٢٧\٧\٢٠١٠
دواى
بیست و حه‌فت ساڵ!
کێ ڕاستییه‌کانی
کارەساتەکەى پشتئاشان ده‌شێوێنێ؟

قادر ره‌شید (ئه‌بو
شوان)
-
به‌شی دووه‌م و کۆتایی -
فاتح ڕەسوڵ لە کتێبی چەند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی گه‌لی کورددا ، ناوى
ئەندامانى کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ڕه‌وای کۆنگرەى سێى لەگەڵ ئەندامانى نوێى
هەڵبژێرراوى کۆنگرەى چواردا بڵاوکردووه‌تەوە و ناوى دە ئه‌ندامه ناڕه‌واکانى
تیادا نەبووه ، لەبەرئەوەى هەر ئاڵ‌وگۆڕیان پێئەکرا! ناوى جەلال دەباغ
لە لیستى کۆنگرەى سێ و چواریشدا نەبوو! جەلالم لە کۆنگرەى دوو و سێ‌دا
نەبینیوە!
له‌و کۆنگره‌یه‌دا من وه‌ک ئه‌ندامێکى لیجنه‌ى هه‌رێمى کوردستان –
حیزبی شیوعی ، وه‌ک سکرتێرى محه‌لى که‌رکوک "نەفیکراو بۆ گەرمیان!"
ئەندامى کۆنگره بووم ، له‌گه‌ڵ مام فه‌تاح "مه‌لا شکور" ، به‌ڵام
هاوڕێ شێخ سه‌عید بەرزنجیى ئه‌ندامى مه‌کته‌بى محه‌لى که‌رکوک ، وەک
تۆڵەسه‌ندنه‌وه لێى ، بانگیان نه‌کرد بۆ کۆنگرە! له‌به‌رئه‌وه‌ى که
دژى سیاسه‌تى سۆڤیه‌ت بوو. لە کۆبوونەوەکانماندا قسه‌ى ئه‌کرد و به ڕه‌سمیی
لە مەکتەبى محه‌لییەوە بە مە‌حزه‌ر به‌رزئه‌کرایه‌وه. ئەوەش له لای
سه‌رکردایه‌تی حیزب ، تێپەڕاندنى هێڵى سور بوو!
بانگکردنی منیش بۆ کۆنگره ، له ناچارییدا بوو. فاتح ڕه‌سوڵ پێمى وت:
ئه‌گه‌ر هاوڕێ ئه‌بو ڤیان (ئه‌ندامى محه‌لى که‌رکوک) بگه‌یشتایه‌ته
کۆنگرە ، ئێمه تۆمان به‌شدارنه‌ئه‌کرد! وتم بۆچی؟ بێده‌نگ بوو.. دیاره
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی بدایه‌ته‌وه ، ئه‌وا ئه‌یوت له شکسته‌که‌ى
پشتئاشاندا چى نه‌ما پێمانى نه‌که‌یت!
حاڵی شێواوی ئه‌مڕۆى حیزبی شیوعی کوردستانیی ، به‌شێکه له کاریگه‌ریی
و پاشماوه‌ی ئه‌و شێوازه نادیموکراتییانه‌ی که ده‌یان ساڵه له ناو
ڕێکخستنه‌کان و کۆنفرانس و کۆنگره‌کاندا په‌یڕه‌وکراون و سه‌رکرده‌کان
وا په‌روه‌رده‌کراون که په‌ککه‌وته‌یی و مردن نه‌بێت ، که‌س
لایاننابات ، چونکه هه‌میشه حاشییه‌کانیان له ده‌وری خۆیان کۆئه‌که‌نه‌وه
و زۆرینه‌ی سه‌رکردایه‌تی پێکئه‌هێنن و به "ته‌نسیب"! هه‌موو په‌یڕه‌وی
ناوخۆ ئه‌خه‌نه ژێر پێیانه‌وه و کێیان بوێت ، به‌رزیئه‌که‌نه‌وه ،
بۆ هه‌ر ئۆرگانێکی حیزبیی که خۆیان مه‌به‌ستیانه ، دیاره کاک جه‌لالی
"نهێنی" ، هه‌ر به‌و شێوازه "مه‌رکه‌زی - دیکتاتۆری"یه ، ساڵانێک ،
وه‌ک خۆی ئه‌ڵێت ، به "نهێنی" ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بووه!
هێشتا دوو ساڵ و نیو به‌سه‌ر شکسته‌که‌ى پشتئاشانى یەکەم و دووەمدا
تێنه‌په‌ڕیبوو ، بۆچى له کۆنگره‌ى چواردا لە ساڵی 1985 دا ، قه‌سابخانه‌که‌ى
پشتئاشان نه‌کرا به خاڵى باس و لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گیرا؟
بۆچى سکرتێرى گشتیى حیزب لەو خۆدەربازکردنەى ئەو دوانزە سەرکردە
بەرپرسیارانە بێدەنگ بوو که پشتئاشانیان به‌جێهێشت و هه‌ڕایانکرد بۆ
ئێران؟ لە کاتێکدا که ئەو پێشمەرگانەى بە بڕیار پاشەکشەیان کرد ،
بەرەو بارەگا بۆ پشتئاشان و بۆ لاى سەرکردەکانیان گەڕانەوە ، نەیانزانى
سه‌رکرده‌کانیان هه‌ڕایانکردووه و نەوشیروان و چەکدارە مرۆڤکوژەکانى
لەوێن و یەک یەک گرتنیانن و به دیلیی کوشتنیانن!
بۆ زانیاریی زیادتر ، بڕوانە دیمانەى "پێشمەرگەى دێرین ، هاوڕێ فریشتە
، لە گۆڤارى لڤین ژمارە 52 ساڵى2007" دا که چۆن پێشمەرگەى دیل لە
شیوعى و حسک لەبەر چاوى خێزانى شیوعییەکان و حسک ، ئەدرانە بەر ڕێژنەى
گوللە!
ئەوە فەلسەفەى سەرکردەکانمان بوو که (لە جێى پێشمەرگە ئەبێتەوە! به‌ڵام
لە جێى سەرکردە نابێتەوە)!
ئەم پرسیارانەم و پرسیاره‌کانى پێشووترم له جه‌لال دەباغ نه‌کردبوو ،
تا وه‌ڵاممبداته‌وه ، تەنیا به‌رپرسانى هەردوو حیزبە شیوعییەکەمان که
له کاره‌ساته‌کاندا بوون ، بەرپرسن له‌و کاره‌ساتانه و ئه‌بووایه ئه‌وان
وەڵام بدەنەوە! به‌ڵام کاک جه‌لال به وه‌کاله‌ت ، له‌بری ئه‌وان و
گوایه حیزبه ، وه‌ڵامئه‌داته‌وه! دنیاى ڕووداوەکەش کەمى ڕۆیشتووە و
زۆرى ماوە ، ئەتوانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه و بێتاوانیی خۆیان بسه‌لمێنن!
ئه‌ندامیه‌تی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی.
پێشتر باسى کۆنگرەى سێ و چوار و هەڵوێستى سەرکردەکان لە ئەبو شوان
باسکرا ، وا لێرەدا ئەم تۆڵەسه‌ندنەوەیەشى ئەخەمە سەر. با ئیتر بۆ
هاوڕێ جەلال بەس بێت ، بەس بڵێت ، با ئەبو شوان پێمان بڵێت چ تۆڵەیەکى
لێکراوەتەوە!
له ساڵی 1993 دا له کۆنگره‌ى دووى هه‌رێمى کو‌ردستاندا لە سلێمانیى ،
له‌به‌رئه‌وه‌ى هێشتا ئه‌ندامى لیجنه‌ى هه‌رێمى کوردستان بووم ،
بانگکرام بۆ کۆنگره.
11 هاوڕێ بووین که بانگکرابووین ، نوێنه‌ر نه‌بووین بۆ کۆنگره‌که ،
به بێ هه‌ڵبژاردن و له‌سه‌ر داوای حیزب هاتبووینه کۆنگره‌وه. له
کۆنگره‌که‌دا 10 که‌سیان به ئه‌ندامی کۆنگره قبوڵ کرد ، ته‌نیا قادر
ڕه‌شید نه‌بێت!
ئه‌مه تۆڵه‌ی ئه‌وانە بوو که ڕەخنەى ئەبو شوان لە ڕووداوى پشتئاشاندا
ئازارى دابوون!
هاوڕێ عیزه‌ت عوسمان (حه‌مه شه‌ریف) به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌سته‌ی سه‌رکردایه‌تى
کۆنگره‌که بوو ، داوام لێکرد بمخه‌نه ده‌نگدانه‌وه ، هه‌ندێک له‌وانه‌ى
"لە ڕیزى پێشه‌وه"ى کۆنگرەکە دانیشتبوو‌ن ، فریانه‌که‌وتن چاوى
لێدابگرن که نه‌مخاتە ده‌نگدانه‌وه. هاوڕێ عیزەت وتى به‌ڵێ باشه و
بە دەنگێکى بەرز وتى: کێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه که هاوڕێ قادر ڕه‌شید
ببێت به ئه‌ندامى کۆنگره ، با دەست بەرزبکاتەوە؟
له کۆى 114 ئه‌ندام ، به 97 ده‌نگ به به‌ڵێ ، بووم به ئه‌ندامى
کۆنگره! هاوڕێ که‌ریم ئه‌حمه‌د و ئه‌بو سه‌رباز له ڕیزى پێشه‌وه
دانیشتبوو‌ن ، هه‌ستان و وتیان هاوڕێ قادر ده‌نگمان پێدایت!
دوای ئه‌وه ، حه‌یده‌ر فه‌یلیى هات بۆ لام ، وتى: بێگومانه که له
هه‌ڵبژاردندا ئه‌بیت به ئه‌ندامى کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ، چونکه ئه‌و ده‌نگه
زۆره‌ت هێنا.. کارمان له‌گه‌ڵ ئه‌که‌یت؟ وتم بۆ تاکه ڕۆژێکیش کارتان
له‌گه‌ڵدا ناکه‌م!
بۆ ڕاستیى ئه‌م قسه‌یه‌م ، با جه‌لال ده‌باغ پرسیاربکات له‌وانه‌ى که
ناویان هاتووه و هێشتا له ژیانیشدا ماون.
ئه‌بێت جه‌لال ده‌باغ به ئه‌مڕۆى خۆیدا بچێته‌وه و شه‌رمه که ئه‌ڵێت
ئه‌بو شوان به خه‌ویش نه‌یبینى بگاته کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ، یان له
کۆنفرانسێکدا له سوید بۆ کۆنگرە ده‌نگى نەهێنا! ئه‌ویشیان هه‌ر پلان
بوو ، سەرکەوتى کوڕى جه‌لال دەباغ ، حیزبییش نەبوو! هێنابوویان و بە
تەنیا سه‌رژمێرى ده‌نگه‌کانى ئەکرد و به ته‌نیا ئه‌یخوێنده‌وه! ئه‌وه‌ش
نه‌خشه بوو ، تۆڵه بوو کە نابێت ئه‌بو شوان بگاته‌وه کۆنگره ، له
کۆنگره‌که‌ى پێشووه‌وه ، زیڕه‌یان کردبوو!
با ئیتر جه‌لال ده‌باغ به ته‌ماى ئه‌وه نه‌بێت و وا نەزانێت ئەوەى
ئەندامى مزەوەرى کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی نەبێت ، ئیتر گوێنیە کایە و
نادڵسۆز و گێل و بێ مستەوایە! و قەواعید خۆشیان ناوێت و ئەندامانى
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی تەنیا تێکۆشەرى عەیار 24 ن ، هه‌رچه‌نده به "بێ
هه‌ڵبژاردن" ، به "نهێنی" ، یان "ته‌نسیب"یش بووبن به ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی!
بە خەیاڵى خۆى ، له پاداشتى ئه‌و هێرشه ناڕه‌وایەیدا بۆ سه‌ر ئەبو
شوان ، لێبو‌ردنێکى گشتیى لەو یەک دوو کەسەوە بۆ ده‌رئەکرێت و باوه‌خونى
ئه‌که‌نه‌وه! .. ئەمەشیان خەیاڵە.
تۆمه‌تی دوژمن! یان هاوڕێ؟
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامى دێڕ به دێڕى نوسینه‌کانى جه‌لال بدرێته‌وه ، ئه‌وه
کتێبێکى قه‌واره گه‌وره‌ى ئه‌وێت! کاتى خۆى پێش 13 ساڵ کتێبى "پشتئاشان
له نێوان ئازار و بێده‌نگییدا" و له 2000 دا "ڕه‌خنه! یان کوته‌ک؟"
بڵاوکرانه‌وه و له سایته‌کاندا دانراو‌ن ، ئه‌بو مه‌حمودیش لە لاپه‌ڕه‌ی
9 ی نامیلکه‌که‌یدا ئه‌ڵێت: (ئەو لە نامیلکەکەیدا خۆى و لایەنێکیتر
بۆیان بڵاوکردۆتەوە ، منیش نامیلکەکه‌م حیزب بۆى چاپکردم و
ڕێکخراوەکانى حیزب بڵاویانکردەوە و مایە و قازانجیش هەر هى حیزب بوو..).
لێره‌دا ئه‌گه‌رچی ناوێرێت بڵێت ، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که
پارتى یارمه‌تیمى داوه! ئه‌مه درۆیه‌کى گه‌وره‌یه به ڕاده‌ی باڵا
و ته‌مه‌نی جه‌لال ده‌باغ! دوره له ڕاستییه‌وه. گریمان جه‌لالمان
ڕاپێچى دادگا کرد ، چۆن ئه‌م تۆمه‌ته ئه‌سه‌لمێنێت؟ با بێ منه‌ت
بووایه و بینوسیایه!
لە هەولێر دەزگاى چاپەمەنى داواى پارەیەکى زۆریان ئەکرد ، منیش ئەو بڕە
پاره‌یەم نەبوو. بۆ چاپى عەرەبییەکەى ، لە سلێمانیی کردیان بە عەرەبیى
و دۆستێکمان پێمى وت ناوى نەهێنم و ناوێکى خواستراوی لەسەر دانا. لە هه‌ولێر
ڕێیان پێمنەدا و ناچار بووم لە سلێمانیى بە چاپم گەیاند ، ئەویش
هاوڕێیەکى حیزبییم بوو که یارمەتیمیدا. لە سوید ژمارەى سپاردنم وه‌رگرت
و خرایە لیستى نێوده‌وڵه‌تیی کتێبەوە(ئیسبن).
چاپی یه‌که‌می کوردییەکەى ، لە کوردستان کۆپیکراوە و لە مەکتەبەکانى
هەولێر و سلێمانیى بە هەزاران ژمارەى لێفرۆشراوە. لە هاوڕێ عومەرى
مەکتەبەم پرسى ئەمە کتێبى منە و بێ ئاگاداریى من کۆپیکراوە ، کێ
کردوویه‌تی و چۆن کراوه؟ وتى: لە هەولێرەوە بۆم هاتووە!
چووم بۆ هه‌ولێر و له مەکتەبەى برایەتیم پرسى ، وتیان ئەوە لیتسى
پارەکەیه‌تی که لە سلێمانییەوە بۆمان هاتووە و بیفرۆشین!
ئه‌و تۆمه‌تانه‌م له دوژمنێک چاوه‌ڕێ ئه‌کرد ، به‌ڵام هه‌رگیز له جه‌لال
ده‌باغێکم چاوه‌ڕێ نه‌ئه‌کرد که زیادتر له نیو سه‌ده‌یه هاوڕێین!
کاک جەلال ئه‌ڵێت: (ئه‌بو شوان به چاکیى له
دروشـمى حیزب تێنه‌گه‌یشتووه)!
ده‌رباره‌ی ئه‌و باسه ، به تێروته‌سه‌لیى له "ڕه‌خنه! یان کوته‌ک؟"
دا هاتووه و پێویست ناکات دووباره و چه‌ندباره بنوسرێته‌وه!
باشه ئه‌ی بۆچی دوای ده‌رچوونی کتێبی پشتئاشان ، ئه‌و دروشمه له ئه‌ده‌بیاتى
هه‌ردوو حیزبه شیوعییه‌که‌دا لابراوه و ونە؟ ئه‌ى بۆ تاکه شیوعییه‌ک
داکۆکیى له ئێکسپایەربوونى ڕاى جه‌لال ده‌باغ نه‌کرد؟ به وته‌ى جه‌لال
، دیاره ئه‌وانیش وه‌ک قادر ڕه‌شید نه‌زان و گێلن و له سیاسه‌ت و
دروشمـى حیزب تێنه‌گه‌یشتوون!
تکایه ئۆریجیناڵی نامیلکه‌که‌ت وه‌ک کتێب و نامیلکه‌که‌ى ئه‌بو شوان
له سایته‌کاندا دابنێ ، با خوێنەران سه‌ر‌پشک بن ، نامیلکەکەت مەشاره‌وه!
ئاڵوگۆڕى تیادامه‌که! حاشاى لێ مەکە و مەڵێ وام نەنوسیوە! ئه‌مه ئه‌و
گۆڕینه نیه که به کوردیی ناوی دیلی شەهیدکراو "عه‌زبى" بکه‌یت به
(عژبی و عژیبی) ، یان هه‌ڵه‌ی چاپی (حالوب) که له‌جیاتی (ب) نوسراوه
(ن) ، ئیتر وا ئه‌زانیت هه‌نگوینت له داردا دۆزیوه‌ته‌وه و خۆتمان لێ
ئه‌که‌یت به زمان‌زان!
کاک جه‌لال له لاپه‌ڕه 22 ى "ره‌خنه نه‌ک کوته‌ک" دا ده‌رباره‌ی
ڕاکردنی نه‌وشیروان مسته‌فا له باره‌گای حیزب له هه‌زار ئه‌ستون ،
دووبارەى کردووه‌تەوە و نو‌سیویه‌تى: (کۆششه‌که‌ى به‌ردانى بەندکراوەکە
نه‌گه‌یشتۆ‌ته ئه‌نجام و دوورنه‌بوو له هه‌ر ڕوداوێکى چاوه‌روان نه‌کراودا
دیسان ژیانى به‌ندکراوه‌که بکه‌وێته مه‌ترسیه‌وه، ئیتر بۆچى ڕانه‌کات..؟
تاکه‌ى چاوه‌ڕوانى یان ئازادى یان مردن بکات له‌کاتێکدا که بتوانێ
ڕابکات؟! بۆچى ئه‌مه له باربردنى ڕۆڵى ئاشتیخوازانه‌ى حیزببى شیوعى
بوو).
له ساڵى 2000 دا له "ڕه‌خنه! یان کوته‌ک؟" دا له لاپه‌ڕه37 دا بەم
دەقە وەڵامى جەلال دراوەتەوە: (نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ند نه‌بوو ، به‌ڵکوو
میوانێکى ئازیز و ڕێزلێنراوى حیزبى شیوعى بوو له باره‌گاى هێزى پێشمه‌رگه‌ى
به‌تالیۆنى 7 ى هه‌ڵه‌بجه له ئه‌شکه‌وتى هه‌زار ئه‌ستون. ژیانى له
مه‌ترسیدا نه‌بوو ، به‌ڵکوو پارێزراو بوو ، هه‌ر کاتێک نه‌وشیروان
بیویستایه ، ئه‌یتوانى بە دزییەوە ڕابکات ، چونکه پاسه‌وانه شیوعییه‌کان
ته‌نیا پارێزگاریى ژیانیان ئه‌کرد ، نه‌ک چاودێریى ، له‌به‌رئه‌وه
ئازاد بوو ، خۆشى ئه‌و ڕاستییه‌ى ئه‌زانى کە شیوعییەکان کەفیلى ئەون ،
وەک بەندکراو ڕەفتارى لەگەڵ ناکەن.
لە لاى حسک دێ بە دێ ئەیانگێڕا و پێشانى خەڵکیان ئەدا ، بۆچى لاى ئەوان
ڕاینەکرد؟ ئەوان ڕێزیان لێنەئەگرت و وەک دیل مامەڵەیان لەگەڵدا ئەکرد.).
حیزب قادر ڕه‌شیدى له ناوزه‌نگه‌وه نارد ، به نامه‌یه‌کى مه‌کته‌بى
سیاسى (حسک) ـه‌وه ، له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کى عه‌سکه‌ریى حیزبمان به
به‌رپرسیاریى شه‌هید عه‌لى کالاشنیکۆڤ ، له ڕۆژێکى به‌فر و ڕه‌هێڵه
له مانگى یه‌کى 1980 دا گه‌یشتینه سورێن. له ئه‌شکه‌وتى هه‌زار ئه‌ستون
چاومان به نه‌وشیروان که‌وت به که‌فاله‌ت لاى پێشمه‌رگه‌کانمان بوو ،
له دواى وتووێژێکى چه‌ند ڕۆژیى ، له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانى حسک ،
بڕیاردرا که به‌یانیى به‌ربدرێت و له‌گه‌ڵ خۆمان بیبه‌ینه‌وه بۆ
ناوزه‌نگ ، نه‌وشیروان پێمی وت ئه‌گه‌ر به‌ریان نه‌دام ئێوه مه‌ڕۆنه‌وه
، ئه‌مانه ته‌سلیم به پارتى ، یان حکومه‌تى به‌عسم ئه‌که‌ن! پێموت
به بێ به‌ردانى تۆ ناڕۆینه‌وه ، به‌ڵام بۆ شه‌وه‌که‌ى ڕای‌کرد ، ئه‌شیزانى
بۆ به‌یانیی ئازادئه‌کرێت! ئه‌م ڕاستییه سه‌رکرده‌کانى (حسک) به‌تایبه‌تى
کاک محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود زۆر له نزیکه‌وه ئاگادارن.
بڕواننە "ڕەخنە! یان کوتەک؟" ، باسی شیوعییەکان ئەکات که کاتى خۆى بە
کەفیل بەردرابوون ، بۆ ڕۆژى دادگایی‌کردنیان خۆیان نەشاردەوە و چوون بۆ
دادگا ، 28 هاوڕێ بوون لە که‌رکوک ، ئامادەى دادگاییکردنه‌که‌یان بوون
، بۆ ئەوەى کەفیلەکانیان توشى گرتن و سزادان نەبن! هەر هەمووشیان لە
سێدارەدران!
ئەمه وەفادارییە و بە شیوعییەکان ئەکرێت ، نەک نەوشیروان مستەفا! ئه‌ی
بە چ پێوەرێک ، بە چ ڕه‌وشتێکى شیوعییانه ، جەلال دەباغ لە
نامیلکەکەیدا داکۆکیى لە نەوشیروان و ڕاکردنەکەى ئەکات و شەمەزاریى بۆ
حیزبى شیوعى وەک کەفیل ، لە لای حسک بەو زەقییە ڕائەگەیەنێت! و وای
پێشانئه‌دات که نه‌وشیروان له لای ئێمه‌ش هه‌ر دیل بووه و ئێمه‌ش
هاوکاری حسک بووین له‌و گرتنه‌ی نه‌وشیرواندا! به ڕاستیی سه‌یره!
داینەمۆ.
لەسه‌ر شەڕ و ڕووداوى پشتئاشان ، جەلال ئەم توانجەى لە من گرتووە کە نە
لە دور و نە لە نزیکه‌وه ، پەیوەندیى بە ڕووداوى پشتئاشانەوە نیە!
لە وەڵامەکەیدا لاپەڕه 24 له (خوێندنەوەیەکى ڕەخنەگرانەى پشتئاشان لە
نێوان ئازار‌و بێدەنگیدا***...) ئەڵێت: (ئا ئەم باسە هاوڕێ ئەبوسەرباز
لە ل235-237 و دواتردا لە بیرەوەریەکانیدا باسى کردوە خۆى دینەمۆى کار‌و
هەڵسورانەکە بووە نەک ئەبو شوان کە دەیەوێت وا خۆى پیشان بدات.).
ئه‌وانه‌ی که کتێبه‌که‌ی ئه‌بو سه‌رباز و پشتئاشانه‌که‌ی منیان
خوێندبێته‌وه ، ئه‌وا بۆیان ده‌رئه‌که‌وێت که ئه‌و قسه‌یه‌ی جه‌لال
چه‌ند دروستکراوە و دوره له ڕه‌وشتی نوسینه‌وه.
ئەبو سەرباز هەرگیز شتى واى نەنوسیوە! شەرم و ئابڕووچوونە که درۆ بە
ناوى ئەبو سەربازیشەوە بکرێت!
خۆکه‌ڕکردنى جەلال لەم دە ساڵەدا لە وەڵامدانه‌وه‌ى (ڕەخنە! یان کوتەک؟)
، هۆى چییە؟
من لە (ڕەخنە! یان کوتەک؟) دا ، بەر لە دە ساڵ ، وەڵامێکى وام داوەتەوە
کە بەرد ئەهێنێتە گۆ ، تۆ چۆن لە ڕووت هاتووە که پاش ده دانه ساڵ هه‌مان
قسه‌ی ناڕاست دووبارە بکەیتەوە؟
ئەمە دەقى ئه وەڵامه‌ی پێش دە ساڵه له نامیلکه‌ی (ڕه‌خنه! یان کوته‌ک؟)
دا:
(به‌ڕاستیى سه‌یره .. ئه‌م کابرایه هه‌ر به ناوى منه‌وه درۆ ناکات
و به‌س! دیاره ئه‌وه پیشه‌یه‌تى ، ئه‌گینا خوێنه‌رانى به‌ڕێز زۆر به
ئاسانیى کتێبه‌که‌ى ئه‌بوسه‌ربازیان ده‌ستئه‌که‌وێت و ئه‌توانن سه‌یرى
ئه‌و درۆ زله بکه‌ن و بزانن ئایا ئه‌بو سه‌رباز له ته‌واوى کتێبه‌که‌یدا
واى وتووه!
درۆهه‌ڵبه‌ستن شتێکه و ده‌ستپیسیى شتێکى تر! به‌ڵام ئه‌و بڕگه‌یه‌ى سه‌ره‌وه
هه‌ردووکیه‌تى ، چونکه سه‌رى له خوێنه‌ر شێواندووه و واى تێکه‌ڵکردووه
که ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر کتێبه‌که‌ى هاوڕێ ئه‌بوسه‌رباز نه‌خوێنێته‌وه ،
وا ئه‌زانێت که ئه‌وه قسه‌ى ئه‌وه نه‌ک خۆى!
ئه‌پرسم: له کام دێڕى ئه‌و لاپه‌ڕانه‌دا ئه‌بوسه‌رباز ئه‌وه‌ى نوسیوه
که خۆى داینه‌مۆى کار و هه‌ڵسوڕاندنه‌که بووه نه‌ک ئه‌بو شوان؟
کتێبه‌که‌ى پشتئاشان دوو ساڵ دواى بیره‌وه‌رییه‌که‌ى ئه‌بوسه‌رباز ده‌رچووه!
ئیتر چۆن ئه‌بوسه‌رباز شتى وا ئه‌نوسێت! کورد به گۆتره نه‌یوتووه له
بێخه‌به‌ران که‌شکه‌ک سه‌ڵه‌وات.
ئه‌مه بوهتان و ناڕاستییه‌کى زۆر زه‌قه و ناڕه‌واییه به ناوى ئه‌بوسه‌ربازه‌وه!
هه‌ر من داینه‌مۆى کار نه‌بووم ، به‌ڵکوو ژماره‌یه‌کى زۆر له
هاوڕێیانى ئازا و لێهاتوو داینه‌مۆى کاربوون ، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت
که خۆیان شاردبووه‌وه! یان هه‌ڵهاتن به‌ره‌و هه‌نده‌ران به ناوى
بڕیارى حیزبه‌وه!
من زۆر به کورتکراوه‌یى و به چڕیى له‌و کار و ئه‌رکانه دواوم که له‌و
ماوه که‌مه‌دا حیزب پێى سپاردبووم ، وا لێره‌دا ناچارم ، ئه‌بێت
دووباره وه‌ڵامى بده‌مه‌وه.).
له نامیلکەى "ڕەخنە! یان کوتەک؟" دا لاپەڕە 47-48 پێش ده ساڵ ، جەلال
ئەم دەقەى خوێندووەتەوە و وا دووباره پێشانی ئه‌ده‌مه‌وه و با خوێنه‌رانیش
سه‌رپشکبن:
(له کۆتایى ساڵى 1979 دا له زه‌ڵێ ، له ناوزه‌نگ لیژنه‌ى ڕێکخراوى
هه‌رێمى کوردستان کۆبوونه‌وه‌ى خۆى کرد به ڕێبه‌رایه‌تى هاوڕێ عومه‌رى
مامه‌شێخه که تـازه له ده‌ره‌وه گه‌ڕابووه‌وه بۆ سه‌ر حازریى! هه‌ندێک
له ئه‌ندامانى کۆمیته‌ی ناوه‌ندییش به‌شدار بوون ، وه‌ک ئه‌بو سه‌رباز
، ئه‌بو حیکمه‌ت و کاک به‌هادین ، ئه‌و کاته کاک فاتح ڕه‌سوڵ ده‌ستى
له کارى حیزبى کێشرابووه‌وه ، واته (تجمید) کرابوو ، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى
خۆشاردنه‌وه‌ى له هاوڕێیان له ڕۆژانى نه‌هامه‌تییدا که ڕێکخراوى
حیزب داده‌پاچرا له هه‌ولێر! به هه‌ر حاڵ به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌که
بوو.
هاوڕێ عومه‌ر وتى له پێش ئه‌وه‌ى بچینه سه‌ر خاڵه‌کانى باس ، ئه‌مه‌وێت
پێتانى ڕابگه‌یه‌نم به ناوى سه‌رکردایه‌تى حیزبه‌وه ، به ناوى لیژنه‌ى
هه‌رێمى کوردستانه‌وه ، ته‌قدیر و پێزانینى زۆرمان به هاوڕێ قادر ڕه‌شید
ڕاده‌گه‌یه‌نم بۆ ئه‌و ئه‌رک و ماندووبوونه زۆره‌ى که له ڕۆژانى سه‌خت
و دژوارییدا به‌سه‌ر حیزب هاتبوو ، هاوڕێ قادر وه‌ک پێویست توانیویه‌تى
خزمه‌تێکى گه‌وره به حیزب و ڕێکخراوه‌کانى بکات ، کار و ئه‌رکه
پێسپێرراوه‌کانى به‌پێى پێویست جێبه‌جێبکات ، وه‌ک گرێدانى په‌یوه‌ندیى
ڕێکخراوه‌کانى حیزب له شاره‌کانى کو‌ردستاندا به یه‌که‌وه و به به‌غداوه
، گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ى هاوڕێیان و گه‌لـێک کارى گرنگى تر...
پێموایه ئه‌مه لێره‌دا به‌س بێت بۆ وه‌ڵامى ناوبراو ، جا ئیتر (داینه‌مۆ)
بووبم یان (فییوزى) سوتاو! بۆ من گرنگ نیه ، گرنگ ئه‌وه‌یه خزمه‌تى
حیزبم کردووه و به باوه‌ڕیشه‌وه کردوومه و ئێستاش ئاوا ناچارم ، ئه‌گینا
هه‌رگیز باسم نه‌کردووه.).
بێگومان جەلالى هەڵهاتوو لە گۆڕەپان و ڕۆژانى مەرگ و سەرگەردانیى
سەختدا ، لە سلێمانیى بەجێمانیهێشت بەرەو هەندەران و بە "هەر"
بڕوبیانوویەکه‌وه بێت ، داواى لە ئەبو سەرباز کرد که بڕوات بۆ دەره‌وه
، بۆ هەندەران!
لە مانگى 12-1978 دا لە گەرمەى دامه‌زراندنى بنکەى چەکدارییدا بووین و
هاوڕێیانمان بەرەو ناوزەنگ ئەگەیاند ، جەلال دەباغ لە دەرەوەى وڵات
ژیانێکى نەرمونیان و بێوەى و ئارامی ئەبردەسەر ، له‌گه‌ڵ خاووخێزانیدا.
لە لاپەڕە 6 دا ئه‌ڵێت: (ئه‌بوشوان له‌پێش منەوە بە ماڵ و
منداڵەوە لە سوید دەژى).
کورد وتەنى: تا ساحێب ماڵ دزى گرت ، دز ساحێب ماڵى گرت!
وا پێشانئه‌دات که ئه‌و له شاخ بووبێت و لە ناو ئه‌نفال و
کیمیاییباراندا و ماڵومناڵى به ڕۆژانه ڕاپێچى ئه‌منى به‌عس کرابن و
حیزب غه‌درى لێکردبێت و ئه‌بو شوانى پێشتر ناردووه‌ته سوید!
کاتێک جەلال و خێزانى لە سوید بوون ، خێزانی ئەبو شوان دەربەدەرى ئێران
بوون. هاوڕێ جەلال ئەو ڕاستییە باش ئەزانێت و ڕۆژگاریشمان به مه‌رگ و
سه‌رگه‌ردانییه‌وه له کیمیاییباران و ئه‌نفالدا لە قەرەداغ و گەرمیان
ئه‌برده‌سه‌ر.
من ناڵێم جه‌لال هیچی نه‌کردووه ، ئه‌و مافه به خۆم ناده‌م ، به‌ڵام
ئه‌وه‌ش مافی خۆمه که داکۆکیی له خۆم بکه‌م و ئه‌و به‌سه‌رهاتانه
باسبکه‌م و به‌راوردیان بکه‌م.
جه‌لال پۆزلێئه‌دات و وه‌ک ئه‌وه وایه که که‌س نه‌زانێت بە درێژایى
زۆرینەى ژیانى حیزبیى لە دەرەوەى وڵات بووە! له سوریا - دیمه‌شق ،
ژیانى ڕۆژانەى خۆى و خێزانى کە بۆ ئەوانە خەرجیى ڕۆژانەیان لە حیزبەوە
"کراوە" بوو! لەبەرئەوەى زڕئەندامى کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی بوو ، ژیانیان و
خانووبەرەیان له ژیانى وه‌زیرێکى سوریى باشتر بوو! کاتێکیش حیزب داواى
لێکرد لە سوریاوە بڕواتەوە بۆ کوردستان ، مەرجى بۆ حیزب دانا: ئەگەر
حیزب ماڵومناڵى نەنێرێت بۆ سوید ، ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان! سەرکردەکانى
حیزب بۆ وەڵامى مەرجەکانى چۆکیان دادا و مناڵەکانیان لە ژیانى
تێروتەسەلیى سوریاوە گەیاندە سوید ، ئه‌و کاته سەرکردەکانى حیزب
هاوڕێیان که‌ریم ئەحمەد ، فه‌خرى کەریـم و حه‌مید مه‌جید مو‌سا و .. تد
بوون ، ئەمه ڕاستییه‌کانن و شەرمە بەرد بگرێتە تێکۆشانى ئەبو شوان ،
یان هه‌ر هاوڕێیه‌کی تر.
لە کوردستانیش زۆر نەمایەوە و داوای‌کرد لە ئێرانەوە بینێرن بۆ لاى
خێزانەکەى لە سوید.
مه‌جلیسه داتاشراوه‌که‌ی به‌عس!
نازانم به چ چاووڕوویه‌که‌وه ئه‌ڵێت ئه‌بو شوان له مه‌جلیسه
داتاشراوه‌که‌ى به‌عس بوو ، ئێستا له سه‌ری ڕه‌ش خه‌ریکى وه‌رگرتنى
زەوییە!
بە چ ویژدان و پێوەرێک ، بێدەنگیت لەوەى قادر ڕەشید (ئەبو شوان) لەسەر
بیروڕاى جیاواز ، حیزبەکەى نانبڕاوى بکات و نە زەوییەک ، نە
ماڵنشینییەک لە حیزبی شیوعی کوردستانییه‌وه پێى ڕەوا نەبینن! ئایا
ئەمە تۆڵە نیه؟
لە ناچارییدا حیزبی شیوعی عێراق (نه‌ک کوردستانیی!) لە هەولێر ، پاش
زیادتر له 60 ساڵ ئه‌ندامیه‌تیم له حیزب‌دا ، بە (ڕەئیس عوره‌فا!)
ماڵنشینم ئه‌کەن ، تۆش بوهتانى زەوى ئەنجومەنى داتاشراوى ئه‌خیتە پاڵ!
با خوێنه‌ران بزانن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه چییه و هێجگار به کورتیی
باسێکى ئەکەم:
ئەگەر زەڕەیەک بوێرییت هه‌بووایە ، ئه‌وا ئەبووایه بتوتایە که له حه‌فتاکانی
سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ئەبو شوانیان لە (حیزبێکى شیوعى داتاشراوەوە!) نارد
بۆ ئەنجومەنێکى داتاشراوی به‌عس!
ئێمه 10 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى یاسادانان بووین ، کادێرانی باڵای حیزبی
شیوعی عێراق بووین ، لەسەر داواى حیزب ، حکومه‌ت زه‌وی له سه‌رى ڕه‌ش
به 80 دینار پێمان‌دا و تاپۆ کرا ، تا ئەم نوسینەش ، پێمان نەدراوەتەوە!
موچه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نمان 160 دینار بوو ، 100 دینارى بۆ حیزب بوو ، 60
دیناره‌که‌ى تر نیوه‌ى بۆ کرێى خانوو ، نیوه‌که‌ى تر‌ى خه‌رجیى
مانگانەمان بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، هه‌ر وه‌ک کادێره موحته‌ریفه‌کانی
تری حیزب ئه‌ژیاین. هەڵوێستمان لە ناو ئەنجومەندا ، وابەستە و ملکەچیى
و چاوبەرەوژێریى و دەستپانکردنەوە له حیزبى بەعس و ڕژێمەکەى نەبوو ،
لە ناو ئه‌نجومه‌ندا جێدەستمان دیار بوو ، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی چالاکییه‌کانیشمان
به بڕیاری حیزب نه‌بوو.
ئەبووایه جه‌لال وه‌ک بە تەنیا ناوى ئه‌بوشوان ئه‌هێنێت! بوێرانەش
ناوى ئەوانى تریشى بهێنایە که له‌گه‌ڵ مندا نوێنه‌ری حیزب بوون له‌و
ئه‌نجومه‌نه داتاشراوه‌دا و هه‌ندێکیان ئێستاش ئه‌ندامی مه‌کته‌بی
سیاسی حیزبی شیوعی کوردستانیین!
ئەگەر ئێستا ئاوا خۆت لێمان کردووه به ڕۆسته‌م! ده با ئه‌و سه‌رده‌مه
زه‌ڕه‌یه‌ک ئازایه‌تیت هه‌بووایه و به‌و سه‌رکردانه‌ت بووتایه ئه‌بو
شوان و ئه‌و هاوڕێیانه مه‌که‌ن به ئه‌ندام له ئه‌نجومه‌نی داتاشراوی
به‌عس له کو‌ردستاندا!
خۆ جه‌نابت ئه‌ڵێیت ئه‌و سه‌رده‌مه و به "نهێنی" ئه‌ندامی کۆمیته‌ی
ناوه‌ندیی بوویت! که‌واته جه‌نابیشت له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌و قاره‌مانه
عه‌بقه‌رییانه‌دا بوویت که ئێمه‌یان نارده (مه‌جلیسی ته‌شریعییه‌وه)!
به‌ڵام ئه‌مڕۆ وای پێشانئه‌ده‌یت که ئه‌و حیزبه‌ی جه‌نابت ئه‌ندامی "نهێنی"
کۆمیته ناوه‌ندییه‌که‌ی بوویت و ده‌ستی له‌گه‌ڵ به‌عسدا تێکه‌ڵکردبوو
، هه‌مان ئه‌و حیزب و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی "نهێنی و ئاشکرا"یه نیه که
ئێمه‌تان نارده ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌وه و خۆشتان به ئاشکرا و به به‌ر
چاوی به‌عسه‌وه هه‌ڕاتانکرد بۆ وڵاته کۆنه سۆشیالیستییه‌کان و ئێمه‌تان
به‌جێهێشت بۆ گه‌له‌گورگی به‌عس؟
ده با له هه‌فته‌نامه‌ی "بیری نوێ" دا که جه‌نابت جێگری سه‌رنوسه‌ری
بوویت! با وه‌ک ئه‌مڕۆ! دوو شتت بنوسیایە و وه‌ک ئێمەى ناو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه
داوات بکردایه که عەقرە بخرێتەوە سەر کوردستان!
ئێمە ، مه‌حمودى فه‌قێ خدر و قادر ڕەشید ، ڕووماندێت باسى ڕابوردووى
ناو ئەنجومەن بکه‌ین ، چونکه سزادراین بە "ئیعدام" ، دە با گوێمان لێت
بێت هەڵوێستى خۆتمان لە بەغدا بۆ باس بکەیت!
له هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامانەى ئه‌نجومه‌نى یاسادانان و جێبه‌جێکردن ،
ته‌نیا مه‌حمودى فه‌قێ خدر و قادر ڕه‌شید بووین که چه‌که‌کانى حکومه‌تى
به‌عسمان گه‌یانده شاخ و بە بەعسمان ڕاگەیاند ئێمە بۆ شەڕ ئەچین و بۆ
دژایەتیکردنتان و چەکى ئێوە ئەبەین ، سزادراین به ئیعدام ، بەڕێزیشت
ئه‌و کاته له بەغدا بوویت! ئاده‌ی پێمان بڵێ له هه‌مان کاتدا جه‌نابت
هەڵوێستت چى بوو؟
ئه‌وانى تر له دواى ئێمه به سێ مانگ ، به ده‌ستى به‌تاڵ هاتنه ده‌ره‌وه!
له ئه‌بو حیکمه‌ته‌وه تا خواره‌وه ، به ژنه‌کانیاندا چه‌که‌کانیان
نارده‌وه بۆ به‌عس ، گوایه ئه‌وانه بۆ شه‌ڕ ناچن بۆ شاخ! له دواى
خۆشیان خێزانه‌کانیان پارێزراوبوون! به داخه‌وه حیزبیش سزاى نه‌دان ،
وه‌ک هاوڕێ مه‌حمود فه‌قێ خدر له نامەیه‌کیدا بۆم ، ئه‌ڵێت: ئه‌بووایه
لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵیاندا بکردایه! بە داخەوە حیزب نەیکرد!
کاک جه‌لال .. ئێمه کادێرانی ده‌یان ساڵی حیزبی شیوعی بووین! یان سه‌رۆکجاش؟
هەروەها ئەبووایه هەر بە تەنیا ناوى ئەبو شوانت له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا
نەهێنایە! وا پێشانیئەده‌یت که ئەبو شوان "سەرۆکجاش" بووە لە
ئەنجومەندا و به دێهاته‌کاندا گه‌ڕاوه و به شانوباڵی به‌عسدا هه‌ڵیداوه
و جه‌نابیشت له هه‌مان کاتدا ئه‌ندامی "نهێنی" حیزبی شیوعی عێراق
بوویت!
نا.. نا.. کاک جه‌لال ، ئه‌بووایه یه‌که یه‌که ناوى ئه‌و هاوڕێ سه‌رۆکجاشانه‌ی
تریشت بنوسیایه که له‌گه‌ڵ مندا ، له لایه‌ن مه‌کته‌به سیاسی! و
کۆمیته ناوه‌ندییه‌که‌تانه‌وه! ئه‌ندامانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بووین و
وه‌ک وتم هه‌ندێکیان ئێستاش ئه‌ندامی "نهێنی" و ئاشکرای مه‌کته‌بی
سیاسی حیزبی شیوعی کوردستانیین! بێگومان ئه‌و کاته خوێنه‌ران ئه‌یانوت
جه‌لال ده‌باغ تۆڵه‌ی که‌سانی تر له ئه‌بو شوان ناکاته‌وه و هێرشه‌کانی
"شه‌خسیی" نین! چونکه وێراویه‌تی ناوی ئه‌وانی تریش بهێنێت!
ئەبووایه بوێریی ئه‌وەی هەبووایە که باسى شه‌هیدکردنى هاوڕێ عادل سه‌لیمی
بکردایە که بەعس له‌و ئه‌نجومه‌نه داتاشراوه‌دا ، ده‌رمانخواردیکرد!
یان وا دیاره هه‌ر واش به هاوڕێی شه‌هید ئه‌ڵێت که به منی ئه‌ڵێت!
هه‌روه‌ها باسى ده‌رکردن و ئەشکەنجەدانى هاوڕێ حاجى مه‌لا سەعیدی
بکردایه که لەسەر ئەوەى لە ناو ئەنجومەندا یاداشته‌که‌ى ئێمه‌ى
خوێنده‌وه که عه‌قره بخرێته سه‌ر کوردستان! پیاوکوژانى به‌عس ده‌ریانکرد
و خستیانه به‌ر ئه‌شکه‌نجه و لێواری مه‌رگه‌وه! دیاره ئه‌ویش هه‌ر
وه‌ک من ، وه‌ک جه‌لال ئه‌ڵێت: به دێهاته‌کاندا ئه‌گه‌ڕاین و به
شانوباڵی به‌عسماندا هه‌ڵئه‌دا!
ئه‌ی بۆ باسى ئه‌شکه‌نجه‌دانى شیروان عه‌لى ئه‌مین و ئه‌حمه‌د حامید
ناکات که ئه‌و سه‌رکرده عه‌بقه‌رییانه و کۆمیته ناوه‌ندییه‌که‌یان
و ئه‌ندامیه‌تی "نهێنی" جه‌لال ده‌باغ تیایدا ، له‌و ئه‌نجومه‌نه
داتاشراوەدا هێشتنیانه‌وه و دواجار گرتنیانن و له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا
دایانڕزاندن! وا دیاره ئه‌وانیش به‌گوێره‌ی "فه‌تواکه‌ی" جه‌لال ،
پیاوی به‌عس بوون و به دێهاته‌کاندا ئه‌گه‌ڕان و به شانوباڵی به‌عسدا
هه‌ڵیانئه‌دا!
ئه‌ی بۆ باسى ئه‌وه ناکه‌یت که هه‌موو ماڵه‌کانمان له‌ژێر چاودێریى
به‌عسدا بوو! تۆ ئه‌و ئازایه‌تییه‌ت نیه که ناوى ئه‌وانى تر بهێنیت و
ڕه‌خنه له سه‌رکرده‌کانی ئه‌وسای حیزب بگریت که حیزب و هه‌زاران
هاوڕێ و ئێمه‌یان توشی ئه‌و سەرگەردانییه کرد و خۆشیان وه‌ک به‌رزه‌کی
بانان تێیانته‌قاند بۆ شام و یه‌مه‌ن و وڵاته کۆنه سۆشیالیستییه‌کان
و ئێمه‌شیان دایه ده‌ست گورگه‌کانی به‌عس؟
پێم ناڵێیت له‌و کاته‌دا له به‌غدا چیت ئه‌نوسى و هه‌ڵوێستت چی بوو؟
نازانم چۆن ڕووتدێت قسه‌ی وا دژی من و ئه‌و هاوڕێیانه‌ت بکه‌یت؟ نازانم
بۆ وات لێهاتووه؟ به ڕاده‌یه‌ک من و ئه‌و هاوڕێیانه‌ت بکه‌یت به به‌عسیی
و خۆشت به قاره‌مان؟ له کاتێکدا هه‌ر هه‌موومان ، به "جه‌نابیشته‌وه"
و له هه‌مان کاتدا ، ئه‌ندام و کادێری باڵای هه‌مان حیزب بووین و به
بڕیاری عه‌بقه‌رییه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی چووینه‌ته ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه!
ئه‌و عه‌بقه‌رییانه‌ی که تا ئێستاش داکۆکیی له خۆیان و سیاسه‌ته
ماڵوێرانییه‌کانیان ئه‌که‌یت و له‌بری ئه‌وان هێرش ئه‌که‌یته سه‌رم و
تۆڵه‌م لێئه‌که‌یته‌وه! هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی که ڕه‌خنه‌م له سیاسه‌ته‌کانیان
گرتووه!
باسی ئازایه‌تی خۆتمان بۆ ئه‌که‌یت که له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان
کردووته!
هه‌رچه‌نده خۆهه‌ڵکێشانه ، به‌ڵام ناچارم بڵێم له هاوڕێ عومەرى مامە
شێخە بپرسە که هەموو جارێک ئەڵێت که لە ژیاندا و لە حیزب‌دا ماوم ،
هۆیەکەى ئەبو شوانە کە لە پاش ڕاکردنم لە بەندییخانەى "فەزڵ" لە بەغدا
، لە دواى یەک ڕۆژ ئەبو شوان لە مەرگ و لە ناو جەرگەى ئەمن و حکومەتدا
بە برینداریى ڕزگارمیکرد و گەیاندمیەوە ماڵى حیزب و دکتۆر عەبدول سەمەد
"دکتۆرى حیزب" ى هێنایە سەرم و چوار په‌راسووم شکابوو ، چاک بوومەوە و
کەوتمەوە تێکۆشانى حیزبییم.
لە هاوڕێ بەهادین نورى بپرسە که لە تەکەتولەکەى عه‌زیزلحاج دا لە 1967
دا کە سنورى دایالۆگى بڕى و کەوتنە گرتن و ڕاونانى هاوڕێیان. ئەوە ئەبو
شوان بوو هاوڕێ زەکى خەیرى لە دیلیى قیادە مەرکەزیى ڕزگارکرد. ئەبو
شوان بوو دەزگاى چاپەمەنی حیزبى پاراست و نەیدا بەدەستەوە. بە هاوکاریى
محمەد فەیلیى و ئەحمەد عەلى دەوڵەت و هاوڕێیانى تر ، عەزیزلحاجمان گرت
و دامان بە حیزب ، (به دەستى که‌ریم ئەحمەد). یەکەیەکە ئه‌وتۆمۆبیلەکانى
حیزبمان لێسەندنەوە. لەو بارەیەوه یاداشتەکانى بەهادین نورى بخوێنەره‌وە.
لە سوعاد خه‌یری هاوسه‌ری زەکى خەیرى بپرسە ، تا پێت بڵێت ئەبو شوان
کێیە.
لە هاوڕێ مام قادر (مه‌جید عه‌بدولڕه‌زاق) بپرسە که چۆن ئەبو شوان
مانگرتنەکەى شارى هەولێرى لە ساڵی 1965 دا ، بە سەرکەوتن گەیاند.. له
هاوڕێ که‌ریـم ئەحـمەد و عەزیز محه‌مد بپرسە..
ڕۆڵى ئەبو شوان بپرسه لە تەکەتولى نەجمە و ئیتحاد دا ، لە سەرەتاى
ساڵى 1949 دا ، سەرکردایەتى مانگرتنى کرێکارانى پاڵاوتن (تەنقیح) ى
توتن لە سلێمانى و.. تد. پاشان بەراوردى تێکۆشانى خۆت بکە لەگەڵ
هاوڕێیانتدا! و ڕێز له تێکۆشانیان بگره.
وه‌ڵامى پرسیاره‌کان.
جه‌لال ده‌باغ لە لاپەڕە 8 دا ئه‌ڵێت: (داوادەکات من وەڵامى
پرسیارەکانى بدەمەوە، بە سەرچاو وا لێرەدا لەسەر داواى خۆى وەڵامى
پرسیارەکانى ئەدەمەوە!).
من له کتێبی "پشتئاشان" دا پرسیارم له حیزب کردووه ، نه‌ک لە جه‌لال!
به چ لۆجیکێک پرسیار لە کەسێکى بێ ئاگا بکەم کە لە ڕووداوەکاندا
نەبووبێت! کاتێک ئه‌و له‌بری حیزب وه‌ڵامئه‌داته‌وه ، ئێ خۆ کفریش نیه
که بڵێم خۆی کردووه به سوره‌ی به‌ر له‌شکر!
به ڕاستیى "خۆ به زل زانین" وای لێکردووە ، کورسییه‌که‌ى خۆى لێ
گۆڕاوه! به خه‌یاڵ وا ئه‌زانێت له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ى سکرتێرى گشتیى
دانیشتووە!
دیاره ئه‌و په‌تایه به‌رینه‌داوە ، بۆیه کورسییه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى
هه‌رێمى کوردستانیش به شایستەى خۆى ئه‌زانێت و تەکانى بۆ دا!
جه‌لال ته‌نیا به هاوڕێیانی خۆی ئه‌وێرێت!
جه‌لال له دواى ده ساڵ وه‌ڵامئه‌داته‌وه و ئاماژه بۆ تاکه سه‌رچاوه‌یه‌ک
ناکات! ناشوێرێت بڵێت فڵان که‌س که له پشتئاشاندا بووه ، له فڵان
نوسراودا ، وا ئه‌ڵێت!
من به سوکایه‌تییه‌که‌شى سه‌غڵه‌ت نه‌بووم ، له‌به‌رئه‌وه‌ى "ڕه‌خنه!
یان کوته‌ک؟" هه‌ژاندوویه‌تى ، بڕواننه نوسینه‌که‌ى هاوڕێ ڕه‌نجاو له
ڕێگاى کو‌ردستاندا له‌سه‌ر "ڕه‌خنه! یان کوته‌ک؟" ، ده‌رباره‌ی جه‌لال
چی ئه‌ڵێت! شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌وه‌شدا تێپه‌ڕیوه و هێشتا جه‌لال وه‌ڵامى
نه‌داوه‌ته‌وه! له‌وانه‌یه پاش ده ساڵ وه‌ڵامی ئه‌ویش بداته‌وه ،
یان هه‌ر وه‌ڵامیش ناداته‌وه ، چونکه ڕه‌نجاو ئێستا له ڕێگای
کو‌ردستاندا نه‌ماوه و له لایه‌کی تردا ئه‌نوسێت!
ئه‌ی پاش چه‌ند ساڵ وه‌ڵامی سه‌رۆ قادر ئه‌داته‌وه که له چیرۆکی
تێکشکانه‌که‌یدا به سمێڵ فشه‌که ناوى ئه‌بات! یان دیاره جه‌لال ته‌نیا
به هاوڕێیانی خۆی ئه‌وێرێت!
شاره‌زایی.
ئه‌ڵێت قادر ڕه‌شید درۆئه‌کات! ئه‌وه که‌ى ڕاسته 300 هاوڕێ له
پشتئاشان 100 مه‌تر له پشتى بارەگاکەیانەوە ، گو‌نده‌که‌وه شاره‌زا
نه‌بوون!
من له‌و ڕووه‌وه نمونه‌یه‌کم له کتێبی پشتئاشاندا نوسیوه که له
کتێبه بیره‌وه‌رییه‌که‌ی ئه‌بو سه‌ربازدا ده‌رمهێناوه و ئاماژه‌م بۆ
سه‌رچاوه‌که‌شی کردووه.
ئه‌بو سه‌ربازی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی و ئه‌ندامى مه‌کته‌بى عه‌سکه‌ریى
، زۆر به ئه‌مانه‌ته‌وه له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا ئه‌ڵێت: (... که له
باره‌گا ده‌رچووین و گه‌یشتینه نزیک ماڵى (حاجى محه‌مه‌د) له ناو
پشتئاشاندا ، له کوڕه‌که‌یم پرسى باوکت له ماڵه گوتى به‌ڵێ. ویستم
بچمه لاى و هه‌واڵى ڕێگاکانى کوێستانى شاخى قه‌ندیلى لێ بپرسم ، به‌ڵام
پێم شه‌رم بوو ... ، ئه‌و شه‌رم و پشت به خۆبه‌ستنه‌ى من کارێکى چه‌وت
بوو له شوێنى خۆیدا نه‌بوو ، هه‌ر به هۆى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌شه‌وه بوو
تووشى کاره‌ساتى به دیل گرتنه‌که بووین له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانى (ینک)ـه‌وه
گیراین).
هاوڕێ شه‌هیده عه‌ره‌به‌کان!
لە لاپه‌ڕه 10دا ئه‌ڵێت: (هاوڕێ قادر لە چاپى یەکەمى نامیلکەکەیدا
هاوڕێ عەرەبەکان بە ترسنۆک و لێنەهاتوو دادەنێ منیش وەڵاممداوەتەوە)!
ئه‌بووایه ده‌قى ئه‌م تاوانبارکردنه‌ى ئه‌بو شوانى بنوسیایەتەوە و به
به‌ڵگه‌وه ئه‌م تۆمه‌ته بسه‌لمێنێت! به‌ڵام وه‌ک ئه‌زانن تاکه وشه‌یه‌کی
کتێبه‌که‌ی منی له‌و ڕووه‌وه نه‌نوسیوه!
نه‌ک هه‌ر لاى من ، به‌ڵکوو لاى هه‌ر شیوعییه‌کى کورد ، ئه‌و وشه ناڕه‌وشتییه
نه‌بیستراوه و نه‌وتراوه که شیوعییه‌کى عه‌ره‌ب له سه‌نگه‌ری مه‌رگ
و داکۆکییدا خۆى نه‌زرى گه‌ل و نیشتمان و حیزبه‌که‌ى کردبێت ، به
ترسنۆک دابنرێت! نازانم ئه‌م جه‌لال گۆبڵزه ، چۆن له ڕووی دێت قسه‌ی
وا بکات؟ له کاتێکدا کتێبه‌که و نامیلکه‌که‌م له‌سه‌ر سایته‌کانه و
هه‌موو که‌سێک ئه‌توانێت بیانخوێنێته‌وه و بزانێت ئایا شتی وایان
تیادایه؟
منیش هه‌ر ئه‌وه‌م وتووه که ئه‌بو سه‌رباز له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا
ئه‌ڵێت: (ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى ئێمه له پشتئاشاندا هه‌مانه ، جگه له
هاوڕێیانى پشده‌ر و تاکوته‌راى تر ، هێزى شه‌ڕکه‌ر نین و زۆربه‌یان
تازه له ده‌ره‌وه هاتونه‌ته‌وه بۆ پێشمه‌رگایه‌تى و شاره‌زاى ناوچه‌که
نین).
ئێ باشه خه‌ڵکینه ، ئایا ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که ئه‌وانه ترسنۆک
بوون؟ وه‌ک جه‌لال به ناوی منه‌وه و به ئاره‌زووی خۆی وا ئه‌ڵێت!
چیرۆک یان واقیع!
چیرۆکى فازل که‌ریم ئه‌حمه‌د "جه‌عفه‌ر"م بۆ نمونه هێناوه‌ته‌وه که
به درۆى بخه‌مه‌وه کە شاهید ، له ناو یه‌کیه‌تی خۆیدا هه‌یه که
بینیویه‌تی چۆن به فه‌رمانی نه‌وشیروان دیلەکان شەهیدکراون ، به‌ڵام
جەلال ئه‌ڵێت پێشمه‌رگه‌کان قاره‌مانانه تا دوا فیشه‌ک شه‌ڕیان کردووه!
ناڵێت کێ دیلەکانى شه‌هید کردووه! بڕوانن چۆن ئه‌و نوسینه‌ى منى "ته‌حریف"
کردووه!
گرتنی له ئێران.
بەو ناونیشانە سێ پەڕەى پڕکردووه‌تەوە! جه‌لال له‌م بابه‌ته‌یدا وا
پێشانی خوێنه‌ر ئه‌دات که گوایه ئه‌بو شوان یه‌خه‌ى گرتووه و شه‌ڕى
پێئه‌فرۆشێت! ئه‌ڵێت پرسیاری ئه‌وه ئه‌کات که چۆن له ئێران گیرام!
جه‌نابی له نامیلکه‌که‌ی "پێش ده ساڵیدا"! له لاپه‌ڕه 16دا و وه‌ک
گاڵته‌جاڕییه‌ک ئه‌پرسێت: (هاوڕێ محمد رەسوڵ ڕزگارى بوو، چۆن توانى
بگات؟).
ئه‌وانه‌ی کتێبه‌که‌ی پشتئاشانیان خوێندبێته‌وه و وه‌ک ئه‌زانن ، مه‌به‌ستی
ئه‌وه‌یه که ئه‌و ڕزگاری بووه و منیش وه‌ک ئه‌بو سه‌رباز و که‌ریم
ئه‌حمه‌د خۆم داوه به ده‌ست چه‌کداره‌کانی یه‌کیه‌تییه‌وه!
له "ڕه‌خنه! یان کوته‌ک؟" دا ، به سێ وشە وه‌ڵاممداوه‌ته‌وه ، نەک
بە سێ لاپەڕە.
سه‌یربکه‌ن ، فێڵبازیی ئه‌م کابرایه چۆنه و چۆن ڕاستیی ئه‌شارێته‌وه!
جه‌نابی خۆی ئه‌و پرسیاره‌ی له من کردووه ، به‌ڵام دوای "ده دانه
ساڵ"! وا پێشانی خه‌ڵکی ئه‌دات که من ده‌ستپێشخه‌ر بووم و ئه‌و
پرسیاره‌م لێ کردووه! خۆی به‌رد ئه‌گرێته خه‌ڵک ، به‌ڵام وا دیاره
چاوه‌ڕێئه‌کات خه‌ڵک گوڵی تێبگرن!
باسی ئه‌و گرتنه‌شمان له لایه‌ن چه‌کدارانی نه‌وشیروان و یه‌کیه‌تییه‌وه
، به درێژیی له هه‌ردوو کتێبی پشتئاشان و نامیلکه‌ی "ڕه‌خنه! یان
کوته‌ک؟"دا نوسراوه و له سایته‌کاندا هه‌ن ، بۆیه لێره‌دا ناینوسمه‌وه.
من ته‌نیا پرسیارێکم له‌و کردبوو ، تاوانبارم نه‌کردبوو ، هه‌ر وه‌ک
پرسیاره‌که‌ى ئه‌و که له منى کردبوو ، ئیتر نازانم بۆچى پەشۆکاوه!
فیکر و سیاسه‌ت!
وه‌ک وتم ، ئه‌م براده‌ره هیچ شتێکی سیاسی و فیکریی نیه باسی بکات ،
هیچ شتێک به به‌ڵگه‌وه نانوسێت ، یان ڕاستتر ، هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی نیه
و هه‌ر ئه‌کڕوزێته‌وه و خۆی به مه‌زڵوم پێشانئه‌دات و وشه‌ی ناقۆڵا و
ناشیرینیش له نوسینه پڕ له هه‌ڵه ڕێزمانیی و زمانه‌وانییه‌کانیدا ،
به‌کارئه‌هێنێت و به نوسینی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ئه‌ڵێت "وڕێنه" و لای
وایه قسه ناشیاو و ناڕاسته‌کانی خۆی نه‌خشی به‌ردن و نابێت که‌س به‌رپه‌رچیبداته‌وه!
نازنم چی بڵێم؟ له‌وه زیادتری لێ چاوه‌ڕوان ناکرێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌و دژی
بڕیاری زۆرینه‌ی کۆنگره‌ی حیزبه‌که‌ی بێت به لابردنی "لێنینیزم" ، هه‌موو
ئه‌و هاوڕێیانه و کۆنگره‌ش به هه‌ڵه ئه‌زانێت ، ئیتر چۆن دژی ڕه‌خنه‌کانی
من نابێت!
ئه‌و خه‌مڵاندن و ڕا و بۆچوونانه‌ش ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ناچینایه‌تی و
سه‌قه‌تی سه‌رکرده گه‌نده‌ڵه‌کانی حیزب و دواڕۆژی حیزب که ساڵانێکه
به کتێب و نامیلکه و وتار و چاوپێککه‌وتن ، بڵاویانئه‌که‌ینه‌وه ،
مێژوو سه‌لماندی که بۆچوونی ڕاست و دروستن و وا ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی
کادێران و ئه‌ندامانی حیزب له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئێمه‌دان له
چاکسازیی و پاکسازیی له ناو حیزب‌دا که ساڵانێکی زۆره مه‌شخه‌ڵیمان
هه‌ڵگرتووه ، ئه‌مڕۆ بووه به واقیع و هیچ هاوڕێیه‌کی دڵسۆز خۆی لێ
نابوێرێت ، له‌و هه‌موو گۆڕانکارییانه‌دا و له‌و هه‌موو ده‌رکردن و
پاڵپێوه‌نانی هاوڕێیانه‌دا ، جه‌لال ده‌باغ ئه‌ندامی "نهێنی" و ئاشکرای
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ، مه‌کته‌بی سیاسی ، یان کۆمیته‌ی چاودێریی بوو ،
نه‌ک هه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌بوو ، ته‌نانه‌ت دژی ئه‌و بیروبۆچوونانه‌ش بوو
، بۆ ڕاستیی ئه‌وه‌ش ، له سایتی پارتی چه‌پی کو‌ردستاندا ، سه‌یری
وتاره‌کانی هاوڕێ نه‌وزاد وه‌لی بکه‌ن.
_______________________________
تێبینی:
له‌سه‌ر داوای هاوڕێیانی پارتی چه‌پی کوردستان و
زۆر هاوڕێی تر ، لێره‌دا له‌م به‌شه‌وه ئه‌م باسه ڕائه‌گرم و به‌شه‌کانی
تری به پێی پێویست ، بۆ کاتی تر هه‌ڵئه‌گرم.
ئه‌و ڕاستییه‌ش باش ئه‌زانم که ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و ڕا و بۆچوونانه
بێت ، مه‌حاڵه که ستالینێک و "مه‌رکه‌زیی دیموکراتی"یه‌کی وه‌ک جه‌لال
ده‌باغی لێ قوت نه‌بێته‌وه و سوکایه‌تی پێنه‌کرێت! ئه‌وه‌ش به لای
منه‌وه زۆر ئاساییه ، چونکه گۆڕانکاریی فیکریی و ڕێکخراوه‌یی ،
چاکسازیی و پاکسازیی ، به بێ به‌رهه‌ڵستکاریی و په‌له‌قاژێ ، ناکرێن و
حیزب له‌و بارودۆخه ده‌رناکرێت و ناهێنرێته‌وه سه‌ر ڕێچکه‌ی چینایه‌تی
خۆی ، بێگومان له‌و پێناوه‌شدا ، هێرشه‌کانی جه‌لال ده‌باغ بۆ هاوڕێیان
، جه‌ماوه‌ری چه‌پ ، ڕۆشنبیران و منیش ، چاوه‌ڕوان نه‌کراو نین!
هیوادارم که هاوڕێیان و که‌سانی چه‌پ سود له‌م باسانه وه‌ربگرن و ئه‌و
هه‌ڵه جه‌رگبڕانه‌ی ناو ئه‌م باسانه که هه‌ندێک له سه‌رکرده‌کان و
سیاسه‌ته‌کانیان ، حیزبیان توشی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه کردووه ،
دووباره نه‌که‌نه‌وه و وانه‌یه‌کی لێوه فێرببن.
داوای لێبوردنیش له‌و هاوڕێیانه ئه‌که‌م که تکایان لێم ئه‌کرد ئه‌م
وه‌ڵامه نه‌ده‌مه‌وه ، به‌ڵام وه‌ک دواتر هه‌ندێکیان وتیان ، ئه‌و
تۆمه‌تی به‌عسییبوونه‌ی که جه‌لال ده‌باغ خستوویه‌تیه پاڵ من و
هاوڕێیان ، ئه‌بێت هه‌ر وه‌ڵامبدرێته‌وه.
28\5\2010
ماڵپه‌ڕی قادر
ره‌شید
|