٣٠\١٢\٢٠٢١
دوا دەنگوباسی
چالاکییە سینەماییەکان لە لایەن ''مەنسوور جیهانی''یەوە.
مەنسوور جیهانی
توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای ھەورێشم"ی
چینی بەدەستھێنا.
"توورەج ئەسڵانی" بە فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان"
سێیەمین بەرھەمی بڵندی سینەمایی خۆی، خەڵاتی "دەرھێنەری نوێخواز" و
تەندیسی "ڕێگای ھەورێشمی زێڕین"ی لە ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای ھەورێشم" لە وڵاتی چین بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان" Landless لە نووسین، دەرھێنان و
بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرھەمی کۆمپانیای
سینەمایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و ھەروەھا بەرھەمی ھاوبەشی "ڕەز
ھەڵکەوت ڕەشید" لە ھەرێمی کوردستان، لە نوێترین و سێیەمین بەشداریی
نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای ھەورێشم" Silk Road لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین
نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە
سینەماییەوە خەڵاتی "دەرھێنەری نوێخواز" و ھەروەھا تەندیسی "ڕێگای
ھەورێشمی زێڕین" بە "توورج ئەسڵانی" دەرھێنەری ئەم بەرھەمە کوردییە
بەخشرا.
"توورج ئەسڵانی" لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی ھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای ھەورێشم"ی چین گوتی: "سڵاو و
سپاس بۆ ئەندامانی بەڕێزی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"ڕێگای ھەورێشم"ی وڵاتی چین، بۆ گرینگیدان بە فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان".
ناونیشانی ئەم خەڵاتە (دەرھێنەری نوێخواز)؛ وەبیرھێنانەوەی جێگەی
باوەڕیی ھونەر لە سینەمادایە و ھەروەھا بۆ من، ئەنگێزەیە بۆ
درێژەپێدانی تێڕوانینی دژەباوم دەبێت."
"بێنیشتمان" لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الھە پارسی" (ئێلی ئیمەیج)
Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاھە نەوبەخت" لە ئاستی جیھاندا
بڵاودەکرێتەوە.
ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێگای ھەورێشم"، بە
سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی "ھوانگ جیانشین" Huang Jianxin دەرھێنەری
ناوداری چینی و بە نمایشی زیاتر لە ١٠٠ بەرھەم لە سینەماکارانی وڵاتانی
جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی
"پانۆڕاما"، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی"، بەشی "بازاڕەکانی فیلم" و ... لە
ڕۆژانی ٨ تا ١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢١ شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.
لە "بێنیشتمان"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا،
سووریا، عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی
و فارسی لەگەڵ "ھانی موجتەھیدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان
بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاھیت شاھین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش
شەھباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە،
ڕەوانشاد ھەکار عەبدوالقادر محەمەد، تەھا عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ
ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، ھەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.sriff.cn/EN/infoview.php?infoid=3176
بەڕێوەبەرایەتیی
راگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێنیشتمان"
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
"ئەزموون" خەڵاتی
UNFPA لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاھیرە"ی
بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرھێنانی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی "سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە
یەکگرتووەکان" UNFPA لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"قاھیرە" لە وڵاتی میسری بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرھەمی
ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین
بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای نێودەوڵەتی" لە
چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاھیرە" Cairo لە وڵاتی
میسر، بە ناونیشانی کۆنترین وڵاتی عەڕەبی بۆ پیشەی سینەما و گرینگترین
فێستیڤاڵی ئەفریقیا و جیھانی عەڕەب، نمایشکرا و لە لایەن ھۆگرانی
ئامادەبوو لەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیھان و ڕخنەگران و
نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی "سندووقی
جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" UNFPA لەم خولەی فێستیڤاڵ
بەدەستبێنێت.
خەڵاتی "سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" UNFPA، بە
ھۆی ڕۆڵی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە "پەرەپێدانی وتووێژ سەبارەت بە
مەسەلەکانی جەماوەری" لە لایەن "ژێرماین حەداد" Germaine Haddad جێگری
نوێنەری سندووقی ج جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میسر و "ئەمان
عەبدوالجەلیل" Eman Abdel Gelil بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەری ئەم
بەرھەمە سینەماییە لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.
خەڵاتی UNFPA بە لەبەرچاوگرتنی ھاوکاریی نزیکی سندووقی جەماوەری
ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ "بایێری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست"
Bayer Middle East و بایخە ھاوبەشەکان و پشتیوانی ئەوان لە بەرنامەکانی
جەماوەری لە میسر و ھەروەھا ھاندانی فیلمسازان و کارناسانی پیشەی
سینەما بۆ کارکردن لەسەر مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان و بەرجەستەکردنی
کاریگەری ھونەر و سینەما لە پێناو پەرەپێدانی ھەڵکشانی جەماوەری،
ڕێکخستنی بنەماڵەیی، تواناسازی گەنجان و یەکسانی ڕەگەزایەتی پێشکەش
دەکرێت.
"ئەزموون" بەرھەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی
فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی
ھەرێمی کوردستان بەرھەمھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای "ئاڕت ھوود"
ArtHood لە جیھاندا بڵاودەبێتەوە.
چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاھیرە" بە سەرۆکایەتی
"محەمەد حێفزی" Mohamed Hefzy و بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی "ئەمیر
کۆستۆریتسا" Emir Kusturica دەرھێنەری ناوداری سینەمای جێھان؛ بە
ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە نمایشی
زیاتر لە ١٠٠ بەرھەم لە دەرھێنەرانی وڵاتانی جیھان لە بەشە
جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی
نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆکانی سینەمای عەڕەب"، بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای
نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی
ڕخنەگران"، بەشی "نمایشەکانی نیوە شەو"، بەشی "نمایشە تایبەتەکان"،
بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "ھەڵبژاردە فەرمییەکان"، بەشی "تەرکیز لەسەر
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕووسیا"، بەشی کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی
"پیشەی سینەمایی قاھیرە"، بەشی "ھەڵسەنگاندنی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست"، بەشی "ڤۆرکشۆپی فێرکاریی"، بەشی کۆڕ و کۆبوونەوەی
پسپۆڕانەی "ڕۆژی گەنجانی پیشەی سینەمای میسر" و ... لە ڕۆژانی ٢٦ی
نۆڤەمبەر تا ٥ی دیسەمبەری ٢٠٢١ لە ماڵی ئۆپێڕا لە شاری قاھیرە لە وڵاتی
میسر بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
https://exground.com/en/tagestipps-fr-19-11
/
https://www.goldenhorse.org.tw/film/programme/films/detail/3143?search_year=2021
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86
-106319785023346/
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "ئەزموون"
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
توورەج ئەسڵانی
خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی بالیوودی ٢٠٢١ی بەدەستهێنا.
"توورەج
ئەسڵانی" بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "مالی خوولیا" خەڵاتی
باشترین وێنەگریی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بالیوود"ی
٢٠٢١ لە وڵاتی هیندستانی بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی "مالی خوولیا" Melancholia لە دەرهێنان و بەرهەمێهنانی
"موڕتەزا ئاتەش زەمزەم"، لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد "حەسەن ئەسڵانی"
و لە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی سینەماکاری ناوداری کورد "توورج ئەسڵانی"
لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بالیوود" Bollywood لە وڵاتی هیندستان
چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن و
لەوحەی ڕێزلێنانی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بە "توورج ئەسڵانی"
سینەماکاری داهێنەر و نوێخوازیی کورد بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"بالیوود" بریتی بوون لە: "ئاشوک ڕێنە" Ashok Rane دەرهێنەر و ڕخنەگری
سینەما لە وڵاتی هیندستان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، دکتۆر "ئاشوک
میشرا" Ashok Mishra سیناریۆنووس و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هیندستان،
"ئامیت ڕای" Amit Rai دەرهێنەر لە وڵاتی هیندستان، "تۆقیر ئەحمەد"
Tauquir Ahmed ئەکتەر و دەرهێنەر لە وڵاتی بەنگڵادیش و خاتوو "ماریان
بۆرگۆ" Marianne Borgo ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا.
دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بالیوود" لە بەشە
جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و بە هەڵسەنگاندنی بەرهەمە
سینەماییەکان، بەڵگەفیلم، کورتە فیلم، سیناریۆ، موزیک ڤیدیۆ، فیلمە
هیندییەکان و ... لە سینەماکارانی وڵاتانی جیهان لە ڕۆژانی ١٢ تا ١٤ی
دیسەمبەری لە شاری بەمبەئی لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری پتر:
www.bollywoodinternationalfilmfest.com
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
چاوخشاندێک بە براوەکانی ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دھۆک".
براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای
جیھان" و بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" دیاریکران.
ڕێوڕەسمی کۆتایی ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"
Duhok بە یادی سینەماکاری ھەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" Yılmaz Güney
دەرھێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی "چڵە خورمای" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (١٩٨٢) و بە ئامادەبوونی دکتۆر "عەلی تەتەر"
پارێزگاری دھۆک، "ئەمیر عەلی محەمەد تاھیر" سەرۆکی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"، "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەری ھونەری ئەم
فێستیڤاڵە، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"
و بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، سینەماکارانی بەشداربوو لەم ڕووداوە
سینەماییە و ھۆگرانی ھونەری سینەما لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دھۆک لە
شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان
ڕاگەیێندران و خەڵاتی زێڕینی "گەلای مێو" و خەڵاتی نوقەرەیی "گەلای
مێو"ی ئەم فێستیڤاڵە، لەوحەی فەخری و ھەروەھا خەڵاتی نەقدیی بەسەریاندا
دابەشکرا.
بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان":
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"ی ھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کە بریتی بوون لە: "سەدیق
بەرمەک" Siddiq Barmak دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ئەفغانستان (سەرۆکی
لێژنەی دادوەران)، "فەیاز دۆمان" Feyyaz Duman ئەکتەر لە تورکیا، "حەسەن
عەلی" Heseen Ali دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان، "ھێڤین ئیل ـ سیندی"
Havin Al-Sindy بەڕێوەبەری ھونەری لە وڵاتی ئەڵمانیا و "موھەنەد حەیال"
Mohanad Hayal دەرھێنەر لە عێراق، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی "یەڵماز گۆنای" Yılmaz Güney بە فیلمی سینەمایی "ژیان" Jiyan
لە دەرھێنانی "سوھەیلا شۆنک" Süheyla Schwenk لە وڵاتی ئەڵمانیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە فیلمی سینەمایی "نامۆ" The
Alien لە دەرھێنانی "نادر ساعی وەر" لە ئێران پێشکەش کرا.
بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی":
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" ئەم
فێستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: "حوسێن تەباک" Hüseyin Tabak سیناریۆنووس
و دەرھێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا (سەرۆکی لێژنەی دادوەران)، "دیرک شێفێر"
Dirk Schafer دەرھێنەر و مونتێر لە وڵاتی ئەڵمانیا، "ئێلیس وان مارکە"
Elise Van Marcke بڵاوکەرەوە و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ڕۆمانی، "ساڵم
سەڵەواتی" دەرھێنەر لە ئێران و خاتوو "زوبێدە بۆلۆت" Zübeyde Bulut
ئەکتەر لە تورکیا، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنان بە "ئەرسەلان ئەمیری" بۆ دەرھێنانی فیلمی
سینەمایی "زاڵاوا" Zalava لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە "نەوید پوورفەرەج" بۆ ڕۆڵ بینین لە
فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لە ئێران پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت بە خاتوو "مریەم بووبانی" بۆ ڕۆڵ
بینین لە فیلمی سینەمایی "زەماوەندی عەلی و زەین" The Dance of Ali and
Zin لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین فیلم بە فیلمی سینەمایی "سەدیق و پڵینگ" Sidik and
the Panther لە دەرھێنانی "رۆبێر دۆسکی" Reber Dosky لە وڵاتی ھۆڵەندا
پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە فیلمی سینەمایی "پارێزەریی برا" Brothers
Keeper لە نووسینی ھاوبەشی "گوڵستان ئاکێت" Gülistan Acet و "فەرید
کاراھان" Ferit Karahan لە تورکیا بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانیش بە "ھەڵۆ ڕامشتی" Hello Ramshtî
ئەکتەری فیلمی سینەمایی "نیشتمانی پیس" Dirty Land لە ھەرێمی کوردستان
پێشکەش کرا.
بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم":
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" ھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کە بریتی بوون لە: "کامیلا
لارسۆن" Camilla Larsson بەڕێوەبەریی سندووقی نوێی نێودەوڵەتی
فێستیڤاڵی فیلمی "یۆتۆبۆری" Goteborg لە وڵاتی سوید (سەرۆکی لێژنەی
دادوەران)، "ئاپۆ بازیدی" Apo Bazidi دەرھێنەر لە تورکیا و خاتوو "زەھرا
غەندۆر" Zahraa Ghandour ئەکتەر لە عێراق، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە
ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی بە کورتە فیلمی "حەوت سەمفۆنیای زاگڕۆس"
Seven Symphonies of Zagros لە دەرھێنانی "پەرویز ڕۆستەمی" لە ئێران
بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی بە کورتە فیلمی "ڕیکۆردی گەورەی
ئیستانبوول" The Great Istanbul Depression لە دەرھێنانی "زێنەب دیلان
سۆرێن" Zeynep Dilan Süren لە تورکیا پێشکەش کرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانیش بە کورتە فیلمی "بێدەنگ"
Silence لە دەرھێنانی "بڕوا وەھاپور" لە ئێران بەخشرا.
بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم":
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم"ی ئەم خولەی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کە بریتی بوون لە: "تەلال دێرکی"
Talal Derki دەرھێنەر لە ڕۆژئاوا، خاتوو "باوی یاسین" Bavi Yasin
دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی بەلژیکا و "شەماڵ سەبری" Shamal Sabri
بەرھەمھێنەری سەربەخۆ و بەرپرسی نووسینگەی ئەنستیتۆی ئەڵمانی "گۆتە" لە
ھەرێمی کوردستان، دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردیی بە فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز"
Holy Bread لە دەرھێنانی ڕەوانشاد "رەحیم زەبیحی" و لە بەرھەمھێنانی "توورەج
ئەسڵانی" لە ئێران بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی بە فیلمی دیکۆمێنتی "ئەو بەریی
ڕووبار" The Other Side of the River لە دەرھێنانی "ئانتۆنیا کیلیان"
Antonia Kilian بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و فینلەندا پێشکەش
کرا.
خەڵاتی فیپێڕشی:
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم "فیپێڕشی"
FIPRESCI ئەم فێستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: دکتۆر "ییلماز ئۆزدیل"
Yılmaz Özdil ڕخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە تورکیا، "ھینک
بوڤێکێرک" Henk Bovekerk ڕۆژنامەنووسی سینەمایی لە وڵاتی ھۆڵەندا و "ئیکسێل
تیمۆ پۆٌڕ" Exel Timo Purr سەرنووسەر لە وڵاتی ئەفریقای باشوور؛ خەڵاتی
فیپێڕشیان بە فیلمی سینەمایی "زەماوەندی عەلی و زەین" The Dance of Ali
and Zin لە دەرھێنانی "محەمەد عەلی کۆنار" Mehmet Ali Konar لە تورکیا
پێشکەش کرد.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" ئەندامی باوەڕپێکراوی ڕێوڕەسمی
پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی ئسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری
ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرھەمە
سینەمایی و بەڵگەفیلمەکان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیر عەلی محەمەد
تاھیر" و بە دەرھێنانی ھونەری "شەوکەت ئەمین کورکی" بە یادی سینەماکاری
ھەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" Yılmaz Güney دەرھێنەری براوەی خەڵاتی
گەورەی "چڵە خورمای" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (١٩٨٢)
و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرھێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی
سەرتاسەری جیھان و ھەروەھا ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان
نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.
ھەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، بە نمایشی ٩٤ بەرھەم، لە چوارچێوەی فیلمە
بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی
پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"،
واتە: ٩ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٥ بەڵگەفیلم و ٩ کورتە فیلم، بەشی
پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، واتە: ٦ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٦ بەڵگەفیلم
و ١٢ کورتە فیلم، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیھان"، واتە: ٨ فیلمی
بڵندی سینەمایی، ٤ بەڵگەفیلم و ٧ کورتە فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای
کوردی"، واتە: ١٧ کورتە فیلم، بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای
ئەفغانستان" ٨ فیلمی بڵندی سینەمایی و ھەروەھا بەشی "نمایشی تایبەت بە
سینەمای کوردستان" ٤ فیلمی بڵندی سینەمایی لە شاری دھۆک لە ھەرێمی
کوردستان بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی
پتر:
http://www.duhokiff.com
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
"ئەزموون"
لە فێستیڤاڵەکانی فیلمی "ئێکسگڕۆند"ی ئەڵمانیا و "ئەسپی زێڕین"ی تایپە.
فیلمی
سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە سی و
چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئێکسگڕۆند"ی ئەڵمانیا و
پەنجاوهەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئەسپی زێڕین"ی تایوان
نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی
هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین
بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "ئێکسگڕۆند" Exground لە هۆڵی سینەمایی "ماڕنۆئا" Murnau لە شاری
ویسبادێن لە وڵاتی ئەڵمانیا و هەروەها لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی "پانۆڕاما"
لە پەنجاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئەسپی زێڕین"
Golden Horse لە شاری تایپە لە وڵاتی تایوان نمایشکرا.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئێکسگڕۆند" کە یەکێک لە گرینگترین
فێستیڤاڵەکانی فیلمە سەربەخۆکانی دنیا دێتە ئەژمار؛ سی و چوارەمین خولی
بە نمایشی 120 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جیهان لە بەشە
جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "نمایشی فیلمە
سەربەخۆکانی ئەمەریکا"، بەشی چاوخشاندنێک بە سینەمای بەرچاویی ئەورووپا"،
بەشی "هەڵبژاردەیەک لە کورتە فیلمە گرینگە چیرۆکییە نێودەوڵەتییەکان"،
بەشی "فیلمە بەرچاوەکانی فێستیڤاڵە جیهانییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە
خوێندکارییەکان"، بەشی "ئێکستڕا" Extra، بەشی "موزیکی فیلمەکان"، بەشی
"بەرهەمە ڤیدیۆییەکان"، بەشی "کارگەی فێرکاریی" و هەروەها بەشی "سیمینار
پسپۆڕە سینەماییەکان" بە دوو شێوەی ئامادەبوون و ئۆنلاین لە شاری
ویسبادێن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
هەروەها پەنجاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئەسپی زێڕین"
Golden Horse لە بەشە جۆراوجۆرەکان لەوانە: پێشبڕکێی "خەڵاتی ئەسپی
زێڕین"، بەشی "پانۆڕاما"، بەشی "شەپۆلی نوێ"، بەشی "دەلاقەیەک لە ئاسیا"،
بەشی "پڕۆمۆشێن پڕۆژە"، بەشی "ئاکادیمیای فیلم" و ... لە شاری تایپە لە
وڵاتی تایوان بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵی "ئەسپی زێڕین" تایپە کە بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی
فیلمی تایوانی و ناساندنی فیلمە گرینگەکانی ئەم وڵاتە و فیلمسازانی
بەرچاو لە ساڵی 1962 دامەزراوە، گەورەترین ڕووداوی سینەمایی لەم وڵاتە
دێتەئەژمار کە بەبێ بوونی بەشی پێشبڕکێی بۆ سینەماکارانی بیانی و بە
مەبەستی ناساندنی فیلمە بەرچاوەکان لە سەرتاسەری جیهان، ناساندنی
سینەما بە ناونیشانی فۆڕمێک لە هونەر و هەروەها بردنەسەرێی ئاستی بیر و
ئەندێشەی نێوان کەلتووری لە نێوان نەتەوەکانی جیهاندا لە ڕێگای سینەما
لە ٦٠ ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە.
خەڵاتی ساڵانەی "ئەسپی زێڕین"ی تایوان، گرینگترین خەڵاتی سینەمایی بۆ
فیلمە چینییەکان دێتەئەژمار و بە "ئۆسکاری فیلمە چینییەکان" ناسراوە،
ئەم خەڵاتە لە نێوان سینەماکارە گەورە چنییەکاندا پێگەیەکی تایبەتی
هەیە.
"ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی
فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود"
ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
بۆ زانیاریی پتر:
https://exground.com/en/tagestipps-fr-19-11
/
https://www.goldenhorse.org.tw/film/programme/films/detail/3143?search_year=2021
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86
-106319785023346/
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "ئەزموون"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|