په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٠

دووبز دوا پێگەى تەعریب و شارۆچکەیەکى دەوڵەمەند.


ئا: شێرزاد عومەر مەحمود
 

شارۆچکەى دووبز کەوتۆتە رۆژئاواى شارى کەرکوک و نزیکەى 30کم لە کەرکوکەوە دوورە و 40کم لە شارى هەولێرەوە دوورە، ناوچەیەکى بەپیتى کشتوکاڵی و سامانى سروشتیی وەک پترۆل و روبار و..هتد هەیە، 90% دانیشتوانەکەى کوردن و ئەوانیتر عەرەب و تورکمان و فەلەن، لە هەموو سەردەمێکدا دوایین پێگەى بەعەرەبکردن بووە، هەر بۆیە بەعسیەکان زوو ناوە رەسەنە کوردیەکەیان گۆڕی و کردیان بە(دبس)، ئەو کات ئەم شارۆچکەیە وەک سەربازگەیەکى گەورە وابوو، ئازادى و کوردبوون یەکێ لە تاوانە گەورەکان بوو، لە راپەڕینى بەهارى 91یش تاکە شارۆچکەى کەرکوک بوو ئازاد نەکرا لەبەر هەڵکەوتووى شوێنى جوگرافیەکەى و بوون و کۆکردنەوەى هێزێکى سەربازى زۆر لەو ناوچەیە، لە پرۆسەى ئازادى عێراقدا ئەم شارۆچکەیەش وەکو هەموو ناوچە ژێردەستەکانى ترى کوردستان ئازادکرا لەلایەن هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە، لە کەمترین ماوەدا ئەم ناوچەیە گەشایەوە و توانى تەکانێکى گەورە بدات بۆ پێشکەوتن و زیندوو کردنەوەى سەرخان و ژێرخانى، لەم بە هەوڵ و کۆششی پارتە سیاسیەکان و ئیدارەى ناوچەکە پاشماوەکانى تەعریب سڕانەوە و دەست کرا بە گەڕاندنەوەى موڵکى هاوڵاتیان و مافە زەوت کراوەکانیان، لەلایەکى ترەوە بۆ پێشگرتن لە پەرتەوازەبوونى ئامانجە ستراتیژیەکانى تاکى کورد لەو دەڤەرە سەنتەرى رۆشنبیرى ماڵی کورد دامەزرا و دواتریش مانگنامەیەکى سیاسی و رۆشنبیرى گشتى سەربەخۆ بەنێوى(ئەمڕۆى دووبز) بڵاوکرایەوە بەهەردوو زمانى کوردى و عەرەبی کە خاوەنى ئیمتیازەکەى(فوئاد ساڵەیی) و سەرنووسەرەکەى(شێرزاد عومەر) بوو کە نزیکەى 35 ژمارەى لێ دەرچوو، هاوکات ئەم ناوچەیەش وەکو هەموو ناوچەکانى تر بەدوور نەبووە لەکارى تێکدەرانە و تیرۆریستى، بەڵام بە ماندووبوون و شەونخوونى و کۆششی دەزگا ئەمنیەکانى قەزاکە توانراوە تا رادەیەکى زۆر باش ئەمن و ئاسایش لەو دەڤەرە بەرقەرار بکرێت، لەپێناو ئاگاداربوون و زانینى بارودۆخى ئەو قەزایە بە پێویستمان زانى ئەم راپۆرتە مەیدانییە ئامادە بکەین و بەدواداچوون بۆ چەندین پرسی گرنگ بکەین بەو هیواى توانیبێتمان ئەنجامێک بۆ پرسە سەرەکیەکان بە دەست بهێنین:

 


 

* دووبز لە چ پێکهاتەیەک پێکهاتووە..؟
هادی غەزائی قائیمقامى قەزاى دووبز
ـ- سەبارەت بە پێکهاتەکانی قەزای دووبز وادیارە قەزای دووبز پێکاتەکی گەلێک ئالۆزی هەیە، دەتوانین بڵێین عێراقێکی بچووکە ئەویش بریتیە لە دوو نەتەوەی سەرەکی کە بریتین لە کوردو عەرەب، ئێمە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زیانێکی زۆرمان پێگەیشت، کە بوە هۆی زیاد بوونی رێژەى عەرەبەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر چەند نمونەیەک بهێنینەوە، ئێمە بە سێ قۆناغ تێپەڕین کە یەکەمیان لە ساڵی 1963 کە زۆربەی گوندەکانیان وێران کردین و کەوتنە بەر شاڵاوی گواستنەوە، پاشان قۆناغی دووەم ساڵى 1975 توانیان چەند بڕیارێک دەربکەن کە زیانێکی زۆری هەبوو ئەوانیش بڕیارى 369 و 449 بوو کە دێهاتی تریان گواستنەوە ئینجا قۆناغی سێیەم کە ساڵی 1987 کە پێی دەوترا قۆناغی چواری ئەنفال و هەموو ئەو گوندانەى مابونەوە تووشی گواستنەوە هاتن، زۆر بە داخەوە دوای ئەمە پشتێنەکی ئەمنیان لەناو دووبز دروست کرد کە توانیان سەدان خێزانی عەرەب لە خواروی عیراق بهێن و لە ناو دووبز نیشتەجێیان بکەن، کە کاریگەریەکی زۆری کردەسەر رێژەى دانیشتوانی دووبز، خۆشبەختانە ئێمە بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە یارمەتی حزبە سیاسیەکان ئەو خێزانانەى کە دەربەدەر کرابوون کە ئاوارە کرابوون توانیمان کە بیانگەرێنینەوە و توانیمان چەند دێیەک ئاوەدان بکەینەوە، کارەکانمان دەتوانم بەم شێوەیە رونبکەمەوە یەکەمیان لە ناو شاری دووبز کە بریتیە لە 23 هەزار کەس رێژەى کورد 60% بەڵام ئەگەر سەیری دەوروبەرری دووبز بکەین، کە بریتیە لە 64 گوند رێژەى عەرەب زیاترە، بەڵام بەگوێرە فۆرمی خۆراک دەتوانین بڵێین کە رێژەى کورد زیاتر لە هەموو قەزای دووبزدا.


* لە رووی خزمەتگوزاریەوە لە 2003 تاکو ئێستا چیتان کردوە.؟
- وادیارە تاکو 2003 دووبز شارێکی ویران بوو ناو دووبز کاولکاری بوو گوندەکان تەنها گۆرستانەکانیان ئاوەدان بوون. ئێمە توانیمان بە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆربەی دێهاتەکان ئاوەدان بکەینەوە چ لە تۆری کارەبا، چ لە بیناکردنی چەند خانوویەک لەلایەن حزبە سیاسیەکانەوە، سەبارەت بە رێگاو بان و قوتابخانە و توانیمان ئەو گوندانە ئاوەدان بکەینەوە، لە لایەکی ترەوە ئێمە شتێکمان هەیە، لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە ئێمە پەیوەندی دارین بەوانەوە، کەمێک پارە بەناوی بوژانەوەى دەدرێت کە بەداخەوە بڕی پارەکە زۆر کەمە چونکە پشتیان بە سەرژمێری دانیشتوان بەستووە، لە ساڵی 1957 ز کە ئەم ساڵە دووبز گوندێک بووە سەر بە قەزای ئاڵتون کۆپری و دوای بوو بە ناحیەو ئینجا بوو بە قەزا، بڕی ئەو پارەى کە دەدرێت بە قەزای دووبز سێ ملیارو دووسەد ملیۆن دینارە کە دەتوانم بلێم بەشی هیچ شتێکمان ناکات، ئێمە لە بارەى خزمەتگوزاریەوە پێویستمان بە زۆر شتە وەکو ئاوو ئاوەڕۆ و تۆڕی کارەباو قوتابخانە، جگە لەمانەش چەند خزمەتگوزاری تر دەربارەى جوانکردنی سیماى شار.


* کام زیاتر هاوکارتانە حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی مەرکەزی.؟
ـ- ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی باسی بابەتەکە بکەین، قەزای دووبز یەکێکە لەو قەزایانەى کە سەر بە پارێزگای کەرکوکە، پارێزگای کەرکوک بە شێوەیەکی گشتی ئابلۆقەیەکی لەسەرە لەلایەن حکومەتی مەرکەزی، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی سیاسی، بۆ ئەو ململانێیەی کە هەیە لە ناو پارێزگای کەرکوک، بۆ نموونە تاکو ئێستا ئێمە یاسایەکمان نیە پێیەوە بڕۆن بەرێوە، هەروەها قانوونە کۆنەکانیش بە بڕیارێکی کۆماری ئیلغا کراوەتەوە، و یاسای پارێزگاکانیش بەداخەوە تاکو ئیستا کاری پێناکرێت، بۆیە ناچار بویین زۆر جار و بکەینەى حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارێزگای هەولێر بەرێز (نەوزاد هادی) کە داوای یارمەتی لێبکەین، بۆیە ئەوانیش بە گەرم و گوریەوە بە دەنگ داواکاریەکانمان هاتوون، ئێستاش یارمەتیەکانیان بەردەوامن.


* حزب تا چەند دەست لە کاروباری حکومەت وەردەدات.؟
ـ- سەبارەت بە حزبە سیاسیەکان ئێمە وادیارە ئەحزابێکی زۆرمان هەیە لە ناو دووبزدا، بەڵام دوو حزبی سەرەکی هەن ئەوانیش پارتی و یەکێتین ئەمە حەوت ساڵە خۆشبەختانە هەتاکو ئێستا ئەوەش کەمن دەتوانن پرسیار لە هاوڵاتیان بکەن یان لە هەر 37 دام و دەزگاکان بکەن هەتاوەکو ئێستا حزبەکان هاوکاربوونەو دەستیان نەخستۆتە ناو کاروبارمان.


* بۆچی بایەخ بە بواری رۆشنبیری نەدراوە ئێمە تێبینی نەبوونی سەنتەری رۆشنبیری و کتێبخانەمان دا لە ناو دووبزدا ئایا هۆکارەکەی بۆ چی دەگەرێنیەوە.؟
ـ- سەبارەت بە بواری رۆشنبیری ئێمە زۆرجار تەمەنای ساڵانی شەست و حەفتاکان دەکەین، کە ئەو کات گرنگیەکی زۆر بە بواری رۆشنبیری دەدرا، بەڵام لەکاتی رژێمی بەعسدا کەوتینە ناو بۆشایەکی گەورە، یەکەمیان رووی کۆمەڵگاکە گۆڕا بۆ کۆمەڵگایەکی ماددی، بەڵام لە دوای ساڵى 2003 توانیمان هەنگاوی خێرا بهاوێژین و بە هاوکاری هاوڵاتیان توانیمان یەکەم بنکەی رۆشنبیری دابێین بە ناوی بنکەی رۆشنبیری ئایندە، بەڵام زوو هەرەسی هێنا و پاشان چەند بنکەیەکی تر کرانەوە، بەڵام ئێمە هاوکاریمان نەکردن بۆیە ئەوانیش هەرەسیان هێنا هۆیەکەش دەستێوەردانی حزبەکان بوو بۆ بنکەی رۆشنبیری دووبز بۆیەش ئێمە وەکو قەزا پشمان تێکرد و خۆشبەختانە ماوەی ساڵێک دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کتێبخانەیەکیان لە ناو شاری دووبز بۆ دروست کردوین، کە زۆر پێویستە ئەویش کتێبخانەى گشتی دووبزە. تەمەنا دەکەم من لەو میمبەرەوە کە گرنگی زیاتر بەم کتێبخانەیە بدرێت و نەکەوێتە بەر ململانێی حزبایەتی، چونکە تاکو ئێستا بۆنێکی جوانی لێدێت، دوبارە دڵنیا دەکەمەوە حەز ناکەم دەستی حزبەکانی لەگەڵ تێکەڵ بکرێت و تەمەنا دەکەم ئەو کتێبخانەیە بکەوێتە سەر پارێزگای کەرکوک و یارمەتیەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ بێت.


* تا چەند دەنگی کورد بە فیڕۆ رۆیشت بە هۆی فرە لیستیەوە.؟
هێمن مەسعود ساڵەیی بەرپرسی لیژنەى ناوچەى پ.د.ک
ـ- سەرەتا بەخێربێن سەبارەت بە فیرۆچونی دەنگی کورد لە دووبز ئەوەى کە من دەیبنیم بە فیرۆچونەکە تەنها لە سنوری دووبز نەبووە، زیاتر لە هەموو کەرکوک بووە بە هۆی ئەو فرە لیستیەی هەبووە لە کەرکوک بە تاکید دووبزیش بەشێک بووە لە کەرکوک و پارێزگای کەرکوک، کە بەشێک لەو لیستانەى لە کەرکوک هەبوونە و جیاواز لە هاوپەیمانی کوردستان هەروەها خەڵکێکی زۆریش لەم ناوچەیە هەر نەهاتوون دەنگ بدەن، ئەم دوو لایەنە هۆکاربوونە کە باسم کرد بونەتە هۆی بە فیرۆچونی دەنگی کورد.


* ئایا دەست لە کاروباری حکومەت وەردەدەن.؟
ـ- ئێمە هاوکاری حکومەتین بە هیچ شێوەیەک دەست لە کاروبارى حکومەت وەرنادەین.؟


* بەمانای دەستێوەردان یان ئاسانکاری.؟
- ئێمە هاوکاری حکومەتین راستە لە روی ئیداریەوە سەر بە حکومەتی مەرکەزیە، بەڵام ئێمە بە حکومەتی خۆماڵی دەزانین، قایمقام، بەرێوەبەری پۆلیس، بەرێوەبەری کشتوکاڵ و ئاو هەموویان کوردن و هەموویان نوێنەری میللەتن، بۆیە ئێمە بە پێویستی نازانین تەدەخول بکەین و لە بەرنامەی ئێمە نیە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان دەست کاروباری حکومەت بدەین، بەڵکو دەبینە مایەى کارئاسانی و رێنمایان دەکەین بۆ کاری باش، بەڵام راستە دووبز لە دوو نەتەوەى سەرەکی پێکهاتووە، بەڵام ژمارەی یەکەمیان کوردن هەوڵدەدەین کە ئیشەکانی حکومەت رەنگدانەوەى کوردانەى پێوە دیاربێت، و بۆ ئەوەى سیمای ئیدارەیی کورد لێرە جوانتر بکەین.


* توانیوتانە لێرە هەستی کوردایەتی بەرز بکەنەوەو حزبایەتی کاڵ بکەنەوە.؟
- ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کورردستان فەرمانى جەنابی سەرۆکمان هەیە کە لە دوای 2003 کە گەڕاینەوە بۆ کەرکوکی دڵی کوردستان بەر لە حزبایەتی ئێمە دەست بکەین بە کوردایەتی کردن، بە تاکید لەسەر ئەو رێرەوە رۆیشتوین و بەردەوامیش دەبین لەسەری.


* تاچەند کاریگەریتان هەبووە بۆ راکێشانی دەستی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەى دووبز و دەوروبەری.؟
- بەوپێیەی کە دووبز یەکێک بووە لەو شارانەى کە پێش شەستەکانەوە جوڵەیەک هەبووە، لەلایەن حکومەتی عێراقی و حزبی بەعسەوە تا لە ساڵى 1963 حەرەس قەومیەکان ئێرەشیان گرتەوە، هەوڵدراوە کە پاکتاوی رەگەزی و نەتەوی بکرێت و جنسیەی خەڵکی گۆردراوەو خەڵکەکە تووشی راگواستن هاتوون، بۆیە ئێمە کە گەڕاینەوە لە دوای ساڵى2003 بە هەموو شێوەیەک هەوڵدراوە کە بەشێک لەو چەرمەسەریانەو کێشانەى خەڵکی دووبز کەم بکەینەوە، هەرکە زانیومانە حکومەتی عێراق وەکو پێویست هاوکار نیە یان ئیدارەکانی وەکو پێویست خۆی نەگرتۆتەوە وەکو پێویست بە یاسا کارناکرێت کە هەموو قەزاکان یان پارێزگاکان لە عێراق وەکو یەک کاریان بۆ نەکرێت، ئێمە هەوڵمانداوە لە رێگای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی خزمەتگوزاری رابکێشین کەم تازۆر کراوە، بەڵام ئەوەنیە کەمن دڵم پێ خۆشبێت بڵێم هەموو شتێک کراوەو لێبوینەتەوە، نەخێر بە پێچەوانەوە پێویست بەوە دەکات ئێمە وەکو حزب خۆمان ماندوو بکەین و فشار بخەینە سەر حکومەتی خۆمان بۆ ئەوەى خزمەتی سنورەکەی ئێمە بکات، ئەوەى کە کراوە لە رووی ئاوەدانکردنەوە زیاتر دەتوانم بڵێم دێیەکان ئاوەدان کراونەتەوەو خانوویان بۆ دروست کراوە، هێلی کارەبایان بۆ راکێشراوە، جادەو رێگاوبانیان بۆ کراوە قوتابخانەیان بۆ کراوە، لەناو شاریش ئەوەى دەزگا فەرمیەکا داوایان کردوە ئێمە هەوڵمانداوە لە رێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان کردون.


* رێژەى بێکاری لە دووبز چۆن دەبینیت.؟
- دووبز دیسانەوە دەبێت بڵێمەوە بەشێکە لە عێراق و قەزایەکە سەر بە پارێزگای کەرکوک و کەرکوکیش بەشێکی گەورەیە لە عێراق بە تاکید دەتوانین بڵێین رێژەى بێکاری بەشێکی زۆری عێراقی داپۆشیوە دووبزیش لەوە بەدەر نیە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە بە پێی توانا هەڵی کار برەخسێنین بۆ ئەو لاوانەى کە لە دووبزدا دەژین بەتایبەتی بۆ ئەوانەى کە خاوەن بڕوانامەن، خەڵکێکی زۆرمان دامەزراندوە لە رێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی وەکو مامۆستا لە قوتابخانەکان کە لە دواى ساڵى 2003 قوتابخانەى کوردى کرایەوە لە کەرکوک و دووبز، هەروەها بۆشایەکی گەورە دروست بوو، بۆیە بە رێکخستن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرینەى ئەو خاوەن بڕوانامانەى دامەزراند کە لە سەردەمی رژێمی بەعس دەرچوون و دانەمەزرابوون، جگە لەمەش لە دام و دەزگای تر خەڵکێکی زۆرمان دامەزراندوە.


* ئەگەر گریمان یەکێک لەمانە هاتە دووبز تۆ وەکو بەرپرسی ناوچەى پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە کامیان دەکەیت (نەوشێروان مستەفا، ێالح موتلەگ، موراد قەرەیلان).؟
- وەکو حزب دەرگامان کراوەتەوە بۆ حزب و هەر لایەنێک کە سەردانمان بکات، بەڵام تەماشای ئەوەش دەکەین کە تاچەند لەگەڵ ئێمە هاوڕایە و لەگەڵ ئێمە مەبەستی کوردایەتی کردنەو لە ئامانجەکانی کە پارتیمان هەوڵی بۆ دەدات نزیکە، بێگومان ئێمە تەماشای رابردوو ناکەین کەچى بووە، بەڵکو تەماشای ئێستا دەکەین سەیری راو بۆچون و بەرنامەو پڕۆگرامەى دەکەین کە لەسەری دەڕوات.


* ئایندەی کەرکوک و دەوروبەری بەشێوەی گشتی چۆن دەبینیت.؟
- بە باشی دەبینم.


* گۆڕینی بەرپرسی (لقی/3)ى کەرکوک کاردانەوەى ئیجابی یان سلبی دەبێت لە پێشکەوتن و جوڵانەوەى پارتی لە کەرکوک.؟
- پارتیمان زیاتر لە نیو سەدەیە خەبات دەکات تا ئێستا دەیان بەپرسی گۆڕیوە لە لقەکان بەتایبەتی لە (لقی 3)، چونکە لقێک بوو هەمیشە لە ئاوارەى بووە، لە راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵى(1991) چەندان شوێنی کردوە ماوەیەک لە هەولێر و لە دەربەندیخان و لە هەڵبجە بووە بەو پێیە زۆر جار بووە بەرپرسەکانی بگۆردرێن، بەڵام هیچ کاتێک گۆرینی بەرپرسی لقەکان کاری نەکردۆتە سەر کاروچالاکی و بەرنامەکانی کە لە لقدا هەبوونە، پارتی کە زیاتر لە شەست و چەند ساڵێکە خەبات دەکات، پێویستی بە خۆ نوێکردنەوەش هەیە، لە پەیڕەو و پرۆگرامیدا هاتووە، یەکێک لەو بەرنامانەى کە ئێمەش ئیشی لەسەر دەکەین، بریتیە لە خۆتازەکردنەوە هێنانی خوێنی تازە و هێنانی خوێنی گەرم بۆ ناو ریزی بەرپرسیارەتی و ئامادەکرنیان بۆ سەرکردایەتی لە ئایندەدا. هاوکات ویستمان کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەى بەرپرسی مەڵبەندى دووبزى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بکەین و پەیوەندیمان بە بەڕێزیانەوە کرد و دەرفەتى دیمانەیان نەبوو لەبەر ئەنجامدانى کۆنگرەى سێی(PUK).


* زۆرترین ئامارەکانی تاوان لە دووبز بەرەو زۆربوون دەچێت هۆکارەکەی بۆچی دەگەرێتەوە.؟
مقدمی پۆلیس عبدالله علی تاهیر لە بەرێوەبەری بنکەی عەمەلیاتی دووبز
- ئێمە وەک شارۆچکەی دووبز هۆیەکان دەتوانین بۆ چەند لایەکی کۆمەڵایەتی بگەڕێنینەوە کە روودەدات، لەبەر ئەوەى کە سنوری ئێمە خەڵکێکی سادەی تێدا دەژیت، زیاتر لەم شێوەیە دەکات، بەڵام کاری تیرۆرستی لەم چەند ساڵەی رابردودا دەتوانم بلێم تەنها یەک دوو کاری تیرۆرستی نەبێت ئەگەرنا هیچ کارێکی تیرۆرستی رووی نەداوە.


* باری ئەمنی دووبز چۆنە و کردەوە تیرۆرستیەکان لە چ ئاستێکدایە.؟
- ئەگەر ئێمە بێتوو پێوەرى بکەین، لەگەڵ شارو شارۆچکەکانی تری عێراق دەتوانین بڵێین دووبز لە 95% کۆنترۆڵە لەرووی باری ئەمنیەوە، تەنها چەند کارێک نەبێت ئەوەش هەڵبەت تیرۆرستان بایی ئەوەندە هەوڵ دەدەن ئەم هەڵە بقۆزنەوەو کاری تیرۆرستی بکەن، بەڵام بەهاوکاری هێزی پۆلیس و جەیش و ئاسایش ئێمە توانیمان کۆنترۆڵی باری ئەمنی ناو شاری دووبزو دەرەوەى شاریش بکەین.


* تائێستا چی کراوە بۆ پۆلیسی دووبز و بەگشتی ئێوەش چیتان کردووە.؟
- بۆ پۆلیسی دووبز بەو شێوەیە نیە، بەڵام لەم دوایەدا مەسەلەى تەسبیت کردنی پلەى ئەفسەرەکان بوو، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەوڵی بۆ درا وەک هاوکارى، هاوکاریەکی تەواو نیە لە وەزارەتی ناوخۆوە، بۆ نموونە کۆمەڵێک پۆڵیسمان هەیە، تاکو ئێستا ئەمری ئیداریان بۆ دەرنەچووە لە وەزارەت ئەمە کێشەیەکی سەرەکی ئێمەیە بۆ پۆلیسەکان، کە ئەوان لە ساڵى (2003) دەوام دەکەن و بە ئەرکی خۆیان هەڵساون خزمەتیان کردوەو ماڵی خەڵکیان پاراستەوە و دەیان شەهید و کەم ئەندامان لێکەوتۆتەوە.


* تاچەند سەروماڵ و گیانی هاوڵاتیان لەم ناوچەیە پارێزراوە.؟
- ئێمە لە راستیدا دەتوانین بڵێین لە 90% پارێزراوە هۆکارەکەش دەگەرێنمەوە بۆ باری ئەمنی سنورەکەو هاوکاری کردنی هاوڵاتیان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی ناوچەکە، وەکو باسمان کرد 90% کۆنترۆڵی ئەمنی کراوە، هەڵبەت شارەکی وەکو دووبز وەکو شارەکانی تر هەندێ شت روودەدات، بەڵام بە رێژەیەکی کەم.


* حزب دەست لە کاروبارتان وەردەدات.؟
- نەخێر حزب دەست لە کاروبارمان وەرنادات.


* دووبز لە دوو پێک هاتەی سەرەکی کوردو عەرەب پێک هاتووە عەرەبەکان تاچەند لەگەڵتان هاوکارن تاچەند لەگەڵ توندو تیژیدان لە دووبز.؟
- ئێمە وەکو باسم کرد شاری دووبز وەکو شارەکانی تری عێراق نیە هۆکارەکەشی هەڵبەت دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى بەرێز سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی کۆمار لێبوردنێکی گشتیان دەرکرد، بۆ خەڵکی سنورەکە ئەو شتانەیان نەکرد کە لە شوێنی تردا روودەدات، خەڵکی ئێرە 80% لە برا عەرەبەکان فەرمانبەرن جا چ لە کەرتی نەوت بێت یان لە وێستگەی کارەبا بێت حەزیان لەوە نەکردوە کە شوێنەکەیان لێ تێک بچێت، تەنها چەند کەسانێک نەبێت کە ئەوانیش بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن کە ئەو کارە تیرۆرستانەیان کردبێت و کە کرایشە لە دەرەوەى سنوری دووبز هاتوون و کاری تیرۆرستیان کردوە.


* ئامارێکی دروستمان پێبدەن لەسەر کاری تیرۆرستی و تاوان لە سەرەتای ساڵەوە تاکو ئێستا.؟
- ئێمە لە دووبز دوو کاری تیرۆرستیمان هەبوو لەگەڵ دوو تاوانی کۆمەڵایەتی.
هەر بۆ هەمان مەبەست و یەدواداچوونى چەند پرسیارێک سەردانى نەخۆشخانەى سەرەکى قەزاى دووبزمان کرد، بەڵام بەداخەوە بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە ئامادەنەبوو بەهیچ شێوەیەک وەڵامى پرسیارەکانمان بداتەوە بە بیانووى ئەوەى کە لەسەریان قەدەغەکراوە دیمانەى رۆژنامەوانى بکەن، بۆیە سەردانى بەڕێوەبەرایەتى کەرتى دووبزمان کرد.
ئێوە : تاچەند لە لایەن حکومەتی هەرێم و بەغدا هاوکاری دەکرێن.؟
ئاکۆ مەهدی عارف/ دکتۆری ددان ، بەرێوەبەری کەرتى قەزای دووبز و هەر پێنج ناحیەى(پردێ، سەڕگەڕان،ىمەلا عبدالله، شوان، یایچی).
- هاوکاریان زۆر باشە لەگەڵمانە هەرچ شتێکمان بوێت لە هەموو بوارەکانەوە.


* تاچەند توانیوتانە بەسەر پەتا و نەخۆشیەکان زاڵبن، وەکو ئەنفلەوزەی بەرازو باڵندەو ئەو نەخۆشیەی بەم دوایە لە کەرکوکیش.؟
- لەوانە زۆر باشین هەموو شتێک ئامادەکاری بۆ کراوە، ئامادەباشیەکی زۆرمان هەیە بۆ خەڵکیش رێنمایی و هۆشیاریمان کردوە، بەردەوام رێنمایان دەکەین کە چۆن چۆنی خۆیان بپارێزن.


* حزبەکان دەست لە کاروبارتان وەردەدەن.؟
- نەخێر.


* هەڵمەتى کوتانی منداڵان لە کاتی خۆیدا دەکەن.؟
- هەمووی لە کاتی خۆی دەکرێت و هەڵمەتی کوتانمان هەیە مانگانە.


* لە رووی داودەرمان هیچ کەم و کوریەکتان نیە.؟
- نەخێر زۆر باشە هەتا ئەگەر کەم و کوڕیشمان هەبێت بۆمان هەیەو بیکڕین.


* تەقینەوەیەک یان شتێک لێرە روبدات ئێوە دەتوانن پێرابگەن یاخود برینداران دەنێرن بۆ هەولێر و شوێنەکانی تر.؟
- نەخێر پێ ڕادەگەین.


* ئەم بەرێوەبەرایەتیە فەرمیە یاخود حکومیە یان سەر بەکام لایە.؟
لێپرسراوی کتێبخانەى گشتی دووبز فواد عبداللە شێخە
- ئێرە وەکو سەربە حکومەتی هەرێمی کورستانە، بەڵام بینایەکە لە سەر بودجەی ئاوەدان کردنەوەى کەرکوک دروست کراوە.


ئێوە : ئەی لەروی کتێبخانەوە کتێب کێ یارمەتی داون .؟
- ئێمە وەکو کتێبخانەى گشتی دووبز لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەى چەمچەماڵەوە کتێبمان بۆ دێت لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ چەمچەماڵ و لەوێش پشکی مانگانەمان هەیە بۆ ئێمە دێت.


* ئێوە : تا ئێستا خەڵک سەردانتان دەکەن.؟
- بەڵی ئەو کاتەى لە بینا کۆنەکە بووین ئەو کاتەی لە ساڵی 2004 ئێمە (19) فەرمانبەر لەسەر بڕیاری بەرێز(مام جەلال) دامەزراندرا لەدوای پرۆسەی ئازادی سەردانێکی زۆری هاوڵاتیان و رۆشنبیران و خوێنەرانمان هەبووە جا چ بە خوێندنەوە بووبێت لە ناو کتێبخانە یان بە خواستن بووبێت، بەڵام نزیکەی مانگێکە هاتوینەتە بینایە نوێیەکە لەبەر ئەوە مانگێکە کەس هاتووچۆی نەکردوین، چونکە بینایەکە بەتاڵەو هیچ کەل و پەلێکی تێدانیە.


* ئێمە هاتین ئێوە لەسەر زەوی دانیشتون کورسیەکی کەمتان هەیەو ئەو خەڵکەی کە دێت دەخوێنێتەوە چی دەکات ئەمە لەبەر ئەوەى تازەن یاخود هۆکاری تر هەن.؟
- هەر لە 2004 ئەم کتێبخانەیە دامەزرا وەکو لە پێشەوەش باسم کرد، لەسەربڕیارى بەرێز هەڤاڵ (مام جەلال) کە ئێمەی دامەزراند هەندێک تایبەتمەندی هەبوو شاری دووبز کە مەحروم بوو لەهەموو شتێکی دامەزراندن و رۆشنبیری و هەمووشیان لە ژێر دەستی رژێمی بەعس بوونە، کە ئەم کتێبخانەیە دامەزرا هیچ ئەساسێکمان نەبوو بەڵکو چەند کەل و پەلێکی کۆنی کتێبخانەى چەمچەماڵمان وەرگرت ئەو کاتەی دامەزرا لە 2004، بەڵام لەو کاتەى هاتوینەتە ئەم بینایە نوێیە هیچ کەلوپەلێکمان بۆ نەهاتووە، بەڵام پێش هەفتەیەک وەزارەتی وەزش و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی بیست ملیۆن و چوارسەد هەزاری بۆمان تەرخان کردوە، بەڵام چاوەروانی تەێدیق کردنی بودجە دەکەین، تا ئەو کەل و پەلانەمان بۆ بکڕن.


* ئێوە : خەڵک هەیە لێرە کتێبی بەچاپ بگەینێت و ئێوە یارمەتی بدەن.؟
- بەڵی زۆر کەسمان هەیە لە دووبز دەتوانێت کتێب چاپ بکات، بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین یارمەتی بدەین لەبەر ئەوەى هیچ شتێکمان نیە تاکو یارمەتی بدەین، ئێمە مەرجەعیەتمان هەیە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرێوەبەرایەتیمان هەیە، ئەویش ئەوەندەی توانای خۆی بێت توانیویەتی ئیش بکات، ئەویش دەسەڵاتى نەبێت، بەرێوەبەری کتێبخانەى گشتیەکان هەیە لە کوردستان ئیتر دەگەڕێتەوە لای ئەوان.


* ئێوە : کێ یارمەتیتان دەدات بۆ بەرێوەچوونی ئەم سەندیکایە.؟
مەهدى سالح مستەفا/ بەرپرسی لقی دووبزى سەندیکای هونەرمەندانی کەرکوک:
- ئەوەى راستى بێت هەتاکو ئێستا هیچ یارمەتیەکمان نە لە بەغدا نە لە کەرکوک بۆ نەهاتووە.


* رێژەى ئەندامانتان چۆنە، ئەندامتان زۆرە.؟
- رێژەى ئەندامانمان نزیکەی 90 ئەندام دەبێت.


* خەڵکی بەهرەمەندتان لە دووبز تا چەند توانیویەتی لە رێگای کارەکەتانەوە خۆی بناسێنێت.؟
- تاکو ئێستا هیچ شتێک نەکراوە بۆ ئەم سەندیکایە، بە راستى هونەر لەم سنورە زۆر زۆر لاوازە، چونکە هیچ پاڵپشتی و هاوکاریەک نیە کە بتوانین هاوکاری هونەرمەندانی پێبکەین تاکو بتوانن ئیش بکەن لە بواری هونەرەوە.
ئێوە : هیچ کارو چالاکیتان هەبووە.؟
- نەخێر نیمانە هەتا ئێستا لەبەر ئەوەى پێویستمان بە هاوکاریە.


* میزانیەتان هەیە.؟
- نەخێر میزانیەمان نیەو مووچەشمان نیە.


* ئەى شوێنی لقی سەندیکاتان.؟
- شوێنی سەندیگا لە ناو یانەى وەرزشى (ئاراس)ە، پێشتر خانوومان گرتبوو بە کرێ ئەویش لە گیرفانی خۆمان پارەی کرێکەمان دەدا مانگانە 245 هەزارمان دەدا.
* ئێوە : دەتەوێت لە رێگای گۆڤارەکەی ئێمە چی بە حکومەتی عێراق بڵێیت.؟
- من دەپرسم ئایا بۆ تاکو ئێستا حکومەتی بەغدا هیچ شتێکی بۆ ئێمە نەکردوە ئێمەش ئەم هونەرمەندانە چاوەڕوانی ئەوەین شتێکیان بۆ بکرێت.


* ئەی ئەتەوێت چی بە حکومەتی هەرێم بڵێت.؟
- داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەم هاوکاریمان بکات، تاکو بتوانین ئەم سەندیکایە بەرێوەبەرین و گەشەی پێبدەین و لە ئیش و کاری هونەری خۆمان بەردەوام بین.


* سەندیکای هونەرمەندان هیچ شتێکیان بۆ نەکردون هیچ پەیوەندیتان نیە لەگەڵ ئەوان.؟
- هەتاکو ئێستا کۆمەڵێک پارەمان داوە وەکو هونەرمەند، بەڵام هەتاکو ئێستا من لە هیچ یاسایەک و قانوونێک نەمبینیوە ئینتیما واتا بوون بە ئەندام لەو سەندیکایە پێویستە 175 هەزار دینار بدەیت بۆ ناسنامە، بۆ سلفە داومانەتە لقی کەرکوک، کە عەباس بەهرودی بەرێوەبەریەتی کەچى بەرێزیشیان هیچى بۆ ئێمە نەکردووە.

_______________

وێنه‌: سه‌روه‌ت محه‌مه‌د


s4632628@gmail.com