په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٣

دوای تیرۆرکردنی کاوە، تیرۆریستی سەرەکیی کەوتۆتە هونەرکارییەوە.


فوئاد زیندانی     


هەرێمی کوردستان ، هەرێمی دەسەڵاتداری نەگۆڕ و بۆچوونی نەگۆڕ ، ئەو هەرێمەی تاقمێک مرۆڤی نابەرپرس ماوەی دوو دەیە زیاترە بەرپرسیاریەتیان گرتۆتەدەست، بەبەرنامەیەکی دارێژراو کاریانکردووە لەسەر شکاندنی کەسایەتی مرۆڤی کورد، پێانوایە کە دەسەڵات موڵکی شەخسیە هەتا لەژیاندا ماون دەبێ هەردەسەڵاتداربن، ئەگەر لەدەسەڵاتیش نەمێنن ئەوا دەبێت کەسێکی نزیکیان وەک درێژە پێدەری خێڵەکی شوێنەکەیان بگرێتەوە، ئەو بیرکردنەوە ژەنگاویە لەهەرێمی کوردستان وایکردووە بەرپرسەکان ببن بە مافیا لەڕێگەی تاڵانکردنی سامانە سروشتیەکانی وەکو پاترۆڵ و گاز و بەفیڕۆدانی سامانی میللەت و دەوڵەمەندبوون لەڕێگەی دزینی سامانی گشتی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بەرهەڵستکاران درێژە بەمانەوەی خۆیان بدەن لەدەسەڵات و پلە و پایە و پۆستەکانیاندا.

 

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر و بوێر بەدەستی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ بەتیرۆری سیاسی و تیرۆری دەسەڵات هەژمار دەکرێت . ئەو بەرپرسەی بڕیاردەری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسێکە جگە لەوەی بێ مۆڕاڵە ، بەهەڵە لە مانای ئابرۆ و ناموس تێگەیشتووە ، تەنیا ڕەگەزی مێینە واتە (ژنەکانیان، کچەکانیان) بەواتای مۆڕال و ئابرۆ و ناموس دێت لەلای ئەو بێ مۆراڵانە . دزی ، گەندەڵی ، تیرۆرکردنی ڕۆڵەی شەهید و ئەنفال و ڕۆژنامەنووسان و بەرهەڵستکاران ، بەکرێگیراویکردن بۆ ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان ، شەڕی براکوژی ، نانبرێن بەهۆکاری سیاسی ، هێشتنەوەی کۆمەڵگا لەژێر هێڵی هەژاریدا، بێبەشکردنی زیندانیانی سیاسی سەردەمی ڕژێمی پێشوو لەماف و ئیمتیازاتەکانیان ، زاڵبوونی حزب بەسەر هەموو جومگەکانی ووڵات ، مانەوە لەدەسەڵات تا مردن، لەلای ئەو بەرپرسە دواکەوتووانە ئاساییە ، واتای بێشەرەفی نیە ، بەڵکو شەرعیەتی تەواوی هەیە ! بۆیە دوای تیرۆرکردنی هەر مرۆڤێک هەوڵدەدەن بەپارە کێشەکە چارەسەربکەن ، ئەگەرنا لیژنەیەکی بۆ دادەنێن وەکو کودەتایەک بەسەر داواکاری گشتی و سیستەمی داد ، یان چەند سیناریۆیەک ئامادەدەکەن ، کەسانی تاوانبار ئەرکداردەکەن ڕۆڵی سەرەکیی لە سیناریۆکەدا ببین لەوانەش ڕۆڵی سەرخۆش ، تۆڵەسەندنەوە و دروستکردنی دوژمنی وەهمی، هتد...


دوای تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی ، تاقمی گومانلێکراو کە پێشتر هەڕەشەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسی ناوبراویکردبوو ، ئێستا تووشی شڵەژان هاتووە ، بۆ بەلاڕێدابردنی تاوانەکە هەر ڕۆژ شانۆگەریەک ئامادە دەکات ، لەوانەش کەسێک کە نزیکە لەخۆیان ناوی ( توانا خەلیفە) یە ، بەرپرسیاریەتی کوشتنی کاوەی گرتۆتە ئەستۆ . ئەو بکوژە ئەگەر بکوژی ڕاستەقینەی کاوە گەرمیانی بێت ، پرسیار ئەوەیە بۆ کاوە گەرمیانی تیرۆردەکات ؟ بەبڕیاری کێ ئەو تاوانەی ئەنجامداوە ؟ کەواتە بکوژی ڕاستەقینەی هەر مرۆڤێک بڕیاردەرەکەیەتی.


یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کەهەڵگری چەپکە گوڵەکەیە، خۆی بەپارتێکی سۆسیال دیموکرات هەژماردەکات، لەبەرئەوەی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لەناوچەی سەوز تیرۆرکراوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مەزندایە ، بۆ پاک ڕاگرتنی مێژوو خەباتی دەیان ساڵەی پێوویستە تاوانباری ڕاستەقینە هەر پلە و پۆستێکی هەبێت لە ڕیزەکانی خۆی نەیهێڵێ و ڕادەستی دادگای بکا بکات.


لەپێناو ڕێگاگرتن لە بەلاڕێدابردنی کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی و نەهێشتنی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران و بەرهەڵستکاران و هەموو ئەوانەی دژی گەندەڵیەکانی گەندەڵکارانی ناو دەسەڵات دەوەستنەوە ، بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری یاسایی و دروستکردنەوەی کەسایەتی مرۆڤی کورد لە کۆمەڵگای کوردیدا ، پێوویستە گەلی کورد بەهەموو چین و تووێژەکانیەوە بێدەنگی بشکێنێ و گەندەڵکاران ڕابماڵێ ، چونکە بێدەنگبوون لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە گەندەڵیە.

 

 

ئەڵمانیا
fuadzindani@yahoo.de

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک