په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٩

    دۆڵابە شکاوەکەمان.


سمکۆ محەمەد

مناڵێتی خەونێکی رابردووە لە دۆڵابێکی بچووکدا..
دۆڵابێک لە دڵێکی شکاو
دۆڵابێک پڕ لە غەم
نھێنی مناڵێتی من و خوشکەکانم و شەڕی ھەمیشەیی دایک و باوکم
چەند دینارێکی شاردراوە و پارچەیەک خشڵی کۆنی دایکم
چەند پەڕە کاغەزێکی شڕی یاساغی خاڵم و بۆڵە بۆڵی دایکم..
لە گێژاوی میللەتێک دەچوو لە قەوارەیەکی بچووکدا
مناڵێتی دۆڵابێکی بچووک بوو
ھەرچی کچی کۆڵانی شار ھەبوو شارەزا بوون لەو بوخچانەی کە بۆ حەمام دەچوون
دۆڵابێک پڕ لە نھێنی ماڵ و پەڕۆ و پاتاڵی سەرگەردانی و تف و جنێوی کرێنیشینی
دۆڵابێک پاراستنی لە لاشەی مردووەکان بە قیمەت تر
من ھێشتاکە بەشێکم لەو دۆڵابەدایە
چوون مناڵێتیم لە ئێستا ناشیرینتر نییە
ئێستاش حەزم لێیە لەگەڵ یاردا بەدیار وێنەی دۆڵابەوە دانیشم
حەزم لێیە ھەورییە جێماوەکەی دایکم بۆ سەری ئەو بێت
حەزم لێیە جلوبەرگی خوشکەکانم بدەم بە یار
حەزم لێیە نھێنیەکانی خۆم بدزم و بۆ یاری بنێرم تا بیپارێزیت
یار لێرەوە دەڕوا
ئەم نھێنیە نا پارێزێ کە نزیکەی سەد ساڵ دەبێ گوڵە حاجیلەیەکی لێ نەڕواوە
لێرە ناخەوێ کە نزیکەی سەد ساڵ دەبێ خەونی مناڵێکی تێدا لەدایک نەبووە
لێرە مەلە ناکات کە نزیکەی سەد ساڵ دەبێ ماسییەکی سووری تیا نەژیاوە
دەڕوا و دوژمن وێنەی خۆی تیمار دەکات
لەنێو برینەکانیەوە بانگەواز دەکات بۆ مەرگی من و خۆی
ژیان چۆن بریتیە لە یاسای دژەکان
ئاوھاش بریتیە لەکۆمەڵێک خەمی دژ بەیەکتر
خەمێک چرچ و لۆچ .. ھەر لە نێو چەوانی نەنکم دەچێ
خەمێک سیس و پیس لە برایەتی میللەتێکی نەگبەت دەچێ
خەمێک ژاکاو لە پەڕەی کەچڵاوی سیاسییەکان و
خەمێکی تر لە ھەڵقە گۆڕینەوەی کچ و کوڕێک
خەمێک لە پارچە نانێکی وشک دەچێ
خەمێکی تر لە ژوورێکی ساردی بێ مۆزیک
لێرەوە دەڕوانم کە ھیچ کەسێک برینی کەسێکی دیکە
تیمار ناکات
لێرەوە دەڕوانم کە جەنگ رێگەی لە ساڕێژکردنی برینەکانیش گرتووە
من لەجەنگی سارد زیاتر ترسم ھەیە
لە جەنگی گەرم
سارد و گەرم دوو دژی خۆشەویستن
ترس لە چاودا شتێکی ترە لە دەست بۆ بردنی شتێکی تر
من لەو ترسەوەیە ناونیشانی کەسم پێ نانوسرێتەوە
ناونیشانی جەنگاوەرێکی جەربەزە ئاسانترە
لە ویستی کچێک کە ھێشتا دەترسێت لە خۆشەویستی
دەبێ دواجار لەترسی جەنگ بچینەوە نێو دۆڵابەکەمان
بچینەوە لای ئەو تاقانەی کە ماڵی ئەو بوون
دۆڵابەکەمان ئامانی نییە
پڕیەتی لە ماری حەوت سەر
نایکەمەوە.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک