١٥\٧\٢٠١٠
دواهەمین نەفەر
،
(تاکسی)

تەیب قادر
تاکسی خەفەت لێ
دەخوڕم و
لە کۆڵانەکانی تەنهایی بە دوای سێبەرێک دەگەڕێم
ئازارێک دەستم لێ ڕادەگرێ
دەڵێ : هەتا شەقامی شادومانیم ببە
زوکە لەم جەهەنەمەم دوورخەوە
لەم هیلاکییەم ببە درەوە
تا دەرەوەی شاری تەنهایی
تا دەرەوەی شاری پەنجەی تاریکی
تا دەرەوەی شاری ماتۆڕسوارەکانی بێکەسی
تا دەرەوەی سەبەتەی دڵتوندی
چەندت دەوێ ؟
سۆراحییەک خۆشی بەسە ؟
کەسێکی تر دەست ڕادەگرێ
زوکە لە سێبەری پرچی ژنەکەم دوورمخەوە
لە ئازاری پیاسەی دانیشتنی
لە تەپوو تۆزی تێنەگەیشتنی
لە چوونی بۆ جوانخانەی بێ وەفایی
دوورمخەوە
تا دەکرێ دوور
کەسێکی تر دەست لە دڵم ڕادەگرێ
دەڵێ : بمبە بۆ شوێنێک لە گریان نزیک بێ
بەرگەی ئەو هەموو وەفاییەی ژنەکەم ناگرم
شوێنێنێک نزیک لە داڕژانی فرمێسک
نزیک لە بیرکرنەوەیەک بۆ هەڵاتن
ئاخر جێگایەکم نەماوە خۆشی تێبکەم
ها پێنج ساڵ خۆشیم لێ وەرگرە
دەقەیەک خەفەتم بدەرێ
رۆحێکی تر لە دەستم قیت دەبێتەوەو
دەڵێ : ڕاگرە هەتا بازاڕی رۆح فرۆشانم ببە
نیوەی رۆحم دەفرۆشم بە کیلۆیەک شوێنی دەدەم ، بۆ پشوویی منداڵەکانم
دەڵێم : پێنازانم
دەڵێ : بە تەنیشت سێبەری تاریکییەوە وەیە
نزیک سەفەری مردن
لەوێیە ، بێکەسەکان خۆیان بە سێبەرێک دەفرۆشن
دواهەمین نەفەر
دەست لە دەستم ڕادەگرێ
دیقەتی دەدەمێ خۆمم
دەڵێ : هەتا ماڵەوەم ببەوە
لە وون بوونی خۆمدا گیر بوویمە.
30\5\2010
- هەولێر
taibeqadir@gmail.com
|