٧\١\٢٠٢٤ دوا ستران.
ئانا ئاگات لێمبی بە پەنجە باریکەکانت پرچم دابینە گۆرانییەکم بۆ ئافراندووی وەرە بمشۆ بۆ دوا جار لێمخۆشبە خۆشەویستم وەک چۆن لە باوبۆران خۆشدەبی کە بێ مەبەست گەڵایان دەخەنە سنگی زەوی لە ناو چەکمەجەکە پەڕەی نۆتەیەک هەیە بیکەوە.. بە ئارامیی سترانەکە بێژە وەک دانپێدانانەکی پاگژ لێموەرگرە پاشان پێمبێژە ئەگەر شتێکی مابوو بۆ تەواوبوون.
ئانا لەسەر مێزەکە سێوێک هەیە چاوەڕێی پاککردنە خۆت پاکیبکەوە! لە نێو گوڵدانەکە گوڵێک هەیە تێنووی یەک پشکە ئاوە خۆت ئاویبدە! ئەو شاڵە سپیەی دوو زستانە ناپۆشرێ تۆ بیپۆشە! دەلالی من ئەمێستاکە پەنجەرەکە واژیکە دەبا چێژ لە ئاوازی دارستان وەربگری کە چۆن لەو وەرزەدا رووتدەبتەوە.
ئای لە سەرمدا چ بێدەنگییەک زاڵە هەست بە جوولان و تامەزرۆیی با دەکەی؟ ئەوە گیانی پیرۆزە. لە روخسارتدا وێنەی ئەو دەبینم ئەمن بێ تۆ ونبووم ئانا کوێرێکی سەرلێشێواو کەڕ و سەرسام.
ئانا سەگەکە لە حەوشەکە دەگری هەست بە کۆچی گیان دەکا بەڵام چی لەودیو دارستانەوەیە؟ ئانا... ___________________________________________ * ئاردیتا جاترو: یەکێکە لە شاعیرە هاوچەڕخ و نایابەکانی ئەلبانیا، چوار کۆمەڵە هۆنراوە و رۆمانێکی هەیە، ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵە هۆنراوەکەی بە ناوی ''٦٦ کیلۆ تەنیایی'' لە وەشانخانەی ''ترانسێدەنت زیرۆ'' لە ئەمەریکا چاپ و بڵاوکرایەوە. زۆر جار هۆنراوەکانی لە بڵاوکراوە وێژەییە نێودەوڵەتییەکان و ئەنتۆلۆژیای هۆنراوەی جیهانییدا بڵاودەکرێنەوە. ئاردیتا لە ساڵی ١٩٩٠وە تا ئێستا لە (یۆنان - ساڵۆنیکی) دەژی.
● ئاردیتا جاترو گوتی: ''باڵکێشە هۆنراوەکانت بە زمانێکی جودا لە زمانی زگماکییت ببینی، هەستێکە نابێ بە وشە و نایەتە زوان، بە کوردی کردنیشیان بەهایەکە لە کنم هاوتای نییە. ئومێد، من بە زمانی ئەلبانیایی دەنووسم.. هەر خۆشم هۆنراوەکانم وەردەگێڕمە سەر زمانی یۆنانی. سی و سێ ساڵە لە یۆنان دەژیم و پیربووم لێرە، ئاخر چیڕۆکی مرۆڤەکان پەرتووکگەلەکن کە بە بێدەنگیی دەنووسرێنەوە. لە هەموو ئەوانە جوانتر بۆ من ئەوەیە کە تۆ ئەو کارە لە پێناو خودی هۆنراوە دەکەی.
|
|