٢٩\٤\٢٠١٥
دوای سەد ساڵ؛
کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان؟!

ستار محەمەد قادر
وەکو دەڵێن پەرێزی سیاسیەت خاڵیە لەمۆڕاڵ و
سۆز، خامۆشە لەویژدان، ئەو شتەی لەتوانایدایە لەشوێنێک سیاسەت رابگرێت،
بەدەنگەوە ھاتنی ویژدانی مرۆڤایەتیە، ئەو مافەی سیاسیەکان بۆ خۆیان
بەڕەوای دەزانن، بۆ ئەوی تر لەخانەی تابۆدا دایدەنێن، وڵاتی تورکیا
ھەمیشە لەئاستی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان خۆی دزیوەتەوە، ھەر کاتێک ئەو
بابەتە ورووژێنرابێت، ھەوڵی داوە لەڕێی بەکارھێنانی
بەرژەوەندییەکانیەوە دژی بوەستێتەوە.
بەڵام بەھۆی مکوڕ بوونی ئەرمەنەکانەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی
پرسەکەیان و بەزیندوویی ھێشتنەوەی لەزیھنی خۆیان و دونیادا، دەرەنجام
پاپای فاتیکان وڵاتی تورکیای تووشی شۆک کردو دوای ئەویش پەرلەمانی
ئەوروپا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بەجینۆساید ناساند.
وەکو دەڵێن قەرز کۆن دەبێت، لێ نافەوتێت، کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان دوای
سەد ساڵ ئەو راستیەی سەلماند، بۆ دوا جار وڵاتی ئێستای تورکیا دەبێت
باجی ئەو دەوڵەتە بداتەوە کە بەعوسمانی دەناسرێت، ئیتر راکردن و
نەفیکردنی ئەو تاوانە دادیان نادات، لەکاتێکدا بۆ ساڵانێکی زۆر دەڕوات
تورکەکان خەون بەوەوە دەبینن لەپەرلەمانی ئەوروپا ببن بەئەندام، یان
دەبێت مل بدەن و بچنە ژێر بارەوە، یان دەست لەو خەونەیان ھەڵبگرن!
حاڵی حازر تورکیا لەبەردەم واقیعێکدایە، ئەو ترسەی کە بۆ ساڵانێک
دەڕوات بەشێوازی جۆراو جۆر خۆی لێی دەدزیەوە، ئەمڕۆ دەبێت رووبەڕووی
ببێتەوە، جگە لەقەرەبووکردنەوەی ئەرمەنەکان، ئەو خەونەش لەبار دەبات کە
تورکەکان بەدەوڵەتی عوسمانیەوە دەیبینن، چونکە لەسەردەستی سیاسەتی ئەو
دەوڵەتە ئەرمەنەکان تووشی پاکتاوی نەژادی ھاتوون، بە واتایەکی تر
دەوڵەتێک دوای سەد ساڵ نەوەکانی باجی تاوانەکانی بدەن، جگە لەکانسڵ
کردن، وابزانم لەمەو دواناتوانن وەکو لاپەڕەیەکی پرشنگدار لەمێژوویان
ئاماژەی بۆ بکەن؟
ئەوەی لێرەدا بەپێویستی دەزانم بیکەم بەھەوێنی بابەتەکەم، ئەویش
دەوڵەتی ئێستای عێراقە، ئەو دەوڵەتەی لەبەرایی ئاوا بوونیەوە ھیچ
مافێکی بۆ کورد بەڕوا نەبینیوەو لەسەر دەستی ئەو دەوڵەتەش کورد تووشی
کارەساتی کیمیا باران و کۆمەڵکوژی ھاتووە، کەچی دەسەڵاتدارانی ئەوە
بەکارێکی ناڕەوا دەزانن بەناوی ئەو دەوڵەتەوە داوای لێبووردن لەگەلی
کورد بکەن، بەبەھانەی ئەوەی خۆ ئەمان ئەو تاوانەیان ئەنجام نەداوە؟
سینە فراوانی و پشوو درێژی کورد، رێک و رەوان پێچەوانەی دیدی
ئەرمەنەکانە بۆ پرسەکەیان، سەرکردەکانی کورد بێ گوێدانە ئەوەی کەبەر
لەبیست و حەوت ساڵ ئەم وڵاتە چۆن ھەوڵی قڕکردنی یەکجارەکی کوردی دا،
بەردەوام لەھەڵپەدان بۆ درووستکردنەوەی سەر لەنوێی عێراق، لەکاتێکدا
دەبێت ساڵێکی تر یادی سەد ساڵەی پارچە پارچەکردنی کوردستان و
دابەشکردنی بەسەر وڵاتەکاندا بکەین و وەکو پرسێکی گرنگ بیورووژێنین،
کەچی وەکو ئەوەی نە بامان دیبێ و نەش باران!
ئەرمەنەکان دوای سەد ساڵ توانیان پرسەکەیان بەزیندوویی بھێڵنەوەو بیکەن
بەبابەتی رۆژو ویژدانی خۆیان لەئاستی قوربانیەکان ئاسوودە بکەن، مرۆڤ
نازانێت ئێمەی کورد کەی کار بۆ ئەوە دەکەین تا ویژدانمان لەئاست
قوربانیەکانی کیمیا باران و ئەنفالدا ئاسوودە بکەین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|