په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

دۆناڵد ترامپ و دەولەتی کوردی؟!

شەماڵ عادل سەلیم  


بەر لە ڕاگەیاندی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، حەشامەتێک لە (تەڕەزانەکانی ڕاگەیاندن و فەیلەسوفەکانی هەرێمی بەتەمای خودا)، ئەوانەی شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکان و ماڵپەرو رۆژنامە کوردییەکانیان بەکرێ گرتبوو بۆ خوێندنەوەو شیکردنەوەو شیتاڵ کردنی ڕۆلی ئەمریکا دوای هەڵبژاردن، بەشێکی هەرە زۆر لەو (فەیلەسوفانە) بەئاشکرا ڕایاندەگەیاند و دەیانگووت : چۆن دەبێت (شێت، مەبەستیان دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆمارییەكان) بوو، ببیتە سەرۆکی ئەمریکا، ئاخر بۆ ئێمەی کورد زۆر بە خەراپی دەشکێتەوە، هەندیکیان لەوەش زیاتر دەرۆیشتن و دەیانگووت: (ترامپ ناتوانێت پەیچی تایبەتی خۆی لە تۆرەکۆمەلایەتیەکان بەکار بھێنێت ، چۆن دەتوانێت ئەمریکا بەڕێوە ببات و شیفرەی چەکی ئەتۆمی (کۆمەڵکوژی) لەدەست بێت)؟!


ئەو(فەیلەسوفانە)بەگاڵتەجاری باسی هەڵوێست و قسە و ریکلام و وتارەکانی ترامپیان دەکرد و ئاماژەشیان بە سەرکەوتن و بردنەوەی سەد دەرسەدی دادە (هێلاری) لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرد ، هەروەها باسیان لە ڕۆڵ و پالپشتی و داکۆکی دادە (هێلاری) لە کوردوپێشمەرگە و دەولەتی کوردی و زۆر بابەتی سەیروسەمەرەی دیکە کەلێرەدا جێگایان نابێتەوە باسیان بکەم دەکرد!!


دوای هەڵبژاردن وسەرکەوتنی ( ترامپ ) ، هەر هەمان ( فەیلەسوف و تەڕەزانەکانی سەرشاشەی تی ڤی و نووسەرە دانسقەو خەبیرە زۆرزانەکانی رۆژنامە کوردیەکان ) ، سەدو هەشتا پلە بایان داوەو ، کەوتنە پاکانەکردن و بەشان و باڵ هەڵدانی ( شێتی بەرلە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و، پالەوانی دوای ڕاگەیاندنی ئەجامەکانی هەڵبژاردن ) ، هەروەک ئەوەی نەبایان دیتبێ نەباران!!


یەکێک لەم (فەیلەسوفانەی )کە خۆی بە لێکۆلەرەوەو شارەزاو پسپۆر لەبواری سیاسەتی نێودەوڵەتی دانابوو ، (قسەو بۆچون و خوێندنەوە سەقتەکانی ) رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەبیر خۆی بردبووەوە ، ئەمجارە داوی لە بەرپرسانی هەرێمی بەتەمای خودا دەکردو دەیگووت:


( دەبێت هەرێم زۆر بەپەلە پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرۆک ترامپ بەهێزبکات ، چونکە بەڕای جەنابیان ، ترامپ دژی (عەرەب و تورک)ە ، ئەوەش بەرای( فەیلەسوفە نازدارەکەی) هەرێمی بەتەمای خودا ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەسەردەستی ترامپ ( کورد ببێتە دەوڵەوت )، بەشەرتێک ئەگەر کورد بزانێت چۆن ( ترامپ لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت)!!


( خوێنەری بەرێز ، سەیری ئەو گاڵتەجارییە بکەن ، ئەم (فەیلەسوف) ە پێمان دەلێت : کورد لەسەر دەستی ترامپ دەبێتە دەوڵەوت ، بەشەرتێک ئەگەر بزانێت ( واتا کورد ) چۆن ( ترامپ لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت ) ، لێرەدا نازانم لەئاست بلیمەتی و زۆرزانی ئەم فەیلەسوفە بگرێیم یان پێ بکەنم ....!!، هەرئەوەندەم لەدەست دێت بلێم : نازانم بۆ حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا هەندێ پارە لە( دزینی نەوت ) بۆ تۆمارکردنی قسەی ئەم فەیلەسوفە تەرخان ناکات و ئەم وتە بەنرخەی بەئاوی زێر لەدەرگای گەورەی قەڵاتی هەولێر بنووسێتەوە، هەرنەبێت وەک (مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو بمینێت و،ماف وهەقی ئەو فەیلەسوفە نەفەوتێت)؟!


بەرێزان نامەوێ لەوەزیاتر کاتتان بگرم بەگێرانەوەی ( ئەو قسە پووچ و بێ مانایانەی ئەو فەیلەسوف و تەڕەزان و بیرمەندانەی هەرێمی بەتەمای خودا ، بۆیە لەکۆتایدا بەو فەیلەسوف و پسپۆرو شارەزاو لێکۆلەرەوە و تەرەزانەکانی سەر شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکان و رۆژنامە بێ ناوەرۆکەکانی هەرێمی بەتەمای خودا دەڵێم:


باش بزانن ، ترامپ نە (ئەردۆگانە ،نە موعەمەر ئەبوومنیار قەزافی و نە سەددام حوسێن)ە، ترامپ وەک هەرسەرۆکێکی هەڵبژردراوی ئەمریکا، ئەرکی سەرشانیەتی تەنها حزمەتی وڵات بەرژەوەندیە سەرەکییەکانی ئەمریکا وئەمریکیەکان بکات، ناتوانێت وەک (سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی) ئێمە هەڵسوکەوت بکات و بەکەیفی خۆی بریار بدات و بەشەو لەخەونیدا چی ببینیت بەرۆژ جێبەجێ بکات.


ئەمریکا وڵاتێکی دامەزراوەییە، بریارەکانی سەرۆک تەنها لە (پەراوێزی) بریارە سەرەکیەکانی موئەسەساتە هەڵبژێردراوەکان تۆماردەکرێت و بەس، بۆیە ترامپ نە دەتوانێت دەوڵەتمان بۆ جاڕبدات، نە دەتوانێت پارتی و گۆڕانمان بۆ ئاشت بکاتەوە، نە دەشتوانێت ریزەکانی یەکێتیمان بۆ رێک بخاتەوە.


ئەوەی ترامپ دەیکات، تەنها خزمەتکردنی ئەمریکاو ئەمریکیەکانە لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە دارێژراوەی کە بۆی دانراوە و بەس .. ئاوان بینە و دەستان بشۆ!!
 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک