په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دییار غەریب:

کێشەی کورد لەباشووردا وابەستەی کێشەی کوردە لەپارچەکانی تری کوردستان و بەتەنیا دەسکەوتەکان جێگیر نابن و هەمیشە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە


سازدانى: کەمال چۆمانى


دیار غەریب
1973 لە سێوسێنانی سەر بەقەرەداخ لەدایک بووە.
دەرچووی کۆلێژی زانست بەشی فیزیا لە زانکۆی سەلاحەدین.
لەدامەزراندنی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستانەوە هەتا کۆنگرەی چوارەم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕی پارتی بووە.
لەکۆنگرەی چوارەمدا لە بەهاری 2008 وە هەڵبژێردراوە بە سەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان.


کەمال چۆمانى: با لەو پرسییارەوە دەستپێبکەین کە ئێوە بۆچى درووستبوون، چى نوێتان پێیە بۆ ئەو قەیرانانەى کە تووشى کوردستان بوونە؟


دیار غەریب: هەموو گەلانی بن دەست دوو جۆر تێکۆشانیان لەبەردەمدایە، تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی و تێکۆشانی دیموکراتی، ئەم دوو تێکۆشانە هاوتەریبی یەکتر بەڕێوە دەچن، لەکاتی بوونی داگیرکەردا خەباتی رزگاری نەتەوەیی بەپلەی یەکەم دێت و تێکۆشانی دیموکراتی بە پلەی دووەم دێت، بەڵام لەکاتی نەمانی داگیرکەردا یاخود بێ کاریگەربوونی ئەوا تێکۆشانی دیموکراتی دەکەوێتە پلەی یەکەمەوە. باشووری کوردستانیش لەدوای راپەڕینەوە ڕووبەرووی بارودۆخێکی تایبەت بووەوە، بەتێڕوانینی ئێمە پێویست بوو ئێمەی کورد لەسەر دوو ئاست تێکۆشان بکەین، یەکەم برەودان بەتێکۆشانی دیموکراتی و دامەزراندنی دام و دەزگای دیموکراتی و تێپەڕبوون لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ ڕای گەل و دام و دەزگای گەلەریی، لەلایەکی ترەوە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و پشتیوانی تێکۆشانی گەلەکەمان لەپارچەکانی تری کوردستاندا. دیارە لەزۆر جێگەی دونیا ئەو هێزو لایەنانەی کە تێکۆشانی رزگاریی نەتەوەیی سەردەخەن هەر خۆیان برەو بەتێکۆشانی دیموکراتی دەدەن، بەمڕەنگە ئەو هێز و لایەن و سەرکردانە دەبنە ماڵی مێژوو و گەل، بەڵام لە زۆر وڵاتیش ئەوانەی پێشەنگایەتی تیکۆشانی رزگاری نەتەوەیی دەکەن دەستپێشخەری لەبواری دیموکراتیدا ناکەن و ڕێگە نادەن کەسانی تریش ئەم خەباتە بکەن، لەبەر ئەمە داگیرکەری دەرەوە دەگۆڕێت بە داگیرکەری خۆماڵی نمونەی ئەمەش لە رۆژهەڵاتی ناویندا زۆرە. جوڵانەوەی کوردی لەباشووری کوردستان نمونەی دووەمی بۆ خۆی بەبنەما گرتووە، بێگومان لەم کاتەدا یان ئەوەتا ئێمە داگیرکەری و ستەمی خۆماڵی پەسند بکەین، یان ئەوەتا دەبێت دەست بەتێکۆشانی دیموکراتی بکەین، ئێمەش ئەمەی دووەممان هەڵبژارد. واتە ئێمە دەمانەوێت خەباتی دیموکراتی و نەتەوەیی پەرە پێبدەین و لەرێگەی تێکۆشانی دیموکراتییەوە کێشە ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان چارەسەر بکەین، لەڕێگەی تێکۆشانی نەتەوەییشەوە کێشەی سیاسی گەلەکەمان چارەسەر بکەین.

کەمال چۆمانى: درووستبوونى پچدک لە کاتێکدا بوو کە پەکەکە لە قەیرانێکى ناوخۆیی و دەرەکیدا بوو، ئایا پێتوایە دواى دامەزراندنى پارتەکەتان لە 2002 وە، چیتان لەو قەیرانانە تێپەڕاندووە کە تووشى پەکەکە بووبوون کە وەک پارتێکى باشوورى خۆتان راگەیاند، پێتانوایە دامەزراندنى پارتەکە ئەرێنییانە کەوتبێتەوە؟

دیار غەریب: ئێمە وەکو پ.چ.د.ک بەرهەمی واقیعی باشووری کوردستانین نەک وەکو ئێوە دەڵێن قەیرانی پ.ک.ک. ئێمە سوودمان لەفەلسەفەو بنەما فکرییەکانی پ.ک.ک وەرگرتووە بۆ چارەسەری کێشەکانی باشووری کوردستان. وەکو ئێوەش باستان کرد لەبەرئەوەی لەسەردەمی دروستبوونی پ.چ.د.ک دا، پ.ک.ک ش ڕووبەڕووی فشار ببوەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر خەباتی ئێمەش کردبوو. بەڵام ئەمڕۆ تا ئاستێکی باش ئەو کاریگەریانە بەلای باشیدا شکاوەتەوە.

کەمال چۆمانى: گومانى تێدا نییە کە ئێوە وەک پارتێکى هاوسۆز و هاوفکرى پەکەکە وێنا دەکرێن و ئاپۆچییەتیش خاڵى بنچینەیی فکرى ئێوەیە، تا چەند توانیوتانە ئەو ئایدۆلۆژییایە لە دیفاکتۆى هەرێم بخەنە بوارى پڕاکتیکەوە؟

دیار غەریب: ئێمە بەئاشکرا گوتومانە و شەرم ناکەین فەلسەفە و فکری رێبەر عەبدوڵڵا ئۆج ئالان سەرچاوەی فکریی ئێمەیە، هەم لەڕووی زانستی هەم لەڕووی سیاسیەوە شتێکی ئاساییە کە چەندین پارت لە وڵات و هەرێمی جیا جیادا پشت بەیەک سەرچاوەی فکری ببەستن بۆ کارو خەباتی خۆیان. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو پارتە یاخود رێکخستنە بتوانێت بەپێی بارودۆخی ئەو جێگەیەی کاری تێدا دەکات بەرنامەڕێژی بۆ بکات و بیگونجێنێ. لەم ڕوانگەیەوە سەیری بابەتەکە بکەین راستترە، واتە ئێمە تەنیا هاوسۆزی (پ. ک. ک) نیین، بەڵکو ئێمە هاوسۆز و هاو فکریین، هەروەک چۆن بزوتنەوە سۆسیالیستەکان، سۆسیال دیموکراتەکان یاخود ئیسلامی و مەسیحیەکان هاو فکرو هاو سۆزن. تاچەندە ئێمە توانیومانە ئەو بنەما فکریانە بکەینە ماڵی جەماوەر؟ دەتوانم بڵێم بۆ ئەمەیان لەسەرەتاداین، چونکە خەباتی فکری کارێکی زۆرو کاتیشی پێویستە. بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەو بنەما فکریانە دەتوانێت کێشەکانی باشووری کوردستان چارەسەر بکات.

کەمال چۆمانى: ئێستا لە کوردستان رێتان پێدەدرێت کار و چاڵاکییەکانتان بەردەوامی پێبدەن، ئەى لە ناوچەکانى ژێر هەژموونى حکومەتى ناوەندى بەتایبەت کەرکوک، ئایا هیچ کێشەیەکتان بۆ دروست دەکرێت؟

دیار غەریب: پێم خۆشە پرسیارەکەت بۆ راست بکەمەوە، ئێمە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا رێگە پێدراوین و خەباتی خۆمان بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بەڕێوە دەبەین، بە کەرکوکیشەوە، هەتا ناوەندی خەباتی ئێمە لە کەرکوکدایە. بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا زۆرجار ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکرێت، ئەوەبوو ساڵی پار لە 3-11-2007 دا بارەگاکانیان لە هەولێر و سلێمانی و پێش ئەوەش لەدهۆک دایانخست. ئەم کارانەش هەمووی لەدەرەوەی یاسا و بەبڕیاڕی سیاسی بوو. ماوەیەکە لەلایەنی حکومەتی هەرێمیشەوە زۆر ئاستەنگیمان بۆ دروست ناکرێت، بەڵام مامەڵەیەکی یاساییشمان لەگەڵدا ناکەن، ئەمەش خاڵێکی لاوازە بۆ ئەزمونی هەرێم و ئەو پرۆسە دیموکراتییەی کە دەسەڵات باسی لێوە دەکات.

کەمال چۆمانى: گومان لەوەدا نییە تورکییا دوژمنێکى هەرە سەر سەختى کورد و ئامانجە نەتەوایەتییەکانى کوردە، بەڵام خوێندنەوەتان چییە بۆ سیستەمى سییاسیی تورکییا کە رێ بە درووستبوونى پارتى وا دەدات کە هاوسۆزى پەکەکە بن کەچى لە هەرێمى کوردستانى ژێر دەستەڵاتى کوردان، رێ بە پارتەکەى ئێوە نادرێت، ئەو هۆکارانە چین کە حکومەتى هەرێم مۆڵەتى یاساییتان پێنابەخشێت؟

دیار غەریب: لە تورکیا یاسا تاڕادەیەکی باش جێگیر بووە و کاری پێدەکرێت، لە تورکیا یاسای پارتە سیاسیەکان هەیە، ئەگەر تۆ بەپێی ئەو یاسایە پارت دابمەزرێنی ئەوا ڕێگەت دەدەن کە کاری یاسایی خۆت بکەیت، ئەگەر لەیاساش دەرچوویت ئەوا بەپێی یاسا و لە ڕێگەی دادگاوە سزات دەدەن، نەک بەبڕیاری سیاسی. لەباشووری کوردستاندا یاسا جێگیر نەبووەو یاسا سەروەر نییە، ئەوەی هەیە یاسای هێزە نەک هێزی یاسا، ئەمڕۆ ئەوەی هێزی هەبێت بۆخۆی یاسایە، ئەوەشی هێزی نەبێت ئەوا مافی دەخورێت. بێگومان لە جێگەیەکدا هێز یاسا بێت ئەو کاتە رێگە نادات بەکەسانێک کار بکەن کە ڕەخنە ئاڕاستەی ئەوان بکات یاخود باس لە گۆڕان و دیموکراتی بکات. حکومەتی هەرێم گەلێک بیانوو باس دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا نەکات، بەڵام هۆکاری سەرەکی نەبوونی سەروەری یاساو دیموکراتیەتە.

کەمال چۆمانى: پێتان وایە سەرەتاکانى ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان بوونی هەبێت، ئێوە لە چەند ساڵى رابردوو "بەرەى گۆڕان"تان دامەزراند لەگەڵ چەند حزبێکى دیکەى کوردستانى، کەچى هەر زوو رەنگ و دەنگى نەما، پێتان وانییە ئۆپۆزسییۆنێکى ترسنۆک بوون؟

دیار غەریب: زەمینەی ئۆپۆزسیۆن هێدی هێدی دروست دەبێت، بەتایبەتی لەگۆڕەپانێکی وەکو باشووری کوردستاندا. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە ئۆپۆزسیۆن بۆچی دروست نابێت، یاخود دەگوترێت ئایا دەتوانرێت ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت؟ ئێمە پێمان وایە کە ئۆپۆزسیۆن دروست دەبێت و زەمینەی درست بوونیشی گەشە دەکات، بەڵام هێشتا لەسەرەتادایە. ئەزمونی (بەرەی گۆڕان)یش دەتوانرێت وەکو ئەزمونێک وەربگیردرێت، نەمانی دەنگ و ڕەنگی ئەوەبوو کە باش هەموو لایەنەکانی ئەو کارە و کاردانەوەکانی دیار نەکرابوو، یان ئەگەر دیاریکرابێتیش باش حسابی بۆ نەکرابوو ئەمەش وایکرد گە بەرگەی بارو دۆخەکە نەگرێت. کێشە ترسنۆکی یان نە ترسنۆکی نییە کێشە ئەوەیە کە پێویستی سەرخستنی ئەو کارەمان جێبەجێ نەکردبوو هەنگاومان نا، لەبەر ئەمە ئەنجامی نەگرت.

کەمال چۆمانى:
ئەگەر ئۆپۆزسییۆنێکى ترسنۆک نین وەک هەموو حزبە ئۆپۆزسییۆنەکانى تر، بۆ بە داخستنى بارەگاکانتان لەلایەن یەکێتى و پارتییەوە، بەردەوام نەبوون لە هەڵوێستى دیموکراسییانە و هەوڵدان بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان و چاڵاکى مەدەنى؟

دیار غەریب: ئێمە وەکو بەرە بارەگامان نەگیرا ئێمە وەکو پارتی بارەگامان گیرا، ئەگەر لەم بوارەدا ڕەخنە هەبێت بۆ ئێمەیە وەکو پارتی نەک وەکو بەرە. سەبارەت بە بارەگا ئێمە هەڵوێستمان نیشاندا لەڕووی سیاسی، راگەیاندنی و یاساییشەوە. بەحکومەتی هەرێممان گوت ئەو کارەی دەیکەن کارێکی نایاسایی و نادیموکراتییە، کە گوێیان لێ نەگرتین لەراگەیاندندا رەخنەی ئەو بابەتەمان کرد و دواتر لەڕووی یاساییشەوە ساکاڵامان تۆمارکرد لە دادگا. لەڕووی جەماوەریشەوە ئێمە لەخەباتی خۆمان بەردەوامین. لێرەدا پێم خۆشە کە خاڵێک بۆ ئێوەو خوێنەرانی بەڕێزیش ڕوونبکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە بارەگا بە هۆکارێک دەبینین بۆ کار و خەبات نەک ببێتە هەموو شتێک لامان. ئێمە پێشتریش بارەگامان نەبوو هەر خەباتمان کردووە و لە ساڵی پاریشەوە هەتا ئێستا بارەگامان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا نییە بەڵام خەباتی ئێمە نەک رانەوەستاوە بەڵکو بەشێوەیەکی باش پێشکەوتووە. بۆ ئێمە فەلسەفەو بیر وباوەڕمان سەرچاوەی خەبات و تێکۆشانمانە نەک بارەگا. ئەوەندەی ئێمە خۆمان بەو کارەوە خەریک بکەین هێز و توانای خۆمان دەتوانین بۆ دووبابەتی تر بخەینە گەڕ کەسوودی زیاتری بۆ جەماوەر هەبێت.

کەمال چۆمانى:
ئێوە چارەسەرى ئەو کێشانەى هەرێمى کوردستان لە چیدا دەبیننەوە؟

دیار غەریب: سەبارەت بەکێشەی باشووری کوردستان ئێمە لەچوارچێوەی چەند تەوەرێکدا کاری بۆ دەکەین، یەکەم: لەسەر ئاستی نەتەوەیی ئێمە پێمان وایە کە کێشەی کورد لەباشووردا وابەستەی کێشەی کوردە لەپارچەکانی تری کوردستان و بەتەنیا دەسکەوتەکان جێگیر نابن و هەمیشە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە. هەربۆیە پێویستە کار بکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و سازدانی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی و لەو چوارچێوەیەدا کارکردن بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەهەر بەشێکی کوردستان بە بەشێکی کارى خۆمان بزانین. دووەم: لەسەر ئاستی ئێراق کار بکەین بۆ هەموارکردنی دەستوور بەمەرجێک کە بنەماکانی فیدراڵی و دیموکراتی و مافە نەتەوەییەکانی تێدا گەرەنتی بکرێت و دەسەڵاتی ناوەند کەم بکاتەوە و دەسەڵاتی هەرێمەکان بەرفراوان بکات. سەبارەت بە کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیش پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە کە دەتوانێت کێشەکانی ئەو هەرێمانە چارەسەر بکات. سێیەم: سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش ئێمە پێمان وایە کە پێویستە دەستوورێکی دیموکراتی گەڵاڵە بکرێت، دام و دەزگاکانی حکومەت و حزب لەیەکتری جیابکرێنەوە، هێزی پێشمەرگە وەکو هێزێکی نیزامی سەربەخۆ رێکبخرێت و پرۆسەیەکی لێپرسینەوەی سەربەخۆ لە ژێر چاودێری کەسانی پسپۆڕدا بەڕێوە ببرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانیان بەرامبەر بە گەل کردووە یان ماڵی گەلیان بۆ خۆیان بەکار هێناوە. شانبەشانی ئەمانە ئێمە پێمان وایە کە کێشەکانی کۆمەڵگا لەڕێگەی هۆشیار کردنەوە و رێکخستنی کۆمەڵگا لەچوارچێوەی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیدا چارەسەر دەبێت.

کەمال چۆمانى: بۆ نەتانتووانیوە لەگەلڕ ئەو هێزانە کۆببنەوە و بەرەیەکى جددى ئۆپۆزسییۆن دروستبکەن، بە نمونە بەرەیەکى دیموکراتى نەتەوەیی لەگەلڕ هێزە ئیسلامییەکان، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵکى کوردستان جییاوازییە ئایدۆلۆژییەکان وەلا بنێن؟

دیار غەریب: ئێمە لەم بوارەدا کێشەمان نییە، دەتوانین لەگەڵ هێزی ئیسلامی و ڕەوتی تریشدا بەرە دروست بکەین، بەڵام من گوتم ئەمە کاری دەوێت. چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت، بەداخەوە هەتا ئێستا زۆربەی هێزە سیاسیەکانی باشوور لەڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتمانی کوردستانەوە مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن. هەر بۆیە گوتم کاری ئۆپۆزسیۆن زەحمەتە. وەکو تر مەسەلەى نەتەوەییش پێوانەی هەیە هەتا ئەمڕۆ نەک لەناو هێزە ئسلامییەکاندا بەڵکو لەناو هێزە عیلمانییەکانیشدا بەرەیەکی نەتەوەیی دروست نەبووە. من سەرەتا باسم کرد کە پێویستە خەباتێکی نەتەوەیی بەڕێوە بچێت، هۆشیاری نەتەوەیی پێش بخرێت، لەهەمان کاتدا ئیرادەی ئۆپۆزسیۆن بوون نیشان بدرێت. دەبێت ئەو راستییە بزانین کە بێ بوونی هۆشییارییەکی نەتەوەیی و بنەمای نەتەوەیی، هەروەها بەبێ نیشاندانی ئیرادەی ئۆپۆزسیۆن بوون بەرە یاخود ئۆپۆزسیۆنێک لەسەر بنەمای نەتەوەیی پێک نایەت. ئەمڕۆ پارتە ئیسلامییەکان لەگەڵ رێزمدا بۆیان ئیرادەی ئۆپۆزسیۆن بوون نیشان نادەن.

کەمال چۆمانى: ئەمڕۆ لە کوردستان فیکرى نەتەوەیی گۆڕى بۆ هەڵکەنراوە و ئەوەندە ماوە بنێژرێت، ئێوە بۆ سوود لەو فەڕاغەى پارتە سییاسییەکانى تر وەرناگرن و بتوانن سوود لەو گەنجانە وەربگرن کە فیکرى سەربەخۆیی خوازى و ئازادییان لە مێشکدا چەسپیووە؟

دیار غەریب: من پێم وایە کێشەکە بەمڕەنگە نییە، راستە ئەمڕۆ بۆشاییەکی سیاسی هەیە، جەماوەری ئێمە حەزیشیان لەسەربەخۆیی هەیە، بەڵام تاک و کۆمەڵگای ئێمە گەیەندراونەتە ئاستێک کەنەفرەت لەسیاسەت دەکەن و باوەڕیان بەتێکۆشان نییە. ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی تاکێکی بەخۆباوەڕ وتێکۆشەر دروست بکەین، چونکە هەتا سەرلەنوێ تاک و کۆمەڵگا لەسەر بنەمایەکی راست بونیاد نەنرێن ئەوا ناتوانرێت کێشەکانیش چارەسەر بکرێن. بێگومان ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی کەگەلەکەمان لەم بارودۆخە رزگار بکەین.

کەمال چۆمانى: پێتانوانییە ئەو خۆبەستنەوەیە توندەى ئێوە بە پەکەکە و سییاسەتەکانى پەکەکە کاریگەرى نێگەتیڤى لەسەر بەرەو پێشچوونى ئێوە درووستکردبێت؟

دیار غەریب: من سەرەتاش باسم کرد ئێمە چارەسەری لەو فکر و فەلسەفەیەدا دەبینین و پێمان وایە خاڵی بەهێزی ئێمە ئەمەیە. راستە بەهۆی ئەم بیر و بۆچوونەوە ڕووبەڕووی فشار و زەحمەتی دەبینەوە، بەڵام دەبێت ئەو راستیە بزانین کە هەموو بیر وفەلسەفەیەکی نوێ ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە، هەموو ئایدیایەکی نوێ ژانی لەدایکبوونی نوێی هەیە. ئێمەش لەدایکبونێکی نوێین و دەتوانین بەرگەی ئەو ژانەش بگرین. چەندەش زەحمەتی هەبێت لەئەنجامدا هەر دەبینە جێگەی باوەڕی و متمانەی جەماوەر.

کەمال چۆمانى: پرانسیپەکانى "ئازادى ژن، دیموکراسیی و ژینگە" لە ناو ئێوە گفتوگۆى زۆرى لەسەر دەکرێت، بۆ ئازادى ژن ئەوەتان کردووە کە تا ئێستا لە مێژووى پارتە سییاسییەکانى کورددا بە قەد ژمارەى پارتەکەى ئێوە ئەندامى سەرکردایەتى ژن نییە، بۆ دیموکراسییەکەش لە تەمەنێکى کورتدا چوار کۆنگرەتان کردووە و دوو سەرۆکیشى گۆڕاون، بەڵام بۆ ژینگە هیچتان دییار نییە. ئەى هیچ کۆنتاکتێکتان لەگەلڕ وەزارەتى ژینگە و تەندروستى هەیە کە ئێوە تاکە حیزبن ئەو ئامانجەتان هەبێت؟

دیار غەریب: راستە یەکێک لە دروشم و بنەما فکرییەکانمان فەلسەفەی ژینگەییە، ئێمە پێمان وایە کە ژینگە وەکو تەنێکی هاوسەنگی فرە پێکهاتە وەهایە، ئەگەر یەکێک لەو پێکهاتانە جێگەی بگۆڕدرێت یان واتایەکی جیاتری بدرێتێ لەو پێگەو جێگەی کە هەیەتی ئەوا هاوسەنگی ئەو تەنە تێکدەدا و لەئەنجامدا هەموو پێکهاتەکان زەرەر دەکەن، لەبەر ئەمە پێویستە ئێمە هاوسەنگی ژینگە بپارێزین. وەکو ئێوەش گوتتان راستە لەم بوارەدا کارو تێکۆشانی ئێمە وەکو پێویست نییە، پەیوەندیشمان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەدا لەئاستی پێویستدا نییە.

کەمال چۆمانى: ماوەیەکە باس لە گردبوونەوەیەکى نەتەوەیى دەکرێت، ئەوەندەى من لێی ئاگادار بم، "پچدک"ش یەکێکە لەو هێزانەى ئەو بەرەیە و گردبوونەوەیە، بە ئەرێنى وەسفدەکات، دەکرێت لەم رووەوە ئەوە بزانین ئێوە چیتان کردووە؟

دیار غەریب: ئەوەی ئێمە ئاگادارین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( KNK ) ماوەیەکە پرۆژەیەکی بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی و ستراتیژی نەتەوەیی ئامادەکردووە، دەخوازێت ئێمە لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە هێز و لایەنە کوردستانییەکان بگەیەنەتە یەکتری پەیمانیکی نەتەوەیی گەڵاڵە بکات. ئێمەش لەکۆنگرەی چوارەمی خۆماندا بڕیارێکمان دا سەبارەت بەم بابەتە و پشتیوانی خۆمان بۆ هەر پرۆژەیەکی لەو جۆرە راگەیاند و هەوڵ و توانای خۆشمان دەخەینەگەڕ بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و لەم بوارەدا هەتا ئاستێک کارمان کردووە.

کەمال چۆمانى: ئەى ئایا ئێوە بەشێکن لە کۆما جڤاکێن کوردستان و کۆنفیدڕالیزمى دیموکڕاتیک بە چارەسەرى باشووریش دەزانن یان نا؟

دیار غەریب: راستە ئێمە بەشێکین لەکۆما جڤاکێن کوردستان، کۆنفیدراڵی دیموکراتی بە چارەسەری ریشەیی دەزانین بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا، ئەمەش ناوەڕۆکی بیرو بۆچونی ئێمەیەو ئەم پڕۆژەیە جیامان دەکاتەوە لەهێزە دەسەڵاتخوازەکان، چونکە کۆنفیدراڵی دیموکراتی رێکخستنی جەماوەرە بە پشت بەستن بەخۆیان و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دەسەڵات دروست نابێت، پشت بە کۆمەڵگا دەبەستێت. کۆما جڤاکێن کوردستانیش سیستەمی جەماوەری کوردستانە، بێگومان ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی کە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان و جەماوەری کوردستانیش لەناو ئەم سیستەمەدا جێگەی خۆیان بگرن.

کەمال چۆمانى: هەڵوێستتان لەسەر رێککەوتنى ئێڕاق و ئەمریکا چۆنە، ئەوەندەى من بزانم ئێوە بە گومان دێدێکى رەخنەییەوە لە رێککەوتننامەکە ئەڕوانن؟

دیار غەریب: سەبارەت بە رێککەوتنی ئێراق و ئەمریکا ئێمە هەڵوێستی لایەنی کوردی لاواز دەبینین، چونکە ئەو رێکەوتنە زۆر ناهاوسەنگە و ئەمریکا هاوشێوەی بریتانیای ساڵی 1925 دەخوازێت ئێراق ببەستێت بەخۆیەوە و لاوازی ئێراق بۆ خۆی وەکو دەرفەتێک دەبینێ، کورد هیچ سوود لەم رێککەتنە نابینێ، ئەو رێکەوتنە سەروەری ئێراق و کوردستان دەخاتە ژێر دەستی سوپای ئەمریکاوە، خاک و ئاوو ئاسمانی ئێراق دەکاتە زەمینە بۆ شەڕێکی هەرێمی، هەروەها بەهیچ شێوەیەکیش باس لە مەسەلەی کورد پێگەی کورد ناکرێت، ئەمەش ڕووبەڕووی بارودۆخێکی وەکو سەردەمی رووخاندنی رژێمی سەداممان دەکاتەوە، کە کورد هاوکاری رووخاندن بوو بەڵام هیچ دەسکەوتێکی گەرەنتی نەکرد. لەبەر ئەمە بەو شێوەیە پشتیوانیکردن لەو پڕۆژەیە زیانی بۆ دۆزی گەلەکەمان هەیە. ئێمە داوامان کردووە کە ئەو رێکەوتنەکاتێک ئیمزا بکرێت کە سەروەری یاسا و خاکی ئێراق پارێزراو بێت و هێزەکانی ئەمریکا لەژێرچاودێری یاسا و رێسای ئێراقدا هەڵس و کەوت بکەن و رێگە نەدرێت کە خاکی ئێراق بکرێتە زەمینە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی هەرێمەکە. هەروەها داوامانکردووە ئەو رێکەوتنە دان بە سیستەمی فیدراڵی ئیراقدا بنێت و مافەکانی گەلی کورد بپارێزێت و هەردوولا کاربکەن بۆ ئەوەی کە کێشەی کورد لەهەرێمەکەدا بەشێوەی دیالۆک و دیموکراتی چارەسەر ببێت.

کەمال چۆمانى: گەر من شتێکم لەبیر کردبێت و تۆ چاوەڕێى ئەوە بووبیت بیکەمە پرسییار، خۆشحاڵ دەبین گەر پێمان بڵێیت و دوا تێبینییەکانتانم پێبڵێیت؟

دیار غەریب: دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان بەرهەمی ڕەنج و خەباتی گەلەکەمانە بەگشتی و لەباشووری کوردستاندا بەتایبەتی، ئێمە لەپێناوی پاراستن و مەزنکردنی دەسکەوتەکانی گەلەکەماندا تێکۆشان دەکەین، ئێمە دەخوازین جارێکی تر مێژووی شکان و پەرتەوازە بوون دووبارە نەبێتەوە. ئێمە دەخوازین تێکۆشانێکی دیموکراتی و نەتەوەیی پەرە پێبدەین و ئەمەش بەگەرەنتی دەسکەوتەکان دەبینین. داوا لەهەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە ئامانجیان خزمەتی گەلە بە بەشێک لەخۆیانمان بزانن و ئێمەش ئەوان بەهاوخەبات و لایەنگری خۆمان دەزانین. داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین کەرێگە لەبەردەم تێکۆشانی دیموکراتیدا بکاتەوە و لەتێکۆشانی دیموکراتی سڵ نەکەنەوە، چونکە لەدیموکراتیەتدا کەس زەرەر ناکات، لەدیموکراتیەتیشدا بێ چارەیی نییە، ئەوەی بێ چارەیی دەخولقێنێ زەمینە نادیموکراتیەکانن. سوپاس بۆ ئێوەش.

 


chomani_85@yahoo.com