په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٣\٢٠١٠

دووبارە گەڕانەوەى حوکمى شیر و تیر شەرمەزار ئەکەم.


هیوا ڕەش   


هەواڵێکم لە سایتى ئاوێنە بەرچاو کەوت لە بارەى خۆپیشاندانى 200 کەسێک لە بەردەم تەلارى پەرلەمانى کوردستان دژ بە کەسێکى ( تۆمەتبار ) بە سووکایەتى کردنى قورئان و داواى جێبەجێ کردنى یاساى کوشتن یان کەمئەندام کردن ئەکەن دەرهەق بە پۆلیسێکى باوەنور ، دیارە ئەو بێ ویژدانانە و مامۆستاکانیان تینوێتییان بە نانبڕین ناشکێ کە ناوبراو لە سەر کار دەرکراوە بەڵکو داواى سەربڕینیشى ئەکەن تا بە تەواوى کۆستى خانەوادەکەى بخەن ، ئەمە لە هیچ پێودانگێکى ئینسانى دا جگە لە یاساى دارستان بەرچاو ناکەوێت ، لە کاتێکدایە کە نوێنەرانى ( امە عربیە واحدە – زات رسالە خالدە ) لە عێراق و لە سوریا لە پیلانگێڕیدان دژ بە چارەنووسى گەلەکەمان ، جا نازانم ئەو 200 کەسەى خۆیان کردووە بە میراتگرى خەلیفەکان و نماییندەى ئەنفالچییەکان هەستى نەتەوایەتییان تێدا هەیە ؟ ئەگەر وایە باشتر نەبوو ئەو هەرایەیان بۆ پرۆتیستۆ کردنى تەزویرەکانى موتڵەگ و نجێفى و عانى و ڕژێمە دژە مرۆڤایەتییەکەى حافز ئەسەد و حکومەتە ئیسلامییە دژە کوردییەکەى ئەردۆگان ڕێک بخستایە کە هەڕەشەى ترسناکیان هەیە لەسەر دۆز و چارەنووسى نەتەوایەتیمان ! داوا لە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەکەم گوێ لەوانە نەگرن کە ئەیانەوێ ئازادییەکانى تاک و مافى مرۆڤ پێشێل بکەن و دڕندە خواردووى بکەن .

ئێمەى کورد کە بەزەبرى شیر و تیر لە ڕابردوودا ناچارى تەسلیم بوون بووینە و زیانى زۆرمان بەخۆمان گەیاندووە بە تایبەتى لە ڕووى ئایینییەوە کە زۆرێک لە کلتور و کەلەپور و داب و نەریت و ڕۆشنبیرى خۆمان لەدەست داوە و مێژوومان تێکەڵ بە مێژووى خوێناوى و داگیرکارى نەتەوە سەردەستە ستەمکارەکان کردووە کە ئەوانیش لە ژێر پەردەى ئایینییەوە هیچ نەماوە پێمانى نەکەن و سەدان مەلاى خەتێ و هەزارانى وەکو ئەم 200 کەسە بەناو خۆپیشاندەرەیان کردۆتە هەوێنى دواکەوتنى گەلەکەمان و ڤایرۆسى جەستەى کۆمەڵگاکەمان ، ِپێویستە لەمەودوا هەوڵەکان بەو ئاقارەدا ببرێت کەچى تر نەهێڵین زەمینە بۆ پیتاندنى گەراى کۆ نەپەرستى بڕەخسێنرێت .

کۆبوونەوەى ئەو 200 کەسە بەناو خۆپیشاندەرە بۆ جێبەجێ کردنى شەریعەتى ئیسلام ، هیچ مانایەک نابەخشێت لەوە زیاتر کە بیانەوێت ئەم ئازادییەى ئێستاى گەلەکەمان بخەنە کۆڵانێکى تەنگەبەر و لە دوایى دا بە شمشێرى سەدان ساڵەى پێش ئێستا سەرى لە جەستەى بکەنەوە و بە دەردەکەى ئیمام حوسێنى ببەن .

ئەوان ئەیانەوێ بە سەربڕینى کەسێک دەست پێ بکەن و بە قەتڵوعامى گەلێک بەرنامەکەیان بهێننە دى ، بۆیە لێرەوە داوا لە کاربەدەستان ئەکەم بە بڕیارى نانبڕینى ئەو ( تۆمەتبار ) کراوەدا بچنەوە و بە پەلە بیگێڕنەوە سەرکارەکەى خۆى ، هەروەها داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان و پارێزەرانى مافى مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئەکەم لە ئاستى ئەم پێ درێژى و زیادەڕۆییە بێدەنگ و دەسەوسان نەبن و کەمپینێک بۆ داکۆکى لە نانبڕاوەکە بکەن چونکە بەمە ڕێگە لە لەشکرى جەهل ئەگیرێت تا سنوور نەبەزێنن و دەست درێژى نەکەنە سەر ماف و ئازادى نەوەکانى داهاتوومان ، دەبا چى تر نەهێڵین تراژیدیاکان و مەرگەساتەکانى ئەنفال و هەڵەبجە دووبارە ببنەوە ئەگەر قەبارەکەى بچووکیش بێت ، با لە ئاستى پەیکەرەکەى عومەرى خاوەر دا کڕنوش ببەین و یادەوەرییە تاڵەکان وەبیر خۆمان بهێنینەوە .

 


07701309524

Hewarash1@yahoo.com