١٢\٤\٢٠١٢
دوای مانگرتنە
گشتییەکەی
٢٩\٣\٢٠١٢،
ئیسپانیا بەرەو کوێ؟

زاھیر باھیر
لە حاڵی حازردا فشاری گەورە لەسەر ئیسپانیایەو خاڵی لاوازی یورۆو
یەکێتی ئەوروپی ئەوێیە. چاوی ئابوریناسە لیبراڵەکان و دەسگە دراویە
گەورەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی ناوەندی ئەوروپی و
بانقی جیھانی زۆر بە دیقەتەوە لەسەر ئیسپانیاو بارە ئابوری و
سیاسیەکەیەتی.
ئێستا قورسایی کێشەکە، قوڵی قەیرانەکە، ململانێ چینایەتییەکە کەوتۆتە
وڵاتێکی تری ئەوروپی، کە بۆ دەسگە دراویەکانی جیھانی و ئەوروپا و
ھەروەھا دەسەڵاتەکاننیشیان ، لە گرنگیدا لایان، لەگەڵ یۆناندا بەراورد
ناکرێت، کە ئەویش ئیسپانیایە.
ڕەنگە بەھەر ھۆیەک بێت بتوانن بەناچاری دەستبەرداری یۆنان ببن، بەڵام
بۆ ئیسپانیا پێشدانی ھەر بڕیارێک دەبێت چەند جارێک بیری لێبکەنەوە. بۆ
ئەوان ئیسپانیا یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی ئەوروپاو وڵاتانی زۆنی یورۆ،
ئابوری ئیسپانیا دوو جار بەقەدەر ئابوری یۆنان و پورتوغال و ئیرلەندە ،
ھەرسێکیان بەیەکەوە دەبێت. ئەمەش یانی لەدەستدانی ئیسپانیا ھەنگاوی
یەکەم و ڕێگاخۆشکردنیشە بۆ لە دەستدانی ئەو ٣ وڵاتەی تر، ھەرەس ھێنانی
وڵاتێکی گرنکی زۆنی یورۆ سەرەتا دەبێت بۆ کفن و دفن کردنی دراوی یورۆ،
بۆیە تەرخانکردنی چەندێک قەرزی تر بەھەر جۆرێک بێت لە لایەن دەسگە
دراویەکانەوە ، بۆ خامۆشکردن و شێنەیی کردنەوەی بارو دۆخە سیاسیی و
ئابورییەکەی ئیسپانیا، لە خستنەگەڕی سەرمایە بۆ ھەرەس نەھێنانی یەکێتی
ئەوروپی و بەردەوامبوونی یورۆ، کارێکە ئەوان دەبێت ئەنجامی بدەن.
کەواتە ئاشکرایە ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپی و دەسگە دراویەکان لەم
بوارەدا دەیکەن بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکانی وەک یۆنانو ئیسپانیاو پورتوغال
و ئیرلەندەو ھەتا شوێنەکانی تریش، نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی پێستەکەی
خۆیانە کە نەخورێت، بۆ لاواز نەبوونی سەرمایەداری جیھانی و تێکڕای
سیستەمەکەیەتی.
ئەوەی کە لە سەرەوە وتم ڕاستییە ، بەڵام ئەمان ئامادەی ئەوەش نین کە
یارمەتی ھیچ وڵاتێک بە ئیسپانیاشەوە بدەن بەبێ مەرج و بەند. ئەم وڵاتە
ڕووبەڕوی قەیرانێکی گەلێک زەق و قوڵ بۆتەوە کە لە سەدا ٢٤ ی ھێزی
کرێکارانی بەتاڵەن ، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە نێوەندی گەنجانی تەمەن
نێوان ١٦ و٢٤ دا بە پێی دوائامار، سەرکەوتوە بۆ لە سەدا ٥٠ . کێشەی
ئابوری ئیسپانیا ھەتاکو کۆتایی ئەمساڵیش بەرەو قوڵبونەوەی زیاتر دەڕوات
کە بەپێی ئابوریناسەکان ، نشوونمای ئابوری ئیسپانیا بە ڕێژەی لە سەدا
١.٠٧ دادەبەزێت ھەر لەبەر ئەوە ئەوان وا پێشبینی دەکەن کە ئیسپانیا
توشی دووجار قەیرانی ئابوری دەبێت چونکە ئەوەتا ٥٠ مانگی ڕەبەقە تووشی
ئەم قەیرانە بووەو لە بری ئەوەی لە رەواندنەوەدا بێت کەچی قوڵتر
دەبێتەوە. لە دروستبوونی سیستەمی یەکدراوی یورۆوە تا ئێستا، ڕێژەی
بەتاڵە ئەوەندەی ئێستا لە ئیسپانیادا بەرز نەبووەو ئەو کێشە
ئابورییەی بەو قوڵییەی ئێستا کە ڕوبەڕوی بۆتەوە لە مێژوی ٣٠ ساڵ
لەمەوبەرییەوە تا ئێستا، بەخۆیەوە نەیبینیوە.
وەکو ھەموو پارتێکی سییاسی ئۆپۆزیسیونی ئەم دنیایە، پارتی خەڵک،
The People’s Party ، بە کۆمەڵی دروشمی
بریقەداری ھەڵخەڵەتێنەرانە و بە پاگەندە کردنی بۆ ٣ ڕیفۆرمی بناغەیی
ئابوری، لە ڕۆژی ٢٠-١١-٢٠١١ دا، ھەڵبژاردنی گشتی بردەوەو جڵەوی
دەسەڵاتی گرتە دەست. ڕیفۆرمی یەکەمیان لە بازاڕی کارو کرێدا واتە بازاڕ
و ھێزی کار زیاتر مرونەی ھەبێت، ئەمەش یانی خستنە بازاڕی کاڵای زیاتر،
بەلام بە مووچەی کەمتر ، کرێی کەمتر قبوڵکردنی ھەلو مەرجی سەختتری سەر
ئیش..ھتد . دووھەمیان : مامەڵە کردن لەگەڵ قەیرانی دراویدا کە ئیسپانیا
لە نوقسانی داراییدا دەژی. ئەمەش یانی گێڕانەوەی پارەی زیاتر بۆ بودجە،
ئەویش بەسەرخستنی ڕێژەی باج و خولقاندنی باجی زیاتر ، بەتایبەتیکردنی
زیاتری کەرتە دەوڵەتییەکان، دەسگرتنەوەی زیاتر لە پارە سەرفکردن لە
قوتابخانەکان و زانکۆکان و خەستەخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکاندا،
پرنتکردنی کۆمپیالە و فرۆشتنی بۆ ماوەیەکی درێژو بە سوویەکی بەرز
لەکاتی وەرگرتنەوەیدا. سێھەمیش : مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ دەڤەری
Wayward Region بکات کە گوایە ئەم دەڤەرە
پارەیەکی زۆر کەوتوەو دەکەوێت لەسەر بودجەی دەوڵەت، بە کردنی
مامەڵەیەکی تازە دەتوانرێت بڕێک پارەی باش بگێڕرێتەوە بۆ بودجە.
ئەم پارتە بە سەرۆکایەتی Mariano Rajoy
کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، لەلایەن لیبراڵەکانی دەسەڵاتدارو
ئابوریناسەکانیشیانەوە وا چاوەڕواندەکرا کە ئەم پارتە بەھۆی کردنی چەند
ڕیفۆرمێکی ڕادیکالانەو ئامۆژگارییەکانی ئەوانەوە بتوانێت کەمێک لەو
قەیرانە بڕەوێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەمەشدا دەتوانێت قەرزی تری
دەستکەوێت.
پاش تێپەڕینی ٣ مانگ بەسەر دەسەڵاتی لیبراڵدا قەیرانەکە بە بنبەست
گەیشت و دەردی دەرمانی ئەم قەیرانەش لای سەرجەمی لیبراڵەکان بەوانەی لە
دەسەڵاتدان و ئەوانەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، ھەر یەک چارەسەرە ئەویش
زیادکردنی باج و بڕینی پارە لە سەرجەمی بیمەکان و لە دامەزراوە
خزمەتگوزارییەکان، گوایە کردنی ئەمانە دەبێتە دابەزینی ڕێژەی قەرزەکانی
و بەرزبونەوەی ئاستی نشونمای ئابوری و داھاتی نەتەوەیی.
ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش نەبوو کە ئیسپانیا بە بڕی ١٥ ملیار یورۆ ئەوانەی
سەرەوەی کردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارو دۆخەکەی بەرەو خراپتر برد بۆ
نموونە : خەڵک زیاتر بێکار بوو ، باجی زیاتر ھاتە کایەوە، نرخی
پێداویستییەکانی ژیان زیاتر سەرکەوت ھەتا کارەبا بە ڕێژەی لە سەدا ٧
چوە سەرەوە چونکە سەرفیاتی کارەبا بەھۆی داخستنی کارگەو شوێنەکانی
سەر ئیشەوە بە ڕێژەی لە سەدا ١٧ ھاتۆتە خوارەوە، نرخی غازیش بە ڕێژەی
لەسەدا ٥ ھەڵکشا، کەمکردنەوەی موچەی ھەندێک لە کرێکاران و فەرمانبەرانی
کەرتەکانی سەر بە دەوڵەت لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ دا بە ڕادەی لە سەدا ٥ ،
و ھەڵپەساردنی زیادکردنی مووچەش بۆ ھەموو کرێکارانی کەرتی دەوڵەتی ھەتا
ساڵی ٢٠١٣ ، بەڵام چاوپۆشین لە کۆمپانیە گەورەکان لە نەدانی تەکسی
تەواودا، بەگرتنەبەری جۆرەھا فێڵ و حیلە.
بێگومان کردنی ئەم ڕیفۆرمانە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ گەیشتن بەو
ئامانجانەی کە دەیویست فەشەلی ھێناو نەیتوانی بڕی قەرزەکانی بێنێتە
خوارەوە بۆ ڕێژەی لە سەدا ٥.٨ ،کە ئەم ڕێژەیەش لە لایەن دەسگە
دراوییەکان و یەکێتی ئەوروپییەوە بۆی دانرابوو.
کە دوەڵەت بێئومێد بوو لە چاککردنی باری ئابوری وڵات، بە ناچاری بۆ
جارێکی تر ڕوی لە یەکێتی ئەوروپی و دەسگە دراویەکانی، نا، تاکو بە بڕی
٤١ ملیار یورۆی تر، قەرزی پێبدرێت، ئەوانیش داواکەیان قبوڵ کرد، ئیتر
ھەر وەکوو ھەموو جارەکانی پێشتر بڕیاڕ درا دەوڵەت ھەمان پرۆسێس بگرێتە
بەر لە پاڵ دەستکاری کردنی یاسای کرێ و کرێکاران بە گۆڕینی
ھەلومەرجەکانی سەرکارو کرێ و گەلێکی تر لەگەڵ ئاسایی کردنو ئاسانکردنی
دەرکردنی کرێکاران و فەرمانبەراندا. مەرجی دەسگە دراویەکانیش بۆ
دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا کەمکردنەوەی نوقسانی دارایی بە ڕێژەی لە
سەدا ٥.٣ کە ھەمان مەرج بۆ ئیرلەندە لە سەدا ٢.٦ بۆ پورتوغال لە سەدا
٢.٠٩ یە.
لە بەرامبەر کردنی ئەو ڕیفۆرمەدا یەکێک لە ئابوریناسە بەناوبانگەکانی
ئیسپانی بەناوی پڕۆفێسەر Luis Goricano
وتی ئەمە Impossible
mission واتە پەیامێکی مەحاڵە.
وەڵامی کرێکاران و زۆربەی زۆری خەڵکانی تریش کە جگە لە زیانی زیاتر
ھیچی تریان دەستناکەوێت لە بەرامبەر قەرزکردنی پارەی زیاترو کردنی
ڕیفۆرمی نوێدا، چوونە سەرجادەی ملوێن خەڵک و ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی،
بوو لە ڕۆژی ٢٩/٠٣/١٢ ، کە ئەمجارەیان سەپۆرتی مانگرتن و خۆپیشاندانەکە
لە دوو مانگرتنە پێشوەکەی تری ساڵانی ٢٠٠١ و سێبەتەمبەری ٢٠١٠ ، زۆر
زیاتر بوو.
ئێستا ئیسپانیا لە ژێر چاودێرییەکی ورددایە ھەموو ھەنگاوێکی و ھەموو
پێوەرێک کە دەسەڵات دەینێت و دەیگرێتەبەر بەکاتژمێر و بە ڕۆژ لە لایەن
یەکێتی ئەوروپی و سەرجەمی دەسگە دراویەکانەوە لێکدەدرێتەوەو
ھەڵدەسەنگێنرێت، تاکو بزانرێت ئیسپانیا بەرەو کوێ دەڕوات. ھەروەھا
بەھەمان شێوەش چاودێریکردنی ئاستی بزوتنەوەی خەڵکیش و کاردانەوەیان بۆ
ئەم سیاسەتە ئابوریەی دەوڵەت، تاکو بزانن بەرەو کوێ مل دەنێت.
ئەزمونەکانی پێشتر چ لە سەر ئاستی خودی وڵاتی ئیسپانیاو چ لەسەر ئاستی
سەرجەمی وڵاتانی ئەوروپا و ئامارەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەم ڕیفۆرم و
دەستگرۆیی کردنەی ئیسپانیا بەرەو بارێکی باشتری نابات جگە لە زیاتر
قوڵبونەوەی قەیرانەکە، لە کاتێکدا باری ئابوری ئەوروپا و وڵاتانی زۆنی
یورۆ بەرەو خراپتر دەڕوات . بۆ نموونە ئابوری وڵاتانی زۆنی یورۆ لە ٣
مانگی ڕابوردوودا بە ڕێژەی لە سەدا ٠.٥ داکشاوەو لە ئایندەی نزیکیشدا
بەرەوە باشتر ناڕوات، ڕێژەی تێکڕایی بەتاڵەش لە ھەمان وڵاتاندا بە بڕی
لە سەدا ١٠.٨ ، ئەم ڕێژەی بێکارییەش لە ئیسپانیاو یۆناندا لە نێوانی
گەنجانی تەمەن ١٦ و ٢٤ ساڵدا لە سەدا ٥٠ یە. لەبەر خراپبوونی بارە
ئابوریەکە جێگای سەر سوڕمان نییە کە ھەندێک لە ئابوریناسەکان پێشنیاری
ئەوە دەکەن کە دوو جۆر یورۆ ھەبێت، یەکێکیان بۆ وڵاتانی ئابوری بەھێز
بە ڕابەرایەتی ئەڵمانیا ، ئەوی تریشیان بۆ وڵاتانی ئیسپانیاو ئیرلەندەو
یوێنان و پورتوغال و ئەو وڵاتانەی تریش کە لە دواییدا دێنە ڕیزەوە. لە
لایەکی تریشەوە بانقی سەرەکی ئەمەریکی ، The US
Federal Reserve Bank لە ئێستادا چیتر ئامادە نییە قەرز
بدات. ھەروەھا لە ڕۆژی ٠٤-٠٤-١٢ شالیاری دارایی ئیسپانی،Luis
de Guindos ، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگووباسی
ڕۆیتەردا وتی: گەورەترین مەترسیەک کە وڵاتەکە ڕووبەڕوی دەبێتەوە ئەو
بڕوایەیە کە مەدرید ناتوانێت نوقسانی بودجە بێنێتە خوارەوە بۆ ڕێژەی لە
سەدا٥.٣ .
ئەمانەی سەرەوە ئەوە ڕادەگەیەنن کە چارەسەرکردنی کێشەکان لە دەستی
ئەواندا نیەو ئەوان عاجزن لە حەلیدا، بۆیە ئەوەی کە زیاتر بارودۆخەکە
دەگۆڕێت و چارەسەرێک بۆ سەرجەمی کێشەکان دادەننێت بێگومان دەسگە
دراویەکان و دۆکتەرینی لیبراڵەکان بە ھەموویانەوە، نیە، بەڵکو
ناڕازاییەکانی خەڵک و پێشەوچوونی بزوتنەوەکەیانە ، کە ئەمەش لە ئێستادا
پێشبینی لێکردنی گرانە کە ئایە بەرەو لاوازی دەڕوات یا بەرەو بەھێز
بوون، تاکو بتوانێت ببێتە دینەمۆیەکی بزوێنەر لە بە جەماوەری کردنی
زیاتری بزوتنەوەکەو - ناڵێم ڕاماڵینی سیستەمی کاری کرێگرتە- بەڵام
کردنی چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی.
١٠\٤\٢٠١٢
- لەندەن
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|