په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠٢٦

    دواهەمین وێسگەی گەشت .


دڵکەش قادر

بە نامەنێری گشت شەمەندەفەرەکانی تەمەن بڵێ:
ئەمڕۆ نەوەستن لە چاوەڕوانیی هیچ ڕێبوارێکدا
با بێن کۆتایی هێڵەکان و
نەپێچێتەوە گەشت جانتای هیچ دڵێک
بێئومێدیی پێنووسی ماڵئاوایی خەمخۆرێکی دەگرێتە دەست
ماندووی کۆڵانە پێچاوپێچەکانی ئەڤین
رێزی چاوەکزەکانی دایک
بێدەنگ دەڕێژێ ڕووباڕێک فرمێسک
کڕەکڕی کڕنۆشی نامۆیی
دەهاڕێ ئێسکوپرووسکی
لە دووریی منداڵ
بڵێ بە گەڕەک هێشتا زووە بۆ کۆچ
هێشتا تێر پێناسەی تەمەن نەکراوە
ئەم نۆبەرەی ئازارە
مەزاری دڵتەنگیی خۆی بووەتە ژوان
دانەنیشتوە تێر بە دڵ لە ژێر سێبەری دارتووەکانی سابوونکەران؛
نە بە بیانووی ماندوێتی ڕێگا،
لەسەر سەکۆی بەر دەرگای ماڵە کۆنەکان،
نەیخواردۆتەوە قومێک تاسەی ئاو لە دەستی نازداری کوڕە شەرمنەکانی شار
نەیشوشتۆتەوە بارانی پایز ڕوومەتی
سپاردوویەتی تەنیایی خۆی بە سترانێکی حەسەن زیرەک
لە ژێر کڵاوڕۆژنەی خانووە گڵەکانی بێدەنگیی.

 

سلێمانی

ماڵپه‌ڕی دڵکەش قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک