په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٧

دوبەی یان دارفورێکی تر!

شێرزاد وڵاتدۆست     


ساڵانێک بوو گوێبیستی بانگەشەی سەیر و سەمەرە دەبووین لە بەرپرسانی ھەرێم ، کە تەنیا بۆ سەرنجڕاکێشان و خەڵاتاندنی ڕایگشتی و پەردەپۆشکردنی گەندەڵیەکانیان ئەم دروشم و بانگەشانەیان بە گوێ خەڵکدا دەدا ، یەکێک لەو بانگەشانە بریتیبوو لە بوونیادنانی ئەمارەت و ھەرێمێک ھاوشێوەی ئەماراتی دوبەی لە میرنشینی ئیمارەتی عەرەبی ، بەشێوەیەک ئاستی خۆشگوزەرانی و ئابوری و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان ھیچی وای کەمتر نەبێت لە ئاستی ئەو خۆشگوزرانی و پێشکەوتنەی دوبەی و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دا بوونی ھەیە.


لێ جێی خۆیەتی دوای تێپربوونی چەندان ساڵ بەسەر ئەو بانگەشە و گوتافە بریقدارنە تێڕامێنین ، ئاخۆ چی بەرھەم ھات لەم ھەموو بەڵێنە بریقەدارە ، ئایە ھەرێمک بەرھەم ھات ھاوشێوەی دوبەی پڕی بێت لە خۆشگوزرانی و ئاودانی و پێشتکەوتن ، یاخود ھەرێمێک ھاوشێوە لەگەڵ ھەرێمی دارفور لە سودان پڕ لە کێشە و قەیران و ھەژاری و دواکەوتویی بەرھەمھات ! ، دوبەی و دارفور دوو ھەرێم ھەر یەکەیان بەشێک لە وڵاتێکی عەرەبی ، بەڵام ڕێک پێچەوانەی یەکتر، ئەگەر سەیری ژیانی ھاڵاتیەکی ئیمارەتی بکەین لە دوبەی دەبینین ھاوڵاتیانی دوبەی لە چ ناز و نیعمەتێک ژیان بەڕێدەکەن و ھاوڵاتیانی نیشتەجێ لە ھەرێمی دارفور لە سودان لە چ باردۆخێکی ناوھەموار و ھەژاری ژیان دەکەن ، لەکاتێک ئەو ھەردووک خاک دەوڵامەندن بە نەوت و مادەی کانزایی زۆر، بەڵام سادەترین نمونە وەربگرین دەبینن چ جیاوزیەکی مەزن لە نێوان ئەو دوو مەملەکەتەدا ھەیە ، ئەگەر داھاتی تاکە کەس وک نمونە وەربگرین دەبینین دەیان ھەزار دۆلار دۆلار جیاوزی ھەیە لە داھاتی ساڵانەی تاکەکەس لەو دوو شوێنە ، بەجۆرێک داھاتی تاکە کەس لە دوبەی سەروو ٥٠ ھەزار دۆلارە ، لەکاتێک داھاتی تاکە کەس لە سودان و دارفور وەک بەشێک لەو وڵاتە لە ٤ ھەزار دۆلار تێپەرناکات و بە یەکێک لە خراپترین ئەو شوێنانە ھەژمار دەکرێت بۆ ژیان کرد لە جیھان!


ئەگەر ھەر لەسەر بنەمای داھاتی تاکەکەس و کۆمەڵێک پێوەری تر بەراوردێکی بچوکی ھەرێمی کوردستان و دوبەی و دارفور بکەین، ئەوادەبینین داھاتی تاکەکەس لە ھەرێمی کوردستان بەنزیکەی ٤ ھەزار دۆلارە بۆ ھەرکەسێک ، لەگەڵ نەبوونی ھیچ داتایەک بەھۆی دیار نەبوونی ڕێژەی بوجەی ساڵانەی ھەرێم لەم چەند ساڵەی دوایی ، بەڵام بە وەرگرتنی ڕێژەی بوجەی ساڵانی پێشوو ، ھەروەھا بە بوونی قەیرانی دارایی ڕێژەیەکی تەخمین کراوی دەگەین بەم ژمارەیە بە نزیککراوەیی ، ھەر لە ژێر ڕۆشنایی نمونەیەکی وەھا باردۆخی پڕ لە کێشەی ناوخۆیی و خراپی ھەموو خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەیان نمونەی خراپی تری بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بۆ مان دەردەکەوێت ، ھەرێمی کوردستان لە ھانگاونان بۆ بوون بە دوبەیەکی تر ھەنگاو دەنێت بۆ بوون بە دارفوورێکی تر.


بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی تر سەیری ئەم بابەتە بکەین واتا ئەگەر بانگەشەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت ، کە ژیان و ماڵ و سامانی خۆیان و کەسوکار و دارودەستەکایان ھاوشێوەی شێخ و میرەکانی دوبەی و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لێدەکەن ، ئەوا بانگەشە و بەڵێنەکەیان ڕاست دەرچووە و لەڕووی خۆشگوزەرانی و بوون بە خاوەن کۆمپانیای مەزن و ملیارلێر ‌ھیچیان کەمتر نیە لە شێخەکانی دوبەی ، لێ ژیانی بارودۆخی خەڵکیان بە جۆرێک لێکردووە کە ھاوشێوە بێت لەگەڵ ژیانی باردۆخی ھەرە شوێنەدواکەوتووەکانی دونیا ، لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە ژیان لەسەر خاکێک بەڕێدەکەن ، کە دەریایێک لە نەوت و گازی سروشتی و جۆرەھا مادەی کانزایی بەنرخ لە خۆدەگرێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ھاوڵاتیان لە باردۆخێک دا دەژین کە جۆرەھا قەیرانی دروستکراو و کێشەو گرفت بەرۆکی گرتوون ، بەجۆرێک ھەرچۆنێک سەیری باردۆخی ژیان بکەین لە ھەرێمی کوردستان ، ئەوا دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەھەنگاونانداین بۆ دواوە و لە جێگای بوون بە دوبەیەکی تر ھەنگاو دەنێین بۆ بوون بە دارفورێکی تر...
 

 

sherzad.wllatdost@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک