په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٧\٢٠١١

دۆنگ یى، وانەیەک بۆ حوکمڕانیى دادوەرانە.


حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

(خەونى من ئەوەیە کۆشک بەجێبێڵم) دۆنگ یى.


(دۆنگ یى)، درامایەکى کۆرییەو کەناڵى کوردسات بۆ ماوەى زیاتر لە هەشتاو پێنج شەو، جوانترین و نایابترین شەوچەرەى بۆ مەیسەر کردین. ئەم درامایە راستە کۆرى بوو، کوردى یان عەرەبى یان ئێرانى و تورکى نەبوو، بۆئەوەى چێژى زۆرترى لێوەربگرین، باسى کلتوورێک بوو دوور لە کلتوورى ئێمە، پیشاندانى مرۆڤێک بوو بەشێوەش لە شێوەى ئاسایى خۆمان نەدەچوون. بەڵام ئەم درامایە بۆ زۆرینەمان وانەیەک بوو، پڕبوو لە پەندو حیکمەت و خۆشەویستى و دڵسۆزى و خاکەڕایى و راستگۆیى، بەڵام لە زارى کێوە؟ هەمووان ئەو شتە نایاب و جوانانەیان فێرکردین، نەخێر کەمتر لە هەمووانەوە ئەو شتە باشانەمان دەبیست، زۆرتر لە پاڵەوانى سەرەکى ئەو درامایەوە بوو کە ئەویش (دۆنگ یى)، کچێکى بێباوک و کەسوکارى هەژارو پلەنزمەوە بوو، کە بەڕێکەوت بووە هاوڕێ و دواجار هاوسەرى پادشاى کۆریاى دەوروبەرى ساڵانى 1680ەکانى سەدەى حەڤدە بوو. ئەوەى لەو درامایەدا نمایشکرا باسکردن بوو لە سەرگوزەشتەو چیرۆکى گرنگترین قۆناغى حوکمڕانییەک لە کۆریادا، کە پادشایەک (تاڕادەیەک لاوازو بێهێز) وڵاتێکى پڕ لە کێشەو دوبەرەکى نێوان باشورى و نۆرۆنییەکان کە لەسەر دەسەڵات و کورسى پادشایەتى زۆرانبازى و کێشمەکێشى ساردو تاڕادەیەکیش ناوبەناو گەرمیان هەبوو.


بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنى (دۆنگ یى) مناڵدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبوو، کە چین و توێژێک لە خەڵکان هەبوون کە پلە نزم و هەژاربوون و بۆ قووتى رۆژانەى خۆیان کۆششى تاقەت پڕووکێنیان پێشکەش بە ژیانى کولەمەرگیان دەکرد. باوکى لەگەڵ بەرهەڵستکارانى برایانى شمشێردا جەنگێکى ئاشتیانەیان لەگەڵ دەسەڵاتى کۆریادا دەبرد بەڕێوە، باوکى (دۆنگ یى) بڕواى بە کوشتن و خوێنڕشتن نەبوو، هەر ئەو رەفتارو هزرە مرۆڤدۆستییەشبوو کە لە باوکەوە بۆ کچە پاڵەوانەکە(دۆنگ یى) مابووەوەو دواتر لەنێو کۆشک و وڵاتدا پیادەى دەکرد. کاتێک (دۆنگ یى) گەیشتە ناو کۆشک و وەکو شاژنێک دەستنیشانکرا، بەرەیەک لە دوژمن و نەیارى بۆ دروستبوو، لەسەرووى هەموویانەوە خاتوو سووى شاژنى دووەم بوو کە لەبەرەى باشووریەکان بوو، پیلانى دوورودرێژى ئەم شاژنە لەگەڵ دایکى و براکەیدا بۆ ئەوەبوو وڵات بخەنە پشێوى و هەلاکەتەوەو ئۆباڵى ئەوەش بخەنە ئەستۆى (دۆنگ یى)یەوە تا بەبڕیارێک لە کۆشک بچێتە دەرەوە، یان چەندین پلانى دیکەیان بۆ کوشتنى خۆى و شازادە ژیرو زیرەکەکەى داڕشت و بە هیمەتى چووسووى براى و بەرپرسى پۆلیس و هەوڵى خاوەنشکۆ ئەو هەوڵ و پیلانە قێزەونانە سەریان نەگرت و ژەهر ڕشتنەکانیان بۆ خاوەنشکۆو حکومەت و خەڵکى ئاشکرابوو، ئەوان هەموویان بە فەرمانى شاهانە بە سزاى رەواى خۆیان گەیشتن و لە سەرەمەرگدا هەر ئەو خاتوو سووە نەیارە دڵڕەقە بوو کە لە(دۆنگ یى) دەپاڕایەوە کە شازادەى جێنشین کە کوڕە تاقانەکەى بوو، وەکو کوڕى خۆى بپارێزێت و کورسى پادشایانەى بۆ مسۆگەر بکات.


(دۆنگ یى) وەکو شاژنێک و پاش مردنى شاژنى یەکەم و ژەهردەرخواردانى شاژنى دووەم، وازى لەو پلەو پایە بەرزە هێناو بۆ ئەوەى شازادەى گەورەى (کوڕى خاتووسووى نەیارى خۆى) ببێتە جێگرەوەى پادشا، واتە وەکو کوڕى راستەقینەى خۆى تەماشاى دەکردو دواتریش هەموو لایەک ئەو هەڵوێستە سەیرەى (دۆنگ یى) یان بۆ دەرکەوت کە چەند مرۆڤێکى بەرزەو خۆبەخش و راستگۆیە لەگەڵ پادشاو شازادەیەکدا کە کوڕى خۆشى نییەو بگرە کوڕى ژنێکە کە چەندینجار هەوڵى کوشتنى دەدا... لێرەوە ئەم ژنە قارەمانەى کە لەنێو چینى خوارەوەى کۆمەڵگاوە بەرەو ناو کۆشکى پادشایانە چووبوو، چاوى تەماحى لە کورسى و پلەوپایەى شاژنى و خۆبەزلزانى و بەرژەوەندیخوازى نەبوو، ئەم ژنە داناو زانایە، کە کوڕەکەى خۆى بۆ فێرببون بردە دەرەوەى کۆشکى پادشایانە تاکو لاى فەیلەسوف و بیرمەندى مەزنى هەژارنشینانى وڵاتەکەیدا فێرى زمان و پەندو حیکمەت بێت نەک وەکو دابونەریتە باوەکەیان لەنێو کۆشکدا فێربکرێت.


ئەمەش وانەیه‌کى گرنگ بوو کە بۆچى ئەم خانمە دانایە دەیویست تاقە کوڕەکەى خۆى بەرێتە دەرەوەى کۆشک و لاى دانایەکى هەژارى ناو گەڕەکە هەژارەکان، فێرى حیکمەت و زانین ببێت.؟ ئەو دەیووت: من دەمەوێت کوڕەکەم پێش ئەوەى زمان و دانایى فێر ببێت، پێویستە لەسەرى وەکو کوڕێکى سەردەکەى و ناو بنەماڵەکەى دایکى لەنێو هەژارەکاندا بژى و هەست بە برسێتى و تینوێتى ئەوان بکات، هەست بە ئازارو ژیانى دژوارى هەژاران بکات.. ئەم خانمە زانایە دەیویست کوڕە شازادەکەى کە رەنگە رۆژێک لە رۆژان ببێتە پادشاى وڵات، لەنێو خەڵکى سادەو هەژاردا بگوزەرێت و لە کێشەو ئاریشەو خەم و خەونەکانیان نزیک بێت، هەروەها فێر ببێت ژیان تەنیا بریتى نییە لە کۆشک و نانخواردن و ژیانى بریق و باق و رازاوەیى و لەژێر سێبەرى خۆشیەکاندا خەونى رەنگاوڕەنگ و بێخەم و بێ کۆشکردن بەرێتەسەر.. بەڵکو دەیویست وانەکانى ژیان لەنێو قوڵایى کۆڵان و شەقام و گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە فێر ببێت و (بودا ئاسا) پڕ بێت لە هزرى مرۆڤدۆستانەو دانایەکى خزمەتگوزارى میللەتەکەى خۆى بێت و جیاوازى نەکات لەنێوان هیچ بەرەو چین و کەسانێکدا، هەموویان بە یەک چاوى رێزو حورمەتەوە تەماشا بکات..


ئەوەى لە کۆتایى ئەم دراما نایابەدا بینیمان ئەوەبوو، کە (دۆنگ یى) داوا لە پادشا دەکات بۆ گوزەرانى ژیانى داهاتووى خۆى کە بچێتە دەرەوەى کۆشک و نزیک بێت لە خەم و ئازارى خەڵکى و بە دڵێکى پاک و گەرمەوە لەناو جەماوەردا بژى. ئەوەش پاش ئەوە دێت کە دووا شاژنى ناو کۆشک لەوە گەیشت کە (دۆنگ یى) خانمێکە پڕو سیخناخە لە دڵسۆزى و راستگۆیى و لێبووردەیى و ئاشتیخوازى، ئەو شاژنە بۆى ئاشکرابوو کە ئەم خانمە وازى لە تەختى شاژنى هێناوە بۆئەوەى گیانى دوبەرەکى و شەڕانگێزى و خوێنڕشتن و کورسى پەرستن نەبێتە رۆح و گیانێکى بەربڵاو و باوى ناو کۆشک و دواجار بتەنێتەوە ناو وڵاتەکەى. ئەو بۆى ئاشکرابوو کە تەنانەت شازادەى جێنشینیش بەچاوى دایکانەوە تەماشاى (دۆنگ یى) دەکات و لەگرتەیەکدا ئەوەى نیشانداین کە شازادە چەند ئەم خانمە داناو دڵگەورەیەى خۆشدەوێت و لەشاژن دەپاڕایەوە کە بڕیارى دژ بە(دۆنگ یى) دەرنەکات چونکە ئەو خانمەى زۆر خۆشدەوێت و باشى دەناسێت کە چەند بۆى دڵسۆزەو جیاوازى ئەو و کوڕەکەى خۆى ناکات، ئەو هەڵوێستەش شاژنى تووشى شۆک کردو پاشتر بۆى روونبۆوە کە ئەم خانمە ژنێکى زۆر مەزنەو دڵسۆزو خاکەڕایەو بێهودە نییە وازى لە شاژنى هێناوە، بۆیە لە دوا تەڵەو کۆسپى وەزیرى جەنگدا زۆر زیرەکانە رەفتارى کردو وەکو گرتەیەکى فانتازییانەش ئەو هەڵوێست و بڕیارەى شاژن بۆ هەموو بینەرێک ئاشکرابوو کە چۆن لەجیاتى (دۆنگ یى)، وەزیرو راوێژکارى سەر بە بەرەى باشوور کەوتنە داوەکەوەو گیران و سزاى توند دران، بەو شێوەیە پشێوى و نیگەرانى و ململانێى ناو کۆشک بنەبڕ کران و کەسانى شەڕخواز تەمێکران و قەلاچۆبوون.


لەگەڵ تەواوبوونى ئەم درامایەدا، کە من خۆم ساڵانێکە بەو شێوەیە ئالوودەى هیچ دراماو فیلمێک نەبووم، کە رۆژانە کاتى بۆ تەرخان بکەم و تەنانەت باوکیشم کە لەگەڵمدا دەژى، شەوێکیان بینیم چاوەکانى پڕبوون لە فرمێسک، چونکە ئەو کاتەى شازادەى جێنشین هەواڵى سزاى مەرگى دایکى بیستبوو تەواو شێت و دێوانەببوو، دەیویست و دەپاڕایەوە کە خاوەنشکۆ پەشیمان بێتەوە، دەیویست بۆ دواجار دایکى ببینێت و لە نزیکەوە لە ئامێزى بگرێت، بەڵام پاسەوانەکان نەیاندەهێشت و رێگریان لێدەگرت، بۆیە ئەو گرتەیە زۆر تراژیدى و جەرگبڕبوو...!


بەکورتى ئەم درامایەو بەتایبەت گفتوگۆکانى (دۆنگ یى) ئەوەى فێرکردنین کە حوکمڕانى دەبێت دادوەرانە بێت، دەبێت هزرى لێبووردەیى بەسەر شەڕانگێزى و کوشتاردا زاڵ بێت.. نەرمونیانى و خۆشەویستى و تەبایى و دڵسۆزى فێرکردین، کە چۆن دەبێت مرۆڤ لەنێو کۆشکدا، دووچارى کورسى پەرستن و گومڕایى و لەخۆباییبوون نەبێت و جیاکارى نێوان کەسان و چینەکان کارێکى نامرۆڤانەیەو هەموو مرۆڤەکان دەبێت بەپێى یاسایەکى دادوەرانە بە یەک چاوەوە تەماشا بکرێن، کینەو رق و بوغز کۆتایى بە جوانى و بەهاى بەرزى مرۆڤ خۆى نوغرۆ دەکات..


لەکۆتاییدا ئێمەى بینەرو هاوڵاتى ئەم کوردستانە هیوادارین ئەم درامایەو حیکمەت و پەندە جوانەکانى ببێتە وانەیەک بۆ بەرپرس و حیزبە کوردستانیەکان بە دەسەڵات و بە ئۆپۆزسیۆنەوە، کە پەیامى ئاشتیخوازى هزرى لێبوردەیى و تەبایى و برایەتى (دوژمنایەتى) و زمانى ئەقڵ و حیکمەت زاڵ بکەن بەسەر شەڕانگێزى و یەکترقبوڵنەکردن و یەکترکوشتن و یەکتر سڕینەوەدا، کورسى پەرستن نەبێتە خواست و هزرو ئەخلاقییاتى بەرپرس و حزبییەکانى کوردستانێک کە سەدان ساڵە شۆڕشى بەرپا کردووە بۆ ئازادى و سەربەخۆبوون، ئەمڕۆش پارەو پلەوپایە و کورسى وەختە ئەم هەرێم و نیمچە کیانە لەناو دەبات و بەو بۆنەیەشەوە، ژیانمان یەک دوو قولانج لە دۆزەخەوە دوورە و خۆشەویستى و رێزو حورمەت بۆ خۆمان و نیشتمانمان گەیشتۆتە لێوارى فەنابوون. کەواتە ئەمەشیان وانەیەکى دیکەیەو دەبێت بەرپرسان و سەرکردە زۆرەکانمان چاوێک لەو درامایانە بکەن و پەڕۆیەک لەو ژنە دانایە وەربگرن کە زیاتر لە هەشتاو پێنج رۆژ بەخۆیەوە سەرقاڵى کردین..

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک