١\٤\٢٠١٨
"دۆڤلەتۆڤ" براوەی
خەڵاتی "بەڕڵینالە"
لە فێستیڤاڵی
جیھانیی فیلمی فەجر نمایش دەکرێ.
مەنسوور جیھانی
فیلمی
سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" لە دەرھێنانی "ئالێکسی جێرمان
- جۆنیۆر" لە سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە
تاران نمایش دەکرێ.
فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" Dovlatov لە دەرھێنانی سینەماکاری رووسی "ئالێکسی
جێرمان ـ جۆنیۆر" Aleksey German-junior براوەی خەڵاتی "ورچی نوقرەیی"
Silver Bear بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی ھونەری" لە شەست و ھەشتەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی ٢٠١٨ ناسراو بە "بەڕڵینالە"
Berlinale لە بەشی "سینەمای سەعادەت" Cinema Salvation واتە بەشی "پێشبڕکێی
نێودەوڵەتی" بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان لە میانەی سی و
شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر FIFF بەشداریی دەکات و
دەرھێنەر و "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" Elena Okopnaya دیزاینی سەحنەی ئەم
بەرھەمە سینەماییە لە شاری تاران ئامادەدەبن و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی بۆ
ھۆگرانی ھونەری سینەما لە وڵاتی ئێران و وڵاتانی جیھان دەکەنەوە و
ھەروەھا لە ڕێوڕەسمێک کە پێش لە نمایشی فیلمەکەیان لە کۆشکی فێستیڤاڵی
جیھانی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێت؛ ئامادەدبن و سەبارەت بە بەرھەمەکەی
خۆیان قسەدەکەن.
فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" بەرھەمێکی ژیاننامەیی "ئالێکسی جێرمان ـ
جۆنیۆر"ە کە ٦ رۆژ لە ژیانی "سێرگئی دۆڤلەتۆڤ"ی Sergey Dovlatov بە
وێنەگرتووە کە یەکێکە لە خۆشەویسترین نووسەرانی رووسیا لە دوایین
ساڵانی سەدەی بیستەم.
فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" چیرۆکی "سێرگئی دۆڤلەتۆڤ" نووسەر بۆ بینەر
دەگەڕێتەوە کە ساڵی ١٩٧١ لە شاری لێنینگراد دەژیی و سەرقاڵی سەفەرکردنی
ھەڤاڵەکەیەتی بە ناوی "یوسێیف برۆدسکی" Joseph Brodsky کە لە ساڵانی
دواییدا خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی بەدەستھێنا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو
لەوبڕوایەدایە کە لە وڵاتەکەی خۆی بمێنێتەوە و ژیانی ئاسایی لەگەڵ "ئالنا"ی
ھاوسەری و "کاتیا"ی کچی تێپەڕبکات. نووسراوەکانی دۆڤلەتۆڤ بەردەوام لە
لایەن میدیا ڕەسمییەکانەوە وەرناگیرێت چونکە بە ڕوانینێکی نەگونجاو
ھەڵدەسەنگێندرێن و ... .
فیلمی سینەمایی دۆڤلەتۆڤ لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی
پێشبڕکێی شەست و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە
ساڵی ٢٠١٨ چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" ئەم
فیستیڤاڵە گرینگەی بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی ھونەری" بەدەستھێنا کە
بە "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" بەخشرا کە دیزاینی سەحنە و جلوبەرگی ئەم بەرھەمە
سینەماییەی لە ئەستۆدابووە.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ھاوکاریی پێشووی "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" لەگەڵ "ئالێکسی
جێرمان ـ جۆنیۆر" فیلمێکی سینەمایی درامی ـ زانستی و خەیاڵاویی بوو بە
ناوی "لە ژێر ھەورە ئەلەکترونییەکان" Under Electric Clouds کە یەکەمین
چالاکی سینەمایی ئەم سینەماکارەیە کە لە ماڵپەڕیی "ئای.ئێم.دی.بی" IMDB
تۆمارکراوە کە لە بەشی شەست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی ٢٠١٥ ئامادەبوو و خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" ئەم
فیستیڤاڵەی بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی ھونەری" بەدەستھێنا. بەڵام بە
جیاوازییەک کە ئەم خەڵاتە بە "ئێوگنی پریڤین" Evgeniy Privin و "سێرگئی
میخالچۆک" Sergey Mikhalchuk بەڕێوەبەرانی وێنەگرتنی ئەم بەرھەمە
سینەماییەی "ئالێکسی جێرمان" بەخشرا کە ڕووداوەکانی زۆربەی بەرھەمەکانی
لە سەردەمی "ژۆزێف ئێستالین" Joseph Stalin و جەنگی جیھانی دووھەم
تێپەڕدەبێت و ئەم سەردەمەی مێژوو لە باروودۆخێکی قەیراناویدا وێنە
دەگرێت.
زۆربەی فیلمەکانی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" بە شێوازیی ڕەش و سپی
یاخود بە شێوازێک کە ڕەنگوڕوویان پێوەنەمابێت وێنەدەگیرێت و ھەر بەم
ھۆیەوە دیمەنێکی ڕەش و تاریک لەخۆدەگرن.
"ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" ساڵی ٢٠٠٨ بە فیلمی سینەمایی "سەربازی
کاغەزی" Paper Soldier لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی شەست و پێنجەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice لە وڵاتی ئیتالیا
بەشداریی کرد و خەڵاتی باشترین دەرھێنانی ئەم فیستیڤاڵە بەنرخەی
سینەمای جیھانی بەدەستھێنا
سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەرایەتی "رەزا
میرکەریمی" بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان
لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی ١٩
تا ٢٧ی ئەپرێلی ٢٠١٨ لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری
تاران لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|