دۆخی كولتووریی، هونه‌ريی و رۆشنبيريی هه‌ورامان چۆنه و به‌ره‌و كوێ ده‌چێت...؟
فه‌رشید شه‌ریفی
مه‌به‌ست له‌م نووسینه، نه بێ بایه‌خ كردنی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له‌م بوارانه‌ی به‌رباسدا كاریان كردووه، نه ئیدیعای ئه‌وه‌ش ده‌كات كه دواقسه و دوا بیروڕای دروستی لایه،به‌ڵكوو مه‌به‌ست ته‌نها روونكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ مه‌سه‌له و هه‌ر وه‌ها تیشك خستنه بۆ سه‌ر دۆخی كولتووریی و رۆشنبیریی و هه‌روه‌ها ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له شێعری هاوچه‌رخی هه‌ورامی كه به‌داخه‌وه تا ئێستا نه‌ك هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه،به‌ڵكوو ئه‌و شتانه‌ش له باره‌یه‌وه نووسراوه، یه‌گجار كه‌م و ناته‌واون.ئه‌م نووسینه‌ش ته‌نها هه‌وڵێكه له‌و بواره‌دا و ئه‌گه‌ر فرسه‌ت ده‌ست بدات له داهاتوودا به وردیی و چڕوپڕتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی هانده‌ری نووسینی ئه‌م دێڕانه بووه،نه‌بوونی یان كه‌مبوونی ده‌وری شێعری هاوچه‌رخی هه‌ورامییه له پانتای ئه‌ده‌بی كوردیدا.هه‌ڵبه‌ته به داخه‌وه شاعیرانی ناوچه‌ی هه‌ورامان و ده‌وروبه‌ری، یان كه‌م كار ده‌كه‌ن، یان نووسینه‌كانیان كه‌م بلآو ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ر بۆیه هێشتا به ته‌واوه‌تیی نازانین چه‌ند ده‌نگی تازه‌مان له شێعری هاوچه‌رخی هه‌ورامیدا هه‌یه و له چ ئاستێكدان؟.
ره‌نگه كه‌م وتار له‌سه‌ر شێعر‌و ئه‌ده‌بی هه‌ورامیی نووسرابێت باسی شێعری هورمزگانی[1] تیا نه‌كرابێت و به‌رده‌وام شانازیی پێوه نه‌كرابێت.ڕاسته به پێی لێكۆڵینه‌وه و به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كان، شێعری هورموزگان،یه‌كه‌م شێعری كوردی‌یه، ئه‌ویش به شێوه‌زاری هه‌وارمیی، به‌لآم ئایا تا چه‌ند بیرمان له‌وه كردۆته‌وه ئه‌ی ئێستا چیمان هه‌یه؟ئایا بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستا و نه‌وه‌كانی داهاتوو چیمان هه‌یه؟ئایا بیرمان له‌وه كردۆته‌وه له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌ی ئه‌و پاشخانه مه‌زنه‌ی رابردوو كه هه‌مانه،كۆڵه‌كه‌ی تازه‌تر دابمه‌زرێنین؟ئایا ئه‌و ئه‌ده‌بیاته مه‌زنه‌ی هه‌ورامیی وای لێ نه‌كردووین به‌رده‌وام شانازیی به پێشینانمان بكه‌ین و بیر له هه‌وڵی تازه‌تر نه‌كه‌ینه‌وه؟یان به واتایه‌كی تر وه‌كوو له‌ناو وه‌همێكدا بژین،به‌رده‌وام بڵێین مه‌وله‌وی وابوو،بێسارانیی وابوو،خانای قوبادی و سه‌یدی و ...وابوون و وا ژیان و ...؟!ئایا هه‌ر سووڕانه‌وه به ده‌وری شانازییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی رابردوومان وای لێ نه‌كردووین به‌رده‌وام به ده‌وری بازنه‌یه‌كی خه‌یاڵییدا بسووڕێینه‌وه و بیر له به‌رهه‌مهێنان نه‌كه‌ینه‌وه؟!
به داخه‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له شاعیران و رۆشنبیرانی هه‌ورامانیش هێشتا له ده‌وری ئه‌و بازنه‌یه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه كه ئایا سه‌یدی هه‌ورامی یه‌كێك بوه یان دوان؟!یان ئایا سه‌یدی له هه‌ورامان ژیاوه یان له فلآن شوێنی تر؟!ئایا ته‌رمه‌كه‌ی له كوێ به خاك سپردراوه و گۆڕه‌كه‌ی له كوێیه؟!هێشتا شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه پێش ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپادا باس له رۆمانتیسیزم بكرێت،بێسارانیی ئه‌و جۆره شێعرانه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه كه ده‌چنه خانه‌ی ئه‌و قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌وه و كه‌واته یه‌كه‌م رچه‌شكێنی رۆمانتیسیزم بووه.هێشتا رێژه‌یه‌كی زۆری توێژینه‌وه و خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌رامه‌ت و گه‌وره‌یی شاعیرانی كلاسیك ته‌رخان ده‌كرێت.هێشتا به‌شێكی هه‌ره زۆری باسه هونه‌رییه‌كان به ده‌وری سیاچه‌مانه‌دا[2] ده‌سووڕێنه‌وه و باسی هونه‌ری تازه له گۆڕێ‌دا نییه.هێشتا به‌شێكی زۆری هونه‌رمه‌ندان له دیمانه رۆژنامه‌وانیی و ته‌له‌فزیۆنییه‌كاندا هه‌ر ده‌سته‌ویه‌خه‌ی هۆره و سیاچه‌مانه و شمشاڵ ده‌بنه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ جار باسی زمانه‌وانیی و ئه‌ده‌بیش ده‌كه‌ن[3].به داخه‌وه ئه‌وانه‌ش ئه‌و به‌رنامانه ئاماده ده‌كه‌ن، یان له ڕووی نائاگاییه‌وه،یان هه‌ر شتێكیتره‌وه،گوێ ناده‌نه ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كانیان و به‌رنامه‌كانیان جۆره شپرزه‌ییه‌كیان پێوه دیاره.پێشكه‌شكاری وا هه‌یه ناتوانێت دوو پرسیاری رێك‌وپێك له به‌شداران بكات.هونه‌رمه‌ندی وا بانگهێشت ده‌كه‌ن ناتوانێت ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ی تیایدا چالاكیی هه‌یه، دوو زانیاری سوودمه‌ند به گوێ‌گران و بیسه‌رانی خۆی ببه‌خشێت و كه‌چی مانگ له دوای مانگ له ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت.هونه‌رمه‌ندی وا هه‌یه كه ئه‌گه‌ر(قحط الرجال)نه‌بێت،كه‌س مه‌جالی ده‌ركه‌وتنی پێ نادات،كه‌چی خۆی وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی بواری هونه‌ر نیشان ده‌دات.
زۆرێك له پسپۆڕان و مۆسیقازانان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن كه مۆسیقای كوردیی،دایكی مۆسیقای ئێرانه به گشتیی و فارسیی به تایبه‌تی؛ئه‌ی باشه شوێن پێی مۆسیقای هه‌ورامان وه‌ك به‌شێك له كوردستان له كوێیه؟ئه‌گه‌ر وای دابنێین پێشتر و كۆنتر هه‌ورامان مۆسیقای هه‌بوه،ئه‌ی هونه‌رمه‌ندان و شاره‌زایانی ئه‌و بواره بۆ هه‌وڵ ناده‌ن خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆسیقایه‌دا ئاشت بكه‌نه‌وه؟ئه‌گه‌ریش نه‌بوه بۆ هه‌وڵ ناده‌ن گوێی خه‌ڵك به مۆسیقای تازه ئاشنا بكه‌ن؟بۆچی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ورامان له‌گه‌ڵ مۆسیقادا ئاشتییان نایه‌ت؟.ئه‌و هونه‌ره مه‌زن و جوانه‌ی كه له ولآتانی دنیادا زیاترین بایه‌خی پێ ده‌درێت.وه‌ك سه‌رچاوه‌كان باسی ده‌كه‌ن ئاینی زه‌رده‌شتیی زیاترین به‌های بۆ مۆسیقا داناوه و زیاترین رێزیشی لێگرتووه و ته‌نانه‌ت پاش هاتنی ئایینی ئیسلامیش مۆسیقا له هه‌وراماندا تا راده‌یه‌ك وه‌كوو خۆی ماوه‌ته‌وه. هێشتا زۆربه‌ی كاری هونه‌ری و پیشه‌سازیی هه‌ورامان هه‌ر له چڕینی سیاچه‌مانه و ژه‌ندنی شمشاڵ و چنینی گڵێم و جاجم و به‌رماڵ و شانه‌ی چێوین و ته‌شی و ....خۆی ده‌بینێته‌وه.هێشتا زۆر كه‌س پێوان وایه نابێ چۆخه‌وڕانكی مه‌رز بفه‌وتێت و ده‌بێ هه‌مو كه‌س له‌به‌ری بكات و ئاگای له‌وه نییه ئه‌گه‌ر هه‌موو په‌شم و خوری هه‌ورامان كۆبكه‌یته‌وه به‌شی جلوبه‌رگی ناوچه‌كه خۆشی ناكات.كه‌س حاشا له‌و هه‌موو زیره‌كییه ناكات كه خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه به درێژایی مێژوو نواندوویانه و توانیویانه خۆیان خۆیان بژیێنن و هه‌موو كه‌ره‌سته و پێداویستییه‌كانی ژیانیان دابین بكه‌ن.خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان«خۆژێنه‌ر»ترین خه‌ڵكانی كوورده‌واریی بوونه.به‌لآم راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ گڵێم و جاجم ناتوانن وه‌لآمده‌ری پێداویستییه‌كانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره روو له زیادبوونه بێت.سیاچه‌مانه ناتوانێت وه‌لآمده‌ری ئه‌و هزر و مێشكه تازانه بن كه حه‌زیان له گۆرانی و مۆسیقای تازه‌یه.با ئه‌و مافه به هه‌موو كه‌سێك بده‌ین حه‌ز له چی ده‌كات خۆی هه‌ڵیبژێرێت.كێ حه‌زی له سیاچه‌مانه‌یه با گوێی لێ بگرێت،كێش حه‌زی له گۆرانی و مۆسیقای تازه‌یه با هونه‌رمه‌ندان،بیر له چێژ و حه‌زی ئه‌وانیش بكه‌نه‌وه.
لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م ورده ئاماژه‌یه‌ك به‌وه بده‌م كه به‌تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به تایبه‌تیش نزیكه‌ی سێ چوار ساڵه ئه‌و بیرۆكه‌یه سه‌ری هه‌ڵداوه كه گوایه هه‌ورامی زمانێكی سه‌ربه‌خۆیه و بۆ خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا له كورده و به داخه‌وه وه‌كوو ئه‌وه‌ی هێشتا له‌سه‌ر شوناسی خۆیان ساغ نه‌بووبێتنه‌وه وایه؛كه ده‌ڵێم خه‌ڵكی هه‌ورامان،خۆم وه‌كوو هه‌ورامییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌دوێم.خۆم وه‌كوو كه‌سێكی هه‌ورامیی كه هه‌ندێ شت به‌لای منه‌وه گرفت و كێشه‌ن و له‌وانه‌شه كێشه‌ی زیاتریشیان به‌دواوه بێت.بۆ نموونه به‌ڕێز عادڵ محه‌مه‌دپوور ده‌ڵێ:...ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نیه كه چوون ته‌واوی ژانره‌كانی پێ بنووس نه‌كراوه[واته هه‌ورامی]،ئیتر زمان نییه و زاراوه‌یه[4].ره‌نگه جارجار ناچار بم به زمانی خه‌ڵكی ره‌مه‌كیی قسه بكه‌م و له‌وانه‌یه تۆزێك له زانستیی بوون لابده‌م؛به‌لآم راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ن كه‌سانێك كه ده‌ڵێن «كورد و هه‌ورامیی».كه تۆ وا ده‌ڵێی،خۆت له كورد جیا ده‌كه‌یته‌وه،ئه‌ی ئه‌گه‌ر تۆ كورد نیت،ئه‌ی چێت؟كه تۆ وا ده‌ڵێیت،خه‌ریكیت شوناسێكی تازه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خۆت دیاریی ده‌كه‌یت؛كه‌واته تۆ به درێژایی مێژوو خۆت خۆتت نه‌ناسیوه،چه‌ند هه‌زار ساڵه ده‌ژیت و تازه ئێستا زانیوته كورد نیت،چه‌ند هه‌زار ساڵه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ده‌ژیت و داب و نه‌ریت و مێژوو و ئه‌ده‌بیات و جوغرافیای هاوبه‌شت له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه و تازه له خه‌و راچڵه‌كیوی و ده‌ڵێی من نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆم و زمانی تایبه‌تی خۆم هه‌یه...ئه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌زار ساڵه چۆن تا ئێستا نه‌تزانیوه سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌كیت!،یان ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیت،چ ناوێكی بۆ هه‌ڵده‌بژێریت!.كورد به پێی مێژوو،چه‌ند هه‌زار ساڵه له‌م شوێنانه‌ی كه ئێستا من و تۆی تیا ده‌ژین،به هه‌موو زاراوه و بن زاراوه‌كانییه‌وه تیا ژیاوه،ئێمه‌ی هه‌ورامیش به‌شێكی یه‌كجار ره‌سه‌نی ئه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌ین.ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی خێرای ده‌قه كۆنه‌كان و ئاسه‌واره دێرینه‌كان بده‌ین،به بێ هیچ دوودڵییه‌ك ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێت.ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی خێرای داب و نه‌ریت و كولتوور و ئه‌ده‌بیات و مێژووی كوردان بده‌ین،به هه‌مان شێوه.هه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه پێده‌چێت هه‌ندێ ده‌ره‌نجامی نێگه‌تیڤی لێ كه‌وتبێته‌وه.یه‌كێك له‌وانه ئه‌وه‌یه جۆره گۆشه‌گیرییه‌ك له هه‌وراماندا به‌دی ده‌كرێت كه شاعیر و نوسه‌ری هه‌ورامان خۆی له بازنه‌یه‌كی ته‌سكی ناوچه‌گه‌رییدا ده‌بینێته‌وه و له ئاست مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی نابێت.دیاره كێشه‌ی ناوچه‌گه‌ریی تایبه‌ت به هه‌ورامان نییه،من بۆ خۆم ئه‌م دیارده‌یه‌م به زه‌قیی له موكریان،كرماشان،سنه،سلێمانی و چه‌ندین شوێنی تریش بینیوه و ئه‌وه دیارده‌یه‌كه ده‌بێ به هه‌موو لایه‌كه‌وه هه‌وڵی بنبڕكردنی بدرێت.هه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه ته‌نانه‌ت هه‌وڵی داڕشتنی شێوه نووسینی تایبه‌تیشی داوه،واته رێنووسی تایبه‌تی و جیاواز له‌وه‌ی ئێستا هه‌موومان به كاری دێنین.نازانم ئه‌وانه ئایا ئاگایان له‌وه هه‌یه كه به درێژایی په‌نجا ساڵی رابردوو كه‌سانێكی وه‌كوو تۆفێق وه‌هبی و ره‌فێق حیلمی و زه‌بێحی و چه‌ندینی تریش به به‌رده‌وامیی هه‌وڵ و ته‌قالایان داوه تا توانیویانه رێنووسی كوردیی رێك‌وپێك بكه‌ن،به شێوه‌یه‌ك كه بۆ زمانی كوردی گونجاو بێت؟تازه هێشتا زۆر كێشه‌ی ئه‌و رێنووسه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و به ته‌واوه‌تیی وه‌لآمده‌ری پێداویستییه‌كانی ئه‌م زمانه نییه.كه‌چی ئه‌وان رێنووسی تایبه‌ت به خۆیان به كار ده‌هێنن.حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه بزانن رێنووسی كوردیی وه‌ك وتم،هێشتا گرفتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و به ده‌س شپرزه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنێت،با له‌وه زیاتر شپرزه‌ی نه‌كه‌ین.
ده‌سنیشان كردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك وه‌كوو نه‌ته‌وه،هه‌ندێ فاكته‌ری تایبه‌تیی ده‌وێت كه هه‌موو هۆزه‌كانی كورد پێكڕا ئه‌و فاكته‌رانه‌یان تێدایه.ئه‌گه‌ر منی هه‌ورامیی هه‌بوونی راناوی نێر و مێ بكه‌مه فاكته‌رێك بۆ سه‌ربه‌خۆ بوونی زمانی هه‌ورامیی،یان ئه‌گه‌ر جیاوازیی ئاخافتن بكه‌مه هۆی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه،یان تێ نه‌گه‌یشتنی من وه‌كوو تاكێك له زاراوه‌ی كه‌لهۆڕیی یان بادینی یان سۆرانیی و...بكه‌مه فاكته‌رێك بۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه،كه‌واته هیچ ئه‌سفه‌هانییه‌ك فارس نییه،هیچ شیرازییه‌ك فارس نییه،هیچ خوراسانییه‌ك فارس نییه و ...ئه‌گه‌ر شێوه زمانی تاران به زمانی ره‌سمیی ئێران بزانین،له‌و كاته‌دا ئه‌وانه هیچكام فارس نین،بۆ؟چوونكه هیچكام له خه‌ڵكی ئه‌و شارانه به ته‌واوه‌تیی له یه‌كدی تێ ناگه‌ن.تارانییه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده له شیرازیه‌ك تێ ده‌گات كه منی هه‌ورامیی له كه‌لهۆڕیی و...یان وه‌كوو ده‌ڵێن عه‌ره‌بێكی میسریی به ئاسانیی له عه‌ره‌بێكی به‌غدایی تێناگات و...به‌لآم تا ئێستا ره‌نگه هیچ عه‌ره‌بێكی میسریی بیری له‌وه نه‌كربێته‌وه كه نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و جیاوازیی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كانی تردا هه‌یه(میسرم وه‌كوو نموونه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب هێنایه‌وه ئه‌گینا با له‌وه بگه‌ڕێین كه میسرییه‌كان له سه‌ره‌تادا هه‌ر عه‌ره‌ب نه‌بوون و قیبتیی بوون و دوایی به هۆی ئیسلامه‌وه بوون به عه‌ره‌ب).
هه‌ورامیی دیاره شێوه‌زارێكی زمانی كوردی‌یه كه هه‌ندێ هۆكار ده‌ستیان ناوه‌ته ده‌ستی یه‌ك و نه‌ك هه‌ر هه‌ورامیی به‌ڵكوو هه‌موو زاراوه‌كانی كوردیی له‌یه‌كدی دوور خستۆته‌وه؛به‌شێك له‌و هۆكارانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نه‌بوونی پێكهاته‌یه‌كی هاوبه‌شی ئابووریی،كۆمه‌لآیه‌تیی و سیاسیی و له هه‌موانیش گرینگتر،جوغرافییایی و دووره ده‌ستیی و شاخاویی بوونی ناوچه‌ی هه‌ورامان،كه بوه‌ته هۆی دابڕانی له ناوچه كوردی‌یه‌كانی دیكه.باسی زمان یان زاراوه بوونی هه‌ورامیی،خۆی باسێكی دوور و درێژه و ره‌نگه نه‌توانین له‌م وتاره مافی خۆی بده‌ینێ.
نووسین له بوارێكدا كه وه‌ك پێویست سه‌رچاوه و ده‌قی سه‌ركه‌وتوومان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت،كارێكی گه‌له‌ك دژواره و دیاره قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێكیش پێویستی به سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو هه‌یه به‌لآم به داخه‌وه بۆ دوان له‌سه‌ر بابه‌تێكی وه‌ك شێعری هاوچه‌رخی هه‌ورامیش له به‌ر نه‌بوونی ده‌قی به‌رچاو،ئه‌و دژوارییه دوو ئه‌وه‌نده و بگره چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بێت.
لێره‌دا حه‌ز ده‌كه‌م ئاوڕێك له شێعری هاوچه‌رخ بده‌مه‌وه.ئه‌زموونی گۆڕانكاری فۆرم و ناوه‌ڕۆك له شێعری هه‌ورامیدا به‌داخه‌وه ئه‌زموونێكی له مێژینه و چڕ‌وپڕ نییه.به داخه‌وه به هۆی نه‌بوونی یان كه‌مبوونی گۆڤار و رۆژنامه یان ته‌له‌فزیۆنی سه‌ربه‌خۆ كه بتوانن به‌رهه‌می شاعیران و نووسه‌ران و رۆشنبیرانی هه‌ورامان بۆ خه‌ڵك بگوێزنه‌وه،كه‌متر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیی هه‌یه بكه‌وێته به‌رده‌ست خوێنه‌ران.هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه ڕه‌نگه نه‌توانین داوه‌ری‌یه‌كی دروست له سه‌ر به‌رهه‌مه‌كان بكه‌ین،به‌لآم به پێی ئه‌و شێعرانه‌ی كه له‌ملاولا بلآو ده‌بنه‌وه،هه‌ست به مه‌نگیی و راوه‌ستانێكی ئه‌ده‌بیی و به تایبه‌تیی شێعریی ده‌كرێت.هه‌ست به قه‌یرانێكی كوشنده ده‌كرێت.له لایه‌كه‌وه قه‌یرانی كه‌مبوونی به‌رهه‌م،له لایه‌كیشه‌وه ناله‌باربوونی دۆخی ئه‌ده‌بییه‌ت و شێعرییه‌تی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه بلآوكراوه‌كان.زۆربه‌ی شاعیرانی هه‌ورامان پێده‌چێت هێشتا زه‌رووره‌تی نوێ بوونه‌وه‌یان هه‌ست پێ نه‌كردووه یان ئه‌گه‌ر شاعیران پێیان ناخۆش نه‌بێت هێشتا نازان له چ دنیایه‌كدا ده‌ژین و بۆ چێ شیعر ده‌نووسن و به دوای چ ئامانجێكدا ده‌گه‌ڕێن؟!
ئه‌ڵبه‌ته هه‌ن كه‌سانێك ده‌ركیان به‌و زه‌رووره‌ته كردووه و هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری هه‌ورامییان داوه به‌لآم راستییه‌كی تاڵ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی یان ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه ده‌توانین به ده‌نگی تازه‌ی شێعری هاوچه‌رخی هه‌ورامی ناویان به‌رین، هێنده‌ی ژماره‌ی قامكی ته‌نانه‌ت یه‌ك ده‌ستیش نابن.ره‌نگه دوو كۆمه‌ڵه شێعره‌كه‌ی«زه‌ڕنه‌و ئاسۆی[5]»و هه‌روه‌ها«هۆرپڕای گه‌چ و ته‌خته‌ی» ره‌ئووف مه‌حموودپوور هێشتا تاكه به‌رهه‌می جیدی له بواره‌دا بن كه تا ئێستا بلآوكراونه‌ته‌وه و ئه‌زموونێكی تازه‌ی شێعری هه‌ورامین،كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیی هه‌ڵده‌گرن.به‌لآم ئه‌م نوێگه‌راییه لای هه‌ندێ شاعیر ته‌نها وه‌ك ئه‌وه وه‌رگیراوه كه گوایه به خه‌یاڵی خۆیان له‌و قافڵه‌یه به جێ نه‌مێنن و جاروباره هه‌وڵی بلآوكردنه‌وه‌ی شێعرێكی به رواڵه‌ت نوێ ده‌ده‌ن،به‌لآم كه چاو له ناوه‌ڕۆك و ئه‌ندیشه و جۆری فه‌نتازیای ناو شیعره‌كان ده‌كه‌یت،هه‌زارجار خۆزگه به شێعره كلاسیكییه‌كان ده‌خوازیت.شاعیر هه‌یه ئه‌مڕۆ شێعرێكی به رواڵه‌ت نوێ بلآو ده‌كاته‌وه رۆژی دوایی شێعرێكی تر بلآو ده‌كاته‌وه ره‌نگه ئه‌گه‌ر چوارسه‌دساڵ له‌مه‌وبه‌ریش بینووسیبایه،شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ش ره‌جمیان ده‌كرد.شاعیر هه‌یه له گۆڤارێكدا شێعرێكی ئازاد بلآو ده‌كاته‌وه،به‌لآم به‌وپه‌ڕی سه‌رسووڕمانه‌وه هه‌ر له هه‌مان گۆڤار و له هه‌مان ژماره‌دا شێعرێكی تری بلآو ده‌بێته‌وه له قوتووی هیچ ئه‌ده‌بیاتێكدا نییه.به بێ ناوبردنی شاعیر،بۆ نموونه با چاوێك له‌م شێعره بكه‌ین:
كه مه‌ردانی/گره‌وایم په‌ی چێش/هۆرمجانێ/هه‌ڵسی وشكێ/روو چه‌ماوه/دیار‌و خه‌ڵكیۆ/من په‌ی چێشیم!/دمای مه‌رده‌یم ئاخ هۆركێشای/په‌ی نه‌داری و /په‌ی خه‌مباری/من په‌ی چێشیم/كه مه‌ردانی/هیچ دادَ مه‌دَۆ/نه ئه‌شكی وشك/نه بالورێ/نه یادَ كه‌رده‌ی/من په‌ی چێشیم/كه مه‌ردانی/گه‌ره‌كم نیا/خێركه‌رده‌ی/حه‌یوانی زل/سه‌ره بڕدێ و/پێوه بوه‌ردێش/واچدێ/به‌ش خوا به‌خشۆش/به‌ش چۆ دنیا/ به‌ونه به‌هه‌شت/من په‌ی چێشیم/وه‌ڵێ مه‌رده‌یم/ئاره‌زووما/سه‌رده‌یدێ لام/زڕیۆوه زه‌نگ/به‌رۆ هۆشیم/شه‌وێ تاره‌م/به ته‌نیایی/كوشنیۆوه/رۆشن كه‌ردێ/ یـانه‌ی چۆڵم /كه مه‌ردانێ/من په‌ی چێشیم/زیندَه كوشته‌ی و/مه‌رده په‌رسای/من په‌ی چێشیم/............
ئه‌م شێعره(ئه‌گه‌ر بتوانم ناوی شێعری له‌سه‌ر بنێم)به هۆی جۆری نووسینیه‌وه،دوو لاپه‌ڕه‌ی ته‌واوی گۆڤارێكی داگیر كردووه و به ته‌واوه‌تیی نموونه‌ی ئه‌و شێعرانه‌ن كه له‌ناو هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شێعری هاوچه‌رخدا ته‌نها هه‌ڵگری یه‌كێكیان،ئه‌ویش له سه‌ره‌وه بۆ خوار چنینی وشه‌كان و تێكدانی یه‌كسانیی نێوان دێڕه‌كانه.حه‌ز ده‌كه‌م خوێنه‌رێك بێت و تاقه فه‌زایه‌كی شێعریی و تاقه فه‌نتازیایه‌ك له‌ناو ئه‌م شێعره‌دا بدۆزێته‌وه،یان تاقه وێنایه‌كی شێعریی و بۆنێك له شێعریه‌تی تێدا ببینێته‌وه!!! وه‌ك ده‌بینین به داخیشه‌وه له گۆڤاریشدا چاپ بووه و به‌رده‌وام نموونه‌ی ئاوها ده‌بینین كه به ناوی شێعری نوێوه ده‌رخواردی خه‌ڵك ده‌درێن.ره‌نگه ئه‌م شاعیره ویستبێتی له رێگای ئه‌م شێعره‌وه په‌یامێك به خوێنه‌ر بگه‌ینێت،په‌یامێكی كۆمه‌لآیه‌تیی،ئه‌ویش ئه‌وه بێت رێز له زیندوه‌كان بگیردرێت وه‌ك له مردووه‌كان،واته به له‌وه‌ی كه‌سێك بمرێت و دوای مردنی شیوه‌ن و هاواری بۆ بكه‌ن، كاتێك كه زیندووه رێز و حورمه‌تی بگرن؛به‌لآم به‌و زمانه شێعرییه و به شیۆه ده‌ربڕینه،شێعرییه‌تی له شێعره‌كه سه‌ندۆته‌وه و كردوویه‌تی به خیتابه‌یه‌كی مینبه‌ریی و دروشمی تریبونێكی راگه‌یاندن.شێعری كردووه به ئامێرێكی ئامۆژیاری كه‌ر و نیشانده‌ری رێگای راست و هه‌ڵه.
نوێگه‌رایی له شێعردا ته‌نها شكاندنی دێڕه‌كان و له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه چنینی وشه‌كان نییه،ئه‌وه كه كه‌سێك هه‌ستێت به تێكدانی فۆرم و له هه‌مان كاتیش‌دا به بێ گوێنه‌دان به تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی تری شێعری ئه‌مڕۆ،به‌ڵگه‌ی نوێگه‌رابوونی شاعیر نییه.ئه‌وه‌ی كه كه‌سێك هه‌وڵ بدات شیعری ئازاد بنووسێت و خۆی له داوی كێش و سه‌روا و تابه‌تمه‌ندییه‌كانی تری شیعری كلاسیكی ده‌رباز بكات،خۆی به‌شێكه له‌و هه‌نگاوه‌ی كه پێویسته هه‌ڵبگیردرێت،به‌لآم وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه هێشتا كه‌ش و هه‌وای شێعری كلاسیك به سه‌ریاندا زاڵه و هێشتا بۆن و به‌رامه‌ی شیعری سه‌ده‌كانی پێشوویان لێ دێت.ره‌نگه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له رچه‌شكێنیی،شكاندنی دێڕه‌كان و یه‌كسانیی نێوان دێڕه‌كان بێت،كه‌واته به‌یته كۆنه كوردییه‌كان هه‌موویان شیعری نوێن.
شتێك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه رچه‌شكێنیی،به‌ڵگه‌ی سه‌ركه‌وتوویی نییه،بۆ نموونه زۆرن ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م چیرۆكیان نووسیوه كه‌چی ناویان له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا نییه و ته‌نها وه‌كوو مێژوو چاویان لێ ده‌كرێت؛دوای رچه شكێنیی،گرینگ‌ترین شت،داهێنانه. گۆڕانی فه‌زای شیعر و په‌لكێشكردنی شیعره بۆ ناو دنیایه‌كی به‌رینتر و هێنانه ئارای كه‌ش و هه‌وایه‌كی تازه‌تر و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی چه‌مك و وشه و ده‌سته‌واژه و وێنای جوان و تازه وئه‌مڕۆژیی.شێعر راوكردنی چركه‌ساته‌كانه و شاعیریش راوكه‌ری چركه‌ساته‌كانه.
دیاره له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر كه‌سه‌و ئه‌ركی خۆی هه‌یه؛مامۆستای ئایینی ئه‌ركی خۆی هه‌یه؛مامۆستای مه‌دره‌سه ئه‌ركی خۆی هه‌یه؛من له‌م سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیا و پێشكه‌وتنه‌دا پێویستم به‌وه نییه كه‌سێكی وه‌كوو مامۆستا مه‌وله‌وی بێت و له رێگای شێعره‌وه ئامۆژگاریم بكات كه بۆ نموونه له كاتی تووش بوون به هه‌لآمه‌ت چی بكه‌م و چی نه‌كه‌م[6].
خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ پێویستی به‌وه نییه له‌مه به‌دوا له رێگای شیعره‌وه مێژووی خۆی بناسێت؛(حاشا له‌وه ناكرێت ئه‌گه‌ر هه‌ندێ شێعری كۆن نه‌بوونایه،به‌شێكی زۆر له مێژوومان تیا ده‌چوو و زۆرێك له‌و لاپه‌ڕانه‌ی مێژوو كه ئه‌مڕۆ له‌به‌ر ده‌ستمانن به هۆی شێعره‌كانه‌وه پارێزراوه؛به‌لآم كه باسی شێعری ئه‌مڕۆ ده‌كه‌ین ئیتر ئه‌و ئه‌ركه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت) هه‌روه‌ها خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ پێویستی به‌وه نیه شاعیرێك بێت و وانه‌ی ئایینی بۆ بڵێته‌وه؛پێویستی به‌وه نییه شاعیران، ناوی شاخ و داخ و چیا و دۆڵه‌كانی بۆ بپارێزن.شاعیرانی كلاسیك هه‌موو ئه‌و ده‌ورانه‌یان گێڕاوه كه باسمان كردن و خزمه‌تی باشیان كردووه به نه‌ته‌وه‌كانیان؛به‌لآم قسه‌مان له‌سه‌ر شاعیرانی ئه‌مڕۆیه كه پێویسته سه‌رده‌میانه‌تر بیربكه‌نه‌وه.پێم وایه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك هه‌یه كه شێعری هه‌ورامییان گه‌مارۆ داوه و به‌رده‌وام ده‌سته‌ویه‌خه‌ی شێعری هه‌ورامین له‌وانه:
1- كێشی په‌نجه یان بڕگه‌یی،كه دیاره له رووی شێعرییه‌ت و فه‌نتازیا و وێنه‌سازییه‌وه ده‌ستی شاعیر ده‌به‌ستنه‌وه و واتا و وێناكانی به‌ته‌واوه‌تیی بۆ ده‌رنابڕدرێن.راسته ئه‌مه كێشی خۆماڵییه و ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك گۆرانی نه‌مر،په‌نای بۆ ده‌باته‌وه و وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و دواوه،دیسان ده‌یهێنێته‌وه ناو شێعره‌وه.گۆران خۆی شێعرێكی هه‌یه ده‌ڵێ:هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم/ بۆم ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ستم.دیاره خودی گۆرانیش ره‌نگه وه‌ڕه‌ز بووبێت له‌وه‌ی كه ناتوانێت شته‌كان به دڵی خۆی بخاته ناو شێعره‌كانییه‌وه.لێره‌شدا حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌یه‌ك بده‌م به بۆچوونی به‌ڕێز عادڵ محه‌مه‌دپوور كه ده‌ڵێ:«...به تایبه‌ت له ژانری شێعردا هه‌ر له گاتاكانی ئه‌وێستاوه بیگره تا شێعری هورموزگان و ئورامه‌نه‌كان و تا بێسارانی و مه‌وله‌وی و ته‌نانه‌ت شێعری هاوچه‌رخ،گاڤ به گاڤ پارێزراوه و بوه‌ته هۆی ئه‌وه شێعری هه‌ورامی نه‌كه‌وێته ژێر كاردانه‌وه‌ی ئوسلوبی هه‌نده‌ران،ده‌بێ وه‌ك خاڵێكی پۆزه‌تیڤ سه‌یری ئه‌م دیارده زمانییه بكرێ،مامۆستا گۆرانیش له‌سه‌ر ئه‌م دابه هونه‌رییه زمانییه بوو كه گه‌ڕایه‌وه بۆ نه‌غمه‌ی شێعری هیجایی»[7].به‌لآم مه‌رج نییه گۆران هه‌ر چییه‌كی كردبێت راست و دروست بێت.ره‌نگه بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ش ته‌نها ئه‌مه به‌س بێت كه ئه‌گه‌ر شێعری هیجایی وه‌لآمده‌ری هه‌موو چركه‌ساته‌كان و هه‌موو حاڵه‌ته رۆحیی و ده‌روونی و ...بوایه به دڵنیایه‌وه وه‌كوو ئه‌مڕۆ ده‌یبینین نه‌ده‌خرایه په‌راوێزه‌وه و هه‌ر كاری پێ ده‌كرا.ره‌نگه پێویست بێت ئه‌وه‌ش بڵێم بۆ خۆم هێشتا له سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌م كه ده‌توانرێت له قاڵبی كلاسیكیشدا شێعری جوان بخوڵقێنرێت به مه‌رجێك به‌لانی كه‌مه‌وه هه‌ندێ له‌و فاكته‌رانه‌ی تێدا بێت كه بتوانرێت به شێعرێكی ئه‌مڕۆیی له قه‌له‌م بدرێت.
2- وێنه‌گه‌لی كلیشه‌یی و سواو و ته‌قلیدیی كه سه‌رتاپای شێعری هه‌ورامییان ته‌نیوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت شاعیره هاوچه‌رخه‌كانیش له‌و په‌تایه به‌دوور نین.
3- بۆنه‌یی بوونی شێعر؛واته زۆرێك له شاعیران وه‌ك دانیشتبن و چاوه‌ڕێی بۆنه‌یه‌كی ئاینی،كۆمه‌لآیه‌تی،ئه‌ده‌بی و... بكه‌ن تا چه‌ند به‌یتێكی بۆ دیاری بكه‌ن و هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته،شێعری هه‌ورامی له تێڕامان و بیركردنه‌وه و چوونه ناو دنیای چركه‌ساته جۆراوجۆره‌كانی ژیانی مرۆڤ دوور خستۆته‌وه.
4- لاسایی كردنه‌وه‌ی شاعیرانی پێشوو.دیاره مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه له بایه‌خ و گه‌وره‌یی شاعیرانی كلاسیك كه‌م بكه‌ینه‌وه و كاره‌كانیان به هێند وه‌رنه‌گرین،به پێچه‌وانه‌وه ئێمه پێویستمان به‌وه هه‌یه له سه‌ر كۆڵه‌كه‌ی ئه‌و شاعیرانه راوه‌ستین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگایه‌كی تازه و سه‌رده‌میانه بگرینه به‌ر.به‌لآم راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌م لاسایی كردنه‌وه‌یه وای لێ هاتووه هێشتا زۆر كه‌س هه‌ن هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن بۆنموونه وه‌كوو مه‌وله‌وی یان فلآن شاعیریتر شێعر بڵێن.ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر له ئێران‌دا كه‌سێك هه‌ستێت و ته‌نانه‌ت له ئاستی حافیزی شیرازیشدا شێعر بڵێت،ره‌نگه بكه‌وێته به‌ر به‌رده‌بارانی ره‌خنه‌وه،یان ره‌نگه كه‌س زه‌حمه‌تی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به خۆی نه‌دات.كه‌واته پێویسته بیر له‌وه بكرێته‌وه له چ سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین و بۆ چ ئاستێكی فكر و ئه‌ندیشه ده‌ست ده‌كه‌ین به داهێنانی ئه‌ده‌بی.
5 - پیاهه‌ڵدانی سروشت،به شێوه‌یه‌كی گشتگیر له‌ناو شاعیرانی هه‌وراماندا باوه.ره‌نگه ده‌گمه‌ن شاعیرێك هه‌بێت له وه‌سفی شاخ و داخ و كێوه‌كانی هه‌ورامان و هه‌روه‌ها گژ و گیا و چه‌م و دۆڵ و ئه‌مجۆره شتانه‌دا شێعرێكی نه‌بێت و وه‌ك خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كیی شێعری هه‌ورامی لێهاتووه. و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه شاعیری هه‌ورامی كه‌مته‌رخه‌م بێت له ئاست به‌كار هێنانی چه‌مكی تازه و بیركردنه‌وه‌ی تازه.وای له شاعیری هه‌ورامی كردووه بیرته‌سكانه له ده‌وروبه‌ری بڕوانێت و نه‌توانێت به ئاسانیی له‌گه‌ڵ چه‌مكه تازه و ئه‌زموونه قووڵه‌كاندا پێوه‌ندیی به‌رقه‌رار بكات و بیانهێنێته ناو مه‌یدانی شێعره‌وه. بۆ نموونه با چاو له شێعرێك بكه‌ین كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له گۆڤارێكدا چاپ كراوه:
ئای چه‌ند دڵگیره جوانی شوێنه‌كه‌ت/سه‌وز و فێنكه ده‌شت و باخه‌كه‌ت/ده‌نگ و جریوه‌ی باڵنده‌ی جوانی/پۆل پۆل نازداران ده‌بنه میوانی/به كه‌یف و خۆشی سه‌ردانت ده‌كه‌ن/خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆیان با ده‌ده‌ن/به‌هه‌شته ژینی ئه‌م هه‌ورامانه/چه‌نده لێت دوور بم ئازاری گیانه/.....
ئایا خوێنه‌ر هه‌یه ته‌كنیك و فه‌نتازیا و ئه‌ندیشه له‌م شێعره‌دا به‌دی بكات؟ئایا خوێنه‌ری جیدی گوێ له شێعری ئاوا ده‌گرێت؟ئایا ئه‌وه ئه‌و قه‌یرانه نییه كه شێعری ئه‌مڕۆی هه‌ورامان به‌ره‌وڕووی بۆته‌وه؟ئایا گۆڤاره‌كان به‌رپرس نین له به‌رانبه‌ر مێژوو و ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا كه هه‌ر چییه‌ك بگاته ده‌سیان بلآوی بكه‌نه‌وه؟
6- خه‌مۆكیی،یه‌كێك له هه‌ره دیارترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری هه‌ورامییه؛خه‌م و په‌ژاره سه‌رتاپای شێعری ته‌نیوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له‌و شێعرانه‌شدا كه پێناچێت باسی خه‌م و خه‌فه‌تیان تێدابێت،دیسان به جۆرێك له جۆره‌كان خه‌میان تیا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.شاعیری وا هه‌یه ته‌مه‌نی ناگاته 20 ساڵ كه‌چی كه گوێ له شێعره‌كانی ده‌گریت،هه‌موو باسی خه‌م و په‌ژاره‌و نه‌هامه‌تیی و ته‌نانه‌ت مه‌رگه و وا هه‌ست ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ته‌مه‌ن70و80 ساڵدا به‌ره‌وڕوویت.
7- فره ره‌هه‌ندیی به شێعری هه‌ورامییه‌وه دیار نییه،له چه‌ند بوارێكی وه‌ك خه‌م و په‌ژاره‌و و سروشت و شاخ و داخ و پاڕانه‌وه و لالآنه‌وه و...نه‌بێت شتێكی ئه‌وتۆ نابینرێت.تاك و ته‌را نه‌بێت،بیركردنه‌وه‌ی قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌ند نابینرێت.
ئه‌وانه‌ی باسمان كردن،ته‌نها چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی شێعری هه‌ورامیی بوون كه باسمان كردن و شێعری هه‌ورامانیان به‌ره‌وڕووی قه‌یرانێك كردۆته‌وه كه ئه‌گه‌ر هه‌روا بڕوات،به دڵنیاییه‌وه مردنی شێعری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا پێویسته فه‌زایه‌ك بخوڵقێنرێت كه بتوانێت وه‌لآمده‌ره‌وه‌ی ویستی خوێنه‌ری هاوچه‌رخ بێت.بۆ نموونه خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ ئیتر پێویستی به‌وجۆره ته‌سه‌وف و عیرفانه نییه كه له شیعری سه‌ده‌كانی پێشوودا هه‌بووه؛پێویستی به‌وه نییه شاخ و داخی بۆ بلاوێنیته‌وه؛پێویستی به‌وه نییه راوه‌كه‌وی بۆ بكه‌یت؛پێویستی به‌وه نییه به بۆنی مێخه‌ك و سمڵ مه‌ستی بكه‌یت؛یان به ده‌یان دێڕ،وانه‌ی ئایینی بۆ بڵێیته‌وه و وه‌ك له‌سه‌ر مینبه‌رێك بیت،رێنمایی بكه‌یت.ده‌بێ بڵێم زۆر به‌داخه‌وه تاكی هه‌ورامیی(دیاره نه‌ك هه‌مووی به‌لآم به‌داخه‌وه به‌شی زۆری) وا راهاتووه ئه‌گه‌ر شێعرێك ناوی دوو شاخ و دۆڵ و چیای تیا نه‌بێت به شێعری نازانێت؛ئه‌گه‌ر كێش و سه‌روای نه‌بێت شێعر نییه؛ئه‌گه‌ر ناوی دوو پیاوچاكی تێدا نه‌بێت شێعر نییه؛ئه‌گه‌ر باسی ژیانی جاران و خۆشییه‌كانی جاران و كۆنه‌هه‌واران و جۆری گوزه‌رانی ئه‌وسای تێدا نه‌بێت به هه‌مان شێوه.
ته‌نانه‌ت ئه‌م نه‌هامه‌تییه هونه‌ر به گشتیی و گۆرانیشی به تایبه‌تیی گرتۆته‌وه(دیاره من لێره‌دا نامه‌وێ به وردیی،باسی گۆرانیی بكه‌م چوونكه قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته،كاری من نییه و هه‌روه‌ها باسكردنیشی لێره‌دا له جێی خۆیدا نییه،به‌لآم راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هێشتا به‌شێكی هه‌ره زۆری هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره حه‌ز له چڕینی جۆره گۆرانییه‌ك ده‌كات خۆی حه‌زی لێیه‌تی و پێناچێت تاقه كاتژمێرێك بیری له‌وه كردبێته‌وه ئایا من ئه‌م گۆرانییه بۆ كێ ده‌ڵێم؟ئایا گوێگری من كێن؟ راسته به‌سالآچوه‌كان حه‌زیان له‌م جۆره گۆرانییه‌یه،به‌لآم ئایا ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆش گوێی لێ ده‌گرێت؟ره‌نگه یه‌كێك له ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه -(كه ده‌ڵێم دیارده له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه گشتگیر بووه و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی گرتۆته‌وه)- دواكه‌وتنی هونه‌ری ناوچه‌كه بێت.ئێستاش هونه‌ری هه‌ورامان وه‌لآمده‌ری ویستی تاكی هه‌ورامیی نییه،ئێستاش ئه‌گه‌ر كه‌سێكی هه‌ورامیی حه‌ز له گۆرانییه‌كی مۆدێرن بكات،هیچی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه گوێی لێ بگرێت،ئه‌گه‌ر تاكێكی هه‌ورامیی حه‌ز له مۆسیقایه‌كی نوێ بكات ،شتێكی ئه‌وتۆی له به‌ر ده‌ستدا نییه ئارامیی پێ ببه‌خشێت.ده‌یان ساڵه هونه‌رمه‌ندانی هه‌ورامان نه‌یانتوانیوه هونه‌ر بگه‌یننه ئاستێك بۆنی سه‌رده‌می لێوه بێت.
ئێمه كه‌ی توانیومانه هۆنه‌رمه‌ندێك له ئاستی «مه‌زهه‌رخالقی» یان «عه‌باس كه‌مه‌ندی» یان «دیاری قه‌ره‌داغی» یان «به‌هجه‌ت یه‌حیا»و ده‌یانی تر پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگا بكه‌ین؟ئێمه كه‌ی توانیومانه هونه‌رمه‌ندی له ئاست ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی په‌روه‌رده بكه‌ین؟كامه هونه‌رمه‌ندی هه‌ورامان توانیویه‌تی ئه‌م شێعره مه‌زنه‌ی سه‌یدی هه‌ورامی(دڵبه‌ر دڵ ئه‌ستانای جه من/شه‌رت ئی دڵستانی نیۆ...)بكاته گۆرانییه‌كی ئاوها كه سۆران و گۆران حه‌زی لێ بكات؟كه‌چی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم ئه‌و كاره ده‌كات.ئه‌وانه‌م وه‌ك نموونه هێنایه‌وه ئه‌گینا زۆر له‌وه زیاترن.كامه هونه‌رمه‌ندی هه‌ورامان توانیویه‌تی گۆرانیی به ناوبانگی(ئارۆ ڕام كه‌وته‌ن كۆنه هه‌واران...)بۆ تاقه جارێك به ره‌نگ و روویه‌كی تازه بیڵێته‌وه؟كه تا ئێستا ره‌نگه ئه‌گه‌ر زێده‌ڕه‌ویم نه‌كردبێت،زیاتر له هه‌زار جار و له ده‌می ده‌یان كه‌سه‌وه وه‌كوو خۆی چۆن بوه هه‌روا وتراوه‌ته‌وه،كه‌چی ده‌بینین دیاری قه‌ره‌داغی به مۆنتاژ كراویی،ده‌یكاته ده‌سپێكی گۆرانییه سه‌رسام كه‌ره‌كه‌ی ئه‌نفال و به عه‌زه‌مه‌تێكی بێ وێنه‌وه پێشكه‌شی ده‌كات.
ره‌نگه كه‌سێك بڵێ ئێمه‌ش كه‌سێكی وه‌ك مامۆستا عوسمانمان هه‌یه.دیاره كه‌س ناتوانێت ئینكاری ئه‌و ده‌نگه گه‌وره‌یه بكات،به‌لآم راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه مامۆستا عوسمان ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو ته‌مه‌نێك بكات؛یان به واتایه‌كیتر ناتوانێت چاوه‌ڕوانییه‌كانی هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان بێنێته دی و هه‌موو كه‌سێك چێژ له ده‌نگی وه‌رناگرێت.هه‌ر كه‌سه‌و ده‌توانێت ته‌نانه‌ت به‌و په‌ڕی لێهاتوویشه‌وه،ته‌نها سه‌رنجی به‌شێك له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌ولای خۆی رابكێشێت.لێره‌دا ئاماژه به راپرسییه‌ك ده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ كوڕان و كچانی هه‌شت(8) قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندیی ئه‌نجام دراوه و تیایدا 89%ی به‌شداربوانی راپرسییه‌كه وایان وتووه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك تاقه‌تی گوێگرتنی سیاچه‌مانه‌یان نییه.[8]ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه پێویسته هونه‌رمه‌ندان به گۆرانی و مۆسیقای هه‌ورامیدا بچنه‌وه.
گۆرانیمان بۆنی سه‌دان ساڵ له‌مه‌و به‌ری لێ دێت؛شێعرمان به هه‌مان شێوه،په‌خشانێكیش ئه‌گه‌ر ده‌نووسین،له سه‌دا نه‌وه‌دی تووشی هه‌مان چاره‌نووسی شێعره‌كه ده‌بێته‌وه و...من لێره‌دا نامه‌وێت پیرۆزیی ئه‌و هونه‌ره بخه‌مه ژێر پرسیاره‌وه كه باب و باپیرانمان به میرات بۆیان به جێ هێشتووین؛ئه‌و هونه‌ره‌ی كه ئه‌گه‌ر نه‌بوایه ره‌نگه ئه‌مڕۆ به‌شێكی زۆری مێژوومان ده‌فه‌وتا؛ره‌نگه ئه‌مڕۆ زۆرێك له داب و نه‌ریته‌كانمان بفه‌وتایه،به‌لآم ئه‌وه نابێته پاساوێك بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر سیاقی هه‌مان شێعر و هونه‌ر و گۆرانیی سه‌ده‌كانی له‌مه‌وبه‌ر بڕۆین.ئێستا مه‌عقوول نییه كه‌س به زمانی حافیز و سه‌عدی و خه‌یام و ...شێعر بنووسێت.ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش هه‌وڵ بدات به‌و زمانه‌ی ئه‌وان و ته‌نانه‌ت نزیك له‌وانیش شیعر بنووسێت،دیسان لێی قبووڵ ناكرێت.به هه‌مان شێوه،نووسین به زمانی مه‌وله‌وی و بێسارانی و سه‌یدی و ...نه‌ك هه‌ر له جێی خۆیدا نییه به‌ڵكوو دواكه‌وتن و به‌ره‌ودوا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه كه تاقه بستێكی رێگای نوێ بوونه‌وه ته‌خت و هه‌موار ناكات.
یه‌كێك تر له‌و باوه‌ڕانه‌ی زیاتر لای خه‌ڵكی ره‌مه‌كیی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك شاعیر و نووسه‌ر و رۆشنبیریشدا باوه،پاراستنی بێ مه‌رجی وشه ره‌سه‌ن و كۆنه‌كانه و رێگه ناده‌ن وشه‌یه‌كی تازه بێته ناو زمانی نووسین و ئاخافتنیانه‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه هه‌نبانه‌ی وشه‌ی زاراوه‌ی هه‌ورامیی زۆر فه‌قیر كردووه و ده‌ره‌تانی په‌لوپۆ هاویشتنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه و زیاترین گرفتی هه‌یه بۆ هاواتا دانان بۆ وشه و زاراوه‌ی تازه.راسته زمان گرینگ‌ترین پێناسه‌یه بۆ هه‌ر گه‌لێك و پاراستنیشی ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو كه‌سێكه،به‌لآم له‌وه راستتر ئه‌وه‌یه كه دنیای ئه‌مڕۆ و ته‌كنۆلۆژیای ئه‌مڕۆ و جیهانیببون خه‌ریكه ته‌نگ به هه‌موو زمانه‌كان هه‌ڵده‌چنێت.با به نموونه‌یه‌ك باسی لێ بكه‌ین:كه‌سێك خه‌ریكی چنینی كلآشی هه‌ورامییه و به‌و شێوه‌یه رۆژگار ده‌گوزه‌رێنێت،له پڕێكدا كامپیوتێر دێته ناو ژیانیه‌وه،سه‌ته‌لایت دێته ناو ماڵه‌كه‌یه‌وه،كامێرای دیجیتاڵ و مۆبایل و ...ده‌یان و سه‌دان شتی تر،هه‌ركام له‌م ئامێرانه‌ش بۆ خۆیان له ده‌یان به‌شی بچووكتر پێكهاتوون كه هه‌ركامه‌شیان ناوی تایبه‌تییان هه‌یه.ئه‌ی ئه‌و كه‌سه چۆن رووبه‌ڕووی لێشاوی ئه‌و وشه و زاراوه تازانه ببێته‌وه؟ئایا وه‌كوو خۆیان به‌كاریان بهێنێت؟ئایا وشه‌ی داتاشراویان بۆ دابنێت؟
به پێی قسه‌ی زمان‌ناسان ساڵی 000/10 وشه‌ی تازه ده‌چنه ناو زمانی ئینگلیزییه‌وه.واته ساڵی 000/10 وشه‌ی تازه بۆ ئه‌و زمانه چێ ده‌كرێت،هه‌ر بۆیه ده‌بینین زیندووترین و جیهانیترین زمانی دنیایه.نموونه‌یه‌كی تر: فڕۆكه هه‌یه پێك هاتوون له 000/150 به‌ش و هه‌ندێكیان زیاتر؛واته بۆ ئه‌و فڕۆكه‌یه ئه‌وه‌نده ژماره وشه دروست كراوه.تۆ بیر له‌وه بكه‌وه ئایا ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر ئامێرێكی تازه دروستكراو ئه‌وه‌نده وشه(كه‌متر یان زیاتر)دروست بكرێت،ده‌بێ ئه‌و زمانه چ گۆڕانكارییه‌ك به‌خۆوه ببینێت؟كه‌واته سه‌ره‌تا منی كورد و دواتریش منی هه‌ورامی،ده‌بێ چی بمترسێنێ له به‌كار هێنانی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی تازه؟من ناڵێم كه‌س زمانی زگماكیی و ره‌سه‌نی خۆی نه‌پارێزێت،پاراستنی زمانی ره‌سه‌نی دایكی،بناغه‌یه‌كه بۆ زۆرێك له پێشكه‌وتنه‌كانی تر.ده‌روونناسه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و مندالآنه‌ی كه به زمانی دایكی گۆش ده‌كرێن وپه‌روه‌رده ده‌كرێن،توانایان بۆ فێربوونی زمانی دووهه‌م و سێهه‌م و ...زیاتره له‌و مندالآنه‌ی كه له‌و روه‌وه كه‌مته‌رخه‌می ده‌كرێت به‌رانبه‌ریان.
یه‌ك له‌و شتانه‌ی تر كه جێی داخه،ئه‌و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنیانه‌ن كه‌له لایه‌ن هه‌ندێك له كاناڵه‌كانه‌وه ئاماده و په‌خش ده‌كرێن،كه به راستی هیچ وێنایه‌كی دروست و ته‌واو له‌هه‌ورامان به ده‌سته‌وه ناده‌ن.به‌شێكی هه‌ره زۆری به‌رنامه‌كان به گۆرانی پڕ ده‌كرێته‌وه،به‌شێكی زۆری به بابه‌تی فۆلكلۆریی و به‌شێكیشی به نمایش كردنی دیمه‌ن و شاخ و داخه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ورامان،كه به راستی به‌رنامه‌ی وا هه‌ر به كه‌ڵكی دانیشتوانی خودی ناوچه‌كه‌ش نایه‌ت،چ جای ئه‌وه‌ی كه‌سێك له ده‌ره‌وه بیه‌وێت سوود له‌و به‌رنامانه ببینێت.كه‌واته زۆر پێویسته به‌رنامه‌سازه‌كان به خۆیان و به‌رنامه‌كانیاندا بچنه‌وه‌و هه‌ورامان له‌وه زیاتر به‌ره‌و دوا نه‌گه‌ڕێننه‌وه.ئه‌وه وێڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌سخۆشی له هه‌موویان ده‌كه‌ین و ده‌زانین له دڵسۆزیی زیاتر هیچیان مه‌به‌ست نییه،به‌لآم ئه‌گه‌ر كاره‌كانیان پۆخته‌تر و زانستیی تر بن،دیاره هه‌م سوودیان زیاتر ده‌بێت و هه‌میش زیاتر جێی رێز و ئیحترامن.ئاخر هه‌میشه گله‌یی له میدیا و حیزب و رێكخراوه‌كان ده‌كه‌ین كه ئاوڕ له هه‌ورامان و كولتوور و ئه‌ده‌به‌كه‌ی ناده‌نه‌وه.راسته له‌و روه‌وه غه‌درێكی گه‌وره له هه‌ورامان كراوه و وه‌كوو پێویست نه به‌رنامه‌ی هه‌یه و نه به جیدیی پێیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بن،به‌لآم خۆ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه هه‌ر لای ئه‌وان نییه،ئه‌ی ئێمه خۆمان تا چه‌ند هه‌وڵمان داوه به‌شێك له‌و كانالآنه داگیر بكه‌ین(داگیركردن نه‌ك به مانای هێرش كردنه‌سه‌ر و...)به‌ڵكوو به‌و مانایه‌ی خۆمان ناچاریان بكه‌ین به‌رنامه‌سازیمان بۆ بكه‌ن،ناچاریان بكه‌ین ئاوڕ له مه‌سه‌له‌كانمان بده‌نه‌وه،خۆمان به كه‌سایه‌تییه رۆشنبیر و ناوداره‌كانمانه‌وه كارێكی وا بكه‌ین نه‌خرێینه په‌راوێزه‌وه،به لێهاتوویی و تواناكانمانه‌وه سه‌رنجیان بۆلای خۆمان راكێشین.ئێمه نابێ خۆمان به دوور بگرین و به كه‌نارگیریی هیچمان ده‌س ناكه‌وێت.ده‌بێ به كرده‌وه بیسه‌لمێنین كه به‌شێكین له‌و نه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت ره‌سه‌ن ترین و كۆنترین به‌ش.ده‌بێ ئه‌وه به گوێی ناگوێگره‌كاندا بده‌ینه‌وه كه هه‌ورامان لانكه‌ی شارستانییه‌تی كوردستانه،هه‌ورامان پێشه‌نگی شارستانییه‌تی كوردستانه،به تایبه‌تیی لێره‌دا رووی قسه‌م له سیاسییه‌كانه؛چوونكه ئه‌وان له ناو ده‌سه‌لآتدان و به دڵنیاییه‌وه قسه‌یان ده‌ڕوات.ئه‌وانن كه ده‌توانن وه‌كوو نوێنه‌رێك داوای مافه ره‌واكان بكه‌ن.مێژوو سه‌لماندوویه‌تی هه‌ر كه‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ناو ده‌سه‌لآتدا ده‌س و كه‌سی هه‌بووبێت،له درێژخایه‌ندا توانیویه‌تی هه‌ندێ ده‌سكه‌وتی باش و به‌سوود بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات.دیاره ئه‌وه وه‌كوو نموونه باس ده‌كه‌م،ئه‌گینا نه هه‌ورامی و نه هه‌ورامان كه‌مه نه‌ته‌وه نییه و خۆی به‌شێكه له‌و میلله‌ته‌ی پێی ده‌وترێت كورد.
هه‌ڵبژاردنی ناو بۆ گۆڤاره‌كان،بۆ خۆی كێشه‌یه‌كه ره‌نگه كه‌م كه‌س بیری لێ كردبێته‌وه؛تا ئێستا چه‌ندین گۆڤار و بلآڤۆك بلآوكراونه‌ته‌وه هه‌ر له ژێر ناوی«هه‌ورامان»،كه هێنده‌ی من ئاگادار بم هه‌ر ئێستاكه سێ گۆڤار له سلێمانی و هه‌ولێر و...به‌م ناوه ده‌رده‌چن،جگه له‌و گۆڤارانه‌ی كه پێشتر هه‌ر به‌و ناوه‌وه له شاره جیاجیاكاندا بلآو كراونه‌ته‌وه،كه ئه‌وه بۆ خۆی هه‌ندێ كێشه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه،بۆ نموونه: كه‌سێك وتارێك ده‌نووسێت و له وتاره‌كه‌یدا له‌وانه‌یه كه‌ڵك له بابه‌تێكی یه‌كێك له‌و گۆڤارانه وه‌ربگرێت و له په‌راوێزه‌كه‌یدا ده‌نووسێت گۆڤاری هه‌ورامان ژماره فلآن.خوێنه‌ر چۆن بزانێت مه‌به‌ست له كام گۆڤاره؟[9]ئایا ئه‌وه خۆی نابێته هۆی سه‌رلێشێواندن و له ئاكامدا تێكه‌ڵبوونی ئه‌رشیڤه‌كانمان؟! با ئه‌گه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ین كارێك بۆ ناوچه‌كه بكه‌ین و گۆڤارێك بلآو ده‌كه‌ینه‌وه،خۆ قات و قڕی ناو نییه،ئه‌وه‌نده ناوی جوان و جۆراوجۆر هه‌یه كه بشێت بۆ ناوی گۆڤار به كار بهێنرێت له حیسابدا نه‌بێت؛.با هه‌ر ئێستاكه ئه‌و گۆڤارانه كه به‌و ناوه‌وه ده‌رده‌چن،بیر له ناوێكی تایبه‌تیی و - وه‌ك ده‌ڵێن- (اختصاصی)بكه‌نه‌وه و با ئه‌و كێشه‌یه‌ش له كۆڵ خۆمان بكه‌ینه‌وه.
پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش بێت ئه‌وانه‌ی باسمان كردن هه‌ندێ واقعیه‌تی تاڵی ناو كۆمه‌ڵگاكه‌مانن و پێم وایه پێویسته بدركێنرێن.ئایا كاری نووسه‌ر و رۆشنبیر چییه؟ئایا هه‌ر ئه‌وه‌یه شتێك بڵێت و خه‌ڵك چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ن؟وتارێك بنووسێت و ناو‌و ناوبانگ بۆ خۆی دروست بكات و خه‌ڵكیش به چاوی رێزه‌وه ته‌ماشای بكه‌ن؟با ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت له حاڵه‌تی ئاوهادا هه‌م نووسه‌ران و رۆشنبیران خیانه‌ت له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌كه‌ن،هه‌میش خوێنه‌ران و بیسه‌ران خیانه‌ت له خۆیان ده‌كه‌ن و له خه‌وێكدا ده‌ژین كه راچڵه‌كانیان ئه‌سته‌م ده‌بێت.ئه‌گه‌رچالاكێكی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی،قامك نه‌خاته سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان و نه‌یانداته‌وه به گوێی خه‌ڵكدا،ئه‌ویش به‌شداره له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌دا.ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر به چاوی ره‌خنه‌وه سه‌یری هه‌موو داهێنانێكی ئه‌ده‌بیی و هۆنه‌ریی نه‌كات،چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌كات تاقه هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشكه‌وتن هه‌ڵبگرێت.با فێر بین به‌رده‌وام ره‌خنه بگرین و فێریش بین به دڵێكی كراوه‌وه گوێ له ره‌خنه‌كان بگرین.با فێر بین گومان له هه‌موو شتێك بكه‌ین،له هه‌مان كاتیش‌دا فێر بین چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین هه‌موو كه‌سێك به گومانه‌وه سه‌یرمان بكات.هیوادارم ئه‌م شتانه‌ی باسمان لێ‌كردن،ببنه هانده‌رێك بۆ به‌خۆدا چوونه‌وه و مشت‌ومڕ كردن له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی بڤه.هیواداریشم كه‌س دڵی له‌و قسانه گه‌رد نه‌گرێت و ته‌نها به خه‌مخۆرییه‌كیان بزانێت بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی هزر و ئه‌ندیشه و ئه‌ده‌بیاتی گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو روویه‌كه‌وه. ________________________________ [1] - هورمزگان ڕمان ئاتران كوژان........... « ئه‌م شێعره له لایه‌ن تۆێژیارێكی به‌ریتانی له ئه‌شكه‌وتێكی نزیك شاری سلێمانی دۆزراوه‌ته‌وه. [2] - به‌ر له‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ خۆم بنێمه‌وه،هه‌موو خوێنه‌رانی ئه‌م دێڕانه ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه كه من هیچ ناكۆكییه‌كم له‌گه‌ڵ سیاچه‌مانه‌دا نییه ووه‌كوو له درێژه‌ی وتاره‌كه‌شدا ئاماژه‌ی پێده‌كه‌م،وه‌كوو سامانێكی نه‌ته‌وه‌یی و به‌شێكی هه‌ره گرینگی كولتووری كوردی به گشتیی و هه‌ورامان به تایبه‌تی چاوی لێده‌كه‌م. [3] - یه‌كێك له‌و گۆرانیبێژانه كه نامه‌وێ ناوی به‌رم،له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی و په‌خشی راسته‌وخۆدا ده‌ڵێ:«من زمان‌ناس نیم به‌لآم هه‌ورامی زمانه».ئاخر یه‌كێك نییه بڵێ كاكه!ده‌یان و بگره سه‌دان ساڵه تازه توانیومانه وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌ك بیسه‌لمێنین كه زمانمان هه‌یه و نه‌ته‌وه‌یكی سه‌ربه‌خۆین و هێشتا كێشه‌ی زمانی ره‌سمی و ستانداردی كوردی یه‌كلایی نه‌بوه‌ته‌وه،تۆ چۆن حوكم ده‌ده‌یت كه من زمان‌ناس نیم به‌لآم هه‌ورامی زمانه.كاكه تۆ هۆنه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژیت له‌وانه‌یه ناوی ده‌زگاكانی مۆسێقا نه‌زانیت،بۆ باسی زمانه‌واانیی ده‌كه‌یت؟ره‌نگه تۆش به من بڵێی كه تۆ بۆچی باسی مۆسیقا و گۆرانی ده‌كه‌یت كه هیچی لێ نازانیت؟راست ده‌كه‌یت ره‌نگه من مۆسیقا نه‌ناسم،به‌لآم مۆسێقای جوان و ناجوان له‌یه‌ك جیا ده‌كه‌مه‌وه.مۆسیقای تازه و كۆن له‌یه‌ك جیا ده‌كه‌مه‌وه و ده‌زانم گه‌نجێكی بۆ نموونه ته‌مه‌ن 16سال پێویستی به‌و جۆره گۆرانییه نییه كه تۆ بۆی ده‌چڕیت.حه‌ز و خولیاكانی ئه‌و، له‌گه‌ڵ هی من و تۆ و كه‌سێكی ته‌مه‌ن 50 ساڵدا جیاوازیان هه‌یه،به‌لآم وه‌كوو باسێكی زانستی هه‌رگیز خۆمی تێ هه‌ڵناقورتێنم. [4] - عادڵ محه‌مه‌دپوور-گۆڤاری ئه‌هوورا- تایبه‌تانه‌ی سیاچه‌مانه- ژماره2ساڵی1385ی هه‌تاوی. [5] - پێشتر خوێندنه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه شێعره نووسیوه و ساڵی 2002 له گۆڤاری«مه‌هاباد»دا بلآو كراوه‌ته‌وه. [6] - ئاماژه‌یه به شێعرێكی مامۆستا مه‌وله‌وی كه تیایدا ناڕاسته‌وخۆ ئامۆژگاریی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه له‌كاتی تووشبوون به نه‌خۆشیی هه‌لآمه‌ت،چی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چا ببنه‌وه؛ئه‌و شێعره یه‌كێكه له شیعره جوانه‌كانی ئه‌ده‌بی هه‌ورامی به گشتیی و مه‌وله‌وی به تایبه‌تی كه بۆ ئه‌و زه‌مه‌ن و قۆناغه‌ی ئه‌وی تیا ژیاوه،شتێكی نایاب و زۆریش شاعیرانه بوه. [7] - گۆڤاری زرێبار- ژماره 3 [8] - ره‌ئووف مه‌حموودپوور- گۆڤاری ئه‌هوورا- ژماره 3 تایبه‌تنامه‌ی سیاچه‌مانه. [9] - نموونه‌ی كێشه‌ی باسكرا‌و،بۆ خۆشم هاتۆته پێش؛وتارم ئاماده كردووه و ویستوومه له رێگای ئینتێرنێته‌وه بۆ گۆڤارێك به ناوی هه‌ورامانی بنێرم،له یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی گۆڤاره‌كه‌دا ناوی تازه‌م كه‌وتۆته به‌رچاو،وام زانیوه گۆڕانكاریی له‌ناو ده‌سته‌ی نووسه‌رانیاندا هاتۆته ئاراوه و وتاره‌كه‌م بۆ ناردوون،كه‌چی دواتر زانیومه ئه‌و گۆڤاره گۆڤارێكیتره و پێوه‌ندی به‌ویتره‌وه نییه.ئه‌میان له سلێمانییه و ئه‌ویان له شوێنێکی‌تر.
|