٣٠\٨\٢٠١٠
«دوو ناو» و «یەک
ناوەڕۆک»... چۆن رووی دا...؟؟!

فەرشید شەریفی
هەرچەند ماوەیەکی زۆرە بەسەر ئەم بەسەرهاتەدا تپدەپەڕێت، لە زۆر شوێندا
هەوڵم دا بڵاوی بکەمەوە بەڵام هەر لەبەر ئەو تێپەڕینی زەمەنە، بۆیان
بڵاو نەکردمەوە. ئاخرەکەی بیرم لەوە کردەوە با لەم
ماڵپهڕه تایبەتییەی خۆمدا دایبەزێنم (
http://www.emrro.com/malperifershid.htm ) و پێم
وایە بۆ ڕێزگرتن لە ڕای گشتیی و جەماوەریش بێت، هەر دەبێ بڵاو بکرێتەوە.
17/10/2005 کتێبێکم بەناوی«کورتە مێژووی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵناسی» لە
خانەی وەرگێڕاندا(لە سلێمانی) بڵاو کرایەوە و مانگێک دواتر هەر هەمان
کتێب بە ناوی «دامەزرێنەران و سەرهەڵدانی کۆمەڵناسی» لە دەزگای چاپ و
پەخشی سەردەمدا بڵاو کرایەوە. پاش ماوەیەک تانە و توانجی رەخنەگرانە و
رووخێنەر لە هەموو لایەکەوە دەستی پێکرد و برادەرێکێش-کە بە داخەوە
ناوەکەی نازانم و - لە رۆژنامەی هاوڵاتیدا رەخنەیەکی توندی لە سەر
نووسیبووم و لە ئەرشیڤی ڕۆإژنامەی هاوڵاتیشدا زۆری بۆ گەڕام و
نەمدۆزییەوە، هەروەها هەر دوو دەزگای خانەی وەرگێڕان و سەردەمیش بە بێ
ئەخلاقی و سەرپێچی یاسایی تاوانباریان کردم. تەنانەت دەزگای سەردەم
مافی کتێبەکەشیان زەوت کردم(واتە حق الترجمە) و منیش بەڕاستیی نازانم
لە شەرمان بوو یاخود ناشارەزایی لە یاسا لێی بێدەنگ بووم وەک نە بام
دیبێت نە باران. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزێکی زۆرم بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو
دەزگایە هەبوو و بەڕاستیی زۆر منەتباریان بووم. هەر بۆیە بە پێویستم
زانی روونکردنەوەیەکی لە سەر بنووسم، هەر هیچ نەبێ وەڵامی گومانەکانی
ڕای گشتیم دابێتەوە.
سەرچاوەی کێشەکە لە کوێوەیە...؟؟
مانگی حەوت یا هەشتی ساڵی 2003 برادەرێکی خۆشەویستم بەناوی کاک رێـبوار
هەڵەبجەیی کە ئەگەڕایەوە بەرەو سلێمانی، نوسخەیەکی ئەو کتێبەم پێ دا کە
تەسلیمی خانەی وەرگێڕانی بکات و بۆم چاپ بکەن، چوونکە ساڵێک لەوەپێش
قسەم لەگەڵیاندا کردبوو و ئەوانیش وتبوویان بینێرە بۆت چاپ بکەین. بە
داخەوە لە بەر ئەوەی دەقی فارسیی کتێبەکەی لە گەڵدا نەبوو، لێیان
وەرنەگرتبوو. پاشان ئەویش بردبووی بۆ دەزگای سەردەم و تەسلیمی بەڕێز
کاک ئازاد بەرزنجی کردبوو کە سەرپەرشتی چاپی کتێبی ئەو دەزگایەیە و کاک
رێبوار منی لەو مەسەلەیە ئاگادار نەکردبوو و منیش بە داخەوە لەبەر دوور
کەوتنەوەم بەرەو تاران و چەندین هۆکاری تری شەخسی هیچ پێوەندییەکم لە
گەڵ کاک رێبواردا نەمابوو. دواتر لە پێوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ خانەی
وەرگێڕاندا پێیان راگەیاندم کە هیچ کتێبێکی منیان لە لا نییە و چوونکە
دەقە فارسیەکەی لەگەڵ نەبووە لە کاک رێبوارمان وەرنەگرتووە. ئەمجارەیان
لەگەڵ دەقە فارسییەکەی بۆمان بنێرەوە. منیش نوسخەم بۆ بردن، ئەڵبەت لە
ساڵی 2004 دا و بڕیار درا تا کۆتایی ساڵ بۆم چاپ بکرێت.
چۆن بوو کتێبەکە بە دوو ناوەوە دەرچوو...؟؟؟!!!
دەقی فارسی کتێبەکە،چاپی نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەری ئێرانە و ئەو
نوسخەیەش کە من وەرم گێڕایەوە، رووبەرگەکەی دڕابوو و قەتیش لێی چاپ
نەکراوەتەوە و کتێبێکی کۆنە. هەر بۆیە ناونیشانی یەکەم فەسڵی کتێبەکەم
کرد بە ناو نیشانی کتێبەکە و ئەو نوسخەیەی لێ دەرهات کە بە کاک
رێبواردا ناردم.کە کتێبە فارسییەکەشم لێ ون بووبوو خانەی وەرگێڕان پێی
لەسەر ئەوە دائەگرت کە ئەگەر دەقە فارسییەکەی لەگەڵ نەبێت چاپی
ناکەین.منیش بە هەر چەرمەسەرییەک بوو لە دەسفرۆشەکانی تاراندا(ئەوانەی
کتێبی کۆن و قاچاخ و ...ئەکڕن و ئەفرۆشن) ئەو کتێبەم دۆزییەوە و کە
سەیرم کرد ناوی کتێبەکە «کورتە مێژووی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵناسی»یە.
هەر بۆیە عینوانی کتێبەکەم گۆڕی و لەگەڵ ئەوەشدا بە فرسەتم زانی و
جارێکی تر پیایدا چوومەوە و هەندێ دەسکاری تریشم کرد و بەو عینوانە
تازەیەوە تەسلیمی خانەی وەرگێڕانم کرد، ئیتر قەت ئاگام لەوە نەبووە کە
بە ناونیشانی یەکەم واتە «دامەزرێنەران و سەرهەڵدانی کۆمەڵناسی» لە
دەزگای سەردەمدا ئیجازەی چاپی بۆ گیراوە، ئەگینا هەر هیچ نەبێ
نەمدەهێشت بە دوو ناوەوە چاپ بکرێت، چوونکە پێم وایە کەس ئەوەندە گەمژە
نییە یەک کتێب بە دوو ناو و بە تیراژی 2500 دانە بخاتە بازارەوە کە
بەلانی کەمەوە 2500کەس ئەیبینن و ئەیخوێننەوە و شتێک نییە بە ئاسانی
بشاردرێتەوە. بە گشتی ئەوە بە سەرهاتی ئەو دوو ناو و ناوەڕۆکە
بوو.بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی قوت دەکاتەوە:
ئایا بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەو کتێبانە
ناخوێننەوە کە ئەچنە بەردەستیان بۆ سپاردن و وەرگرتنی ئیجازەی چاپ؟؟؟!
ئەگەر بەڵێ...بۆچی شتی وا رووی داوە؟،چوونکە لەوە ئەچێ ئەو کتێبەیان
نەخوێندبێتەوە.ئەگەریش نا... کەواتە ئەوە کەمتەرخەمی کردنێکی گەورەیە
لە ئاست مەسەلەیەکی گرینگی وەک چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبدا و دیارە
زەرەر و زیانەکانیشی بۆ هەموو لایەک، حاشای لێ ناکرێت. بۆ نموونە ئەگەر
هات و کتێبێک چاپ بکرێت کە بە مەسڵەحەتی هیچ لایەک نەبێت، کێ
بەرپرسیارە بەرانبەری...؟؟ کەواتە وەکوو پێشنیارێک وا باشترە وەزارەتی
رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، تۆزێک
چاوکراوانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلانەدا بکەن و هیواداریشم شتی ئاوها
بۆ کەسیتر نەیەتە پێشێ.
_________________________________________
تێبینی:
ئەم روونکردنەوەیە لە مانگی8ی ساڵی 2006دا درا بە رۆژنامەی «هاوڵاتی»
بۆ ئەوە بڵاو بکرێتەوە.تا خۆشم لە دەفتەری رۆژنامەکە بووم تایپ کرا و
بڕیار درا لە ژمارەی - وابزانم- 284 دا بڵاو
بکرێتەوە و دوای گەڕانەوەم بەرەو ئێران بە داخەوە هەر بڵاو نەکرایەوە.
ئەوەش وەکوو گلەییەک لەو رۆژنامەیە.
ماڵپهڕی فهرشید
شهریفی
|