٦\١\٢٠١٢
دیسێمبهر
لە خەیاڵى سەمایەکدا...*

ناڵە
عەبدولڕەحمان
بە شەهیدبوونى شەرناخ، پێشکەشە.
لە پشت مەنگترین
وشەدا
لە هاوکێشەى تەمتومانى عەشقى مردوودا
لە بن سەرسەختترین پرسیارى سەرلێشێواودا
لە ناو پێچ و پنجى دەیەها دێرى زۆر زۆر ورددا
هەستە ئەبەنووسییهکەت دەناسمەوە یارۆ،
یوسفى سەرسەختى من، یارۆ....
وەکى یەعقوب
بۆنى هاتنت بەم دەوارەدا دەکەم...
لەبەر بارانى دیسێمبهردا
دەست بە سەمایەکى نەرگسیى دەکەم
بە دەورى هاتنى تۆدا یارۆ
تا تەڕ تەڕ دەبم لە هاتنت
بیر دەکەمەوە:
((دەبێ هاتنت چەند جوان بێ...؟))
دواى ئەوەى من سەرم وەکى بەفر سپى دەبێ و
دڵى تۆش وەکى کەتان نەرم نەرم...
دەسووتێى لۆ دیتنم؟!
لێ یارۆ هێشتێ ئەز نەشێم چ بڵیم...!!
* * *
دەبێ بێدەنگ لە پرسیارەکانت رابمێنم
بێدەنگ هەندەى چرکەچرکى سەعاتێکیش دەنگم نەیەت
بێدەنگ...،
بە قەد پەڕینەوە لە سەدەیەک برووسکەم نەیەت
هەندەى کەبابى برژاوى رێستورانتێکى هەولێرێش
دووکەڵى سووتانم نەیەت
بێدەنگ وەکى بێدەنگى زەمەن لە مەغدوریەتى دڵى ژن
بێدەنگ وەکى کوشتنى رۆحى (زەردەشت) و
لەخاچدانى دڵى (شەرناخ)
دەنگم نەیەت...
* * *
وەگەر نەێیت
دیسێمبهر لە خەیاڵی سەمایەکدا رادەکێشم و
بۆنى ئەشیشى هەناسەت
لە زاکیرەى دەمارەکانمدا
بۆ تاتایێ
هەڵدەوەرێنم...
وەگەر نەیەت
ئەوەندەى (بنکڕى) تەمەن ماوە،
مەغریبانێ،
بەر لە داگیرساندنى بخوردى پەرستگاى ئانوشکا
وەکى شەمشەمەکوێرە لە عەبایەکى رەشدا
ئیدى لە دەورى تێمپڵێکى بێ رۆحدا
مۆمەکان دەکوژێنمەوە...
___________________
*
بەشێک لە قەسیدەکە.
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|