٢٣\٨\٢٠٢٣
دوای چوار ساڵ،
چوار پرسیاری سادە لە پەرلەمان.

بەشدار عوسمان
- چەند (فلس) لە داهاتی تاڵانکراوی خەڵکتان گەراندۆتەوە بۆ کاسەی گشتی؟!
چەند کەس و بەرپرس لەسەر گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی، بەرەو ڕووی
لێپرسینەوە و سزا کراونەتەوە ؟! لەکاتێکدا هەرێم لەریزبەندی حکومڕانە
نا شەفاف و گەندەڵەکان، پلەکانی سەری سەرەوەی گرتووە!
- بکوژانی رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران و خەڵکانی نارازی لەبەرچاوی
هەمووانەوە دێن و دەچن، گەیشتۆتە رادەیەک شارو شارۆچکەیەک نەماوە لە
کوردستاندا چەندین گەنجی بوێر لەسەر ئازادی و عەدالەت بەدەستی دەسەڵاتی
سەرکوتگەرانی کوردستان گوللەباران نەکرابێت، لێپرسینەوەتان لە چەند
چەکبەدەست و تاوانکار کرد؟! دەیان تاوانی ئاشکرای کوشتن و رفاندن و
زیندانی بەبەڵگەی رۆشنەوە لەبەردەستابێت،جگە لە هاشوهوشی فەیسبوک و
سۆشیال میدیا، یەک دانە تاوانکار لێپرسینەوەیان لێنەکرێت، حەقە
بپرسین،ئایا ئێوەش بەشێک نەبوون لە درێژەدان بە دەزگای داسەپاندنی
تیرۆریزم و ستەمکاری؟!
- لەماوەی ئەو چوار ساڵەی ئێوە بوون بەدەمڕاستی خەڵک، چوار وەجبە لە
گەنجان لە زانکۆکان دەرچوون، کچەکان گەڕانەوە چوار دیواری ماڵ و
لەچاوەڕوانی قەدەرن کوڕەکانیش بۆ دەربازبوون لەو جەهەنەمە، بەشێکیان
لەئاوەکان بوونە خۆراکی قرشەکان، ئەوانیتر لەبێکاری و بێهیوایی لە
سەهۆڵە و ئیسکان بەدوای رێگای دەربازبووندا دەگەڕێن، میکانیزمەکانی
فشارتان کامانە بوون بۆ ناچارکردنی ئەندازیارانی (چاکسازی و ئارامی )
بۆ خستەنە سەرکاری ئەو گەنجانە ؟ ئایا ئێوەش بەشێک نەبوون لە
ماکینەیەکی گەورەی بێهیوایی و بێ ئومێدی لەم کۆمەلگایە؟!
- هەمووتان بیرتانە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا، دادگا و دەسەڵاتی قەزائی
گەورەترین سوکایەتی پێکرا، دادگاکان بوونە شوێنی تۆڵەکردنەوەی ئەو
کەسانەی رۆژێک (نا)یان ووت و نووسی! هێزە چەکدار و ئەمنیەکان هێزی
ترسان وتۆقاندن و مخالفینی دەسەڵات بوون و هەر رۆژێک لەژێر بەهانەیەک
پەلاماریاندەدا.
دوای چوار ساڵ حەقە خەڵکی کوردستان لێتان بپرسێت، لەکوێی ئەو
بەربەریەتە وەستاونەتەوە ؟! کامانەن هەنگاوەکانتان بۆ ڕاگرتنی ئەو
ئاماژە مەترسیدارەی دەسەڵاتدارێتی ؟! لینک و ڤیدیۆی نمایشی سەر
شاشەکانمان بۆ دامەنێن، رەتکردنەوەی پارچەیەک لە کێکەکە مەفرۆشنەوە بەو
هەموو دڵسۆزییەی خەڵک، خەڵکی کوردستان هۆشیارە و لەوە گەیشتووە شوێنی
کار و فشاری ئێوە کوێبوو و دەبوایە چی بکەن!
دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و مشەخۆر و تاڵانکەر و ستەمکار، ناتوانێت رۆڵی
خراپی ئەو پەرلەمانەمان بیربباتەوە لە بێهیوایی خەڵک و وورد و خاشکردنی
هەرچی ئومێد و ئارەزوو لەدڵی گەنجان و لاوان و مناڵان و پیر و
پەککەوتەکان، ناتوانێت ئەو دیمەنە ناشیرینەمان بیربباتەوە، لەناو سەما
و چەپڵەرێزاندا دەیانوویست بۆقمان بە کەناری پێ بناسێنن.
ماڵپهڕی بهشدار
عوسمان
|