١٨\١١\٢٠١٣
دوا نیگای
ماڵئاوایی.

هەورامان عەلی
١٣ ساڵ لەمەوبەر، لە ١٣\١١\٢٠٠٠
دا بۆ دواجار لەسەر پردەکەی زاخۆ - سلۆپی ئاوڕێکم دایەوە و هەناسەی
ماڵئاواییم هەلکێشا، من لە ژیانمدا نەمویستوە ئەوێ جێبهێلم، سەردەمی
بەعس قاچاخ بووم، مالی خۆمان دەسبەسەر بوون، جگە لە موحسینی برام دوو
کوری پووریشم لەسەر من گیرابوون، پێش ئەوە ی بێن بۆم و لەدەستیان
هەلبێم، خۆم لە لیوای ٦٠٣ی فرقەی ٢٤ بووم لە قەندیل، لە قرناقە و پشت
ئاشان سەربازی ٧٣٧ بووم، دەمتوانی برۆم بەو دیودا، بۆ ئێران، نەڕۆشتم.
ئەو سەردەمە گەنج بوم و پێم وابوو ئەوە ترسنۆکیی و خیانەتە! مرۆڤ دەبێ
راسگۆ بێ لەگەڵ بیروراکانی خۆیدا، ئەرکی ئێمەیە ئەو واقعە تال و تاریکە
بگۆرین! رۆژ هات و چوو، گیرام و لە باستیلە سوورەکەی سلێمانی توند
کرام، بریاری گوللەبارانکردنم لە لایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە واژۆ کرا و
بریار بوو ٢١\٣ لەگەل کۆمەلێ هاورێمدا لە نێو
سلێمانیدا، بۆ چاوترسێنکردنی خەلکی لەسەر شەقامەکان گوللەباران بکرێن!
کەمتر لە دوو هەفتە پێش وادەی گوللەبارانەکە، راپەرین بەرپا بوو و
ئەمنە سوورەکە گیرا و بە رێکەوت لە لێواری مەرگدا گەڕاینەوە!
بە درێژایی سالانی دوای راپەرین، سەرەڕای هەژاریی و سەرکوت و گەمارۆیی
ئابووریی، لە نێو رێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکاندا درێژەم بە
خەباتدا، ٣١ی ئاب روویدا و بە ناچاریی لە ئۆردوگایی سەیرانبەن
گیرسامەوە! دوای چەند مانگێک دیسان هاتمەوە سلێمانی و درێژەم بە خەبات
و هەلسوڕانی خۆمدا، هاوسەرگیرییم ئەنجام دا و بووم بە باوک.
کە یەکێتی بە رابەری ئەوانەی بریارە ئەمرۆ بۆمان بگۆرن! لەسەر داوای
ئێران بریاریاندا "سلێمانی لە کۆمۆنیستەکان پاکبکەنەوە!" منیش لە
دووریانێکدا گیرمکرد کە رێگەی سێیەم نەبوو، یان دەبوو لە سلێماندا سەرم
کزکەم و مل بەو ملهوریە ئاشکرایە بدەم "کە ئەم جۆرە ژیانە لەگەل سروشتی
یاخی مندا نەدەهاتەوە" یان بە ناچاریی ژیانی هەندەران و ناۆیی
هەلبژێرم. هەردووکیان یەک لە یەک بۆ من ناخۆش و تال بوون، هاوسەرەکەم
زۆری پێ باش بوو بێینە دەرەوە، لەبەر ئەو و مندالەکەمان منیش بریارم
دا، تاراوگە هەلبژێرم! ئەوەی چەند جار هاتینە زاخۆ و سەر پردەکەی
سلۆپی، چەند جار پاسپۆرتەکەیان دراندین و سووکایەتییان پێ کردین! بۆ
خۆی داستانێکە رەنگە یەک دو رۆمانی بووێ، بۆیە باسی ناکەم، تەنیا
رستەیەکی کاک کامیار سابیر کە هەرگیز بیرم ناچیتەوە، بۆتان باس دەکەم،
ئێمە زۆر بێزار و نائارام بووین کە چاوەروانی وەلامی بالوێزمان دەکرد،
ئایا ئەم جارەش پاسپۆرتەکەمان دەدرێنێ یان نا؟ ئەو زۆر راستگۆیانە ئەم
رستەیەی پێگوتین! "لەمڕۆ بە دواوە ئەمە خۆشترین رۆژتانە!".
دوای سالێک و سێ مانگ شانسمان هەبوو لە رێگەی یوئێن هاتین بۆ فنلەند،
١٣ سالە لێرەم، بەلام هەر کات پەردەی پەنجەرەکەم دادەدرێتەوە، بیرم
دەچێ لێرەم، ١٣ سالە جەستەم لێرەیە و رۆحم لەوێ، لێرە دورگەیەکی خامۆش
و چۆلم لە نێو دەریایەکی بێ سنووردا، جاروبار بەلەمێکی بێ سەول و بێ
خاوەن و تێک شکاو، شەپۆلی دەریاکان دەیهێنێ بۆ لام. هەموو شەوێک کە
دەخەوم و خەو دەبینم، لە خەوەکەمدا لێرە نیم و لەوێم، لەو شاخ و کێوەی
هەورامانم، لە نێو چنوور و لۆیی بەهارانا راکشاوم...!
هەمیشە لەخۆم دەپرسم، من بۆ لێرەم؟! گەرچی ئەوەی لە کوردستان لێی بێبەش
بووم لێرە ئەم ولاتە بۆیی دابینکردم، بەلام نازانم بۆ (تەنیا
پێلاوەکانم بەم مەملەکەتەوە دەم بەستێتەوە!)کە "سەردەشت"ێک لەوێ ترۆر
دەکرێ، من لێرە خوێن لە جەستەم دەروا. کە لەوێ پیرەژنێک لە سەرەی
نەوتدا قاچەکانی دەتەزن، من لێرە ژان بە دلم دەگا، کە لەوێ خۆل دەبارێ،
من لێرەوە هەناسەسوار دەبم! کە مۆنیکاکانی فەتاح بەگی جاف و قاسم ئاغا
تەپوتۆزی ئەو ولاتە دەکەن بەسەر پیرەژنێکی جەرگ سوتاوی رزگاربووی
ئەنفالدا، من لێرەوە هەموو مووەکانی لەشم هەلدەستنە سەرپێ و هەموو
گیانم دەبێتە نەفرەتێکی قووڵ! کە خەلکی لە تاو گەندەڵیی، دزیی، بێ
خزمەتیی و بێ دەرەتانیی دێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن، لێیان
دەگیرێ و لێیان دەکوژرێ، من لێرە هۆن هۆن ئارەقی شەرمەزاریی دەرێژم و
هەست دەکەم سەربازێکی ترسنۆک بووم و خۆم لە بەرەی جەنگ دزیوەتەوە و
خیانەتم لە هاوسەنگەرەکانم کردوە! من لێرە کە زۆر بێزار دەبم تاقە شتێک
کە دلم خۆش دەکا یادەوریی رابردووە، یادەوەریی ئەو ساتانەیە کە لە
چاوەروانیی سێدارەدا گۆرانییەکی کالێی ئاتەشیم لە ژێر درگاکەوە بۆ
هاوریکانم دەچری! "من ئەو دیلەم لە پشت شورایی پۆلاوە.. ئاسۆی گەشی
هیوام هەرگیز ون ناکەم...".
من دلنیام دێمەوە بۆ ئەوێ، نازانم کەی! وەک گوتم من تەنیا جەستەم
لێرەیە و رۆحم لەوێیە، هیوادارم کە دێمەوە تەنیا جەستەیەکی بێ رۆح و بێ
هەست نەبم!
ماڵپهڕی ههورامان عهلی
|