په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٣

    دوای سەدەیەک حەشر.

یوسف خەلیل

وا لە ئامێزی شەودا نووستووین و
ئامێز بۆ شەوەزەنگی ڕۆژگار
دەگریینەوە
هۆ شۆخە هەڵاڵەییەکانی بارانە تەرییوەکانی شار
چەرداغی چەترە ژەنگاوییەکانی سەر
جەستە و سیما ژاکاوەکانی ڕوخسارە هەنارییەکانتان
تووڕ و وەلانێن و
خووانی تنۆک و دڵۆپە پەمەییە پڕ میهرەکان
لەئامێزنێن
ئەها پەپوولەکانی شەوبۆی سینەی حەز
بەسەر سینە و کوڵمە تێک سمڕاو و سیما نەوبووکیەکاندا
کۆتر ئاسا نەغمەو گمە یان دێ و بەنیازن ئەم شەو
لە ئامێزی تریفە و مەهتابی عەشق و
خەڵوەت و ساباتی ژووانە تێکدراوەکانا
لە بان و گڵکۆی دڕکەوە ئاوێزانێکی دیکە
لە بۆ ژانی بۆن و شیلەی گوڵە بێ نێر سک پڕەکاندا
مەستی مەی و
فرمێسکی شەهوەت و
زەردەخەنەی مۆنالیزادا
لە بێهوودە و بێ ئاگاییەکی شێتانەدا
سەرخەوێکی ئارام
پڕ سینە لەماچ
گەردوونێک زام لەخاچ
زەردەیەک لە جەستەیەکی پڕ لە ڕوخسار
پڕ بە پەڕەی دڵ لەپێکەنین و
بێگەردی لە چرکە سەدە ساتێکی دا
لەگەڵ گەڵاوەریوە دەم باکانی
خەزانی ئەم پاییزە بێ شاعیرەدا
تێک بئاڵێین و
سەدەیەک چرکەیەک خورپەیەک ن....ا
یەکتر بکرۆژیین
تەنها هەناسەیەک !
....
هاوڕێم لە حەشرستانی مادوو
ئەمڕۆ لەنامۆستانی ئاروو
ماچ و مەمکۆڵە چڕاوو دزراوەکانی ژووانی خاکدا
هەمیشە لەدووی پرسیار وێڵین ؟
چما نان لەکوێ‌ بهێنین ؟
زارۆو ژانە گڕگرتووەکانی ڕەها بوون بپێکین
زل نەهەنگ و گەڵە تامەزرۆکانیش
لەژێر کەپرۆکەی ئەم بنەوشە لەدڕک چووانەدا
خوازیارییانە
بۆ چەند چرکەو تنۆکە سپێرێ ژووان وەلانێن و
لەئامێزی دڵەگەنیوەکان تەپاوتل و
ڕۆچوون بەرەو کەنارەکانی ڕەحەت بوون
سیماو ساناتۆسی زەکەرییان بێ
مەنوون و تکایە ئامادەباش بن
بامردووەکان ببنە زێوان و
شەهیدە درۆکانی براخۆر لەگۆڕنێن
ئەمێستاش دووای
شکست دابڕان خنکاندنی من تۆ شەوو
بیرم دێ‌ ژنە جادووەکان
پرچە ژاکاوو ژەنگاوییەکانیان
بەمیهرە گوڵاوییەکان دەشوشت
لەگەڵ ساتێکی زەردەو کازێوە پڕ چۆلەکەکانی ماچدا
ئێشک دەگرن و
لەبۆ ئامارکردنی نەیزەک و ستارە فڕێندراوەکان
سەرخەو دەشکێنن
نازانم لەکوێ‌ ببمە دەرۆزەکەری وەڵامی بێ پرسیار
مژدە هاوڕێ مژدە
وەریین و مەنوون
وا ئیرۆس کچە قەرەجیەکانی دووگیان کرد
ترسیش بووە نۆشی مەلەکوت و
ساناتۆسیش لەدۆزەخی حەشری بوونەوەردا
لەخشتەبرا
هەرزە مەمک هەڵووژەییەکانیش
لەشەهوەتی تەوارە نەعلەتیەکانی حەواو
کۆشکە دوو گوێ‌ مێزەر بەسەرەکانی زەمەن
سووخمەکانیان تووندتر کرد
نەکا خوانەکردە
ببنە خەزانی پاییزە دڕک ستانەکان و
جارێکی دیکە
وەیشوومەی زامارو باڕێژەی دابڕان هەڵکات و
ببنە شەونمی پاش بارانی سپێدەکان و
تێشووی خاکە خۆرنەدیوو و
گەدە کروساوەکان
مەم و فەرهادو لەیل
لەگەڵ ڕۆمیۆ و جۆلێت بێ خۆراک
دووکەڵی سیغارو بەفری هاویین سەرخەو بشکێنن و
لەبێهوودەییدا
تروسکەی ئەمەل فەرامۆش کەن!!!


Yousif_kazh@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک