١٥\٦\٢٠٢٢
دیاردەی خێڵگەریی وەک دەردێکی کوشندە!

خوناو سمایل
کوردیش وەک ھەر نەتەوەیەکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ھەر لە سەرەتاوە
بابەتی بنەچە و نەژاد سەرنجی راکێشاوە و پێداگر بووە لەسەر پاراستنی
ئەو رەچەڵەکەی لێیەوەی خەمڵیوە و لەدایکبووە، ھەر لۆیە خێڵ و هۆز و
گوند و دەشتودەر گرنگیی خۆیان ھەبووە لە مێژووی ژیانیدا. ئەو
پابەندبوون و خۆشەویستییەی تاک لۆ خێڵ و هۆزەکەی ھەیبووە وایکردوە
هەمیشە لە کۆششی پیرۆزکردن و بەرزڕاگرتنی خێڵ و ناوەکەی دابێ و
پارێزگاریی لە زیندووڕاگرتنی فەرهەنگی 'بیرۆکەی خێڵگەریی' بکا.
لەوانەیە پێویستبوون بە پشتوپەنا لە کاتی خۆشیی و ناخۆشیی پاڵنەر بووبێ
لۆ ئەوەی مرۆڤەکان ھەست بە تەنیایی و لاوازیی خۆیان نەکەن، چونکە جاران
کە ژیان بە یاسا و رێسای جۆرە سیستەمێکی دیکەی خێڵەکییانە یان
ناوچەییانە بەرێوەدەچوو ئەوە ھەردەبووایە نەخش و کاری مرۆڤەکان و خێڵ و
هۆزەکانیش جیاوازتر بووبێ لە کاریگەرییان لەسەر ژیانی تاکەکان.
بیرۆکەی «سەر بە خێڵێک بوون» لە رابردوو بۆتە ھۆکار لۆ دروستبوونی
بیرۆکەی بەراوردکردن و بەربەرەکانێ و بردنەوە و زەقکردنەوەی رۆشنایی و
درەخشانەوەی دەستەواژەی « شانازیی و نازکردن» بە ناو و کرداری خێڵەکان
لە لایەن ئەندامەکانیان، ئەوەش چونکە ئەوسا خێڵ و شوێننشینییەکەیان
ھەستی پابەستبوون بە شوێنی لە لای خەڵکەکە دروستکردوە. ئەگەر هەبوونی
خێڵ و پەیوەندییەکانی پێویستییەکی زاڵ بووبێ لە رابردوو ئەوە لۆ
خۆپاراستن و مانەوە و وننەبوون و ژیانی بەکۆمەڵ بووە. لە پاڵ ئەوەشدا
ئەو جۆرە بیروباوەرە زۆر لایەنی نەرێنیی ھەبووە و دیکتاتۆریەتی بەزۆر
بەسەر داسەپاندوون و رازیبوونە بە بریاری تاکڕەوانە و ئیدی نەھامەتیی
زۆری لۆ ئەندامانی سەر بە خێڵەکە ھێناوە، گەلەک جاریش بۆتە ھۆکاری
دروستکردنی کێشە و شەڕ لەگەڵ خێڵەکانی دیکە و ئاستەنگ دروستکردن لە
مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، واتە هەبوونی خێڵ تەنیا یەک دیوی نەبووە بەڵکە
ئەویش وەک زۆر بواری دیکەی ژیان ھەردوو لایەنی ئەرێنیی و نەرێنیی
ھەبووە.
بەڵام ئایا ژیانی سەردەمیانەی ئێستا و بوونی تەکنەلۆژیا و ھاتنی ھەندێک
یاسا و رێسای ھاوبەش - جا لۆ بەرێوەبردنی ژیانی تاکێک یان کۆمەڵێک -
جێی ئەو پێویستییەی جارانی مرۆڤەکانی نەگرتۆتەوە لۆ وەدەستھێنانی
ژیانێکی سەردەمیانەی پێشکەوتوو کە مافی تاک و کۆمەڵ پارێزروابی لە
سایەی یاسایێکی مرۆییانە و یەکسانخواز لۆ ھەمووان؟ ئایا لە ژیانی
سەردەمیانەی ئەورۆ - کە جیهان بەرەو یەکپارچەیی و کۆششکردنە لە پێناو
تواندنەوەی سنوورەکان و تێکەڵبوونی خەلک لە سەرتاسەری گۆی زەوی و
پێداویستییەکانی یەکدی پەسندکردن لەو سەردەمە نوێیە - دووبارە
زەقکردنەوەی بیرۆکەی زیندووکردنەوەی خێڵ و خێڵگەریی پێویستە؟ ئایا
پاراستنی ئەو دیاردەیە و تێکۆشان لۆ هێشتنەوەی لە لایەن تاک و کۆمەڵ و
دەسەڵات بە زیانێکی گەورە کۆتایی نایێ و نابێتە کێشەیەکی دیکەی سەربار
لەسەر کێشەکانی کوردستان؟ زەقکردنەوە و گرنگییدان بەو دیاردەیە لە
بەرژەوەندیی کێیە؟ ئەگەر ھەموو بەرژەوەندییەکان لەوەدابن کە یەکڕیزیی و
یەک ھەستیی نەتەوەیی و تەبایی و یەکدی پەسندکردن هەبێ، لەبەرچی وەک
ئەوەی کە پێویستە کاری لۆ ناکرێ؟ کێشەی پارچەپارچەیی خاک و بەڕەنگکردنی
شارەکان و دابەشکردنی شەقام بەس نییە؟ لەوە پتر پێویستمان بە پارچەکرنی
دیکە هەیە بە ناوی خێڵ و هۆز و بنەماڵە؟ ئایا زیندووبوونەوەی پتری ئەو
جۆرە بیرکردنەوانە نابێتە ھۆکارێک لۆ لەباربردنی بیری ئازادی تاک و
ئازادبوونی کۆمەڵ و پێشکەوتنی گەل و نەتەوە؟ هەڵبەتە پترکردنی بازنە
داخراوەکان و ئەو دابەشکارییانە کۆششێکە لۆ سنوردارکردنی بیر و ھزری
ئازاد و کوژاندنەوەی ئومێدی بوونی کەسایەتیی سەربەخۆ و پتە و پشت
بەخۆبەستوو.
دیاردەی زەقکردنەوەی بیرۆکەی خێڵگەریی دیاردەیەکی کۆنە و نەشیاوە لۆ
کۆمەڵی کوردی کە لە ھەموو ژیانی خۆی کۆڵینەداوە لە بەرەنگاربوونەوەی
دوژمنانی لە داگیرکردنی ھزر و بیر و خاک و نەتەوە. کەواتە لەبەرچی دەبێ
دەسەڵاتداران و میدیا و خەڵکەکە خۆشیان ببنە ھۆکار لۆ زیندووکردنەوەی
بیرۆکەیەک کە بە ھیچ شێوەیەک سەردەمیانە نییە و نابێتە وەڵام و
جێگرەوەی سیستەمێک کە یاسا و رێسا تێیدا سەروەر بێ؟
ماڵپهڕی خوناو
سمایل
|