٣٠\٨\٢٠١٠
دوالیزمى
رەهاگەرایى... دوالیزمى ڕێژەگەرایى.

حهسهن جودی
بەرلەوەى مرۆڤ بە پرۆسەى کۆمەڵگابووندا تێبپەڕێ روانین و پێناسەکانى بۆ
بوونەوەر و شتەکانى دەوروبەرى نەگەیاندبووە ئاستى ئەبستمۆلۆژیدا، بەڵکو
لەمیانەى پێکداخشان و کارلێک و کار و کاردانەوە لەگەڵیاندا لە نێو
گەنەکانیدا تۆماربووە. بەڵام دواتر کە پرۆسەى کۆمەڵگابوون و لەگەڵیشیدا
پرۆسەى کەویبوون و ماڵیبوون پێشدەکەوێ، ئیدى لەلاى مرۆڤ روانین و
پێناسەکانى بۆخۆی و بوونەوەر و شتەکانى دەوروبەرى دەگاتە ئاستى "ئەبستەم-
مەعریفە". بۆ نموونە؛ گیانلەبەرەکانى بۆ گیانلەبەرى کێوى و گیانلەبەرى
کەوى و ماڵى، رووەک و گژو گیاکان بۆ شیاوى خواردن و شیاوى نەخواردن
دابەشکرد. سەبارەت بەخودی خۆیشی پێکهاتەیەکى دوالیزمانەى "کێویبوون و
کەویبوون"ى بەخۆی دا و خۆی وهها پێناسهکرد. دەکرێ بڵێین؛ مەعریفەى
دوالیزمیانە سەرەتاییترین مەعریفەى مرۆڤە. لەم روانگەیەوە؛ پێناس و
روانین و رامانەکانى داتاشی و پۆلێنی کرد. بەڵام وا دیاردەبێت سەرەتا
مەعریفەى دوالیزمى، کە مەعریفەیەکى جیاکاری و هەڵاوێردکردنە،
مەعریفەیەکى رەهاگەرایی بووە، نەک رێژەگەرایی. بۆیە دەتوانین بڵێین؛
تایبەتمەندێتى "رەهاگەرایی+ دوالیزمیانە"ى مەعریفەى سەرەتایی، مرۆڤى
پەلکێشى مەعریفەیەکى دۆگمایانە کرد. مەعریفەى دۆگمایی مەعریفەیەکە
هەموو بوونەوەرەکانى گەردوون و تەنانەت خودى مرۆڤ و پێکهاتە
سەرەتاییەکانى کۆمەڵگاى بۆ دوو بەشی ناکۆک و دژ بەیەک پۆڵێن دەکات.
لێرەوە چەمکى رەهاگەرایی؛ باش و خراپ، جوان و ناشیرین، حەڵاڵ و حەرام
و...هتد لە هزراندن و رامانى مرۆڤ دەچەسپێ. شێوە هزراندنە
سەرەتاییەکانى مرۆڤ وەک"شامانیزم – میتۆلۆژیا - غەیبانیەت" لەو شێوە
هزراندنە دۆگماییانەن کە مرۆڤ سیستەمى مەعریفی خۆی لێ پێکهێناوە.
بێگومان لەگەڵ پێشکەوتنى فەلسەفە و دواتریش زانست هێدى هێدى
مەعریفەیەکى رێژەیی پێشدەکەوێ، کە لەگەڵ خۆیدا چەمکى دوالیزمى
رەهاگەرایی لاواز و بێ بنەما دەمێنێت و چەمکى دوالیزمى رێژەگەرایی گەشە
دەکات. ئیدی مەعریفەى رەهاگەرایی دۆگمایی رووبەرووى مەعریفەى
رێژەگەرایی زانستى دەبێتەوە.
لە بنەڕەتدا ئەقڵیەت و چەمکى دوالیزمى - بە شێوە رەهایی و رێژەییەکەوە
- لەسەر بنچینەى لۆژیکى"پێهەڵگیرى - انگلاق" و "کۆتگیرى - تقید"
بونیادنراوە. ئیدى ئیشکالیەتى پێهەڵگرتنەکان"انگلاقات"و
کۆتگیرییەکان"تقیدات"رەهادار دەکرێن یاخود کۆتگیر، ئەمە کێشە قووڵەکانى
نێو شێوە هزراندنەکان"شامانیزم- میتۆلۆژیا- تیۆلۆژیا- فەلسەفە-
زانست"پێکدێنن. هەموو ئەو دوالیزمانەى لە ئەبستمۆلۆژیادا بە درێژایی
مێژووى هزرى مرۆڤایەتى پۆلێن کراون لە چوارچێوەى"لۆژیکى پێهەڵگیرى-
کۆتگیری"بونیادنراوە. تا رادەیەکى زۆریش ئاراستەى پێشکەوتن و
گۆڕانکارییەکان بەو لۆژیکە پێوراون. بەڵام ئەوەى جێی سەرنج و تێڕامانە
ئەوەیە؛ فاکتەرى "زەمەن- شوێن- رووداو"رۆڵێکى گرنگى هەبووە لەوەى چ
بە"پێهەڵگیری"ناوزەد بکرێ و چیش بە کۆتگیرى لە قەڵەم بدرێت. ئەوەى
دوێنێ پێهەڵگیری بووە ئەمڕۆ یاخود بەیانى دەکرێت ببێتە کۆتگیری.
هەروەها ئەوەى لێرە کۆتگیرە لە شوێنێکى دیکە پێهەڵگیر بووە، رووداوێک
لە کات و شوێنێکى دیاریکراودا پێهەڵگرتنە، بەڵام لە هەمان کات و شوێندا
رووداوێکى دیکە کۆتگیرییە...هتد. ئیدی فاکتەرى"زەمەن- شوێن-
رووداو"رۆڵێکى گرنگى هەبووە لەوەى شوێنگۆڕکێى نێوان پێهەڵگیرییەکان و
کۆتگیرییەکان بێتەدى و لە بۆتە رەهاگەرییەکەى خۆی دەربکەوێ و بۆتەیەکى
رێژەگەرایی وەربگرێت. ئەمەش واى کردووە ئەبستمۆلۆژیا تا رادەیەک لە
دوالیزمى رەهاگەرایی رزگارى ببێت و ئاراستەیەکى رێژەگەرایی وەربگرێت.
ماڵپهڕی حهسهن جودی
|