په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠٢١

دوو بڕیاری گەورەی حکومەتی بەریتانیا.


زاھیر باھیر       


لە کاتێکدا وڵات بە قەیرانی بەنزین و غاز و گازۆیل و کەمیی خواردەمەنی و پیداویستییەکانی ژیانی خەڵکی و بەرزبوونەوەی نرخیان بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر، کە دەستی ناوەتە بیناقاقای دانیشتوانی ئەم وڵاتە، تێدەپەڕێت، حکومەت بە دوو بڕیار ئەوەندەی دیکە قەیرانی ھەنووکەیی لەسەر بەشێکی زۆری خەڵکی قوڵتردەکاتەوە.


بریاری یەکەم: کە ئافاتی کۆرۆنا گەیشتە بەریتانیا حکومەت بۆ ڕێگرتن لە برسێتی و لە چونەسەر شەقامی خەڵکی و تەنگ ھەڵچنین بە حکومەت ، بە دەوڵەت، وەکو گەلێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە ٢٠/٠٣/٢٠٢٠ بڕیاری دا کە کرێکاران کە چی تر ناتوانن کاربکەن لە ئۆفیس و شوێنی دیکەی سەرکاردا لە سەدا ٨٠ی موچەکەیان پێبدرێت. ئەم بڕیارە ١١.٦ ملیۆن کرێکار و کارمەندی بریتانی گرتەوە بۆ ئەمەش دەوڵەت ٧٠ ملییار پاوەندی سەرفکردووە . کە ئێستاش تا رادەیەک ژیان وەکو جارانی لێھاتۆتەوە ھێشتا ١.٦ ملیۆن کرێکار / کارمەند کە لە سەدا ٥ تەواوی ھێزی کاری بەریتانیا دەکات، تا کۆتایی مانگی تەموز ھەر لەسەر لەسەر ئەو پلانە/پرۆژەیە بوون و دەژین . بەشی زۆری ئەم کرێکار و کارمەندانە لە بەشی ھاتو و چۆ و گەشتوگوزار و ھوتێل و باڕ و چێشتخانەکانن. بەڵام بە بڕیاری حکومەت دوێنێ ، ٣٠/٠٩ دواڕۆژی ئەوە بوو ئیتر لە ئەمڕۆوە ٠١/١٠، ئەو پلانە کاری پێناکرێت ، ئەمەش یانی ئەوەی کە ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لەسەر ئەو پلانەن لەمەولا موچەیان نابێت و کارێکیش نییە کە چی تر بیکەن یاخود خاوەنکارەکانیان ناتوانن کاری پێشتریان بۆ مەیسەر بکەن . بۆیە زۆرێک لەمانە دەچنە ڕیزی بێکاران و دواتریش بێ خانوو بەرە دەبن و ڕەنگە بچنە بەرەی برسییان و ھەژارەکانەوە.

بڕیاری دووھەم: ئەو کەسانەی کە پارەی کارکانیان کەم بوو یاخود کاریان بۆ خۆیاند دەکرد نەک بۆ خاوەنکارێک، پلانێک ھەبوو لە وەرگرتنی پارەیەکدا کە پێی دەڵێن Universal Credit کە پێشتریش ئەمە ھەر ھەبوو بەلام ھەفتانە بەبڕی ٢٠ پاوەند زیادرکرا ئەمەش یارمەتییەکی زۆری ئەو کەسانەی دەدا، کە لە ساڵێکد دەکاتە زیاتر لە ھەزار پاوەند. لە ئێستادا حکومەت بڕیاری داوە کە لە ٦/١٠ وە ئەوە پارەیەش ببڕێت. ئەمەش کارایی لەسەر زیاتر لە ١.٦ ملیۆن کریکار و کارمەند دادەنێت. بە گوێرەی وتارێکی گۆردن براونی کۆنە سەرەکوەزیرانی بەریتانیا، کە لە ڕۆژی ٣شەمە لە گاردیانی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە ئێستادا لە سەدا ٥٠ ئەو خێزانانەی کە ٣ منداڵ یاخود زیاتریان ھەیە لەژێر ھێڵی برسێتییەوە دەژین و ٥٠٠ ھەزار کەسی تر دەخاتە خانەی ھەژارییەوە ھەر ئاواش ٣٠٠ ھەزار منداڵی تر ھەژار دەکات و بەم شێوەیەش بڕی ھەژاری منداڵان ھەر لە ٣ منداڵ، منداڵێک لە ھەژاریدا دەژی .


کاتێک کە ئافاتی کۆرۆنا یەخەی پێگرتین زۆربەمان دەمانزانی کە جەنگێکی ناوخۆیە و ھێڕشێکی گەورەیە بۆ سەر زۆربەی دانیشتوانی بەریتانیا و شوێنەکانی دیکەش بەو شوێنەوارانەی کە ئێستا دەرکەوتون وەکو گرانی پێداویستییەکانی ژیان ، بەتاڵەی زیاتر ، کەمکردنەوەی کرێ و موچە، بڕین یاخود کەمکردنەوەی بیمەکان ، داخستنی سێنتەرەکانی گەنجان و زۆری مەلە و جیم و وەرزشکردن ، سەرکەوتنی کرێی پاس و قیتار و تکتی تەیار ، زیاتربوونی ژمارەی خێزانی بێ خانووبەرە ، بەررزبوونەوەی ژمارەی کەسانێک کە بە نەخۆشی خەمۆکی و بێ ھیواییەوە گیرۆدەدەبوون، ھەڵوەشاندنەوەی مەوعیدی نەشتەرگەرییەکان و بەرزبوونەوی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆر و داخستنی کلینیکەکانی دکتۆر بە نەبینینی نەخۆش بە پاساوی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، داخستنی باخچەی منداڵان و مەکتەب و زانکۆ و خوێندنگاکانی دیکە و لەمانەش گرنگتر لێدان لە بزوتنەوەی کرێکاران و ھەموو بزوتنەوە و چالاکییە لۆکاڵییەکان و زۆری تریش، بوون.


بە ھۆی ئەوانەی سەرەوە گەلێکمان واماندەزانی کە ئەمە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی دەبوژێنێتەوە و بەھێزیان دەکات و قەیرانەکە دەکرێت لەسەری دەوڵەت و خاوەنکار و کۆمپانیاکانا بشکێتەوە، بەڵام بەداخەوە کە پێچەوانەکەی ڕوویدا.


بەشی شێری ھۆکاری ئەمەش دەبەنگی چەپ و نقابە و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و زۆرێکیش لە ئەنارکستەکان بوو کە ھەموویان کەوتنە ئەو داوەی کە چەند ساڵێکە کاپیتاڵیزم بۆی ناوینەتەوە و بوین بە تەڵەکەوە . بڕوامان بە میدیای دەوڵەت کرد بەو ھەموو درۆ و دەلەسەیەی کە لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە و ھەروەھا لە سۆشیال میدیاشدا پێمان ڕادەگەیەنرا.


بە گوێرەی تێڕوانینی من و لێکدانەوەم بۆ بارودۆخەکەی ئێستا، بزوتنەوی کرێکاران و خەڵکی لانی کەم دەیەیەکی دیکە چووە دواوە ، سەرمایەداران بە وریایی و زیرەکی خۆیان توانییان ئێمە ھەمومان بگەوجێنن و ئەوەی ویستیان بەجێیبگەیەنن.
 

١\١٠\٢٠٢١

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک