٣\٢\٢٠١٣
دوا
وێزگەی تەم.

یوسف
خەلیل
منی بێ پەڕ
لە پانتاییدا چۆن دەتوانم بفڕم
گێژەڵۆکە لەنێو ژاکانی باڵەکانیدا
گێژم دەکا و بەرەو دووا وێزگەی فەنا بوون
بەڕێم دەخا..
بێباکە لەوەی چ ئاقارێ میوانداریم دەکا
وەک دەسەڵاتی ملهوڕەکان
خەندە دەیگرێ و قاقا دەخنێتەوە
خەڵکی بێئاگایە لەوەی ..
کەپەڕەکانی من لە کەشکۆڵی کێدایە ؟
بەرپرس وا دەڕوانێ
بچوکەکانیش هێندە دەلەرزن
بە لەرینەوەی ورگ وجووڵەی پەنجەکان
خەون و خەیاڵم بە فەرامۆشی دەبەخشن
منی پەراگەندە بێپەروا
هەمیشە هەڵزنان بە دیوارەکانی خووددا
وێڵ و شەیدا بەدووی هەنسکی تەمدا
تۆششش..
تا زەردە و رووخساری ئەووو
سڵاوی منت بیرچۆتەوە
هێندەی لاسکێک رێدەکەیت
زۆر بەسانایی دەشکێیتەوە
هاوڕێ گیان
لێم مەگرە کەوا دەدوێم
کە پێت دەڵێم هێوور رێکە
پەرۆشمە خۆشم بوێیت
تا نیگا و نمایشی سیمای ئاڵت
ببەخشیتە ئاوێنەی رووبار
بەڵکو بە بینینی خوودت
هەموو شتێکم بیرچێتەوە
ئەی وزەی ونی رۆحێکی گەڕۆک
پەی ببە بە درزی ناخی بیمارم
لەوێوە بەردەوام بە..
تا دەگەیتە کەناری پەڕەی دڵم
تا کاندێشانە وێڵ بی لە دووم
بەڵکو بگەی بەحەسرەت و
خورپەی لێدانی ترپەی هەستم
لێرەوە لەگەڵ خەونەکانت رێدەکەم
بەڵکو لە پێکی سۆزێکدا بم خۆیتەوە
ئێدی ..هەوێنی خۆرێکی زیندوو
سەرلە نوێ چاوهەڵدێنێ و
دەبێتە بیمارێ بۆ سارێژی خەم
ئێدی ئەوە منم زەوی
بێ هەڵاتنی نیگای روونت
درێژە بە کاروانی نامۆیی نادەم
چونکە ئەستێرەکان
دڕ بەتاریکی ئەندێشەی شەو دەدەن و
بە هەستی تۆوە دەخنێنەوە
کە تۆش ئاڵ دەبیتەوە
تەمی خوماری ناخم دەڕەوێتەوە
دڕ بە شەوەزەنگ دەدەم و
دەبم بەتۆی خۆر و
سەر لە نووێ
دەدرەوشێمەوە..
Yousif_kazh@yahoo.com
|