په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٥\٢٠١١

دیزەبەدەرخۆنەکردنى هەواڵەکەى - لڤین - هیچى لە خیانەت کەمتر نییه‌.


هیوا رەش     


ئەمڕۆ کەشێکى مەترسیدار باڵى بەسەر هەرێمەکەماندا کێشاوە ، تا دێت زمانى ڕەتکردنەوەى یەکتر بارگاویتر ئەکرێت ، هەموومان بە پێى پێگە لەمەدا بەرپرسیارین و دەسەڵاتیش لەم نێوەندەدا بە پلەى یەکەمى ئەو بەرپرسیارێتییە دێت ، لێ مخابن بەناو میدیا ئەهلى و سەربەخۆکان بەپلەى دووەم و بەر لە ئۆپۆزیسیۆنەکەى ( گۆڕان ، کۆمەڵ و یەکگرتوو ) دێن و لە هەوڵى زیاتر ئاڵۆز کردنى بارودۆخەکەدان ، هەر ئەوانیش وەکو دەزگایەکى (سەربەخۆ)ى ڕاگەیاندن بوونەتە هەسان و چەقۆکان بۆ ملبڕینەوەى یەکتر تیژ ئەکەن ، ئەمەش مایەى وێستە کردن و پرسیارە ، ئەوانەى لەم گۆمە ڵێڵەدا مەلە ئەکەن کێن ؟ تۆمەت بەشینەوە کارێکى نەشیاو و قێزەونە بەڵام لە کاتێکدا ڕۆژگار راستییەکان دەرئەخات ، ئیدى بە گشتیى ، میدیا ئاوسەکان بە هەواڵى زۆڵ بە ئاوێتەیى دەسەڵاتى گەندەڵ ، بوارێک ناهێڵنەوە بۆ ئەوەى چمکى مێژووى قوربانیدانى گەلەکەمان بگرین و شانازى بە خەبات و بەرخودانەکانەوە بکەین ، چونکە هەموومان نوقمى دەریاى خۆخۆرى ئەبین و لە خوێنى خۆماندا ئەگەوزێین .

ئەمجارەیان گۆڤارى - لڤین - لە ژمارە 160 یدا پەیامى کێرد و چەقۆ بڵاو ئەکاتەوە ، گوایە مەکتەبى سیاسیى یەکێتى بە هاوکاریى مەکتەبى سیاسیى پارتى لە هەوڵى داڕشتنى کوشتنى سێ سەرکردەکەى ئۆپۆزیسیۆن ( نەوشیروان مستەفا - سەڵاحەدین بەهادین و عەلى باپیر ) دان ، ئەحمەد میرەى گۆڤارەکەش بە تێکەڵاو کردنى کۆمەڵێک شت لە ژێر لێوەوە تەئکید لەو ڕاپۆڕتە هەواڵییە ئەکاتەوە .

ئەگەر نیازى داڕشتنى پلانێکى لەو شێوەیەش هەبێت ، پێم وانیە لە مەکتەبى سیاسى تەڕح بکرێت ، لەوان کارامەتر بۆ گرتنە ئەستۆى کارێکى نامەردانەى لەو شێوەیە دوو دەزگاى بەدناوى وەکو ( زانیارى و پاراستن ) لە پێشترن و ئەوەیش لە ئاستێکى زۆر باڵا و هەستەوەردا ئەکرێت ، کارى وا لەوان ئەوەشێتەوە نەک لە مەکتەبى سیاسى ئەو دوو حیزبە کە تا ئێستا خەڵکانێکى تێدایە هەموو داڕشتن و هەنگاو نان بۆ حێبەجێ کردنى شێوازێکى لەو جۆرە پلانانە لەم ئان و ساتەدا ڕەت ئەکەنەوە ، بە عەقڵى کێدا ئەچێت - کۆسرەت رەسول و دکتۆر بەرهەم - کە هەردووکیان وێڕاى ئەندامێتى مەکتەبى سیاسییان ، جێگرانى یەکەم و دووەمى جەلال تاڵەبانیشن کە بەرزترین پلەباڵایان لە یەکێتى نیشتمانى کوردستاندا گرتووە ، قبوڵى ئەنجامدانى تاوانێکى نەخوازراوى ئاوها بکەن ؟ ! ڕەنگە لە کۆبوونەوەیەکدا شتێکى وا خرابێتە بەرباس و ڕەت کرابێتەوە ، بۆیە واى بۆ ئەچم ، چونکە خەڵکى نابەرپرس و ناشایستە هەن کە لە ڕوانگەى شەڕ و خوێنەوە نەبێت دیدگاى فکرییان بستێک بڕ ناکات ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت - ئەحمەد میرە - خوێندنەوەى ئاوهاى بۆ بکات و گیانى نائومێدیى و بێمتمانەیى بڵاو بکاتەوە ، تا هەوڵى تێک بەردانى لە مێژینەى نەیارانى کورد بهێنێتە دى و گیانى پێکدادان دەمەزەرد بکاتەوە.

ئەوەى تا ئێستا ڕەچاو کراوە ئەوەیە ، ئەو بڵاوکراوە بەناو ئەهلى و سەربەخۆیانە کە ئەو ناوەیان لە خۆیان ناوە ، نەک پارێزگارییان لە ئیدیعاکانى خۆیان نەکردووە و بۆى بەوەفا نەبوون ، بەڵکو بە ئاشکرا لایەنداریى خۆیان دەرخستووە و ئەوەى کە خۆیان بانگهێشتى بۆ ئەکەن هەر بڕواشیان پێ نیە ، هیچ کاتێک و بە هیچ کلۆجێک ئاییندەى گەلەکەمان و پاراستنى ئەزمونە نوێکەیان لەبەر چاو نەگرتووە ، بەڵکو دژایەتییەکى پەنهانى پەنگ خواردوو لە نێو هەگبەکەیاندا خۆى حەشار داوە .

لە هەڵبژاردنى ڕابردوودا لیستێکى رکابەرمان بە ناوى - لیستى سپى سەربەخۆ - پێکهێنا کە ڕۆژنامەى - هاوڵاتى - سەروکارى ئەکرد و خودى تاڕق فاتیح سەرۆکى لیستەکە بوو ، لیستەکە جگە لە - هاوڵاتى - ، پارتى چەپى کوردستان و یەکێتى کۆمەنیستەکانیشى تێدا بەشدار بوون و لە دواییشدا پارتى چارەسەریى دیموکراتى کوردستانیش هاتنە خەتەوە ، لە دانیشتنێکى لیستەکەدا کە لە هاوڕێیانى پارتى چەپى کوردستان ، محەمەد خدر پشدەریى ناسراو بە دکتۆر محەمەد ، ڕزگار تاهیرى ناسراو بە هاوڕێ ڕزگار و من و چەند کەسێکى تر و تاریق فاتیحى سەرۆکى لیستەکەش ئامادەى بووین ، سەرۆکى لیستەکە بە شیلگیرییەوە جەختى لەسەر بەشدار بوونمان ئەکردەوە و ڕایگەیاند : ئەگەر بێت و ئەمجارە بەشدار نەبین ، لە ئاییندەدا پارتى و یەکێتى هێندە خزمەتگوزاریى پێشکەش بە خەڵک ئەکەن ئیدى بوارێک بۆ بەشدارى کردن لە هەڵبژاردنەکانى ئاییندەدا بۆ کەس ناهێڵنەوە ، هەرچەندە ئێمە لە پارتى چەپى کوردستان پێمان وا بوو ئەمە دیدێکى سەقەتە و ئەگەر پارتى و یەکێتى ئەوەندە جوامێر بن و خزمەتى خەڵک بکەن ، ئەو کاتە بەشدار بوون و نەبوونى ئێمە مەسەلەیەک نابێت ، خۆ ئێمەش بە مەبەستى خزمەت کردنى خەڵک نەبێت نە شەیداى پۆست و پارەین و نە پارتى و یەکێتیش بە دوژمنى سەرسەختى خۆمان ئەزانین ، لەگەڵ ئەم هەموو پێداگرتنەى ڕۆژنامەى هاوڵاتیشدا لە کۆتاییدا لیست (ریس) ەکەمان کرایەوە بە خورى و ئێمە وەکو پارتى چەپ و یەکێتى کۆمەنیستەکان لە داخى ئەم دەسخەڕۆییە بە گیرفانى بەتاڵەوە خۆمان ئەخواردەوە ، بە فرۆشتنى قووتى ماڵ و منداڵەکانیشمانەوە نەمانتوانى پارێزگاریى لە خەرجییەکەى بکەین و بە پاشەکشە (دۆڕان)ى پێشوەختەوە لە پرۆسەکە هاتینە دەر ؟؟؟ !!! بۆیە ئەمەم بە نمونە هێنایەوە تا ڕوونتر کرۆک و مەرامى میدیا (ئەهلى) و ( سەربەخۆ ) کان بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە کە وردەواڵەى زۆرتر لەوەى ئەیڵێن لە هەناوى خۆیاندا هەڵگرتووە !

نامەوێ وەکو تەحەداکەرە بێ تەحەداکان منیش تەحەدا بکەم ، وەلێ ئەتوانم لە ئاستى ئیدیعاى - بێلایەنى - ى میدیا لایەندارەکان باس لەوە بکەم ، ئەگەر بە ئەرشیفى ئەو میدیایانەدا بچینەوە شتێکمان بەرچاو ناکەوێت بە ناوى بێلایەنییەوە ، چونکە چەندێک شکانەوەى دەسەڵات لە گوتارەکانیان بەدى ئەکرێت دوو هێندەش بە داشکاندن بە لاى ( ئۆپۆزیسیۆن ) یشیان موتوربە کراون ، بە میکرۆسکۆب بە دووى کەموکوڕییەکاندا ئەگەڕێن و بە زەڕەبینیش ئەیکەن بە زلمانشێتى بڵاوکراوەکانیان ، ئەمە و لە کاتێکدا ئەتوانن باس لە سەربەخۆیى و بێلایەنیى خۆیان بکەن کە لایەنەکان لە یەک تاى تەرازوودا دابنێن و ئیدیعاکانیشیان لە تاکەى تردا بێت ، بەڵام ئایا وایە ؟ خۆشیان بڕوا ناکەن وا بن و ئەستەمە کەسیش بەو دوعایەیان بڵێ ئامین !

سەرۆکایەتى هەرێم لەمەڕ پلانە ئاشکرا کردووەکەى مەکتەبە سیاسییەکانى حیزبە دەسەڵات زاڵەکان بۆ کوشتنى سێ سەرکردەکەى ئۆپۆزیسیۆن کە لە لڤیندا بڵاو کراوەتەوە داواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى وردى لە داواکاریى گشتیى کردووە بۆ دەرخستنى ڕاستییەکان و ئاشکرا کردنیان و گرتنە بەرى ڕێکارە یاساییەکان ، ئەحمەد میرەش بە گومانى تێکەڵ و پێکەڵ و تەسڕیحى بێسەرە و بەرەوە ، لەبرى ئەوەى بێ سەغڵەت بوون بە پیریەوە بچێت و ئەگەر ڕوون کردنەوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم پێچەوانە دەرچوو ئینجا ئەو هەڵوێستەى مەسعود بارزانى ناشیرین بکات و دەستاڕى بۆ بخاتە گەڕ و بیکاتە هەوێنى ڕێچکەى گۆڤارەکەى ، کەچى پێشوەخت فەتواى ناشیرین کردنى ئەدات ! ئەگەر پەیامى میدیاى ئەهلى وابێت سەد ڕەحمەت لە کفن دزەکانى کوردستانى نوێ و خەبات ، ئەمڕۆ لە ویستى ئەحمەد و محەمەد و منیش بەدەرە ، سێ سەرۆکایەتى ( هەرێم ، پەرلەمان و حکومەت ) بە خۆسەپێنیى پارتى و یەکێتى و بە خۆپێچانەوە لە بەرگى دەستور و یاساشدا بێت ، لە میانەى ( سندوقى دەنگدان ) ەوە بڕیار لێدراون ، لە لایەن دەر و دراوسێوە باوەڕ پێکراون و لە ناوخۆشدا بە ئیجماعى حیزبە بەشداربووەکانى هەڵبژاردن سەلمێنراون ، جگە لە ئەحمەدەکان .

هەموو کەس ئەزانن کە شەهید کردنى شێخ ستار کاریگەریى لەسەر ڕەوتى مێژوویى دەرخستنى ڕاستییەکان و ڕیسوا کردنى کردەوە پەنهانەکانى سەرکردایەتى سیاسیى کورد هەبوو وەک لە شەهید کردنى سەردەشت عوسمان ، بەڵام شێخ ستار بە تونى باوەعەمرەدا ئەکرێت و سەردەشتیش لە قوللەى قاف دائەنرێت ، ئەمەیە ویستى لایەنداریى و کەیف و سەفاى ئەو میدیایانەى با لە کوێوە بێت لەوێوە شەن ئەکەن ، نەک بۆ خزمەتى خەڵک و خوێنەران ، بۆیە نامۆ نیە بەر لەهەر وتوێژێک ، دانوستانێک ، بۆچوون و بەدواداچوونێکى میرەکان ، بەر لەوەى بە دووى ڕاستییەکاندا بگەڕێن و ڕاستگۆیى خۆیان لا مەبەست بێت ، پێشڕەویى خۆیان پێشوەخت ڕائەگەیەنن ، جا ئەو پێشڕەوییە بە چ جۆگەلەیەکدا ڕۆ ئەچێت گرفتێک نیە یە قەد ئەوەى هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانى بکرێت ، ئەگینا ئەم هەواڵە بۆن خوێن گرتوە گریمان ئەگەر واش بێت ! کەى ئێستا لەم کاتى مەیدانە پڕ لە تفەنگ و باروتەدا شایەنى بڵاو کردنەوەیە ؟ میرەکان تازە بە تازە مەسعود بارزانیمان پێ ئەناسێنن کە حیزبییە ، وا ئەزانن مندال بۆ میز کردن لە خەو هەڵئەسێنن و پێیان وایە خەڵک نە ئەمەیان بیستووە و نە درکیان پێ کردووە و نە ئەشیزانن ، وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خۆى نەناساندووە کێیە و پەیامە پەنهانەکانى لە خزمەتى کێدان و بۆچى ڕاشکاوانە دەرى نابڕێت و سەربەخۆبوون لەکەدار ئەکات ؟ باشتر وایە بۆ جوان کردنى ئەزمونى ئەمڕۆى گەلى کوردستان ، کە چۆن ساڵانێکە پارتى و یەکێتى سوارى پشتى گەمیى ئەزمونى پڕ قوربانیى خەڵک بوونە و ئۆپۆزیسیۆنیش بە هەمان ڕوحیەتەوە هەم سوارى پشتى ناڕەزایەتیى خەڵک بوونە و هەمیش ئۆپۆزیسیۆنى ڕاستەقینەیان ناشیرین کردووە و هەمتریش دڵساردى و نائومێدیى لە دەسەڵاتدارێتیى گەندەڵ و ناداداپەروەرییان لە نێو خەڵکدا تاساندووە .

ئەوەى مەسعود بارزانى داواى کردووە پێویستە پشتگیریى لێ بکرێت :
1 - ئەگەر پلانى هەتا ( بیرۆکە ) ى ، لەم شێوەیە لە لایەن هەر کەسێکەوە ، لە هەر ناوەندێکى باڵاى بڕیارداندا وروژێنرا بێت ، ئەبێت بدرێتە دادگا و هیچ نەبێت بەر لە هەموو شتێک لە هەموو پۆستێک ئاوەڕووت بکرێت .
2 - ئەگەر حیزبێک بەم ئاقارەدا بڕوات پێویستە کەسى یەکەمى حیزبەکە لە دادگایەکى ئاشکرادا بدرێتە دادگا و خەڵکیش لە بڕیارى دادگا ئاگادار بکرێن .
3 - ئەگەر هەواڵەکە درۆ بوو ، پێویستە سەرچاوەى هەواڵەکە کە ئەو میدیایەى تووشى هەڵدێر کردووە بە هەمان شێوە ڕەفتارى لەگەڵدا بکرێت .
4 - ئەگەر هەواڵەکە هەڵبەستراو و بێ بنەما بوو ، بە پێى یاساى ڕۆژنامەگەریى سزا ئاراستەى گۆڤارى لڤین بکرێت ، هەرچەندە من - داواى لێبووردن - بە سزایەکى ئەخلاقى گونجاوئەزانم لە بەرامبەریان پیادە بکرێت ، تا بکرێتە نەریتێک و تێ بگەن کە قەڵەو بوونى ناتەندروست فش بوونەوەى بە دوادا دێت .

بە هیوام لە ئاییندەدا وڵاتەکەمان پڕ بێت لە میدیاى سەربەخۆ و ئازاد و جێگە بە میدیاى حیزبیى و خشۆک لەق بکەن و ڕێگە بگیرێت لەوەى ئاساییشى نەتەوەییمان بخرێتە بەر نەشتەرى کەسان و ڕۆژنامەوانى نابەرپرس .
 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک