١٦\٩\٢٠١٣
دوای هەڵبژاردن چی؟!

ستار محەمەد قادر
بەڕاستی شتێکی زۆر سەیر لەم هەرێمەی ئێمەدا روو دەدات، لەسەر وەختی پڕو
پاگەندەی هەڵبژاردن پارتە کوردیەکان بەشێوەیەک گوشاری خوێنیان بەرز
دەبێتەوەو بارگاوی دەبن بە خەونی گەیشتن و مانەوەیان لە هەڕەمی دەسەڵات،
مرۆڤ پێشبینی ئەوەیان لێدەکات، کە لە دونیا بینی ئەواندا پڕِو پاگەندەی
هەڵبژاردن و پێشکەشکردنی کارنامە دەبێت دوور بێت لە واقیعەوەو نێزیک
بێت لە یۆتۆپیاوە، هەرچەندە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی
کوردستاندا رێژەی نەگۆڕن و پێگەی جەماوەری پارتەکان و دابەشکردنی
کۆمەڵگە بەسەر رەنگەکاندا شتێکی ئاشکراو دیارەو ئەوانەی وا
بەرژەوەندیان لە گەڵ پارتێکدایە هەرگیز ئامادە نین دەست بنەن بە نانی
خۆیانەوەو مژاری تاقیکردنەوەو دەنگدان بە لایەنێکی دیکە لە خەیاڵدانی
ئەواندا شوێنی نابێتەوە، ئەمەش بۆ خۆی هۆکارێکە بۆ ئەوەی بڕیارەکان
پێشوەخت بدرێن و کەس بە چاوی ئومێدەوە لە کارنامەی لیستەکان نەنواڕێت،
چونکە ئەمە ئەزموونکراوە کە خۆی لە فرۆشتنی تەنها قسە لەزیهنی ئەواندا
وێنا دەکات؟!
شتێکی ئاساییە دوای ئەوەی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێن، ئیتر
بازاڕی ریکلامکردن بۆ خولێکی دیکەی هەڵبژاردن کۆتایی پێدێ و کارنامەی
لیستەکان دەکەونە ژێر چرپەی لێوەو کەس ئاوڕیان لێناداتەوە، چونکە لەم
هەرێمەی ئێمەدا کۆمەڵانی خەڵکی هێندەی لە هەوڵی سەرخستنی ئایدۆلۆژیای
پارتەکانیاندان، کارنامەکان ناخوێننەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە
هەڵبژاردن وەکو هەر شتێکی دیکە پێویستی بە رۆشنبیری تاک هەیەو تا نەبێت
بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژنەمانداو لەنێو کلتورو فەرهەنگماندا
جێگیر نەبێت و لە چەمکی هەڵبژاردن بە تەواوی تێ نەگەین، ناتوانین
بڕیاری تەندرووست وەربگرین!
هەڵبژاردن چ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیاریماندا،
بریتیە لە پرۆسەیەک کە خۆی لە تاقیکردنەوەی شتەکاندا وێنا دەکات، ناسین
لێرەدا رۆڵێکی کارا دەگێڕێت بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە، هەڵبژاردنی سیاسی
پێویستی بە ژینگەیەکی دامەزراوەیی هەیە، ژینگەیەک یاسا تێیدا سەروەر بێ
و تاکەکان سەرپشک بن و دوور لە عاتیفەو لایەنی سۆزداری بەشداری ئەو
پڕۆسەیە بکەن، تاک دەبێت ئەوەی لەبەر چاو بێت کە ئەوە ئەحکامەکانی
هەڵبژاردنە بووە بە هۆکاری ئەوەی پارتەکان رووی دەمیان لە کۆمەڵانی
خەڵکی بکەن و تیشک بخەنە سەریان و خۆیان وەکو خزمەتکاری میللەت پێشان
بدەن؟!
لێرەدا بەپێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر ئەوەی ئایا تاکی کورد لە پێناو
ئامانجێکدا کە بەرژەوەندی گشتی لە خۆی دەگرێت بەشداری ئەو پڕۆسەیە
دەکات یان شەخسین و میزاجین؟! یان توانای ئەوەیان تێدایە بە
دەنگەکانیان شتێک لە واقیعی سیاسی بگۆڕن؟! یان لە توانایاندایە دوای
ئاشکرا کردنی دەرەنجامی هەڵبژاردن و درووستکردنی حکومەت گوشار درووست
بکەن بۆ ئەوەی حکومەت پا بەند بێت بە کارنامەکەیەوە؟! ئایا موسەیەرن
یان موخەیەرن؟! یان دەتوانن دیمۆگرافیای سیاسی لە هەرێمدا بگۆڕن؟!
هەڵبژاردن وەکو ئەرک دەبینن یان مافێکی دانەبڕاو لێیان؟! ئایا
دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی رابردوو بوو بە هۆکاری بەرجەستە بوونی
دادپەوەری کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا یان شکڵی بوون و
هیچ جۆرە شتێکی ئەوتۆیان لە واقیعی سیاسی و ئیداریدا نەگۆڕی؟! ئەمانە
کۆمەڵێک پرسیارن بۆ ئەوەی لە ماهیەتی هەڵبژاردن بگەین، پێویستە وەکو
پێوەرێک لە وەڵامەکانیان بنواڕین؟!
دوای هەڵبژاردن ئاشکرا بوون یان فەرزکردنی دەنگەکان گرنگ نین، بەڵکو
جێبەجێکردنی کارنامەی لیستە براوەکان گرنگن، نەک وەکو ئەوەی هیچ
منەتێکیان بە خەڵکی نەبێ و بە پاکانەی جۆراو جۆر خۆیان لە ئاستی
کارنامەکانیان بدزنەوەو تەنها بۆ سەرخستنی خۆیان وەچنگ خستنی ئیمتیاز
خۆڵ لە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی بکەن و چەواشەیان بکەن، بۆیە دەبێت ئەو
پرسیارە ببێت بە پرسیارێکی میحوەری هەر هەموومان بپرسین؛ دوای
هەڵبژاردن دەبێت لە چاوەنواڕی چیدا ببین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|