٢٢\٨\٢٠١٤
دوای
ئەمە پارتی بەرانبەر گەریلا چ دەکا؟

سوارە کەمال
گرژی و ناکۆکیەکانی نێوان (پدک) و پەکەکە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی پێش
راپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان ، ئەم پەیوەندییە
ناتەندروستەی نێوانیان دیارە لە خۆڕا نیە ، بەڵکو بە هۆی بوونی چەند
هۆکارێکەوەیە ، لەوانە سیاسەتی پاوانخوازی و بەرفراوانکردنی سنوری
دەسەڵات ، دەستوەردان و بەزاندنی سنوری دەسەڵاتی یەکتر لە نێو بەشەکانی
کوردستان ، گوێدان بە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەو..هتد ، دیارە
سەرجەمیان کاریگەری نەرێنیان لە سەر بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان
هەیە.
لە ٢٠١١ بەدواوە کاتێک شۆرش لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەستی پێکرد ، کردەو
هەڵوێستەکانی (پدک) بەرانبەر بەو شۆرشە ، بووە هۆکارێک کە پەکەکە،
زیاتر لە جاران وەک نەیار بروانێتە پارتی و تومەتباریبکات بەوەی
گەمارۆی ئابوری و دبلۆماسی لەسەر داناون ، یەکێک لەو بەڵگانەش لێدانی
خهندهقی نێوان ڕۆژئاڤا و باشوری کوردستانە ، ئەمکردانەش بووە
فاکتەرێک بەشێکی بەرچاوش لە دەنگی شەقام ، رۆژنامهنوسان ، رۆشنبیران ،
نوسەران و سیاسەتمەداران و ..هتد بگەنە ئەو باوەرەی کە پارتی ئەجندای
سیاسەتی تورکیا جێبەجێدەکات.
بەڵام کاتێک باشووری کوردستان بەگشتی و بەتایبەت لە پاش ٣/٨/٢٠١٤
بەدواوە ناوچەکانی " زۆنی زەرد " لەڵایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە روو
بەرووی پەلەمارو کۆمەڵکوژی بونەوە ، زەمێنەیەک رەخسا کە گەريلاكانی
پەکەکە هەنگاو بەرەو لەبیرچونەوەی دوێنی بنێن و شانبەشانی پێشمەرگەکانی
باشوور بکەونە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان ، بەتایبەت (یەپەگە
و یەپەژە) و..هتد بەرانبەر بە کارەساتی ناوچەی شنگال زۆر جوامێرانە
هاتنە هانای خەڵکەوە ، ئەمەش بۆە هۆکارێک کە ئەو مەرزەی تا دوێنی بە
ئارەزوی پارتی دەکرایەوەو دادەخرا ئەوان بە هەڵوێست و کردارە
جوامیرەکانیان ئەو دەرگایە والابکن.
لە ئێستادا وێدەچی (پدک) وا هەستبکات توشی بەڵایەک بوبێ! واتا پێی باش
نەبووە کە کار بکاتە ئەو ئاستەی کە گەریلاکانی باکورو رۆژئاڤا بەهاناوە
بێن ، جونکە بەم هاتنە دۆخێکی تازە دەگەل چەندین ئەگەری
چاوەرواننەکراوی بەدوادێ!
ئەلبەتە ئەو کردانەی لایەنە کوردستانیەکان بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و
خاکی کوردستان ئەنجامیاندا ، تەنانەت ئەگەر ئەجندای حزبی و دەرکێشی لە
پشتەوەبوبێ ! پێش هەر شتێک بە ئەرکێکی نەتەوەیی هاتووتە ئەژمارکردن ،
دەگرێت بگوترێت گوزارشت کردن بوو لە خواست و ویستی راستەقینەی
هاوڵاتیانی سەرجەم بەشەکانی تری کوردستان.
بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کردانە بە ئێجگاری ببێتە بنەمایەک بۆ ئاسایی
کردنەوەی پەیوەنی نێوان لایەنە کوردستانیەکان و یەکڕیزی و هاوتەبایی
بەدوایخۆیدا بهێنێ ، پێویستە ئەم دیفاکتۆیە بەوردی لێبکۆڵدرێتەوە و بە
شێوەیەک بەرخوردی لە تەکدا بکرێت کە چیتر لایەنە سیاسیەکان نەتوانن
لایەنگرانیان هان بدەن دژ بەیەکتر.
دیارە لەبەر چەندین هۆکار ، لەوانە شێوازو ئاستی پەیوەندییە دەرکیەکانی
حزبەکان ، گەیشتن بەو ئامانجە کارێکی ئاسان نیە ! ، بۆ نمونە (پدک) لە
ئێستادا فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگەیە ، نێزیکایەتیان لەگەڵ
حکومەتی تورکیا زۆر زیاترە ، وەک لە حکومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران ،
بەڵام پەکەکە ، بەپێچەوانەوەوە لەسەنگەری دژ بە حکومەتی تورکیایە ،
سەرەڕای وەش حکومەتی تورکیا بەرانبەر بە شورشی ڕۆژئاڤا بەردەوام لە
پێلاندانە.
دیارە ئەم هاوکێشەیە خۆێندنەوەی زۆر وردو کاری زۆر جدی دەوێت تا
بتوانرێت هاوسەنگ بکرێت و کورد بە کەمترین زیان لێدەربازبێت.
لێرەدا چەندین پرسیار دێتە پێش لەوانە:
١- ئایا پارتی دەتوانی پەیوەنیەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەل پەکەکە ،
بەرانبەر بەو ئاسایی کردنەوەیە ، دەبێ چیان بۆ بکات؟
٢- ئایا بە ئاسایی بوونەوەی نێوان پارتی و پەکەکە ، تورکیا بێ دەنگ
دەبێ ؟ ئەگەر بێدەنگ نەبوو چی پێدەکرێت؟
٣- ئەگەر پارتی و پەکەکە ، رێکنەکەوتن ، ئایا پەیوەندی (پەکەکە و
یەپەگە) لەگەڵ حکومەتی بەغداد کە هاوسۆزە لەگەل رژێمی ئێران و سوریا ،
دەکاتە چی ئاستێک؟
٤- ئەگەر (پدک) سوربێ لەسەر ناخۆشترکردنی نێوانیان لەگەل پەکەکە ، ئایا
هەڵویستی ی ن ک و گۆڕان بەرانبەر بە پارتی چی دەبێ؟
ماوەتەوە ئەوە بڵێن وێرای ئەوەی لەم دۆخەدا پێکەوە هەڵگردن بە ئاسانی
مەیسەر نابێ ، بەڵام ئەگەر ئەو ئاشتیە نەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ،
و چارەی ئەم گرفتانە نەکرێ ، کوردستان بەرەو ئاقارێک دەروات کە چیتر
چارەسەرکردنی لەدەست ئەم سەرکردانە نامێنی!
بۆیە پێویستە لەسەر سەرجەم بریار بەدەستانی کورد زۆر بە ئاگابن لەوەی
کە دوژمنانی کورد ، پیلانگێرەکان هەوڵدەدەن سیناریۆی نوێ نمایش بکەن و
پشێوی زیاتر بخەنە نێو لایەنە سیاسیەکان تاکۆ زەمینەی دژایەتی کردنی
کورد لەگەڵ یەکتر ئاورەکەی خۆش بکرێتەوە.
swarekemal@yahoo.com
|