٢٨\٨\٢٠١٠
دۆگماتیزم ...
دۆگماشکێن.

حهسهن جودی
لە هزرە سەرەتاییەکانى مرۆڤەوە بگرە تا دەگاتە میتۆلۆژیا و ئایین و
فەلسەفە و تەنانەت بڕێک لە زانستیش لە ژێر کاریگەرى ئەقڵییەت و لۆژیک و
چەمکە دۆگماییەکان قوتاریان نەبووە و گیرۆدەى بوون، ئەگەر لە رووێکەوە
خوازرابێت دەرباز بکرێت، ئەوا لە چەندین رووەوە لێی قوتار نەبوونە، لە
خۆرهەڵات پەیامبەر و سۆفیگەراکان، لە خۆرئاواش فەیلەسوف و زاناکان لە
مەدارى دۆگماتیزیم دەرنەچوون. ئەگەرچى لە گەلێک کایەدا تێکیانشکاندووە
و دەروازەیەکیان لەبەردەم دژە دۆگمایی"رێژەگەرایی- ئەزموونگەرایی-
بابەتگەرایی... هتد"کردۆتەوە، وەلێ لە دواجاردا دۆگماتیزم تەنگى
پێهەڵچنیون و پەلکێشی خۆی کردوونهتهوه. دەکرێ هەردوو رەوتى فەلسەفى
"ئەرستۆیی "و"ئهفلاتوونى" لە ترۆپکدا دوو سیماى جیاوازى فەلسەفەى
دۆگمایی ببینرێت. کاریگەریی لۆژیکى دۆگماییانەى ئەرستۆ"2500"ساڵە هەموو
بوار و کایەکانى هزر و ژیانى تەنیوەتەوە. هەروەها فەلسەفەى دژە
دۆگمایی"سوقرات"یش وەک رەوتێکى فەلسەفى دۆگماشکێن 2500 ساڵە کاریگەرى
خۆی کردووە و بەردەوام بووە. دەکرێ ئەوەش بڵێین: فەلسەفەى مەتریالیزمى
دیالەکتیکى و مێژووییش نەیتوانیوە تەواو کاریگەرییەکانى دۆگماتیزم
تێپەڕێنێ. هەروەها دۆگماتیزم خۆی ئاوێتەی زانستیش کردووە و گیانى
دۆگماشکێنی زانستیشی لاواز کردووە.
هەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ؛ فەلسەفەى دۆگماشکێنى"دژە دۆگما" لە
کاروانى هزرى مرۆڤایەتى و قۆناخە جیاجیاکانیدا، وەک رەوتێکى هاوتەریبی
فەلسەفەى دۆگمایی، لە هەمانکاتدا یەکتربڕی، نابینرێت، وەلێ لە دوا
ئاکامدا وەک رەوتێکى باریکتر و کاڵتر خۆی نیشان دەدات. ئەگەرنا
دینامیزمى پێشکەوتنى هزر و ژیان تێکدەشکا و رادەوەستا، ئەوەى پێی
دەگوترێت؛ ژیار و مێژووش لە شوێنى خۆی پێکوتێ"مراوحە"ى دەکرد.
لە تەواوى ژیار و مێژووى مرۆڤایەتیدا؛ فەلسەفەى دۆگمایی
کۆتگیرکردنەکان"تقیدات"ى بە بنەما گرتووە و لە هەوڵى چەسپاندن و
سەپاندنى دابووە، بەڵام فەلسەفەى دژە دۆگمایی بە پێچەوانەوە
پێهەڵگرتنەکان"انگلاقات"ى بەبنەما گرتووە و رێی لەبەردەم چەسپاندنى
کردۆتەوە. لێرەدا چەمکى پیرۆزکردن"پیرۆزگەرایى"و تابۆ و رەهاگەرایی،
وەک چەند ئامرازێکى دۆگماییانە، لەبەرامبەر چەمکى سروشتخوازى و
تێپەڕاندن و رێژەگەرایی دژە دۆگماییانەى خۆی قوتکردۆتەوە و رێگیری
لەبەردەمدا کردووە. ئیدى رەوتە پێهەڵگیرییەکان و رەوتە کۆتگیرییەکان
بەیەکدا هەڵشاخاون و بەرەنگارى یەکدی بوونەتەوە، ئەمەش بە واتایەک لە
واتاکان دینامیزمى بەڕێوەچوونى مێژوو و ژیاری مرۆڤایەتى بەیەکداخشان و
هەڵشاخان بەرەنگار بوونەوەى هەردوو ئەو رەوتەیە، بەڵام نەک لە
بازنەیەکى داخراو و دووپاتکەرەوەدا، بەڵکو هەم بە ئاسۆیی و هەم بە
ستوونى بەردەوامیان بە ژیار و مێژووى کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتى داوە.
ئیدى لەم بەردەوامبوونەدا ململانێ و ناکۆکییەکى قووڵ و دژوار لە ئارا
دابووە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت بەردەوامە. وەلێ گرنگ ئەوەیە؛ داخوا کامە
رەوت پاسیڤ و بێ کاریگەر بووە و کامەشیان بە کاریگەرترە؟ کامە رەوت
دۆگمایی یاخود دژە دۆگمایی بەرەو کاڵبوونەوە و باریکبوون دەچێت؟.
ماڵپهڕی حهسهن جودی
|