په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٦

دوای رزگارکردنی شاری موسڵ.


ستار محەمەد قادر   


دوا جارو دوای سەد ساڵ لەسیاسەتی شکستخواردووی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و سیازدە ساڵی حکومەتی نوێی عێراق، رزگارکردنی شاری موسڵ، بوو بەهۆکاری ئەوەی، سووپای عێراقی داگیرکەرو و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەیەکدا کۆ بکاتەوە، ئەمەیش بۆ خۆی رووداوێکی دیرۆکیە، دیرۆکیە بەمانای ئەوەی، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، هەمیشە دیدێکی نێگەتیڤیان هەبووە لەسەر بوونی هێزی پێشمەرگەو بەجۆرەها شێوە لەهەوڵدا بوونە بۆ ئەوەی ناوو وێنەی بشێوێنن و تاشیرینی بکەن، لێ دوای ئەوەی شەڕی داعش بوو بەهۆکاری ئەوەی ناوی پێشمەرگە ببێ بەسیمبۆل و سنووەرکان ببەزێنێ و لەشەقەی باڵ بداو گۆی زەوی تەی بکات و لەسەر زاری سەرکردەی وڵاتە زلهێزەکان ئاماژە بەئازایەتی و قارەمانێتی بکرێ و لەنێو هاوپەیمانێتیەکی نێو دەوڵەتیدا پشتیوانی بکرێ و شوێنی خۆی بگرێت، پێشمەرگە وەکو هێزێکی نیزامی ناسێندراو بوو بەئەمری واقیع.


کۆبوونەوەی سووپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەیەکدا بەرانبەر بەدووژمنێکی هاوبەش، بەر لەوەی لەدەرەنجامی سیاسەتی پراگماتیانەی حکومەتی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووبێت، داوایەکی ئەمریکایە، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەو ووڵاتە، کەدەیەوێت رزگارکردنی شاری موسڵ بکات بەدەسکەوتێک بۆ سەرخستنی کاندیدی حزبەکەی " هیلاری کلینتۆن " لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، نەک لەدەلاقەی بەرژەوەندی هاوبەشەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرجەستە بووبێت.


ئەوەی لەمیدیکانەوە گوێبیستی دەبین، کورد تەنها بەشداری لەشەڕی رزگارکردنی موسڵ دەکات، هیچ رێککەوتنێکی سیاسی بۆ دوای داعش لەگەڵ کورددا نەکراوە، لەکاتێکدا هەم حکومەتی عێراق و هەم حکومەتی ئەمریکایش، باش لەوە گەیشتوون، بەبێ هاوکاری کورد، رزگارکردنی شاری موسڵ، لەلایەن سووپای عێراقەوە لەفەترەیەکی زەممەنی دیاریکراودا، دەچێتە قاڵبی مەحاڵەوە، کەواتا ئەوە کوردە بووە بەفاکتەری ئەوەی ئەم دوو هێزە لەبەرەیەکدا کۆ بکاتەوە، نەک حکومەتی عێراق!


لەم سۆنگەیەوە پێویست بەوە ناکات، کورد بکەوێتە موغازەلەی ئەم رێککەوتنەوە، چونکە لەبەرایی شەری داعشەوە، حکومەتی عێراق ئەگەر دژایەتی کوردی نەکردووبێت، هیچ جۆرە هەڵوێستێکی ئەرێنیشی نەبووە بۆ ئەوەی دەستی هاوکاری بۆ کوردو هێزی پێشمەرگە درێژ بکات، لەکاتێکدا ئەگەر بۆی بکرابایە، رێگری لەو هاوکاریانەیش دەکرد، کەلەدەرەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەنێردران!


ئەم رێککەوتنە، ئەگەر بۆ حکومەتەکەی عەبادی و هاوپەیمانی شیعە، وەکو دەسکەوتێکی سیاسی هەژمار بکرێت، ئەفسووس ئەوا بۆ کورد هیچ شتێکی ئەوتۆی تێدا نابینرێت، کەشایانی ئەوە بێت، بەروونی ئاماژەی پێ بکرێت!


ئەم دیمەنە ئەوەمان پێ دەڵێت: لەدەرەنجامی باوەڕێکی پتەوەوە لەلایەن حکومەتی ناوەندیی و کوردەوە ئەم هاو سەنگەریە درووست نەبووە، بەڵکو لەژێر فشاری ئەمریکادا هاتووەتە بەرهەم، شەڕی رزگارکردنی موسڵ ئەوەی بەسەریاندا فەرز کردووە، ئەو شەڕەی کەدەبێت لەکڵاو رۆژنەی بەرژەوەندیی ووڵاتانی زلهێزەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین.


ئەم رێککەوتنە، کورد دەخاتە بەردەم پرسیارێکی میحوەری و گرنگەوە، کەلەبەرانبەر چیدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەیەک سەنگەردا لەگەڵ سووپای وولاتێکدا خۆی دەبینێتەوە، کەلەسەر دەستی ئەو سووپایە ئەوی کورد لەرابردوویەکی نزیکدا ئەنفال و کیمیا باران کرابێت، لەکاتێکدا ئەم حکومەتە داوای لێ بووردنیش بۆ کورد بەرەوا نابینێت!

بەیەقینەوە دوای رزگارکردنی شاری موسڵ، ژمارە یەکەکان دێنە سەر سەکۆو نەخشەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانیان دادەڕێژن، پێویست بەوە ناکات کورد ئەو زەحمەتە بکێشێت، بۆ ئەوەی بۆ پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ ناوەند بکەوێتە دانووستانەوە، چونکە لەگۆڕەپانەکەدا زل هێزەکان گەمە کەری سەرەکین ، نەک کوردو حکومەتی ناوەندی عێراقی، ئەوەی بۆ کورد دەمێنێتەوە لەئێستادا، بەشداری ... پێ ... کردنیەتی لەشەڕی رزگارکردنی موسڵ، نەک ئەجێندایەکی سیاسی ئاشکراو روون، بۆیە ئەگەر بۆ ئەوان ئەوە بەسەرکەوتن لەقەڵەم بدرێت، کەدووا جار کوردیان خستە بەرەی خۆیانەوەو موغازەلەی ئەو دەسکەوتەیان بکەن، بۆ کورد وا باشتر بوو ئەو چرکە ساتەی بەبێ دەنگی تێ بپەڕاندایە، چونکە بەهەموو پێوەرێک، جوان نیە موغازەلەی سووپایەک بکەیت، کەلەرابردوودا جینۆسایدی کوردی کردبێ و لەئێستادا لەئەجێنداو سیاسەتی ئەو سووپایە دوای شەڕی داعش دڵنیا نەبیت؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک