دزاو دز کەوتن.
ستار محەمەد قادر
زۆر ئاساییە مرۆڤ لە ژیواری دزاو دز کەوتندا بە شوێن ئاوەڵناوێکدا
بگەڕێت هاوشێوەی گەندەڵی، چونکە بمانەوێت یان نا، گەندەڵی بە واتای بار
سووککردنەوەی ئەو کەسە دێت کە خۆی لە بنەڕەتدا ناوێکی دیکەی هەیە!
گەندەڵی ئەگەر بمانەوێت بە زوبانێکی سادە پێناسەی بکەین، بە واتای نغرۆ
بوونی کەسێک لە کارێکی نەشیاو و نا بەجێدا. ئەگەریش بمانەوێت تەرجەمەی
حەرفی بۆ بکەین واتا سەرپێچیکردنی ئەو کەسەیە لە بواری مۆراڵی و
پیشەییدا. بەکارهێنانی شتە گشتییەکانە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتیدا.
ئەو گەندەڵییەی لێرە بووە بە وێردی سەر زوبان و بە شانازییەوە باسی
لێدەکەین، لە وڵاتانی دونیادا یاسایەک هەیە کە کەسی گەندەڵکار بە دز
دەناسێنێ و سزای زیندانی بە سەردا دەسەپێنێت. بە هەر حاڵ من لێرەدا
دەمەوێت بە نموونەیەک تێکەڵ بە بابەتەکەم ببم کە لە واقیعدا روویداوە.
دەڵێن لە یەکێک لە گووندەکانی دەورووبەری شاری کەرکوک کابرایەک ئێستا
لە ژیاندا نەماوە بۆیە نامەوێت ناوی بهێنم، "کا" ی ناو لۆدەکەی بە
کابرایەکی عارەب دەفرۆشێت، ئەم "کا" فرۆشتنە لە ناوچە کورد نشینەکاندا
لە دوای وەرزی بەهار دێت، چونکە لەوە دڵنیا دەبن ئیتر گژو گیا بەشی
مەڕو ماڵاتیان دەکات لە دەشتاییەکاندا. بۆیە لە دوای وەرزی بەهار دەست
دەکەن بە فرۆشتنی "کا"ی عەمبار کراویان.
ئەو بابا حاجییە لە یەکێک لە رۆژەکانی دوای بەهار "کا"ی ناو لۆدەکەی
دەفرۆشێت بە یەکێک لەو عەرەبانەی کە دانیشتووی دەورووبەری ناوەندن و
گامێش بە خێو دەکەن. دوای بڕینەوەی مامەڵە کابرای عارەب بە مام حاجی
رادەگەیەنێت بەیانی ماشێن دێنێت بۆ بارکردنی، شەوەکەی مام حاجی بیر
لەوە دەکاتەوە کە ئەو "کا"کەی فرۆشتووە و بەیانی زوو کابرای کڕیار
سەیارە دێنێ و باری دەکات، بڕیار دەدات کاتژمێر 2ی شەو بڕوات
3تا4رەشکەی لێبدزێت و بیهێنێتەوە بۆ ماڵەوە. کاتێک نێزیکی لۆدەکە
دەبێتەوە گوێی لە خشەی شتێک دەبێت، گوومانی ئەوە دەکات کە ئەمە خشەی
یەکێکە لە "لۆدەکە" خەریکی دزیکردنە، بۆیە بە باشی دەزانێت لێی بخووڕێت،
بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات ئەوە کێیەو چ کارەیە بەم نیوە شەوە لێرە
چی دەکات، کابرای دزەش هاور دەکات مام حاجی ئەوە منم. مام حاجی پێی
دەڵێت بەم نیوە شەوە چی دەکەیت لێرە خەریکی دزینی کای ناو لۆدەکەیت،
کابرای دزەش زۆر بە جوانی وەڵامی مام حاجی دەداتەوە و دەڵێت: ئەوە من
زانیومە تۆ "کا"یەکەت فرۆشتووە و بەیانی دێن باری دەکەن، بۆیە بە باشم
زانی بەم نیە شەوە چەند رەشکەیەکی لێبدزم، ئەی باشە ئەگەر جەنابت بۆ
دزی نەهاتووی بەم نیوە شەوە لێرە چی دەکەیت؟! لە سەروو بەندی ئەو دزاو
دز کەوتنەوە لە دونیای هاوچەرخدا بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دەم سپی و
رێنیشاندەری کۆمەڵانی خەڵکی دەزانن، ئاوەڵناوێکیان دۆزیەوە نێویان لێنا
"گەندەڵی"! چونکە کۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا نەی توانیوە ئەو بەستەڵەکە
بشکێنێت کە گەورەکان تێیدا بخرێنە باری لێپرسینەوەوە و حەقیقەتیان
کەشفبکرێت!!
star_qad_yahoocom
|