په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٦

دۆن کیخۆتە.

بورهان جۆڵا      


رۆمانی دۆن کیشۆت یان بەزمانی ئیسپانی (دۆن کیخۆتە) یەکێکە لەپڕبایەخترین کارە ئەدەبییەکانی جیھان ھەروەک پڕە لەکاری پاڵەوانێتی و لەلایەن نووسەری ئیسپانی (میگیل دی سیربانتس ١٥٤٧- ١٦١٦ز) بەدوو بەش لەنێوان ساڵانی ١٦٠٥ و ١٦١٥ز بڵاوکراوەتەوە.

سیربانتس یەکێک بوو لەفێلبازەکانی پارەگۆڕینەوە بۆیە دوای ئاشکرابوونی لەسەرپێچی حسابەکەی لەنێوان مانگی سێپتێمبەرو دێسیمبەری ١٥٩٧دا دوای مایەپووچ بوونی بانکی لەبەندیخانەی پاشایەتی شاری ئیشبیلیا بەند دەکرێت بەڵام روون نەبۆتەوە لەماوەی بەندیی بیرۆکەی ئەم رۆمانەی بۆ ھاتووە یان لەوێ تەواوی کردووە.

بەھەرحاڵ رۆمانی دۆن کیشۆت بەدرێژایی مێژوو زۆرترین خوێنەری ھەیەو بۆ زۆر زمانی گەلانیش وەرگێردراوە، دەقێکی واقیعی ئەدەبییە وەک بەشێک لەئیستاتیکای دەق و سەرەتای تەوژمی ژانرێکی ئەدەبیشە بۆیە بەرۆمانی (ھەمەجۆر ئاواز) بەناوبانگە، لەساڵی ٢٠٠٢ لەسەر داوای دامەزراوەی نەرویجی بۆ کتێب لەنێو کاری نووسەرە باڵاکانی پەنجاو چوار وڵاتی دونیادا لەریزبەندی سەد کتێبە بەناوبانگەکەی جیھان پلەی یەکەمی وەرگرت، زۆر لە کەڵە نووسەرەکانیش بەیەکەم رۆمانی نوێی ئەوروپای دادەنێن، دۆن کیشۆت کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر دەقە ئەوروپییەکان چونکە بەدەقێکی (نامەرجی) دادەنرێت ئەوەتا داستانیی و تراژیدی و کۆمێدی و گۆرانی ئامێزە، چیرۆکێکی مرۆڤایەتی گشتییە باس لەئازارەکانی مرۆڤ دەکات نەک تەنھا مۆرکی گەلێک، رووداوەکانیش لەتەنھا زەمەنێکدا چڕنەکراوەتەوە بەڵکو لەگەلڕ بەدرێژایی بەزەمەن بوونی ژیانی مرۆڤ گونجاوەو دەگونجێت نووسەرانیش لێرەو لەوێ زۆر ھەوڵیان داوە چیرۆکی لەمشێوەیە یان بەشێوازیتر بنووسن کەچی نەتوانراوە.

ئەم رۆمانە باس لە ناباوەڕی تاکی کۆمەڵگە دەکات کە ناگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی نێو زەمەنە جۆراوجۆرەکانی پێشکەوتن ھەروەکو (دۆن کیشۆت) لەزەمەنی خۆی دەژی بەڵام ئەقڵو بیرو ھۆشی ھی زەمەنە بەجێماوەکەی پێش خۆیەتی، لەنێو زۆربەی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی سەرەتای ھەزارەی سێیەم کەسانی وەکو دۆن کیشۆت بوونیان ھەیە بەھەرجۆرێک لەنێو خەون و وەھمدا دەژین کە لەگەڵ خودو ھاوڕاکانی دەگونجێن بەڵام لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی دەوروبەری لەدژایەتیکردن دان و بەھیچ شێوەیەک بەدوای چارەسەریشدا ناگەڕێن و نایانەوێت سوود لەھەڵەکانیشیان وەربگرن بەڵکو مرۆڤێکی مێشک پووچن و واش تێدەگەن مرۆڤێکی نموونەیین بەڵام بەرانگاری ئەو واقیعە دەبنەوە کەلێی رازی نین و قەبووڵی ناکەن و دەیانەوێت قۆڵی لێھەڵکەن وەک قەرەبوویەک لەو گۆڕانکارییانەی زۆر گەورەترن لە پانتایی بیروھۆشی ئەوان.

بەردەوام قورسایی ھێلی رووداوەکانی ئەم رۆمانە لەگەڵ کارەکتەری سەرەکی (ئالۆنسۆ کیخانۆ) دایە تەمەنی نزیکەی پەنجا ساڵەو ژنی نەھێناوە پیاوێکی لاوازو درێژو نیمچە دەوڵەمەندی بەناوبانگی گوندەکەی خۆیەتی لەھەرێمی (لامانتشا)ی ئیسپانیا لەسەدەی شانزەھەم، (ئالۆنسۆ کیخانۆ) بەردەوام لەژێر کاریگەری خوێندنەوەی کتێبەکانی سوارچاکی و شمشێربازی دایە کە ئەوکات باوی ئەو جۆرە کتێبانە بوو، بەردەوامیش باوەڕ بەھەموو رووداو و وشەیەکی نێو رۆمان و کتێبەکان دەکات ھەرچەندە رووداوەکان دوورن لەواقیع ھەروەھا بەھۆی کاریگەری زۆری ئەو جۆرە چیرۆکانەوە کاتی زۆریشی نییە ھەمەجۆر کتێب بخوێنێتەوە کە لەوانەیە بیروھۆشی رۆشن بکەنەوەو نەچێتە نێو خەیاڵی رووداوە سەرابییەکانی سوارچاکییەوە.

(ئالۆنسۆ کیخانۆ) دەکەوێتە ژێر کاریگەری کەمخەوی و کەمخواردنی و زۆر خوێندنەوەی رۆمانەکانی سوارچاکە گەڕۆکەکان بۆیە بەھۆی جۆرە تێکەڵبوونێک لەنێوان ژیانی ئاسایی خۆی و رووداوەکانی نێو چیرۆکەکاندا تووشی بچڕانی زەینی دەبێت و تا رادەیەک خەریکە ئەقڵ لەدەست دەدات کەچی ئەم پاڵەوانەی سیربانتس ھێندە گەمژە نییە بەڵام جارجارە ھەوەسەکانی سوارچاکی سواری ئەقڵی دەبن ھەرئەوەشە بەھەوەسێکی زۆرەوە بڕیاردەدات ماڵ و حاڵ و داب و نەرێتی کۆمەڵگەکەی جێبھێڵێت و وەکو سوارچاکێکی مێرئاسا بەدوای ئەو سەرکێشیانەدا بگەڕێت کەخەیاڵە بڵاوەکانی چاوەڕوانیی دەکەن بۆیە بەشمشێرێکەوە شمشێربەندێکی کۆن لەبەردەکات و کڵاوێکی ئاسنینی دەکاتە سەری بەسەر ئەسپێکی لەڕولاوازەوە بەنێو ناوچەکەدا غارغارێن دەکات و دەبێتە ھەڵگری نازناوی (دون کیخوتی دی لامانتشا) و بەسوارەکەی سێبەری خەمۆکیش وەسفکراوە، بەخەیاڵی خۆی دەیەوێت سەردەمی سوارچاکی بگەڕێنێتەوەو لەشێوەی ئەواندا ھەڵسوکەوت بکات و دادپەروەری بڵاوبکاتەوەو سەرکەوتن بۆ ماف خوراوەکان وەدەست بھێنێت و بەرگری لە بێوەژن و ھەتیو و ھەژاران بکات و بەھۆی خەیاڵە رژاوەکانیەوە ھەموو جیھان لەخۆی کۆدەکاتەوە تەنانەت شێوەی قسەکردنیشی بەشێوەیەک دەگۆڕێت لەگەڵ سەردەمی شمشێرو ڕم بازی و ئەسپ سوارە کۆنەکان بگونجێت کەماوەیەکی زۆرە نەماون، کەسایەتی و لۆکەیشنەکانی نێو خەیالدانیشی کاریگەری بەرچاویان ھەیە بۆ دەرکەوتنی لەسەرکێشییە سەرابییەکاندا.

(ئالۆنسۆ کیخانۆ) رۆژێک بەدەم رێوە بیردەکاتەوە کە سوارچاکێکی ئاوا بەھێز پێویستە ھاوڕێیەکی دڵسۆزی ھەبێت، رێکەوتنێک دەکات لەگەڵ دراوسێ کاڵفامەکەی (سانشو بانسا) رازیی دەکات ھاوڕێیەتی بکات وەک ھاوکارو ھەڵگری نیشانەو ئاماژەکانی لەبەرامبەردا بیکات بەپاشای یەکێک لەدوورگەکانی ناوچەکە ئەگەر خوا یارمەتی دان، ئەویش کورتەباڵاو قەڵەو بەئەقڵە ساکارەکەی بەسواری گوێ درێژەکەیەوە دوای ئاغا لاوازو درێژەکەی دەکەوێت کەشێوەیەکی کۆمێدی زۆر جوان دەبەخشنە وەرگر، لایەنی کۆمێدیش گرنگترین خەسڵەتی رۆمانی دۆن کیشۆتە وایکردووە وەکو کارێکی جیاوازو بێ وێنە بخزێتە نێو زەینی وەرگرو وەک دەقێکی پێکەنین ئامێزی ساکاریش ھەوڵی چاکسازی کۆمەڵگە دەدات و چاکسازی گەورەش لەبیرمەندەکانی سەردەم دەکات، بێگوومان جیاوازیە کۆمێدیەکەی نێوان ئاغاو خزمەتکارەکەی یەکێکە لەرووداوە باڵاکان و کارێکی زۆر قورس و گرانیشە دۆن کیشۆت بەبێ سانشۆی خزمەتکار رێ بکات چونکە ھەردووکیان تەواوکاری یەکترن لەسروشتی مرۆڤدا، دۆن کیشۆت رۆڵی ئەقڵ دەبینێت بەڵام سانشۆ رۆڵی جەستە، ئەگەر دۆن کیشۆت گوزارشت لە نموونەیی مرۆڤی ناواقیعی بکات ئەوا سانشۆ بانسا وێنای ئەقڵی مرۆڤی غەریزی دەکات و بەدوای تێربوون لە پێویستییەکان دەگەڕێت بۆیە جیاوازی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە جۆرێک لەکۆمێدیا دەبەخشێت کە بەتەنھا بە یەکێکیان ناکرێت، کەسایەتی (ئالۆنسۆ کیخانۆ) نموونەی کەسایەتیی سەرکێشی نێو زیندە خەوەکانیەتی تیایدا بڕیاری نائەقلانی دەردەکات، بەڵام ھاوڕێکەی (سانشو بانسا) رۆڵی مرۆڤێک دەبینێت وەک ھاوڕێیەکی رەسەنی گیانی بەگیانی و بەرگەی مشتەکۆلەو شەق و لێدان و دارکاری ئاغاکەشی دەگرێت، (ئالۆنسۆ کیخانۆ) لەنێو سەرکێشییە سەرابییەکانیدا کچە دراوسێ لادێییەکەش (دولسینیا) دەخاتە سەرھێڵی رووداوە خەیالییەکانی خۆی و دەربڕینی خۆشەویستییەکی زۆر بۆی بێئەوەی ئەو کەنیشکە داماوە بوونی ھەبێت.

سوارچاکە سەرابییەکە لەملا بۆ ئەولا بەدوای سەرکێشیدا دەگەڕێت و یەکەم بەگژاچوونەوەی لەگەڵ (ئاشی با)دا ئەنجام دەدات گوایە پێشتر شتی لەوجۆرەی نەدیوەو ئەمە ئەھریمەنی باڵدارەو لەخەیاڵدان و دونیا وەھمییەکەی ئەودا جێگەی شەڕو ئاژاوەیە بێئەوەی گوێ بەھیچ ھاوارو ئازاری کەسانی نێو ئەو ئاشە بدات بەڕمە درێژەکەی ھێرشی بۆ دەکات و باڵەکان وەھەوا دەدات و تێکی دەشکێنێت، ئەم سوارچاکە وەھمیە لەشەڕە بەناوبانگەکەی مەڕەکانیشدا لەکاتی ھێرش بردندا گوێ بە تەپ و تۆزی ڕاکردنی ڕانەمەڕەکە نادات کەئاسمانی پڕکردووە چونکە بەھێرشی لەشکرێکی گەورە دێتە بەرچاوی بۆیە رووبەروویان دەبێتەوە ھەروەک لەچارەنووسی نووسرابێت ئازایەتی و جوامێری خۆی بسەلمێنێت و ناوناوباگی بەزیندوویی بمێنێتەوە، لەکۆتاییدا چەندین سەرمەڕ دەمرن و بریندار دەبن و خۆشی لەئەسپەکەی دەگڵێ و دەکەوێتە ژێر بەردبارانی شوانەکان، لە سەرکێشییەکیتریشدا رەتی دەکاتەوە پارەی خەوتنی ئوتێلەکەی سەر ڕێگا بدات چونکە وادەزانێت لەقەڵای سوارچاکان لایداوەو خەوتن تیایدا بەخۆڕاییە، بەڵام لەمەو لەھەموو سەرکێشییە یەک لەدوا یەکەکانیدا ژێردەکەوێت و گوایە ھۆکارەکەشی بەھۆی سحروجادو باڵاکانەوەیە لەلایەن بەرامبەرەکانیەوە لێیدەکرێت.

ئەم سوارچاکە سەرابییە جارێکیان (سانشو بانسا)ی ھاوڕێی دارکای دەکات لەسەر ئەوەی نەیزانیوە کچە دراوسێکەی (دولوسینیا) زۆر جوانەو لەوەپێش واتێگەیشتبوو کچێکی لادێی و بازاڕییەو ھیچیتر، ((وەرە سانشو، ئەوەندە بەسە کە دولوسینیا بەجوانی دەبینم....لەخەیالی خۆم چۆنم بوێت وا دەیبینم)) لێرەدا کێ گاڵتە بەکێ دەکات و چۆن جیاوازی لەنێوان خەیاڵ و راستی دەبینرێت؟ لەوانەیە ئەوان ئەکترو بینەر بن لە نواندنێکی ئامادەکراودا، لەھەردوو حاڵەتدا ئەم چیرۆکە کێشەیەکی بەردەوام پێشکەش دەکات لەنێوان چاکەو خراپە، ژیان و مردن، راستی و سەراب، مەبەستی پاڵەوانیش ئەوەیە ماف و دادپەروەری و رەوشتی بەرز بڵاوبکاتەوە بەڵام بەڕێگای ھەڵەدا دەڕوات کەرێگای وەھمەو کارە سەکێشییەکانیش بەھیچ دەگەن و کۆتاییان خراپتر دەبێت، مەبەستی ھاوڕێکەشی (سانشو پانسا)ئەوەیە ببێتە نموونەی ئەو واقیعەی کە لەداھاتووی نزیکدا سوودی دەبێت، مرۆڤیش کەبەرەنگاری وەھم و خورافات دەبێتەوە لەکۆتاییدا ھیچ شتێک قازانج ناکات بەڵکو زۆر شت و ژیانیشی لەدەست دەدات.

 

ماڵپەڕی بوڕهان جۆڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک