په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١١

دیاردەیەکى ناپێویست و دزێو بۆتە (خوو).


هیوا رەش      


گەر سەرنج بدەین ڕۆژانە ژاوەژاوێکى نەشاز شەقامەکانى شار دادەپۆشێت و گەلێک جار دەبێتە مایەى سەرلێشێوانى شوفێران و ڕوودانى کارەساتى هاتوچۆ و پێکدادان ، ئەویش (( ویقەویقى )) بێزارکەرى ئۆتۆمبیلەکانى پۆلیس و ئاساییش و ئامبوڵانس حیزب اسعاف حیزب ە ، کە سەربارى ویقەویق و هاتوهەرا نانەوە و تیژپەڕیى ، ڕۆنگسایدیش دەئاژوون .

ئەم ئێوارەیە 6 2 2010 ڕۆژى یەکشەممە کاتژمێر 40 : 5 خولەک من و هاوڕێیەکم بە کارێک لە حەوشەى نەخۆشخانەى منداڵبوونى سلێمانى وەستابووین و پۆلیسى پاسەوانى بەردەرگاکەش لە ژوورەوە سەرقاڵى ئامادەکردنى خواردنى ئێوارە بوو ، بە تیژڕۆییەوە بەدەم ویقەویقەوە ئامبوڵانسێکى شارۆچکەى دەربەندیخان خۆى کرد بە نەخۆشخانەکەدا ، هەر لەو دەمەدا بە هاوڕێکەم وت : بە گۆڕى شەهیدان ئەم هەرایەش دەکات و نەخۆشى خەتەریشى پێ نیە ، هەردووکمان چۆنێتى هاتنە ژوورەوەى ئامبوڵانسەکە و وەستانەکەشى سەرنجى ڕاکێشاین و بە وردى دیقەتمان دا ، هاوڕێکەم ڕووى دەمى لێکردم و بە پێکەنینەوە وتى : وەڵا هیوا عاقڵى ، خۆ هەموویان بە پێى خۆیان دابەزین !

بەدەم گێڕانەوەى دیاردەیەکەوە سەرنجى پۆلیسە پاسەوانەکە و هاوڕێکەمم بەلاى خۆمدا ڕاکێشابوو کە بە سۆنگەى ئەو ئامبوڵانسەوە هاتەوە یادم ، بۆیان گێڕامەوە کە : لە ساڵانى نەوەدەکاندا ئامبوڵانسێکى سەر بە شارۆچکەى چەمچەماڵ لێقەوماوانە بە تیژڕۆییەکى لە ڕادەبەدەر و بە ویقەویقى مەرگئامێزەوە هەفتەى جارێک و دووجار لە چەمچەماڵەوە بەرەو سلێمانى دەڕۆییشت ، دووبارەکردنەوەى ئەم ( پیشە ) یە گومان لە لاى پۆلیسەکانى بەڕێوەبەرایەتى گومرکى چەمچەماڵ دروست دەکات ، بۆیە بڕیار دەدەن لە بۆسەدا بن بۆى ، ڕۆژێکیان پێشى لێدەگرن و ناهێڵن بەشێوەى جاران بەرزەگى بانان بۆى دەربچێت ، دواى خۆسوور کردنەوە و چەلەحانێیەکى زۆرى کاکى شوفێر و دەنگەدەنگ لەگەڵ پۆلیسەکاندا ، پۆلیسەکان هەر سوور دەبن لەسەر پشکنینى ، لە دواییدا تەماشا دەکەن لەبرى نەخۆش کەلوپەلى گرانبەهاى شۆڤڵى بار کردووە و بە مەبەستى قاچاقچێتى و کڵاو لە سەر نانى زاڵگەکان ئەم حیزەفێڵە دەگرێتە بەر ، هێشتا بە تەواوى لە گێڕانەوەى ئەو باسە نەببوومەوە ، ئەو ئامبوڵانسەى کە بە پڕتاو خۆى کردبوو بە ناو نەخۆشخانەکەدا بە هەمان شێوەى پێشووى بە ویقەویقەوە چووە دەرەوە !

بەهیوام ئەم نووسینەم سزاى شوفێرى ئامبوڵانسەکەى بە دواوە نەبێت و بەڕێزى نەبێتە نێچیرى دیاردەیەک کە ساڵانێکە بۆتە باو ، بەڵکو داواکارم لە لایەنە بەرپرسەکان لە هەوڵى چارەسەر و بنبڕ کردنیدا بن بەو تەرزەى خۆیان پێیان باشە ، تا چى تر ژن و منداڵ زارەترەک نەبن و شوفێرانیش سەریان لێنەشێوێنرێت و شەقامەکانیش هەراسان نەکرێن ، بێگومان ئەمە لە لایەکى ترەوە دۆخێکى نائارامى شار پیشانى دەوروبەریش دەدات ، بە تایبەتى ئەگەر بێت و لە لایەن ئۆتۆمبیلەکانى پۆلیس و ئاساییشەوە پیادە بکرێت .
 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


سیحرى دانەنانى بەڕێوەبەرێک بۆ (بەڕێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى مین)لە چیدایە؟!

 

 


یەکێک لە پیشە هەرەپیرۆز و ترسناکەکانى دواى ڕاماڵینى دامودەزگاکانى حزبى بەعس لە کوردستاندا پاککردنەوەى خاکى بە مینڕێژکراومان بوو ، سەرەتا ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم ڕێکخراوێک بە ناوى ( ئێم ئەى جى ) یەوە بۆ ئەم مەبەستە سەرى هەڵدا و سەدان کوڕەهەژارى میللەتەکەمان لە پێناوى بژێویدا بە نەشارەزایى چوونە ناو ئەم کارە مەترسیدارەوە ، دەیان کەسیان لە کاتى مین هەڵگرتنەوەدا شەهید و سەدانیشیان بریندار و کەمئەندام بوون ، بە تێپەڕ بوونى ڕۆژکار ڕێکخراوى تریش پەیدا بوون و تا گەییشتە ئەوەى کرایە مقاوەلات و بە تەندەر دەدرایە کۆمپانیاکان و قازانجێکى زۆر بە کۆمپانیاکان و کرێیەکى کەمیش بە دیماینەر و تیم لیدەرەکان دەبڕا .

زیاتر لە 10 – 12 ساڵە بەڕێوەبەرایەتییەکى گشتى بۆ کاروبارى مین لە سلێمانیدا کراوەتەوە ، ئەمە بە ناوەکەى بێت دەبێت حکومى بێت ، ئەگەر حکومیش بێت دەبێت چ بەڕێوەبەرەکەى و چ کارمەندەکانى بە فەرمى بناسرێن و وەکو هەر دەزگا و فەرمانگەیەکى دیکەى حکومى کارەکەیان بە خزمەت بۆ ئەژمار بکرێت ، بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت کارمەندانى ئەم بەڕێوەبەرایەتییە زۆربەیان ( پێم وا بێت هەموویان ) تا ئێستا وەکو کارمەندى فەرمى دانەمەزرێنراون و هەر بە گرێبەست کار دەکەن ، کە واتە لە تەواوى ئەو مافانە بێبەشن کە پێویستە بۆ فەرمانبەرێک دابین بکرێت ، بە تایبەتى خانەشینى و هەروەها دەرکردن ، کە ئەمە پایەیەکى لەقى زامنى ئاییندەیانە بۆ ماڵ و منداڵەکانیان ، لە لایەکى تریشەوە تیایاندا هەیە ئەگەر خوانەخواستە دووچارى ڕووداوێکى دڵتەزێن ببنەوە کە هەمیشە بە حوکمى ئیشەکەیان لە ئانوساتدا ئامبازیان دەبێتەوە ئەوا بە گوێرەى ئەو پەندە کوردییە حیسابیان بۆ دەکرێت کە دەڵێت : (( ئەگەر بۆ بۆرە پیاو خۆت بدەیت بە کوشت ، دەڵێت : بە ئەمرى خوا مرد ! )) ، لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا کەسانێک هەن بەر لە دروستبوونى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەو بوارەدا کار دەکەن و بە درێژایى تەمەنى بەڕێوەبەرایەتییەکەش تیایدا خزمەت دەکەن ، جگە لەوەى بوونەتە کەسانى پسپۆڕ و شارەزا ، خاوەن بڕوانامەشن ، بەڵام وەکو ئەوەى لە بۆشایى هەوادا هەنگاو بنێن ناتوانن پێشڕەوى بکەن و لە جێى خۆیاندا و لە نێو بازنەیەکى بۆشدا دەخولێنەوە ، کەچى بەڕێزێک بە ناوى ( جەمال نادر حەمەد ) ناسراو بە ( حاجى مەسیفى ) لەوەتى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هاتۆتە بوون ، ئەو لەبەر ئەوەى بڕوانامەکەى ڕێگەى پێنەداوە وەکو بەڕێوەبەرێکى گشتى دەست بەکار بێت ، بەڵکو بە درێژایى ئەو هەموو ساڵە بە ( بریکارى بەڕێوەبەر ) لەوێیە ، بریکار دەڵێم نەک جێگر کە واتە خەسڵەت و ڕواڵەتى بەڕێوەبەریى زیاتر لە 10 ساڵە بە باڵایدا بۆى بڕاوە ، خۆزیا جێگر بوایە و بە تێپەڕ بوونى کات پلەى ئیستیحقاقى خۆى ببڕیبایە و بە پێى بڕوانامەکەشى بکرایەتە بەڕێوەبەر ، نەک بۆ ئەوەى تاپۆکەى لێ نەسەنرێتەوە چۆتە بەر خوێندن و ساڵانێکە بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو ئیشوکار و نووسراوەکانى بە واژۆى ( بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى مین بە وەکالەت – جەمال نادر حەمەد ) ەوە دەردەچێت ! جا نازانم کەسێکى شایستە و چالاک و لێهاتوو لەم کوردستانەدا بوونى نیە لەو زیاتر یان دەبێت لە ئاستى ئەم مەتەڵەدا سەرى سوڕماومان بلەقێنین و فیکەى نیگەرانى بکێشین !

( شتێکە دەڕوات و پاى نیە ، دەگریەت و چاوى نیە ، هاوار دەکات و دەمى نیە ) ، هەموو کەس دەزانێت ئەم مەتەڵە – هەورە - ، بەڵام ( کەسێکە بڕوانامەى بەکالۆریۆسى نیە ، ساڵانێکە هەر خۆى لەوێدایە و دائیرەکەى بەڕێوەبەرى نیە ، بە وەکالەت ئیمزا دەکات بە - بەڕێوەبەریى - بۆى نیە ) هەر کەسێک هەڵى بێنێت ئەم مەتەڵە ، کەسێکى ژیرە و ناگەندەڵە ، بە مەزەندەى من ئەمە بەدەر نیە لە کوتلەبازى و پێڕپێڕێنە ، نەکەى وبڤەیە ، پیاوى پسپۆڕ و چالاک مەدوێنە ، ئەگەر لە مقەباش بێت پیاوى حزبى بۆ بێنە ، ئەوسا شازى گەندەڵى و ناعەدالەتى بەرهەم بهێنە .
 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش