په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠٢٦

دەسەلاتی کوردی سەرکەوتوو نەبوو

ئەنفال (جینۆساید) بکاتە چەکێکی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.

سالار باسیرە       

ئەنفال کارەساتێکی سروشتی نەبوو.


ئەنفال کارەساتێکی سروشتی نەبوو. بوومەلەرزەو بورکان ونەخۆشی تاعون ولافاو وئاگر نەبوو، بەلکو بەری سیاسەتی قرکردنی دەیان ھەزار مرۆڤی کورد بوو لەسەر خاکی خۆی لە لایەن کۆمەلێک درندەی بەناو مرۆڤەوە ئەنجامدرا. لەکاتی وتووێژکردنم لەگەلیاندا قوربانیەکانی ئەنفال زۆربەی کات چاویان دەبڕیە دەرگای دەرەوەی مالەوەو ھەر لە چاوەروانی ئەوەدابوون بێسەروشوینەکانیان بگەرێنەوە. گلەیی وتورەیی ئەنفالەکان زۆرن. کوژراوەکان چیتر ناتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن ھەربۆیە دەبێت ئەوە ئەرکی زیندوەکان بێت، ئەرکی کەس وھێزو لایەنە مرۆڤ دۆست وپارپَزەری مافەکانی مرۆڤ بێت، ئەرکی خاوەن ویژدان بێت، بەر لەھەمووی ئەرکی دەسەلاتە. ھەر یەکێک لەم خیزانانە مێژویەکی خۆی ھەیە، ھەموشی مێژوی کوێرەوەری و تراژیدیاو خەمە. ھەموو رۆژێکیان مردنێکە، ھەموو رۆژێکیان ئەنفال کردنێکە، ئەنفالی جەستەو رۆح. پشتگوێ خستنیشیان ھەر ئەنفال کردنە. پەیمانی ھەرچیەکیشیان پێبدرێ خیانەتە پێشتر بکرێتە پرۆپاگاندەی ھەلبژاردن ومیدیاکانی لێپڕبکرێنەوە یان دواتر تەنیا لەسەر کاغەز بمێننەوە، ئەو پەیمانانەی کەباجیان لەسەر نیە. ئەو شتە کەمەی کە بۆ قوربانیانی ئەنفال ئەنجام دران زۆر درەنگ کران وفشاری رای گشتیش زۆربوو بۆ ئەم مەبەستە. ئەنجامە خراپەکانی ئەنفال جگە لەتێکچوونی باری رۆحی بەشێکی بەرچاوی کۆمەلگای کوردی، تێکچوونی سەقامگیری کۆمەلایەتی وھەروەھا تێکچوونی بەھا کۆمەلایەتیەکان وکەسایەتی مرۆڤەکانیشی لێدەکەوێتەوە.


دلگرانیشم بەئەندامانێکی ناوچەکانی ئەنفال لەپەرلەمانی ھەرێم.


دلگرانیشم بە بەئەندامانێکی خولی پیشوو وە ئیستەی پەرلەمانی ھەرێم لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی وخەلکی گەرمیان، خەلکی ناوچەکانی ئەنفالن کەچی کەمترخەمی وبێھەلوێستی وبێدەنگیان ھەلبژارد، تەواو جیاواز وەک لەوەی پێشتر ناسیبوومن. لێرەدا ئەو کاتەی بەرژەوەندی نەتەوە دەبێتە قوربانی بۆ بەرژەوەندی تاک، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ پۆست وپارە. بابزانین ئەم بەرێزانەی تر لەخولی ئایندەی پەرلەمانی ھەرێم وبەغدا چییان پێدەکرێت؟ بەلام تۆمەتباری سەرەکی دەسەلات خۆیەتی.

ئەنفال دۆسیەیەکی سیاسی ویاسایی گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.


ئەنفال دۆسیەیەکی سیاسی ویاسایی گەورەو گرنگە بەدەست کوردەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی. ھەروەھا پێویستە بچێتە ناو کتێب وبەرنامەی خوێندنی قوتابخانەو زانکۆکانەوەو چەندین سەنتەری لیکۆلینەوە بۆ بواری جینۆساید دامەزرێنرێن. تەنیا دلۆپێک لەو سەدان ملیۆن دۆلارانەی کە مولکی نەتەوەیەو لای چەند کەسانێکی کەمی دەسەلات کۆبونەتەوە خەرج بکرێ بۆی. دەبوایە چەندین سەنتەری چارەسەری دەرونی و رۆحی لەناوچەکانی ئەنفالدا دروستبکرانایە. بەپێی توانای سەردەم مۆزەخانەی تایبەت بۆ کارەساتی ئەنفالیش بکرێتەوە کەنەوەکانی داھاتووش ھەمیشە ئەم کارەسات و تراژیدیا مێژوییەیان لەبەرچاو بێت ونیشانی میوانانی بیانی و راگەیاندنە نیودەولەتیەکانیش بدرێت، نەک بەتەنیا لەکوردستان بەلکو لەشوێنێکی وەک بەغداش دروست بکرین. ھەروەک ئەوەی کە یەھودیەکان بۆ مێژووی خۆیان دەیکەن سەبارەت بەو چەند ملیۆن مرۆڤەی کە بەو شێوە درندانەیە روبەرووی جینۆسایدکردن بوونەوە لەلایەن نازیەکانەوە.

بەدامودەزگانەکردنی جینۆساید.


دەسەلاتی سیاسی ھەرێم نەیتوانی کار بۆ بەدامودەزگاکردنی تراژیدیای ئەنفال وکیمیاباران، بەواتا جینۆساید بکات. بفەرموون ئەی دەسەلات بە ھەردوو وەزارەتە حیزبیەکانی پێشو وە ئێستای ئەنفال وشەھیدان ھەلسەنگاندنێکی ئەو چەند سالەی تەمەنی خۆتان ئەنجام بدەن سەبارەت بەم تراژیدیا نەتەوەییە. لەکاتی ئەنجامدانی لێکۆلینەوەیەکی مەیدانی خۆم لەگەرمیان شوێنێکمان لەقۆرەتوو لەتەنیشت سەربازگەیەک دۆزیەوە کە بەسەدان مرۆڤی کورد لەژن و مندال وپیرو گەنج تێیدا ئەنفال کرابوون، جل وبەرگ وئێسک ونەعل وپێلاوەکانیان ھەمویمان بەفەردە کۆکردەوە کەچی وەزیری ئەنفال ومافی مرۆڤ وئاوارەو کوردە فەیلیەکان و...تاد ناوی وەزارەتەکە ئەوە بوو ئەو کاتەی حکومەتەکەی سلێمانی نەک ھەر سەردانی ئێرەی نەکردو بەدۆکومێنت نەکرا بەلکو تاقەتی ئەوەشی نەبوە سەردانی ناوچەی گەرمیانیش بکات و یان کۆرو سمینار ئەنجام بدات. پارەیەکی زۆر بۆ ئەم وەزارەتە خەرج کرا بۆ ئەنجامدانی ئامارێک لەسەر ژمارەی قوربانیانی ئەنفال. کوا ئەنجامی ئامارەکە بۆ ئەوەی بتوانرێت کاری پێبکرێت؟ لێرەدا جگە لەتۆمارکردنی لاپەرەیەکی رەش ئەنجامی تری باشی نەبوە. لە حکومەتە گوایە یەکگرتوەکەی ھەرێم دەبوایە وەزارەتەکەی ئێستە بەناوی (وەزارەتی کاروباری شەھیدان وئەنفالکراوەکان) نەبوایە بەلکو ووشەی جینۆسایدی بدرایەتێ چونکە راستە ئەنفال جینۆسایدە، بەلام جینۆسایدیش بەتەنیا ئەنفال ناگرێتەوە. دوبارەکردنەوەی ھەمان ئەو ھەلەیەی لەدەستوری عێراقدا کراوە. زۆرانێک لەسەر حیسابی لاشەی جینۆساید دەولەمەند بوون و بوونە خاوەن پۆست. ھەربۆیە لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر ھەموو ئەمانە نابێت بازی بەسەردا
بدرێت.

تەحسین شاوەیس و ئەنفال.


ئاوارەیەکی کوردی دانیشتوی لەندەن لەمانگی ١٠/١٩٩٣ گەرایەوە کوردستانی عیراق و لەگەشتیکی ڤیدیۆدا کە لەلایەن وێنەگری فەرەنسی لیۆنێل دوژاردان وکاک عەدنان کەرکوکی تۆمار کراوە،چاوپێکەوتنی لەگەل چەند ئاوارەیەکی شاری کەرکوک و دەوروبەری کردبوو لە ئوردوگای بنەسلاوە لای ھەولێر.ئەم ئاوارانە لەسالی ١٩٨٨ لەدەست رژێمی بەغدای علی حسن مجید ھەلاتبون بۆ ئەوەی ئەنفال نەکرێن و بەناچاری پەنایان بردبوە بەر تەحسین شاوەیس کە ئەم موستەشارە کوردە بەلکو لەئەنفال کردن رزگاریان بکات.تەحسین شاوەیس قەناعەتی بەکوردەکانی ئەو ناوچەیە کردبوو کە رانەکەن و بەلێنی دابونێ کە رزگاریان دەکات ویارمەتیان ئەدات وبەر ئەنفال ناکەون.لەسەر ئەم بەلێنە دوایی خۆیان تەسلیم بە تەحسین شاوەیس کردبو.بروانە ئەمەش کورتەی ووشەو ھەست و بەسەرھاتی یەکێک لەم دایکە ئاوارانەی کە لە شالاوی ئەنفال رزگاری بوو:


"...ئێمە لەوێ (لە ناوچەی ژێر دەسەلاتی رژێمی بەغدا نوسەر) مالمان تالان کرا،مەڕو ولاخمان براو ھیچمان نەما.ئاوا سەلتەخت رامان کردو کەوتینە ڕێ و چوین خۆمان تەسلیمی تەحسین شاوە کرد.کورەکانیشمان برد لەگەل خۆمان.لەوێ تەحسین شاوە کەوتە بەخێربێن،بەخێربێن وگشتمان کوردین وگشتمان وەک یەکین وئەم قسانە.ئێمەی مال ومندال نایە ناو زیلێک وتوند توند لەھەر چوار لاوە بەستی کە کونێکیشی تیا نەبوو. ووتی ھەر لێرە ھەتا دەچنە ناو چەمچەمال ئێوە وەناو جەیشا ئەرۆن وسەیر مەکەن.ئێمەی نایە ناو زیل وناردینی بەرەو ئەو دێھاتانەو کورەکانی ئێمەشی لەوێ گل دابوەوە کە (٤٠ ٥٠) دەبون.نەک ھەر ھی من،ھی ئەو ئەترافانە گشتی.ئێمەشی لەچەمچەمال لەو ناوە بەردا بێ نان وبێ ئاو وبێ جل وبەرگ.کردمانیانە ناو کونە مەغارەیەک (ئەشکەوتێک نوسەر) وتیان قسە مەکەن...ئەگیرێن. خەلکیی جلی لەمندالی خۆی گل ئەدایەوەو کەل وپەلی ئەداینێ ونان وماستیان بۆ ئەھێناین.لەدوای ھەشت یان نۆ رۆژ چومە لای ھاوسێ مالەکەو وتم ئەی کوا کورەکانمان.وتی ئەی قور وەبان سەرتان کورەکانتان نەمان،فرۆشران وحکومەت بردنی.بەم جۆرە کورەکانمان رۆی وچاومان پێیان نەکەوتەوە...".بەم شێوەیە تەحسین شاوەیس فێلی لەکۆمەلێک ئاوارەی کورد کرد،تەنانەت لە ژن ومندال وپیرو نەشارەزاو بێ ئاگا کە پەنایان ھێنابوە بەر تەحسین شاوەیسی موستەشار کەکورەکانیشی فرۆشتن بەفاشیستەکان وئەنفال کران. تاوانی ئاوا گەورەو دواتریش بووە خۆشەویستەکەی پارتێکی سیاسی کوردی دەسەلاتدارو بەشەھید تۆمار کراوە. ئەمەیە تراژیدیای دەسەلاتی کوردی.

(بینیم قوربانیانی ئەنفال ئەوەی لەدوای ئەنفالەوە ھەیانە کەمە بۆ ژیان بەلام زۆرە بۆ مردن).


بە پلەی سەرەکی زیندوەکانی دوای شالاوی ئەنفال خۆیان لەناخەوە لەم ئازارەی خۆیان تیدەگەن، لە ئازاری ئەوەی کە بەشێک لەرۆح و لەجەستەت لێبکەنەوە. ئەنفال ھەر قوربانیانی کەسوکاری ئەنفال ناگرێتەوە، بەلکو تەحەدایە بۆ سەر کەرامەتی سەرجەم نەتەوەیەک، ھەربۆیە کێشەیەکی نەتەوەییە، ھەروەک کارەساتی کیمیاوی.مرۆڤ نابێت بەس ھەست بە ئازارێک بکات کەتەنیا خۆی بگرێتەوە. دەکرێ ھەموو یەکێک لەئێمە لەشوێنیان بوینایە، چونکە کوردین. مرۆڤ دەست بەچاوی خۆیەوە نەگرێت وبلێت ئەم شتە پەیوەندی بە منەوە نیەو من ئەنفال نەکراوم، یان گوێی خۆی کپ بکات وبلێت من لەکیمیاباران دوور بووم وسەری خۆی کز بگرێت وبلێت ھیچ پەیوەندیەکی بەمنەوە نیە. ئەنفال وشەیەکە کە سالانیکی زۆر بوو بەکارم دەھێنا، ھەروەک ھەلەبجەو کیمیاباران، بەلام ھەتا بەقولیی نەچومە ناویان ھەستم بە ئازاریان نەکرد، ھەرچەندە ئەم ئازارەی من رێژەییەو تەنیا خۆیان دەتوانن ھەستی تەواو بە ئازاری ناخ بکەن. زۆرجاریش تەنیا لەمردندا پشووی ناخیان دەدۆزنەوە.

یەھودیەکان بە کۆماندۆی تایبەت لەولاتەکانی جیھاندا بە شوێن نازیەکاندا دەگەران.


سەبارەت بەکوشتنی بەکۆمەلی یەھودیەکان لەلایەن نازیەکانی ئەلمانەوە بە سەدان فیلم و راپۆرت و بەلگەنامەو شانۆو رۆمان وکۆنفەرەنسی بە خۆوە گرتوە. یەھودیەکان مندالەکانیان ونەوەی نوێ بەشێوەیەک پەروەردە دەکەن ھەروەک ئەم کارەساتە ئەمرۆکە رووی دابێت. بەکۆماندۆی تایبەت لە ولاتەکانی جیھاندا بەشوێن نازیەکاندا دەگەران و زۆریان لێ دۆزینەوەو ھێنرانەوە بۆ ئیسرائیل وکردیانن بەعیبرەت بۆ مێژووی مرۆڤایەتی. پاشماوەی ئەنفال کراوەکان بێدەسەلات و بێدەرامەت و زۆربەی نەخوێندەوارو بێھێزن وچاوەریی رۆژانی گەردەلولی تۆلەسەندنەوەن. کەچی لەم ولاتەی ئێمەدا موستەشارە کۆمەلکوژەکان وئەنفالچیەکان و جاشە ناسراوەکان وخاوەن مەلەفەکان بەبەرچاوی ھەموانەوە ئازادن و بگرە بونەتە خاوەن مولک ومال وپۆست وپایەو پلە. ئەو وێنەیەی کەخۆی بۆخۆی دەدوێت. ئەمەش تراژیدیایەکی تری دەسەلاتی کوردیەن کەچی کە جەماوەری ئەفال دەچنە سەر شەقام بۆ نارەزایی دەبرین دەستبەسەر دەکرین و ئازار ئەدرین.

ئەگەر قوربانیەکان ئەنفالچی بونایە ئەمرۆ پاداشت دەکران.


بەپیی ئەم راستیە ئەگەر قوربانیەکان ئەنفالچی بونایە ئەمرۆ پاداشت ئەدرانەوە. ئەمەیە تراژیدیا ئەگەر فرۆکەوانێکی بەکۆمەلکوژی بەعسی کیمیاباران لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەم دەولەتە کە کوردە ئازاد بکرێت. ئەگەر دادوەری بێلایەن بوایە لەم ولاتەدا ئەوا دەبوایە ئەو بەپرسە لیپرسینەوەی یاسایی لەگەلدا ئەنجام بدرایە. ئەمە نەبەتەنیا تۆمەتێکە رووی کورد دەگرێتەوە بەلکو رووبەروی دەسەلاتی سیاسی دەولەتی عێراقیش دەبێتەوە. ھەربۆیە دەمێکە کاتی ئەوە ھاتوە کار بۆ گرتنەبەری رێگای یاسایی بگیرێتەبەر نەک بەتەنیا ئەوانەی ئەنفالچی بوون وموستەشار بوون لەعەرەب و لەکورد بەلکو ئەوانەش کە دۆسیەی ئەنفالیان ئەنفال کرد، دۆسیەی کیمیابارانیان کیمیاباران کردو تەنیا لەبۆنەکاندا قسەی بریقەداری لەسەر دەکەن.

(ئەوەی بەرامبەر کورد ئەنجامدرا لەیاساکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا جینۆسایدە).


ئەوەی بەرامبەر کورد ئەنجامدراوە لەیاساکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەچیتە خانەی جینۆساید. بەنەخشە کار بۆ ھەولی گۆرینی ناسنامەی نەتەوەیی گەلێک کراوە، ھەربۆیە دەبوایە دەسەلاتی کوردی لەسەر ئەم ئاستە بەنەخشە و بەبەرنامەو لەسەر ئاستی ئەم یاسا نێودەولەتیە کاری بۆ بەجینۆسایدناساندنی تراژیدیا نەتەوەییەکانی کورد بکردایە کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدراوون ودەولەتی بەعسیش ئەندامێکی ئەم رێکخراوە بووەو سەرەتاکانی مافی مرۆڤی واژۆ کردبوو. لەسەر ئاستی عیراقیش کاری بۆ ئەوە بکردایە کە بەرەسمی بەناوی دەولەتی عێراقەوە داوای لیبوردن لەگەلی کورد بکرێت بۆ ئەو جینۆسایدەی بەناوی دەولەتی عێراقەوە بەرامبەر بەم گەلە ئەنجام دراوە. قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی ئەنفال وکیمیاباران وئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لەدەستوری عێراقدا بچەسپێت. ئەو دەستورەی کە بەوشەیەک زاراوەی جینۆسایدی تێدا تۆمار نەکراوە بەلکو وشەی شەھیدی تێدایە. ئەمەی دواییان ناکرێ وەک ئەوەی یەکەم قورسایی یاسایی نێودەولەتی ھەبێت و بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەکار بھینریت. بۆچی دەسەلاتی کوردی سەرکەوتو نەبووە لەم ئاستەدا؟ گەلی کورد دەنگیدا بەنوینەرەکانی و بروای پیبەخشین بۆ نوینەرایەتی بەرژەوەندیە شەرعیەکانی ئەمان، بەلام دەسەلات سەرکەوتو نەبوو.

دەسەلاتی کوردی ئامادە نەبوو خەرجی تەنیا دوو پاریزەر بدات لەئەلمانیا.


دەسەلاتی کوردی ئامادە نەبوو خەرجی تەنیا دوو پاریزەر بدات لەئەلمانیا بۆ سکالا تۆمارکردن لەسەر ئەو کارگانەی لەئەلمانیا مەوادو تەکنەلۆژیایان بەرژێمی بەعس فرۆشت بۆ دروستکردنی چەکی کیمیاوی کەدواتر دژ بەکورد بەکار ھێنرا. جێگای تورەبوونە بەرپرسێکی دیاری ی.ن.ک بەناوی کاری ئەنفال وبواری ژنان وھەلەبجەوە رۆیشتە دەولەتی سویدو مەسرەفی گەشتەکە لەلایەن حکومەت وحیزبەوە کرا بەلام لەراستیدا بۆ گەشتێکی خۆشەویستی بوو لەگەل خۆشەویستەکەیدا (...) ومیدیاکانی یەکێتیش کردیانە دەستکەوتی سیاسی وحیزبی و ئەمە یەکەم گەشتیش نەبوو پیکەوە لەژیر ئەم ناوە ئەنجام بدرێ. لەبری ئەوە کاریگەرتر بوو لەبەغدا شەری بەدەستوور کردنی ئەنفال وھەلەبجە (جینۆساید) بکرایە.

(زیاتر لە ٤% بودجەی ھەرێمی کوردستان دەروات بۆ سێ دەسەلاتەکەو نزیکەی ١/٤ ی بودجەکە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ).


لێرەدا لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری ھەندێک شتی کەم کراوە ئەگەر درەنگیش بوبێت بەلام بەپارەی گەل خۆی و بەبودجەی بەغدا بۆ ھەرێم، ئەمە لە کاتیکدا بۆ سەرۆکایەتی ھەڕیم و بۆ پەرلەمان و بۆ ئەنجومەنی سەروکایەتی وەزیرانی زیاتر لە ٤% بودجەی ھەرێمی کوردستانیان بۆ تەرخان کراوە کە بیگومان بەشێکی لە ژوورە تاریکەکاندا وون دەبن. ئەمە جگە لە ئاسایش و دەزگا ھەوالگریەکان و لایەنەکانی وەک دەزگای دژە تیرۆر و لەشکری بارزان و زێرەڤانی و...تاد. ئایا وەلامی بەملیاردەر بوونی دۆلاری ئەم دوو بنەمالەیە لە چیدایە؟ ئەمانەش جگە لەو ھەموو دەستکەوتانەی تری بازرگانی دوو حیزبەکە لەگەل تورکیاو ئێران و فرۆشتنی نەوتی ولات بە ریگای قاچاخ و زۆری کەش، بەلام بۆ ھەلەبجەو گەرمیان و بوژاندنەوەی ئەم ناوچانە بیگومان پارە نیە، ئەوەی کە زۆرە پرۆپاگاندەی دەسەلاتەو کەچی دەشیانەوێ دەنگیان پێبدەن و ببنە ئۆبجەکتی دەسەلاتێکی ستەمکار. ھەربۆیە لێپرسینەوەی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەلات بەھەموو ئەو لایەنە سیاسیە بچوکانەشەوە کەبەشدار بوون و بەشدارن لە دەسەلاتدا. دەسەلاتیک ئامادە نەبیت سەنتەریکی تویژینەوەی زانستی لەسەر بەعسیزم و فاشیزم دروست بکات و ھەتا روخانی رژیمی بەعس وینەی سەدام حسین لەسەر پەرتوکەکانی خویندنی قوتابخانەکان مابوونەوە ئیتر چۆن ئامادە دەبیت کار بۆ بەجینۆساید کردنی ئەنفال و ھەلەبجە بکات و بیکاتە خالیکی رەش بەنیوچەوانی بەعس. لێرەدا پێویستە ئۆپۆزیسیۆن ئەم بابەتە بکاتە ئەرکێکی سیاسی ونەتەوەیی وئەخلاقی وبەو شێوازە کاری لەسەر بکات کە لەم نوسینەدا ئاماژەم پێداوەو رای گشتیشی بۆ دروست بکات.

______________________________________
سەرنج: نوسەر خاوەنی سێ سال لێکۆلینەوەی مەیدانیە لە ناوچەکانی گەرمیان و رێپۆرتاژێکی ڤیدیۆی لێ بەرھەمھێناوە کە لە میدیاکاندا نیشان دراوون.
 

ماڵپه‌ڕی سالار باسیرە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک