په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دوو بابه‌ت:

١- روونکردنەوەیەک لە سەر نووسینەکانى (هاوار بانیخێڵانى)

 لە مەڕ کتێبى پشتاشانى ئەبو شوان.


هیوا ڕەش   


بە تاسوقەوە چاوەڕێى بەشەکانى کاکە هاوار بانیخێڵانى پێشمەرگەى زیتەڵى ئەو دەمە و هاوڕێى سەردەمانێکى سەختى تێکۆشان بووم و پێم خۆشە پێشەکى خوێنەر لەوە ئاگادار بن کە ئەو دەمە هاوتەمەنەکانى کاکە هاوار نەیانئەوێرا لە باوەشى دایکیان جیا ببنەوە و ڕەنگە بۆ میز کردنى شەوانە ئەبوایە یەکێک لە گەڵیان دا بڕۆییشتایە بەڵام ( بەمۆى قادر فارس – بەمۆ چاوشین ) ى ئەو کاتە و هاوار بانیخێڵانى ئێستا ، ڕێگەى پێشمەرگایەتى و بەڕەنگاریى هەڵبژاردبوو بەرامبەر دڕندەترین ڕژێمى سەردەم .

دڵنیام هەقى خۆى بە باسەکە و بە دواداچوونەکەى داوە ، ئەوەى من مەبەستمە بیڵێم پەیوەستە بە خۆمەوە ، بەندە بەر لەوەى ببم بە ڕابەر سیاسى لەو هێزە تێکشکاوەى ئەو کارەساتە کادیرى ( محەلى کەرکوک ) بووم ، پێشمەرگەى محەلى و مەڵبەندیش ململانێیەکى وا لە نێوانیان دا بوو کە هەرگیز لە پێشمەرگەى حیزبێک نەئەچوون ، ئەمەش واى لە من کردبوو ئەو بە کەم تەماشا کردنە قبوڵ نەکەم و چەند جارێک داواى گواستنەوەم کرد لە ( محەلى کەرکوک ) ، ئێمە و مانان ( پێشمەرگەى محەلى ) کە بە خەتى ڕێکخستن - مەدەنى - و سەلامەت ناسرابووین لە لایەن ( پێشمەرگەى مەڵبەند ) خەتى عەسکەرییەوە بە کەم تەماشا ئەکراین ، بۆیە دواى ڕوودانى کێشەیەک لە نێوان من و هاوڕێ ئەبو شوان کە ئەو دەمە سکرتێرى محەلى کەرکوک بوو بۆ بەر گرتن لە کێشەکە و پێداگرتنى داواى من بۆ گواستنەوەم بۆ بەشى عەسکەرى ڕەزامەندى لە سەر درا کە لەوە پێش چەندین جار داوام پێشکەش کردبوو پشتگوێ خرابوو ، گوازرامەوە بۆ مەڵبەند کە بارەگاکانمان هەر لە ناو یەک دا بوو ، مەڵبەندیش وکو ریِزلێنانێک لە من و لە ڕقى ئەبوشوان ، بە تایبەتى لە لایەن هاوڕێ ئەبو تاراوە کردمیان بە ڕابەر سیاسى پەل ، هاوڕێ هاوار گیان پێم وا بێت زیاتر ڕکابەرى نێوان ئەبو تارا و ئەبو شوان زەمینەى ڕەخساند من بکرێمە ڕابەر سیاسى پەل نەک ئەزموون و شارەزاییم لە پێشمەرگایەتى ، جا نازانم ئەو ڕق بە ڕقەیەى ئەو دوو هاوڕێیە لە کوێوە سەرچاوەى گرتبوو چونکە ئەوە هاوکێشەیەک نەبوو بە ئێمەمانان حەل بکرێت و لەو تەرزە مونافەسە بێمانایەم زۆر بەرچاو کەوت لە دواى ئەوەوە ، ڕەنگە ئەو دوو هاوڕێیەى ئەبو شوان بەو شێوەیە باسیان لێوە ئەکات هەر لەوەوە سەرچاوەى گرتبێ .

بە هەر حاڵ مەسەلەى تەکەتول لە ناو حیزبى شیوعى دا مێژوویەکى دوور و درێژى هەیە و بۆ پەکخستنى یەکتر سازشى گەورەش کراوە و ئەکرێ ، خەڵکى تێکۆشەر کاروانەکە جێ ئەهێڵن و بوودەڵەکانیش خاوەن ماڵن و پیرۆزى سەرکردەکانیان بن و هەر بمێنن بۆ خەباتى سفرە ڕازاندنەوە ، ئەوەشى پسپۆڕى بوارى مێژوو بێت هەرگیز ناتوانێ بە قەد ئەوانە هەق بداتە باسێک کە کەسەکان بە بەرجەستەیى تێیدا ژیاون ، ئەوەى لە سەر منیش بوو کاتى خۆى بە قەد زاکیرە لاوازەکەى خۆم زانیاریم لە مەڕ ئەو ڕووداوە داوەتە ئەبو شوان بەڵام دیارە حەزى نەکردووە سوودى لێوە ببینێت ، کە بەم شێوەیە بوو :

ئەو شەوەى هێرشەکە کە ئێمە لە کەمین دا بووین ، کاتێکم زانى ڕایان تەکاندم وامزانى بۆ حەرەسیات بێدارم ئەکەنەوە ، ویستم لە سەر خۆ خۆم بپێچمەوە بۆ حەرەسیات تەماشام کرد هاوڕێیان ڕایان کرد ، هێندەى پێ نەچوو تەماشام کرد سەربازەکان گەییشتوونەتە سەرمان و نزیکەى 150 – 200 مەترێک لێمەوە دوورن ، پێڵاوەکانم خستە باخەڵم و نەپەرژام لە پێیان کەم تا لێیان دوور کەوتمەوە چەند جارێک بە لاتەنیشت و بە دەما کەوتم بە سەر ئەو تاشە بەردانەدا ئەتووت بە سەر دۆشەکى ئیسفەنجا ڕێ ئەکەم خوا نەکات هەست بە کەمترین ئازار بکەم ، لە ڕێ تووشى برادەرێکى پارتى هاتم ووتى : تو گۆڕى بارزانى جێم مەهێڵە ، منیش ووتم بە گۆڕى فەهد جێت ناهێڵم ، ئینجا ناسیمیەوە ، ئەو بە دەم ڕێوە جنێوى بە هەڤاڵەکانى ئەدا کە جێیان هێشتووە ، هەردووکمان ژێر پێمان خوێناوى ببوو چونکە ئەو پێڵاوەکانى جێهێشتبوو ، بە پەلەپڕوزێ و بەو دەردى سەرییە گەییشتینەوە بارەگا و کە هاتین هاوڕێیان خۆیان ئەپێچایەوە بۆ ئینسیحاب ( ڕاکردن ) . جا نازانم دوو هاوڕێى عەرەبى نەشارەزا لە ناوچەکە تاوانیان چییە لەم ژێر کەوتنە ؟ ! ئەى هاوڕێ ئەبو شوان بۆچى بەرپرسیارێتى ناخاتە سەر ئەو بەرپرسە کوردانەى لە بانى شار لە تەڕ ئەیانخوارد و لە ووشک ئەخەوتن و بە درێژایى مێژوویان بەس خەریکى شتى لابەلا و پێشمەرگە ڕووخاندن بوون و بەر لەوە هیچ زانیارییەکیان کۆ نەکردبۆوە و لەو کاتەش دا هیچ هەڵوێستێکى جوامێرانەیان نەنواند ؟ وەیا کە هێزى دوژمن ئەگەر نەڵێم بە سەر بەڵام بە بن ڕیشى بارەگاکانى حیزبى سۆشیالیست دا گەییشتنە سەرمان .

لە کۆتاییدا دەستەکانت خۆش بن و زاکیرەت زیندووبێت ، بە ڕاستى زامى کۆنمت هێنایەوە ژان و وێڕاى ئەو شکستییەى لەو دەمەدا بە سەرمان دا هات خۆشترین شتى ئەوە بوو بێ ئاگایانە لەو خەڵوەتخانەى ملشکاندنەدا ئێمە دەروێشى هیچ تەریقەتێک نەبووین و بە پاکى تەمەنى لاوێتى خۆمان دانا لە پێناوى ئایدیۆلۆژیایەک دا کە ئێستاش ئەز لەو باوەڕەدام ڕزگارکەرى بەشەریەتە ، ئەخوازم بە ئەبو شوان و تۆ و من و هەموو کەسێک مێژوو وەکو خۆى بگێڕێتەوە بە سەرکەوتن و نوشوستییەکانیەوە .

هێندە ماوە بیڵێم ئەگەر گوناهێک لە ئێمەوە بوایە بەندە لە دواى ماوەیەکى کەم نەئەکرام بە سەرپەل و لە گەڵ چەندین هاوڕێى خۆت ئاسا پێشمەرگە خۆپارێزەکانمان شەرمەزار و ئیحراج ناکرد کە لە هەڵسەنگاندنێکى حیزبى دا ووتبوویان ( هیوا ڕەش ) بۆیە ئینتیحارى مل ئەنێ و چالاکى ئەنجام ئەدا تا شکستییەکەى خۆرنەوەزان پەردە پۆش بکات ، کە بە مەرجێک خۆت ئاگادارى هەیئەتى بەتالیۆن لە شەوى شکستەکەدا بەرپرسمان بوون نەک من و ئەوانیش دوور و نزیک پەیوەندییان بەو شکستەوە نەبوو بە قەد ئەوەى دەستێکى خیانەت خرابووە ناو دەستى دوژمن و چاوساغى کردن لە داگیر کردنى بنە و بارەگاکانمان ، هەروەکو لە نووسینێکى پێشوو تریشم دا ئاماژەم پێ داوە سەرپەلى یەکەشم بۆیان جێهێشت بەس لە بەر ئەوەى لە گەڵ پیاوى ترسنۆک و خۆبادەر ئیش نەکەم ، بەڵام ئەمانە پیاوە ماقوڵەکانى ئەو حیزبەن بۆیە ئەبێت بە یەکجارى ئەو کاروانە سەقەتە جێ بهێڵى هەروەکو چۆن لەم دواییەش دا دەستەى باڵاى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانیشم بۆ جێ هێشتن . دووبارە دەسخۆشیت لێ ئەکەم و ئەگەر بەندە زاکیرەم وەکو تۆ بوایە وورد و درشتى بەسەرهاتەکانم بۆ مێژوو تۆمار ئەکرد .

 

 ٢- با ئەم ڕاستییەش بووترێ ... هەڵوێستى ئیسلامى و شیوعیەکان کامیان... ؟!

 

 


پێشوەخت ئەمەوێ نموونەیەک بهێنمەوە بۆ ئەوەى تووشى ڕەخنەى لابەلا نەبم ، لە سەرەتاى ساڵانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو دا و لە کۆنفرانسێکى حیزبى شیوعى لە سلێمانى لە نێو قسە و باسەکان دا ئەوە خرایە بەر باس کە پێویستە لە میدیاکانى حیزبەوە بەر لە دەست پێ کردنى بەرنامەکانیان قورئان بخوێندرێ یان نا ؟ ئەمە مشت و مڕێکى گەرمى نایەوە و ئەندامێکى مەکتەبى سیاسە کە وەکو سەرپەرشتیار ئامادە بوو ، ڕایگەیاند کە پێویستە قورئان بخوێندرێ چونکە ئێمە لە کۆمەڵگایەکى ئیسلامیداین و ئەبێت هەستى خەڵک ڕابگرین ، بەندەش ئەمەم زۆر پێ قورس بوو کە ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى خۆڵ بە چاوى خەڵک دا بکات ، له هاوبەشییەکەم دا منیش پشتگیریم لە بۆچوونى ئەو هاورَێیە بەم شێوەیە کرد و ووتم : پێویستە ڕێز لە ئایین و ئایینزا و بیر و باوەڕى سەرجەم خەڵک بگیرێت ، کۆمەڵگاکەى ئێمەش جگە لە ئیسلام ، مەسیحى و جولەکەشى تێدایە بۆیە من واى ئەبینم لە میدیاکانمانەوە جگە لە قورئان ، ئینجیل و تەوراتیش بخوێندرێ و لە حیزبێکى شیوعییەوە بەرەو ڕێکخراوێکى تەبشیرى بچین زۆر باشترە ، و ئەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە هەر چەندە ئامادە بووان زۆربەیان سوننە مەزهەبن بەڵام ئەبێت لەمە و دوا لە یادى حوسێنیش دا بەشدار بین و لە خۆمان بدەین - - - کە لە ئیستیخباراتى بەعسیش زیندانى بووم برادەرێک بە ناوى ( محەمەد باوزێ یى ) زۆر هەوڵى لە گەڵم ئەدا کە نوێژ بکەم تا بەقسەى ئەو ، خوا ڕەحمێکمان پێ بکات ، لە کۆتاییدا ناچار بووم لە بەر خاترى ئەو ووتم : باشە ، جارێکیان دەسنوێژمان هەڵگرت و بە شان یەکەوە نوێژمان دابەستا و دەستم نایە بنا گوێم و ووتم : نیەتمە چوار ڕکات نوێژ ئەکەم بۆ محەمەد باوزێ یى ئەکەم ، ئەویش یەکسەر نوێژەکەى خۆى بڕى و ووتى بە قوربانت بم واز بێنە با گوناهەکەى تۆش نەیەتە ملى من ، بە هەر حاڵ ئەمانە بۆ ئەوە باس ئەکەم کە خوێنەر وا نەزانێ لایەنگیرى ئیسلامییەکان ئەکەم بەڵکو ئەوەى ئەمەوێ بیڵێم بەراووردێکى واقیعى هەڵوێستى نێوان ئیسلامى و بەناو شیوعییەکانە .

من لاریم لەوە نیە کەسانێکى زەحمەتکێش لە ناو حیزبى شیوعى دا هەبن و فەڕیزەکانى ئیسلام بەجێ بگەیەنن ، لاریم لەوە نیە لە کۆڕێکى جەماوەرى شیوعییەک لە خۆرایى و بێ موناسەبە هەستى موسڵمان و ئاییندارەکانى تر بریندار بکات و لێپرسینەوەى لە گەڵدا نەکرێت لە سەر ئەوەى هەست و نەستى خەڵک بریندار ئەکات ، بەڵام لاریم لەوەیە بە ناو شیوعییەک پێناسەى ئیسلامییەکان بکات و خۆى نەناسێت ، بۆ ئەمەش بەراووردێکى بەرجەستە لەبەر دەستدایە کە ئەتوانین بیخەینە بەر دەست ، ئەویش لە نێوان حیزبى شیوعى و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان .

لە هەڵبژاردنى 2005 ى کوردستان دا یەکگرتوو وەکو هێزێکى سیاسى سەربەخۆ و لە خۆ ڕابین تواناى خۆى تاقى کردەوە و پرۆسەکەى بە ڕێ کرد و بە قورساییەکى زۆر باشیش چووە ناو پەرلەمانەوە ، کەچى حیزبى شیوعى بە پاشکۆیەتى و بە سەدەقە چارەگێکى ئەوانى بە دەست نەهێنا ، یەکگرتوو ئەگەر چى لە حکومەتى ئەو دەمە بەشدار بوو بەڵام بە ڕەشى ئەووت ڕەش و بە سپیشى ئەووت سپى ، حیزبى شیوعیش بە لا قرتێشەوە ڕەنگەکانى لە یەکتر جیا ناکردەوە بە سپى ئەووت سپى و بە ڕەشیشى هەر ئەووت سپى ، مەگەر جار و بار بە بێ ئەوەى بهێڵن دڵى سەرچاوەى داهاتیان بڕەنجێ ووردە گلەییەکیان بکردایە .

لەم هەڵبژاردنەى ئەمساڵیشدا یەکگرتوو هەموو ئیمتیازەکانى ڕابردووى تووڕ دا و هاتەوە مەیدان ، وێڕاى پاشەکشێیەکى بەرچاو لە دەنگەکانى دا بەڵام ئامادە نەبوو سازش لە سەر هەڵوێستى خۆى بکات و وەکو بەرهەڵستکارێک مایەوە و ڕەتى کردەوە بەشدارى لە کابینەى نوێى حکومەت دا بکات ، کە چى هەر وەکو چۆن زەحمەتکێشان و سۆشیالیست کە بە ناو خۆیان لە بەرەى چەپ بە ئەژمار ئەهێنا و لە بەرەى ئیسلامییەکان دا هاوپەیمانێتییان ڕاگەیاند و فێڵیان لێیان کرد ، بەڵام حیزبى شیوعى فێڵى لە بە ناو ( لیستى چەپەکان ) کرد و پشتى لێیان کرد و باوان شێواوە گەڕایەوە باوەشى باوان و زۆر بێباکانە شانازى بەم هەڵوێستە دیماگۆکیانەى خۆشیانەوە ئەکەن و پاساوى بۆ ئەهێننەوە و بە تەمان لە ڕێگەى وەزارەتى ڕۆشنبیرییەوە ڕۆشنبیرى ( مساومە ) بە ناو خەڵک دا بڵاو بکەنەوە .

لە هەڵبژاردنى ڕابردووى پەرلەمانى عێراقیش دا ، یەکگرتوو سەربەخۆ و لە باوەڕ بەخۆبوونەوە چووە ناو پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگێکى بەر چاوى لە سەرانسەرى عێراق دا بە دەست هێنا و دیسانەوە ڕۆڵى خۆى گێڕا ، بەڵام حیزبى شیوعى لە بەر بێمتمانەیى بە خۆى و جەماوەرەکەى زاتى نەکرد هێزى خۆى تاقى بکاتەوە بۆیە پەناى بردەوە بەر هاوپەیمانە کۆنەکانى لە بەعسی و شۆفینیستەکان تا بتوانێ بە چنگە ڕنێ بگاتەوە دەسکەوتەکان و سکرتێرەکەى ببێتە ئەندام پەرلەمان ، ئەمانە مشتێکن لە خەروارێ و لێرەوە ئەبێت بە ویژدانەوە حوکم بدەین حیزبى شیوعى یان یەکگرتوو کامیان ؟ زیاتر خۆیان بە بەرپرس ئەزانن بەرامبەر ئەرکە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان .

ئەوەتا ئەندام پەرلەمانەکانى یەکگرتوو وەکو داهێنانێکى نوێ جگە لە ڕەخنەکانى خۆیان لە سەر ئەداى دەسەڵاتى حکومەتى هەرێم پۆستێکى ئەلکترۆنیشیان داناوە بۆ پێشوازى سکاڵاى ناڕەزایەتى خەڵک بەڵام حیزبى شیوعى ناڕەزایەتى هاوڕێکانى خۆشى بە گێرەشێوێنى ئەشوبهێنێ ، وێڕاى هەموو ئەو ڕەخنە و تێبینییانەى یەکگرتوو لە سەر دەسەڵاتى کوردى و گەندەڵى و قۆرخ کردنى کایە ئابورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و ڕۆشنبیرییەکان هەیەتى بەڵام لە بەغا ئەرکى نەتەوەیى خۆى بەجێ هێناوە و لە مەسەلە نەتەوایەتییەکان غافڵگیر نەبووە و بەردەوام پشتیوانێکى گەورەى لیستى هاوپەیمانیى کوردستان بووە لە مەڕ کێشە چارەنووسسازەکان .

من لێرەوە خوێندنەوەى خۆم هەیە بەرامبەر ئەو دوو بەرەیە ، حیزبى شیوعى کە گۆشەیەکى بۆماوەى ڕابردووى مێژووى کۆنى لە چەپ داگیر کردووە و ئیسلامییەکان بە ڕاستڕەو لە قەڵەم ئەدا ، بەڵام خۆیان ڕاستڕەوێکى پاشکۆى عەییارە بێ ژمارەن و ئەگەر ئیسلامییەکان بە بەراوورد لە گەڵ ئەوان دا بهێنینەوە نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە لە هەڵوێست و سیاسەت دا نەک لە ئایدیۆلۆژیا ، بەڵام ئەبێت ئەوەش بزانین کردار ئاوێنەى گوفتارە و ئەوەى لە زارى سەرانى حیزبى شیوعى دا هەیە لە هەمبانەکەیان دا شتێکى ترە ، ناڵێم ئیسلامییەکان ئەتوانن ببنە ئەلتەرناتیفى چەپەکان و چونکە لە ڕووى ئایدیۆلۆژیاوە پەیامیان جیاوازە بەڵام تا چەپى ڕاستەقینە ئاوها بە پەرتەوازەیى بمێننەوە و بە ( لا محل لهم فی الاعراب ) لە مەیدانەکەدا بن ئەوا هەزار جار سەرکەوتنەکان لە ئیسلامییەکان پیرۆز ئەکەم .


ئەرکى لە پێشینەى چەپەکان ڕێکخستنەوەى ماڵەکەیانە لە نزیک بوونەوەى زیاترى خۆیان و هێنانەوەى پێگەى حیزبى بزووتنەوە لادەرەکانە بۆ ناو ڕیزەکانى خۆیان و داهێنانى گوتارێکى هاوبەش و داماڵینى هێزە کۆنەپەرست و کۆنەپارێزەکانە ، مەگەر بەمە بتوانین ئاهێک وەبەر خۆمان دا بهێنینەوە ئەگینا مێژوو ڕەحم بە کەسمان ناکات ، چونکە دۆخ و زەمینە لە بارە بۆ بووژانەوەى هێزى چەپ ئەگەر بێت و دۆخى خۆیى چەپەکان باش بکرێت .

 


07701309524 
Hewarash1@yahoo.com