەھانیەکا"،
واتە "کیمیایبارانی ھەڵەبجە و بەرپرسیاریەتی وڵاتە زلھێزە جەھانیەکان"
لە فەیسبووک و چەند سایتێکیتری ئینترنێتی بەڵاو کردەوە. ئەم بابەتەم بۆ
سایتی „NNS ROJ“ یش نارد و تکام لێ کردن کە ئەوانیش بەڵاوی بکەنەوە.
سەرەتا بێدەنگیان لێ کرد. دوایی کە لێم پرسینەوە کە ھۆکاری بەڵاو
نەکردنەوەی بابەتەکەم چی بووە، وەڵامێان دامەوە.
وەڵامی یەکەمی „NNS ROJ“ وەکوو خۆی:" ئێمە وتار بڵاوناکەینەوە". ئەم
وەڵامەم زور پێ سەیر بوو. ئەم وەڵامە کاڵ و بێمانایە لە کاتێکدا بە
پەلە وھەڵنەسەنگێدراو دەدرێتەوە کە سایتەکەیان لێوانلێوە لە وتار و
دەیان وتار سەبارەت بە کێمیایبارانی ھەڵەبجەشیان بەڵاو کردوەتەوە،
بەڵام ھەر بە سۆرانی و فارسی. کاتی خۆی کە ھەورامی زمانێک لەو سایتە
بەرپرسیاریەتی ھەبوو، بابەتەکانم بەڵاو دەکرانەوە(تا ساڵی ٢٠١٥). لەو
کاتەو ئەو نەماوە، ھەر بابەتێکم بۆ ناردوون بەڵاویان نەکردوتەوە و
بەگشتی خۆیان لە بەڵاوکردنەوەی ھەر بابەتێک بە زمانی ھەورامی پاراستوە.
منیش دیسان لێم پرسیەوە: "بەڕێزم، ئەی ئەو ھەموو وتارە چیە بەڵاوی
دەکەنەوە؟؟؟؟ کارەساتی ھەڵەبجە بایەخی ئەوی نیە کە بەڵاوی بکەنەوە؟؟؟
یان چوون بە زمانی ھەورامیە بەڵاوی ناکەنەوە؟؟؟؟".
وەڵامی ئەمجارەی وەکوو خۆی: " ئێمە ھەم شت بە زمانی ھەورامی بڵآو
ناکەینەوە ھەمیش وتار بڵاوناکەیەوە. واتا لە دوو لاوە کێشەیە"!!
لێرەدا وەڵامدەری „NNS ROJ“ ڕاستیە سەرەکیەکە دەر دەخات. ھەرچەند بۆ
خڵەفاندن و کەمکردنەوەی باری بیرۆکە شۆڤینیستیەکەی، دیسان "بەلاونەکردنەوەی
وتاریش" بە گشتی دووپات دەکاتەوە فارس گوتەنی: (قافیە چو بە تنگ آید،
شاعر بە جفنگ آید)، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕوانگەی شۆڤینیستی ئەوانەوە
بەڵاو کردنەوەی وتار یان ھەر شتێک بە زمانی ھەورامی، با سەبارەت بە
کارەساتی ھەلەبجەش بێت، ھەر کێشەیە. چوون ئەوان وەکوو کەمال ئاتاتورک و
ڕەزاشا و ... لە بنەڕەتدا بوونی زمانە جیاوازەکان، کە دیاردەیەکی
سرووشتی و ئاساییە و ئاساییە و مایەی دەوڵەمەندی زمانی و فەرھەنگی ھەر
وڵاتێکی فرەزمانییە، بە کێشە دەزانن. ئەئەمەیە ھۆکاری سەرەکی!!
ئەم شێوە ھەڵسوکەوتە ڕەگەزپرستانە لە وشەنامەی سیاسیدا بە "شۆڤێنیزمی
زمانی" پێناسە کراوە. شۆڤێنیزم بە مانای لەخۆبایی بوونی لەڕادەبەدەر و
خۆبەباشتر زانینێکی بێ بنەما و مەترسیدارە بەرامبەر بە ڕەگەز، نەتەوە،
کەمینیەی زمانی و یان ھەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی تر. شۆڤینیستەکان
ھەمووشتێکی خۆیان بە باشترین و پیرۆزترین دەدەنە قەڵەم و ھی کەسان یان
کۆمەڵە خەڵکانیتر بە خرابترین و بێبایەخترین پێناسە دەکەن و بە چاوێکی
زۆر نزمەوە سەیریان دەکەن و حازریشن بەرھەڵستی و تەنانەت خۆنواندنی ئە
و کەسوو گرووپانە بە ھەموو شێوە و ئامرازێک سەرکوت بکەن و تەنانت لە
نێوێشیان بەرەن. پەراوێز خستن، قەدەغە، سووکایەتی، تواندنەوە و
زمانبڕین.......لەو ئامرازانەن کە شۆڤینیستەکان بەرامبەر بە زمان و
کولتور و تایبەتمەندی گرووپەکانیتر بەکاریان دەھێنن.
جارێکیتریش لێ دەپرسمەوە: "تکایە پێم بڵێ، بۆ چی بابەت بە ھەورامی لای
ئێوە کێشەیە؟؟ تکایە با منی ھەورامی زمان تێبگەم".
وەڵامدەری „NNS ROJ“ دەڵێ: " چونکە ئێمە بە زمانی سۆرانی و کرمانجی و
عەرەبی و تورکی کارەکانمان بڵآودەکەینەوە. واتا بە ھەورامی و کەلھوڕی و
زازاکی و خانەقینی و ...ھدت بڵاویان ناکەینەوە".
لێرەدا بە ئاشکرا دەبینین کە وەڵامدەری „NNS ROJ“ چۆن بەرەبەرە بیر و
مەبەستە شۆڤینیستانەکەی بە زەقی ئاشکرا دەکات و بە ھەورامیشەوە
ڕاناوەستێت و کەلھۆڕی و زازاکی و خانەقینی و ...ھتد دەخاتە ڕێزی
قەدەغەی زمانی سایتەکەیەوە. لە بەرامبەردا بە ئاشکراش کرنۆش بۆ زمانە
داسەپاوەکانی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەبات و بۆ خەباتە چەوتەکەی پیویستی
بەوانە و کار بەوان دەکات. دەبێ لەو شۆڤینیستانە بپرسین ئەمە چ
خەباتێکی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتیە کە کڕنۆش بۆ زمانی داسەپاوی
داگیرکەری وڵاتەکەت دەبەیت، بەلام زمانی ھاوخەباتەکارەکانی خۆت قەدەغە
دەکەیت؟؟؟ ئەمجار چاوەڕێ ئەوەیش ھەیت کە منی ھەورامی و کرمانجی و
کەلھۆڕی و لەکی و لۆڕی و زازاکی متمانەت پێبکەین و ھاوسەنگەرت بین؟؟
دوایش کە بە دەسەڵات گەئیشتیت ھەموو ئەو دەسەڵاتە بۆ سەرکوت و بیبەش
کردن و زمانبڕینی من و ئێمەمانان بەکار بێنیت، وەکوو لە قسەکانی خالێ
عەزیزی دیارە و حکوومەتی ٢٨ ساڵەی باشووریش ھەر ئەو سیاسەتە پێڕەۆ
دەکات؟؟ فارس گوتەنی: (زھی خیال باگل).
لە کۆتاییدا لە „NNS ROJ“م پرسیەوە کە ئەم ھەلوێستەی ئەو چ جیاوازیەکی
لە ھەڵوێستی زمانبڕانەی داگیرکەرانی وڵاتەکەی خۆی ھەیە؟. ناوبراو بە
بێڕێزی کردن کۆتایی بە قسەوباسەکەی ھێنا.
ئەم ھەڵوێستەی سایتی„NNS ROJ“ بەرامبەر بە زمانی ھەورامی و کەلھۆڕی و
زازاکی و.... ھیچ جیاوازیەکی لە وتە شۆڤینیستانەکانی خالێ عەزیزی نیە
کە ھەڕەشەی خڕکردنەوەی زمان و زاراوەکان دەکات و دەڵێ:
“ئەرێ سبەی لە کوردستانی ئێران شکاکم ھەیە، ھەورامیم ھەیە، جافم ھەیە،
کەلھۆڕم ھەیە، یارسانم ھەیە، لەکم ھەیە، ھەمووی ئەوانە، ھەر گرووپێک
پەیدا دەبێت ھۆویەتێک بۆ خۆی دروس دەکات. ئاوا مێللەت دروس دەبێتن؟ نە.
ئاڵمان کە بوو بە مێلەتێکی موقتەدێر، تەنەوعاتی زمانی و لەھجەیان خڕ
کردەوە، فەرانسە کە بۆ بەوە خڕیان کردەوە...... بۆیە دەبێ بە
ئیقتێدارەوە کۆمەک بەوە بکەین یەک نەتەوە، یەک ئادرەس و یەک زمان دروس
بکەین”!!
یان شۆڤینیستیکیتر بە ناوی ئەمجەد شاکەلی کاتی خۆی، ساڵی ٢٠١١ سەبارەت
بە کۆنفەرانسی "زمانی کوردی" لە ھەولێر نوسیویەتی:
"ئەگەر بڕیار بێت ئەم زمانە ستانداردەی ئێستای کوردی نەمێنێت و ببێتە
جووتستاندارد(بە دیدی جووتزانایان و جووتسیاسییان و جووتمۆدێرنان و
جووتپرۆفێسسۆران و جووتمامۆستایانی کورد) و ئەگەر بڕیار بێت، لە تەنیشت
ئەم زمان و ئەلفبێیە ستانداردەی ئێستای زمانی کوردیدا، ئەلفبێ لاتینی
بەکار ببرێت و زاراوەگەلی ھەورامی و فەیلی و کرمانجی و دملی و ھەموو
ئەوانی دیکەش ببنە زمانی ستاندارد و ڕەسمی، ئەوا من بەشبەحاڵی خۆم
زۆرزۆرم پێ باشترە و پێ خۆشترە و پێ ڕاستترە، کە کورد دەستبەرداری ئەم
زمانۆکانەی خۆی ببێت و زمانانی عەرەبی و فارسی و تورکی ببنە زمانی
خەڵکی کورد و شتێک بە ناوی زمانی کوردی تەنێ لەنێو ماڵاندا بمێنێتەوە و
ئەویش بە تێپەڕبوونی کات و ساڵان بەرەبەرە نەمێنێت و لەبەین بچێت. من
ھیچ لەم قسەیەم پەشیمان نیم، چونکە نەتەوەیەک، بەتایبەت خوێندووانی،
ھێندە بیرکۆڵ و نەزان و گێل و گەوج بن، ھەرگیز شایستەی ژیان و مانەوە و
سەربەخۆیی و ئازادی نییە.''!! (سەرچاوە: ماڵپەڕی دەنگەکان - ئەمجەد
شاکەلی - ٢٣\٩\٢٠١١).
ئەمجار بۆ ئاگاداری ئەمجەد شاکەڵی کە ماناو و سنووری زمانی ستاندارد و
زمانی پێوەندی نازانێ و ھەردوو ماناکەی تێکەل وپێکەل کردوون و ھەر
بەیەکیان دەزانێ، ئێمە دەڵین: لێردا ئیمە بەرھەڵستکاری ئەو بیرە چەوتە
دەکەن کە دەیەوێ زمان یان زاراوەیەک بۆ ھەموو ئەو قەوارە زمانیانە و لە
نەبوونی(غیابی) ئەواندا دیاری بکات و ماتڵێ "لبیک"ی بێ ئەلاوئەولای
ئەوبەری سنوورەکانیش بیت، بە بێ ئەوەی ئەو سنوورانەی ھەڵوەشاندبێتەوە و
دەسەڵاتێکی ڕەوا و دێمۆکراتیکێکی پێدرابێت. تازە لەو حاڵەتەشدا ئیشی
دەسەلات خزمەتی ئەو زمانانەیە، نەک سەپاندنی زمانێک. ھەمو ئەو زمانانە
دەتوانن ستاندارد بن و ئەوەش مافێکی ڕەوای ئەوانە و کەس بۆی نیە بە
مەبەستی نکوولی و خۆسەپاندن پەنجەیان بۆ ڕابکێشێت. لێرەدا ئەگەر باسیک
بێتە گۆڕێ، باسی زمانی پێوەندیە. ئەوەش کاتیک مانای ھەیە کە ھەموو ئەو
قەوارە و زمانە جۆراوجۆرانە لە سەر بنەمای مافی یەکسانی و ڕێزگرتن لە
بەرامبەر ڕیک کەوتبێتن و بیانەوێ بێکەوە بژین. ئەو وەختە ئەگەر زمانێکی
پێوەندی پیویست بوو، ئەوا زمانناسەکان لە فەرھەنگستانیکی
ھاوبەش(کرمانجی، ھەورامی، سۆرانی، کەلھۆڕی، لەکی، لٶری و زازا) لەسەر
بنەماکانی زانستی زمانناسی بڕیار دەدەن کە کام زمان بۆ پێوەندی گۆنجاوە.
و ئەو زمانەش تەنیا دەوری پێوەندی دەبینیت، لەوە زیاتر نە. یانی زمانی
فێر بوون و پەروەردە و ڕاگەیاندن و تابلۆکان و...... بە گشتی زمانی
سەرەکی بۆ نموونە لە ھەورامان زمانی ھەورامی دەبیت. بەڵام واقێعیەت
ئەوەیە کە ئێمە ھەر زۆر دورین لەو بڕیار و تەسەورانە. وەکوو باسم کرد،
تا بنەمایەکی پتەو بۆ پێکەوەژیانێکی ئازادانە لە سەر ئەساسی مافی
یەکسان پێک نەیەت، باسی زمانی پێوەندی ھەر بە فێڕۆدانی کات و وزەیە.
وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەم جۆرە بیرۆکە و ھەڵوێستە ڕەگەزپەرستانە بە
ئاشکرا شۆڤێنیزمی زمانییە و زۆر مەترسیدارە و بە ھیچ شێوازێک و لە ھیچ
شۆڤینیستێک لە ھەر لایەنێکەوە بێت، قبووڵ ناکرێت و ھاوکات لە تەک خەبات
بۆ دادپەروەری و ڕزگاری و دژی داگیرکاری و شۆڤێنیزمی داگیرکەر، خەبات
دژی شۆڤێنیزمی زمانی ناوخۆییش بە ئەرکی سەرەکی شۆڕشگێڕانە و مرۆڤیانەی
خۆمان دەزانین. ئەمانە دەبێ بزانن کە یەکەمین ئاکامی ئەم بیرۆکە چەوتە
و نامرۆڤیانە دژوار کردنی پێکەوەژیانێکی ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانەی
ئەم قەوارە و زمانە جۆراوجۆرانەن کە بە درێژایی مێژوو دراوسێ یەکتری
بوون و ھەن و لە زور شار و گوندیشدا تێکەڵاون. ئەم قەوارە و زمانە
جۆراجۆر و ڕەنگینانە، کە سەرمایەی فەرھەنگین، دەبێ ھەرکامیان ھەموو ئەو
مافانەیان ھەبێ، کە بۆ نموونە سۆران بۆ خۆی بە ڕەوای دەبینی، نە زیاد،
نە کەم. ئەمەش یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و مامەڵەی لە سەر
ناکرێت و پێشێل کردنی ئەم مافە ڕەوایە تاوانە و پێشلکەرانی ئەم مافەش
وەکوو تاوانبار مامەڵەیان لە تەک دەکرێت!!
خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری گشت لایەنە و دژی داگیرکاری و شۆڤێنیزمی
داگیرکەر جیا لە خەبات دژی شۆڤێنیزمی ناوخۆیی نیە.
١٩\٤\٢٠١٩
- ئاڵمان
shahoko22@yahoo.de
|