٦\٢\٢٠٢٠
دوو چاوی زەق!

جەلال قادر
بەیانیان کاتژمێر ٧:٣٥ دەبوایە (پاس) ی ژمارە ٨٧ بگرم، کاژمێر ٨:١٥
لەسەرکاربم. ئەگەر بۆ یەک خووڵەکش دوابکەوم، دەبێت سەردانی ژووری
بەڕێوبەری کارگەکە بکەم و فۆرمێک پڕکەمەوە، هۆکاری دواکەوتنەکە
روونکەمەوە. هیچ کرێکارێکش بۆی نییە لە مانگێکدا سێ جاران لەسەر
کارەکەی دوا بکەوێت.
بەیانییەکیان سواری پاس بووم، چاوم لە کورسییەکی بەتاڵ دەگێڕا تا
دانیشم. لە دوورەوە موسافرێکم بینی بە تەنیا دانیشتبوو، هەرچەندە
هەندێک موسافریتر بەدیارییەوە ڕاوەستابوون. کاتێ نزیکترکەوتمەوە,
موسافرەکە مرۆڤیکی باریکەڵە و سمێل قەیتانی و ڕیشێکی تەنکی هەبوو،
قاتێکی شین و جانتایەکی دیبڵۆماسی لەباوەش دانابوو.
بەتەنیشتیەوە دانیشتم. بەلام ئەو بە هیچ شێوەیەک نەبزوا. ئەوەی جێی
سەڕسووڕمان بوو، هەموو موسافرەکانیتر حەپاسابوون و چاویان لەمن بڕیبوو.
منیش دووبارە ڕووانیمە موسافرەکەی تەنیشتم گووتم نەکا بەتەنیشت وەزیرێک
یان کەسێکی ناودارەوە دانیشتبم. هەستمکرد موسافرەکە هەناسە نادات،
لەوانەبێت مردووبێت. بە ئەنقەست شانم نا بەشانییەوە و گوێم لە لێدانی
دڵی گرت، لەلێدان کەوتبوو.
بیرمکردەوە کە شوفێڕی پاسەکە ئاگادارکەمەوە، موسافرێک لەپشتی سەرمەوە،
دەستی نایە بانشانم و گووتی : دانیشە و پێویست ناکات کەس
ئاگادارکەیتەوە. ئێمە هەموو ئیشمان هەیە و دەبێت زوو بگەینە سەرکار!
موسافرێکیتر گووتی : لەدوا وێستگە شوفێرەکە ئاگاداردەبێتەوە.
موسافرێکتر کە بەدیار سەرمەوە وەستابوو، گووتی : تۆ دەزانیت، ئەگەر
شوفێرەکە ئاگادارکەیتەوە، پاسەکە ڕادەوەستێت، پۆلیس دێت و یەک یەک
لێکۆلینەوەمان لەگەل دەکات، لەوانەیە دوو تا سێ کاژمێر لەسەر کار
دواکەوین؟
ناچار بەبێدەنگی دانیشتم. ناو پاسەکەش تا دەهات پڕتر دەبوو و جێگەمان
تەنگ ببوو.
لەهەر وێستگەیەک ڕابوەستایە، لەگەل برێک گرتن، کۆمەلێ موسافر خۆیان
بەردەدایەوە بەسەر مردووەکە. ئەم کردارە یەک دووجار دووبارە بوەوە.
هەستمکرد چەند موسافرێک بە دزییەوە گیرفانی مردووەکە دەپشکنن.
یەکێ لە موسافرەکان گووتی : ببورن، من دەمەوێت چاکەتەکەی لەبەر داکەنم.
چونکە تازە مردووە و پێویستی پێ نەماوە.
سەرەتا هەموومان حەپەساین و بێدەنگ بووین. لەپاشان موسافرێکتر گووتی :
منیش پێویستیم بە بڵوزو بۆیەنباخەکەیتی.
مردووەکەیان ڕووتکردەوە.
یەکێ لە موسافرەکان کە بەدیار سەرمەوە ڕاوەستابوو، خەپە و کۆسە بوو،
گووتی : زەحمەت نەبێت ئەو جانتا دیبلۆماسییە بکەرەوە بزانە چی تیایە؟
- من شتی واناکام.
+ ئارەزووی خۆتە، بەلام من ئەو جانتایە لەگەل دەست خۆم دەبەم، بۆ ئەوەی
تووش کێشە نەبم حەزدەکەم پێکەوە سەیرێکی ناو جانتاکەی بکەین.
ژنێک کە ڕووبەڕروم دانیشتبوو، بە تووڕەییەوە گووتی : جانتاکە بکەرەوە،
تازە ئەو مردووە.
موسافرێک لەپەشتەوە دەستی درێژکرد و جانتاکەی ڕاکێشا و قرتەی لێوە
هێناو جانتا کرایەوە. چەند فایلێکی پلاستیکی و ئایپادێک و جانتایەکی
گیرفانی، کە نزیکی دووسەد دۆڵارێکی کاش و چەند کرێدت کارت و
ناسنامەیتری تیابوو.
پارەکەیان دەرکرد و جانتا گیرفانییەکەیان خستە ناو پانترۆنەکەیی،
موسافرێکیتر تاویدا و خێرا ئایپادەکەی هەلگرت، جانتا دیبڵۆماسییەکەش
موسافرەکەی بە پێوە وەستابوو بەدەستییەوە گرت. ژنە موسافرەکە گووتی :
ئەگەر بکرێت، پارەکە بدەن بە من چونکە بۆ یەک ساڵ دەبێت، نەمتوانیوە
کراسێکی نوێ بەدڵی خۆم بکڕم.
ژنەکە بەشی خۆی وەرگرت.
تەنیا شتێک کە بەمەچەکی مردووەکە مابوو، سەعاتێکی سوور و بە قایشێکی
قاوایی. کاتێ تەماشای چواردەوری خۆمکرد، بینیم موسافرەکانیتر وەک گورگ
چاویان لە سەعاتەکە بڕیوە. بەلام خۆشبەختانە تەنیا کەسێک کە بتوانێت
خێرا سەعاتەکە لەدەستی مردووەکە داکەنێت من بووم.
هەرکە پاسەکە لە دوا وێستگە ڕاوەستا، هەموو دەستیان درێژکرد، سەعاتەکە
لەدەستی مردووەکە بپچڕێنن. خێراتر لەوان تووند مەچەکی مردووەکەم گرت و
سەعاتەکەم لێکردەوە و خستمە ناو گیرفانم.
لەدوا وێستگە دابەزین و بۆ ساتێک تەماشای ناو پاسەکەمان کرد، مردووەکە
سەری نابووە بان جامی پاسەکەوە، بە دوو چاوی زەقەوە تەماشای ئێمەی
دەکرد.
ماڵپهڕی جهلال قادر
|