٧\٥\٢٠١٤
دۆخی پارێزگای
سلێمانی و گەرمیان لە پاش هەڵبژاردن.

سوارە کەمال
ئەگەر بە بێلایەنانە بروانیە دۆخی پارتە سیاسیەکانی باشووری کوردستان
پاش ئەم هەڵبژاردنە دەردەکەوێت سانا نییە لایەنە براوەکان بتوانن ئەو
بەرنامەی رایانگەیاندبوو پیادەی بکەن، هۆکاری ئەمەش، زۆر بە سادەیی
ئەوەیە:
یەکەم: هاوسەنگی سیاسی گۆرانی بەسەردا هاتووە، بەڵام سیستەم نەگۆراوە!
دووەم: سەرهەڵدانی ئەم پارتانە لە دۆخی ناجۆر و بە نیازی جۆراوجۆر
سەریان هەڵداوە، بەشی زۆریان کارو کردەیان لە جیاتی پاراستنی
بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگۆردرێت بە رق و قین و ملمڵانی
کەسیی.
سێیەم: بەو هۆیەوە ئەم لایەنانە سەرقاڵی یەکتر دەبن واتا خەریک دەبن بە
ملمڵانی بێ بەرهەمەوە.
چوارەم: بە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی پێگەی وڵاتانی ناوچەکە، ئەوانیش
چالاکانەتر لە جاران دەست دەکەن بە نانەوەی ئاژاوە بە تایبەت لە
پارێزگای سلێمانی و گەرمیان ئەو کێشانە زەقتر دەردەکەوێت. و...هتد.
لە هەموو دنیای مۆدێرندا پارتی سیاسی بێ چەندوچوون بە پێی بەرژەوەندی
چەند توێژێک یان چینێک بەرنامەی دەبێ،هەرگیز هیچ حیزبێک ناتوانی وەک
یەک بەرژەروندی سەرجەم کۆمەڵانی خەلک بپارێزی بۆیە ئاسایی و تەندروستە
بوونی فرە حیزب.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا ئەم حیزبانە بەو رابردووە پر کارەسات
و ناهەموارەی بینیویانە و بەسەر یەکدا هێناویانە لەمەودوا دەبنە
داکۆکیکاری بەرژەوەندیەکانی مللەت یان هەمان ئەقلی پیلانگێڕیی بەرانبەر
یەک بەشێوازی نوێتر و شاراوەتر دەگرنەبەر؟
دیارە هەموو حیزبێک مافێکی ئاسایی خۆیەتی هەوڵی گرتنە دەست یان
بەشداربوون لە حکومەت بکات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە کۆمەڵێ میکانیزمە،
بەگرتنەبەریان بە زیانی کۆمەڵانی خەڵک بشکێتەوە، نموونە زۆرن لەوانە
شەرو تیرۆر و پاوانکردنی بازار و... هتد.
سێ پارتە سەرەکیەکە:
دیارە نەوەی نوێ وەک ئەوەی پێوستە زەمینەی بۆ نەرەخساوە بیانناسی بۆیە
بە چەند دێری باسیان دەکەم.
١- پارتی دیموکراتی کوردستان: بە شێوازێک ئەندامان و دۆستەکانی
راهێناوە کە پارتی دایکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پاش یەکەم هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستانەوە تاکو ئەم هەڵبژاردنەش لە پێش هەموو پارتەکانی
ترەوە خۆی ناساندووە، جا ئەمە بە فرتوفێل و ساختە بووە، یان بە راستی
وایە بابەتێکی ترە، بەڵام لەسەر زەمینە واقیع لە پێش لایەنەکانی
ترەوەیە.
٢- یەکییەتی نیشتمانی کوردستان: لە کاتی شۆرشی شاخدا پێشەنگی هەموو
پارتەکان بوو، زۆرێنەی ناوچەکانی کوردستان لە ژێر کۆنترۆلیدا بوو،
بەڵام لە پاش یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە بە شێوازێک خۆی دەرخست،
بە بەراورد بە پارتی بوو بە لایەنی دووەم، دیارە فاکتەری سەرەکی ئەمەش
بۆ بیرکردنەوەی یەکییەتی بەرانبەر بە هەندێک مەسەلەی ستراتیژیی و کەسیی
دەگەرێتەوە. جا ئەمە باش بووە یان خراپ ئەویش بابەتێکی ترە.
٣- بزووتنەوەی گۆڕان: لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا زۆرینەی هەڵسوراوەکانی
ئەندامە کۆنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوون، بە هۆی ئەوەی
خاوەن ئەزموون و چاونەترس بوون بە شێوازێک خۆیان دەرخست توانیان
رێژەیەکی بەرچاو لە نەوەی نوێ و کادرانی لایەنەکانی تریش بە ئیسلامیە
سیاسیەکانیشەوە بەرەو لای خۆیان بەرن.
دیارە سەرکردایەتی ئەم سێ لایە بە راستەو خۆبی یان نا راستەوخۆ
ویستوویانە لایەنگرانی خۆیانیان تێبگەینن "بە چاوی رق و گینەوە برواننە
حیزبەکانی یەکتر"، کە پێم وایە سەرئەنجام هیچ لایەنگیان سەرکەوتوو نابن
لە رازیکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک دوژمن برواننە یەکتر.
ئەوەی بەندە دەیبینی لاینگرانی یەکیەتی و گۆڕان (نەک رێژەی زۆری
سەرکردایەتی) لە ناخەوە دڵیان بۆ یەک لێدەدا، پێیان باشترە بە شێوەیەک
لە شێوەکان ئەم دوو لایەنە نزیک ببنەوە لە یەکتر، بەرانبەر بە پارتی
بوەستن!
بەلام سەرکردایەتی پارتی (نەک لایەنگرانی) دەیەوێت نزێک ببیتەوە لە
سەرکردایەتی هەردوو لایەن، بۆ؟
دیارە هۆکار زۆرن لەوانە پارتی لە ناوچە دابرێنراوەکان پێگەی کەمە،
بۆیە ناتونن دەستبەرداری یەکیەتیی ببن!! (هەرچەندە ئەمەیان جاری لە
کارە لەپێشەکانی پارتی نییە)، بەڵام ئەوەی لە پاش ئەم هەڵبژاردنە پارتی
خۆی بۆ ئامادە کردووە و دەبێتە کاری لەپێشی پارتەکەی پترکردنی پێگەیەتی
لە پارێزگای سلێمانی بە گەرمیانشەوە. چۆن؟
راستە ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵی بۆ دەدات لەو حکومەتەدا بە دەستی
بێنی مافی خۆیەتی، ئەمە سروشتی حیزبی سیاسییە بە تایبەت لە رۆژهەڵات،
بەڵام ئایا مافی خۆی بوو چاوەروانی یەکگرتوو نەکا؟ ئایا مافی خۆی بوو
پێش رێکەوتن لە سەر بەرنامەی چوار ساڵی ئایندەی حکومەت واژۆی وەرگرتنی
پۆست بکات؟ و... هتد کارێکی باشی کردووە یان خراپ ئەمشیان بابەتێکی
ترە.
گرفت چیە؟ دیارە گرفت لەبەردەم بزووتنەوەی
گٶران زۆرە لێرەدا دوویان دەخەینە پێش چاو:
یەکەم: ئەوەی دەمەوێ بیڵێم نزیکبوونەوەیەک لە نێوان سەرکردایەتی پارتی
و گۆران بە کردار دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە لێرەدا ئەم پرسیارە
دێتە پێش، گۆران ناتوانێ بە تەنیا کارگێڕیی سلێمانی پێکبهێنێ، دەبێ چی
بدات بە پارتی؟ ئایا پارتی چی دەوێ و دەیەوێ بە چی بگات؟ پێم وایە
یەکێک لەو خواستانەی پارتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان زۆر
بە خشپەیی لە هەوڵدانی پێگەیشتنیەتی کۆمپانیایەکانی نەوت و گازە لە
پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و... هتد. ئایا بزۆتنەوەی گۆڕان لەو بارەدا
وەڵامی پێویستی پێ دەبێ بۆ دەنگدەرەکانی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؟
دووەم: هاوسەنگیی لە پێگەی ئێران و تورکیا لە هەرێم بەرەو تێکچوون چووە!
پارتی، یەکگرتوو، تورکمان، سونەی پارێزگای موسل راستەوخۆ بێ یان
ناراستەوخۆ دەکەونە بەرەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، کە
زۆرینەن، بە تایبەتیش کە زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی حکومەتشیان لە
دەستە، لەم بارەشدا بەرژەوەندییەکانی ئێران کەوتۆتە مەترسییەوە! ئایا
گۆڕان دەتوانێ هاوسەنگیی رابگرێ یان بە بێ خواستی خۆی دەکەوێتە سەنگەری
پارێزەرانی بەرژەوەندییەکانی تورکیا؟ ئەگەر وای کرد یان وایان بەسەریدا
هێنا!! ئایا گۆران دەتوانی چی بکات تاکو خۆی و کۆمەڵانی خەڵکی دانشتووی
پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بپارێزی لە ئابلووقە و پیلانەکانی
لەمەودوای ئێران؟
swarekemal@yahoo.com
|