|
٧\٦\٢٠٢٦
دوا هەناسەکانی پایز
.

ئیلهام مورادی
شەقامێ نەماوە
قانگ نەدرابێ بە بۆنی جگەرە
دووبارە دەکرێتەوە وەک زخمێکی کۆن
هەموو ڕۆژێ
گوڵێکمان نەماوە بۆنی باروود نەیپڕژاندبێ بەسەری
گەشەیانکردوە گوڵەکانمان لە باخچەی ئازار
دەلەرزن بە دەنگی تەقەمەنیی چڵەکان
نەماوە بارانێ نەیباراندبێ بەسەر دڵتەنگییەکانمان
دەنووسێتەوە هەر دڵۆپە چیڕۆکێک
گریانمان شکست
هەوری کام ئاسمان نەبێ ئاشنای ئازارمان
بەدوامان دەکەون هەوری ڕەش
لێکمان جیاناکاتەوە تەنیایی
بە باڵامان هەڵەچێ
باڵندەیەکی ڕەشی قاوغە
لەسەر شانمان
نافڕێ
وەکو سێبەرێ لە تاریکیمان
بێدەنگ، مردوو
داگیریدەکا هەموو گۆشەیەکی ژیانمان
دوا هەناسەکانی پاییز.
بە خێرایی دادەمرکێتەوە مۆسیقای پەژارە
بۆ شارێکی لەناوچوو سەمفۆنیایەکی زریانە
نغرۆمان دەکا لە تاراوگە
نغرۆیەکی بێدەنگ لە دڵی شەوان
لە ناو زمانێکدا کە تێیماندانابێ
لە خۆی گوشیون خۆشییەکانم ئەم شارە
کلیلەکەی لەدەستداوە وەک خەزێنەیەک لە ژێرخانێکی داخراودا
لە فنجانی فاڵی ئەم وەرزە
ڕێیەکان دەبڕن بێ وچان پیاوێک و پێڵاوێ
نەیانزانی بۆ کوێ دەڕۆن وەک ڕەوانبێژانێک
دوور دوور دەردەکەون بەدەگمەن
وندەبێ هەنگاوەکانیان لەسەر بەفر
وەکو یادەوەرییەکانمان
سەرماوز تا بەفرانبار
بۆ شوێنێکی نادیار ڕێیەکی درێژ
لە سەرما بەرەو سەرمایەکی قووڵتر
ئەندێشەیەکی ڕووتە
وەکو دارێک لە زستان
کە چیتر بەهاری چاوەڕێناکا.
سنە
ماڵپهڕی ئیلهام
مورادی
|