دیوی سێههمی پهندهکان
بەرزان هەستیار
بەردێک لە ئاسمان بەربێتەوە ، خەرەندێک پڕ ئەکاتەوە یان پێدەشتێک ئەکاتە خەرەند !! ****** ئەگەر گوڵ نیت ، هەرچی دڕکت هەیە ،..... لەسەر لەپی دەستی من بڵاویان کەرەوە نەکا ،پێی منداڵێک لە کاتی گەمە کردندا ، یان کیژۆڵەیەک لە گەرمەی یەکەم ژواندا ، ئازار بدات ****** دوو مەمک لە سینەیەکدا ، کاتێ بەر یەک ئەکەون ، نە ، شەڕێک بەرپا ئەبێت و نە هاوارێک ئەبیستین ، بەڵکو سەراپای زەوی پڕ ئەبێت لە ڕووناکی و ئاسمانیش ساماڵ ****** ئەوەی چاڵ بۆ کەسێک هەڵکەنێت یان بەرائەتی تێ ئەکەوێت ، یان بەرائەت ، یان بەرائەت ****** کە جام پڕ بوو ، لە نەجابەتی خۆیەتی ، کە نەڕژێت ****** کەو ، ئەو کەوەیە ، خەیاڵی دێوجامە بخوێنێتەوە و ڕیسی ڕاوچی بکاتەوە بە خوریی ****** ڕووناکیی مانگەشەو ، جێ ژوانی عاشقان ئاشکرا ئەکات و چراوگی دڵە غەمگینەکانیشە ****** خوا ، تا کێو نەبینێت ، هەست بە لووت بەرزیی تەبیعەت ناکات ****** قەل بە قەلی وت : ڕووی ئێمە سپیی ترە ، یان دەروونی ئادەمیزاد !؟ ****** چەپڵە بە دەستێک.... ئەو عیشقانەی هەرزەکارییم بیر ئەخاتەوە کە هەر خۆم بووم و کەچی لە ماڵەکەدا جێم نە ئەبۆوە ****** بەردی زل ، نیشانەی برینی گەورە و فیچقەی خوێن و بەرینبوونی مەوداکانی خۆشویستنە ****** ئەوەی بەرز بفڕێت ، کیشوەرەکانی "جوانیی" لێ ئەبن بە زەنگیانە ****** ئەیەوێت ماسی بگرێت و بەر نەفرەتی دەریا نەکەوێت ، یان سەرەمێکوتەکان لە گوناهی خۆش بن ****** کوێر تا ئەمرێت ، لە ئێمە جوانتر ئەبینێت !! ****** بەردێک ، نەزان بیخاتە گۆمەوە ، تا ئەبەد ئاوەکە بە لێڵیی خووڕەی دێ و بەردەکەش لە ڕۆحی زاکیرەی کەسمانا نامێنێت ****** بەرد لە جێی خۆی ، بۆگەنی تا دۆزەخ ئەڕوات !! ****** چی بچێنیت ، هەتا ئاوڕ ئەدەیتەوە ، ئەیدوورنەوە ****** دار هەڵبڕە ، سەگی برسی لە ترسانا قروسکەی دێ و لە ترسیشدا برسێتیی بیر ئەچێتەوە ****** ئەوەی لای بەندە خەیاڵە ، خودا ئەخاتە گومانێکەوە،.... قووڵتر لە کەون ڕامێنێت !
ئابی 2007 ئهڵمانیا - کۆڵن bhastiar@yahoo.de
|