په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠١٢

دوو دڵۆپ فرمێسک لە کۆچی دوایی عیرفان ئەحمەدی شاعیردا.. گوڵێکی هەڵوەریو.

جەلال دەباغ       


دوای ماوەیەک لە ئەنجامدانی ئەرکێکی حزبی، گەڕامەوە، گەیشتمەوە شەقڵاوەی هاوینەهەوارە نازدارەکەی کوردستان و یەکسەر بۆ سەرپەرشتیی رادیۆکەی حزب، رادیۆی ئازادی، چ وەک نووسەرو چ وەک بێژەر.


لەوێ لەگەڵ دوو هاوڕێی تازەپێگەیشتووی لاو یەکترمان ناسی، هەردوکیان خەڵکی سلێمانی بوون، ماوەیەک بوو، بۆ کارکردن هاتبوونە رادیۆی ئازادی. ئەو ماوەیەی لەوێ مامەوە سەرنجم دا هەردوکیان بە پەرۆشەوە کاریان دەکرد. ئەو دوو لاوە یەکێکیان کاکە عیرفان ئەحمەد بوو. هەرزوو، وێرای جیاوازیی تەمەن بوونە هاوڕێ و برادەرم.


سەرنجم داو لەو ماوەیەدا بۆم دەرکەوت کە بەباشی لەگەڵ هاوڕێ کارمەندەکانێتردا گونجاون، وەک سەربازی ون کاردەکەن.


هاوڕێ عیرفان نووسین و جاروبار شیعرەکانیشی، کە تازە دەستی بە نووسینی شیعر کردبوو، بۆ دەهێنام و باری سەرنجی خۆم پێڕادەگەیاند. زۆر هانمدەدا بۆ نووسین. هاوڕێیەکەیتریش هەروەها نووسەرو شاعیرێکی هەڵکەوتو بوو.


وێنەی شیعریی جوان و پڕماناو هەست، دیمەنی سەرەتایی داهێنانی پێشکەوتنخوازانە، رەوشتی بەرزو، لەناو برادەرانیدا خۆشەویست، دڵۆڤان و گوشکراو بە هەستی بەرزی مرۆڤدۆستانە، شارەکەی سلێمانی، وەک هەموو کوردستان لە هەست و سۆزو دڵ و دەروونی هاوڕێ عیرفاندا شوێنێکی تایبەتیی هەبوو.


رۆژانە بەرنامەی جۆربەجۆریان تۆماردەکردو لەکاتی دیاریکراودا گوێیان لە بەرنامەکان دەگرت.


کاتێکیش هاتەسەر ئەوەی دەست لە کارەکەی هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە شارەکەی، بەشەرمێکەوە لە روومدا گوتی: هاوڕێگیان شەرمەزارم کە نامەوێ چیتر لیرە بمێنمەوەو دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی و لەوێ بەڵێنی کارێکم پێدراوە. دوای گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە لەبارەی هۆکاری رۆیشتنەکەی، پێی سەلماندم کە لەبەر هۆکاری تایبەتی خۆی دەگەڕێتەوە.


لە وەڵامدا پێمگوت: زۆر ئاساییە، هەموو شتێک لەسەر حەزو ئارەزو ویستی خۆت وەستاوە. هەرچییەکی ویست باسمانکردو دوای چەند رۆژێک بەڕێمانکرد.


پاشان جاروبار لە هەر شوێنێک بمدیبایە، بەروویەکی خۆش و زەردەخەنەوە بەرەو رووم دەهات و بەتاسەوە گفتوگۆمان دەکرد. لە سلێمانی هەندێ جار رێکەوتی یەکترمان دەکرد.


بەلامەوە هەواڵێکی یەکجار ناخۆشبوو کە بیستم بۆ چەند رۆژێک لەلایەن پۆلیسەوە گیراوەو هەر لەوێ دوای چەند رۆژێکی کەم گیانی لەدەستداوە..!


دەبێ نهێنیی ئەم گرتن و گیان لەدەستدانە چی بێت؟ دەبێ چ کارێکێ نایاسایی ئەنجامدابێ؟! هەیە دەڵێ رەنگە ئازارو ئەشکەنجەدرابێ،!! هەیە دەڵێ رەنگە دەرمانخواردوکرابێ!...تاد. دەبێ هۆکاری ئەم کۆچە لەناکاوەی شاعیرو نووسەرەکەمان چیبێت؟


بە سوپاسەوە یەکێتیەکەمان، یەکێتیی نووسەرانی کورد بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی نووسیوە "سەبارەت بە گیان لەدەستدانى شاعیر عیرفان ئەحمەد دەنگۆى ئەوە هەیە لە دەزگاى پۆلیس ئەشکەنجەدراوەو ئەو ئازاردانە دواتر بۆتە هۆى مردنەکەى. ئێمە وەک یەکێتی نووسەرانى کورد نیگەرانین و داوا دەکەین دەسبەجێ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە غەمناکە بکرێ و لایەنە بەرپرسەکان ئەنجامەکەى بۆ ئێمەو ڕاى گشتى و کەسوکارى شاعیرى کۆچکردو عیرفان ئەحمەد روون بکەنەوە.",


ئێمەش لای خۆمانەوە دەنگمان دەدەینە پاڵ دەنگی یەکێتیەکەمان و هیوادارین ئەو داواکاریە پشتگوێ نەخریت.


بۆ دەبێ لە هەل و مەرجێکی وەک ئەمڕۆدا، لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، پۆلیس بەو شێوازە نووسەرو شاعیرێکی وەک عیرفان ئەحمەد دەستبەسەربکات؟ ئاخۆ نەدەکرا بەجۆرێکیتر، دوور لە رەفتاری بیرۆکراسی، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرابایە کە لەگەڵ رێزو شانوشکۆی ئەدیبێکی گەلەکەماندا بگونجایە؟ خۆ ئەگەر لەم هەڵ و مەرجەدا بە دڵەوەستەش کۆچی دوایی کردبێ هەر بەسەر پۆلیسدا دەشکێتەوە!


هاوڕێ خۆشەویستەکەم، تۆ گوڵێکی ناکامبوویت و هەڵوەرایت، بێگومانم لەوانە زیزبوویت کە هونەری گوێلێگرتن نازانن، لە زمانی شیعرو گازندە تێناگەن.


بۆچی یاساو رێسا بە وشک و برینگی پەیڕەودەکرێ، پۆلیسی کوردستانیش لاسایی پۆلیسی رژێمە دیکتاتۆرەکانی پێشوو دەکەنەوە؟! بۆچی دەبێ لەهەل و مەرجێکی ئازادیی وەک ئەمڕۆی کوردستاندا کەسێکی نووسەرو شاعیر بە (مەی) خەم و ئازارەکانی بۆ کاتێک بڕەوێنێتەوە؟ دەیان پرسیار پێویستیان بە وەڵامە، وەڵام.


لەم هاوینە گەرمەدا، کە لێیان کردینە پایز، ئەی گوڵە هەڵوەریوەکەی باخچەکەی نیشتیمان! بەدوو دڵۆپ فرمێسکی تەزیو، وەک سەدان و هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتیمانە کە فرمێسکەکانیان لەسەر گۆنایان قەتیس ماون،بەڕێت دەکەین، بۆ دنیای نەمریی شاعیرێکی شەیدا، بەڕێت دەکەین..


١٥\٨\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک